خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنفال 02
نووسین: د. حسێن محەمەدزادە؛ مامۆستای کۆمەڵناسی
وەرگێڕانی: موحسین عەلیڕەزایی
بۆ لێکدانەوەی بابەتەکە، هەوڵدەدەین سەرەڕای سەرنجدان بە زەمینەی بابەتەکە، ڕووداوەکان بخەینە ڕیزبەندییەکی لۆژیکییەوە.
$لێکدانەوەی بابەت$
بۆ لێکدانەوەی بابەتەکە، هەوڵدەدەین سەرەڕای سەرنجدان بە زەمینەی بابەتەکە، ڕووداوەکان بخەینە ڕیزبەندییەکی لۆژیکییەوە. مەبەست و کاری لێکۆڵەر لە لێکۆڵینەوەی مێژووییدا دەبێت “دیاریکردنی ئەوەی وا ڕوویداوە، پێناسەی ڕووداوەکان بەڕیز، شیکردنەوە و ڕاڤە و شرۆڤەی پەیوەندیی نێوان ئەم ڕوواداوانە و لە ئەنجامدا دۆزینەوەی یاسایەکی زانستی بێت تاکوو لە ڕێگەیەوە بتوانێت تێبگات کە ئەم ڕووداوانە چۆن و بۆ ڕوویانداوە. وڵاتی ئێراق پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و لە پاش دابەشبوونی ئیمپراتۆریای عوسمانی لەژێر چەتری ئینگلیزدا درووست دەبێت. ئێراق لە دوو ئیتنیکی کورد و عەرەب پێکەوە دەنرێت کە هەر لە سەرەتاوە عەرەبەکان دەسەڵات دەگرنە دەست و کوردەکان وەکوو کردەیەکی شووناسخوازانە دەست دەکەن بە بەرخۆدان و بەرگری. ڕژێمی بەعسی ئێراق لە ساڵی 1968 دێتە سەر دەسەلات. ئەم ڕژێمە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای بەعسی و ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوونیاد دەنرێت و هەر لە و سەردەمەدا سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن لەهەمبەر کوردەکان دەگرێتە بەر. لە دەیەی 1970 و 1980 دا کوردە فەیلییە شیعەکان و ئێزەدییەکان ئاوارە دەکات و دەیانگوازێتەوە. لە ساڵی 1974 شاری #قەڵادزێ# قەڵاچۆ دەکات و نێزیکەی 400کەس لە خەڵکی مەدەنی ئەو شارە دەکوژێت. پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975دا دەیان گوند قەڵاچۆ دەکات و بەشێک لە بنەماڵەکان لەوانە عەشیرەتی بارزانی لە شاری #هەولێر# نیشتەجێ دەکات.
ئێستا دەبێت وەڵامی پرسیاری لێکۆڵینەوەکە بدەینەوە و پێویستە بزانین ئایا دەوڵەتی بەعسی ئێراق هەڵگری تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتێکی تۆتالیتارە یان نا؟ بە و هۆیەوە کە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لەسۆنگەی جەوهەر و کرۆکی بگۆڕ و لەگۆڕانی مرۆڤ و بارودۆخی تایبەت، تایبەتمەندییەکی بزۆز و خۆنەگرتوویان هەیە، (ماکس ڤیبەر) ؛ کۆمەڵناسی ناوداری بەرەو ئەم بیرکردنەوەیە هاندا تاکوو پێوەرێک بەناوی (تیپی ئایدیال) بۆ دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دیاری بکات کە لە ڕاستیدا جۆرێک پێوەری تیۆریکە و نموونە و هاوشێوەی لە دونیای واقیعدا نییە. بەم پێوەرە دەکرێت بە شێوەیەکی وشیارانە فاکتۆرێک زیاد یان کەم بکرێت. ئێمە شەش تایبەتمەندی کە پێشتر بۆ تۆتالیتاربوونی دەوڵەتی بەعس باسمان کرد لەبەرچاو دەگرین. ئەگەر حکوومەتی بەعس فاکتۆرگەلێکی زیاتر یان کەمتریشی هەبێت لە گرینگی بابەتەکە کەم ناکاتەوە و لە سۆنگەی ئەم لێکۆڵینەوەیەوە ئەم دەوڵەتە هەڵگری تایبەتمەندییەکانی ئاوەها دەوڵەتێکە. ئێراقی سەردەمی سەدام حسێن تاقە حیزبییە. حیزبی بەعس بە ئایدۆلۆژیای تایبەتی خۆی، جۆرە ئایدۆلۆژیایەک کە ڕەگوڕیشەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەندێشەکانی ناسریزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبی و لە هەمان کاتدا لە کەلتووری عەرەبی یان دەمامک و ڕواڵەتێکی ئایین و هەندێجاریش لە ئەندێشەگەلی سۆسیالیستی بەپێی پێویست، کەڵک وەردەگرێت.
ئایدۆلۆژیای بەعس و حیزبی بەعس و سەدام بەشێوەیەک لێک نێزیک و گونجاون وەک دەڵێی شتێکی یەکانگیر و تاقانە بن. ئەم سێ جەمسەرە یەکانگیرە بە یارمەتیی یەکتر هەموو شتێک کۆنترۆڵ دەکەن، ئابووری، میدیاکان، ئاساییش و زانیاری، گاردی کۆماری، هەموو لەژێر فەرمان و دەسەڵاتی بەعسدان. ئێراق و سەدام و حیزبی بەعس هەر یەک شتن. کەس نەیدەتوانی لە دەرەوەی ئاڕاستە و چوارچێوەی بەعس یان سەدام لە شوێنێک لە شوێنە حکوومییەکان دامەزرێت. هیچ پەڕتووکێک کە بەدڵی سەدام یان بەعس نەبووبایا چاپ نەدەکرا. هەر کەس و لایەنێک لەدەرەوەی ئەم بازنەیەدا بجووڵایەتەوە مەترسی لەسەر دەبوو. بەم باس و خواسەوە ئەوەی کە دێتە زەینمانەوە ئەمەیە کە ئاوەها حکوومەتێک، حکوومەتێکی یەکدەستکەرەوەیە و حیزب و ئایدۆلۆژیایەکی دیکە قبووڵ ناکات. ئەوانی دیکەش دەبێت بەعسی بن و هەموو دەبێت لەژێر یەک ئاڵا بوەستن و چالاکی بکەن. ئەگەر کەسێک بەعسی نەبێت کەواتە سەر بە ڕەنگێکی دیکەیە و چونکە یەکدەستی و هاوشێوەیی تێک داوە دەبێ لەناو بچێت و بسڕدرێتەوە و پاکتاو بکرێت. بیر و ئەندێشەی یەکدەستکردنەوە و یەکڕەنگکردنەوە، بیرۆکە و ئەندێشەیەکی پەیوەست بە سەردەمانی کۆن و خێڵەکییانەیە. لێرەدایە پێویستە هەندێ لە تایبەتمەندییە کەونینە و نەریتییەکانی کۆمەڵگە بیر بخەینەوە تاکوو تایبەتمەندی دانسقەی دەوڵەتی تۆتالیتاری بەعس ئاشکرا بکەین چون لەم ڕێگەیەوەیە کە لایەنێکی دیکەی بابەت و پرسەکە بۆ ئێمە ڕوون دەبێتەوە.
لە کۆمەڵگەی نەریتیدا تاک و ئەوانیتری جیاواز مانا و جێگە و پێگەیەکیان نییە و هەموو ئەندامان دەبێت لە خزمەت بەرژوەندی و خواستی گشتیدا بن. تاک لەم کۆمەڵگەیەدا ئەگەر لە خزمەت بەرژەوەندییە گشتییەکاندا نەبێت یان سەرپێچی بکات، بە تووندی سزا دەدرێت. بە وتەی دوورکیم ڕا و ویژدانی گشتی بەهێزە و مافەکان ئازاردەر و چەڵەمەسازن. ئێستا با بزانین ئایا ئەندێشەی نەریتی لەسەر حیزبی بەعس لە ئێراقدا زاڵ بووە یان نا؟ ئەم حیزبە تاقە حیزبی ئێراقە و حکوومەت لە ناوەندی دەسەڵات و هێزەکەیدایە. سەدام لە ڕیگەی کوودەتاوە دەبێت بە سەرۆککۆماری ئێراق کە شێوەی ناڕەوای گەیشتنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەتە و کوودەتا تەنیا لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا دێتە ئاراوە و تەنیاش لەم کۆمەڵگەیانەدایە کە ڕەوایی پەیدا دەکات. هەر لەم سۆنگەیەوەیە کە سەدام پێش هەر شتێک پاڵپشتییەکی بنەماڵەیی بۆ خۆی درووست دەکات. ئەو پشت بە خۆی، کوڕەکانی؛ عودەی و قوسەی، براکانی، مامۆکانی، کوڕە مامۆکانی و لە درێژەدا خەڵکی تیکریت و ئەوانەی کە خۆی دەیانناسێت و هاوڕێکانی و کەسانێک کە وەکوو ئەو بیر دەکەنەوە، دەبەستێت.
سەدام بە ئەقڵییەتێکی نەریتییەوە خۆی بە گەورە و سەروەری خێڵ دەزانێت. کەسێک کە بوار نادات هیچ کەسێک ڕەخنەی لێبگرێت و گومانی بخاتە سەر چوون ئاوا ئەگەر و مافێک لە کۆمەڵگەی نەریتی و سونەتیدا هەر بوونی نییە و لە بنەمادا پیناسە نەکراوە دەربڕینی ئەندێشە لە بنەماکانی کۆمەڵگەی مۆدێڕنە”. هەر خێڵێک بۆ خۆی هەڵگر و خاوەنی هەندێک هێما و نیشانەیە کە لە خێڵەکانی دیکە جودای دەکاتەوە، کەسێک کە هەڵگری ئەم هێما و نیشانانە بێت، دۆست و کەسێک کە هەڵگری نەبێت، دۆست نییە، تەنانەت ئەگەر دوژمنیش نەبیت. لە حکوومەتی سەدام حسێندا شتێک بەناوی دابەشکردنی دەسەڵات نەبوو. سەدام هەم ڕێبەر و هەم یاسادانەر بوو، هەم حاکم بوو و هەم چالاک، لە هەر بوارێکدا حەزی بکردایا. سەدام زۆرێک لە و کەسانەی کە وەکوو دوژمن دەیناسین و هەستی دەکرد دۆست نین، بە بێ هیچ سێ و دوو و دادگایکردنێک بڕیاری مەرگ و کوشتنی بۆ دەردەکردن و مەودایەکی ئەوتۆ لەنێوان بڕیار و جێبەجێکردنی بڕیاردا نەبوو.
هەر لەم ڕووەوە؛ بیروڕای یەکێک لە نووسەرەکان لەبارەی ئەوەی کە حکوومەتی بەعس هەڵگری هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی مۆدێڕنیتە بووە جێگەی سەرنجە. لە بنەڕەتدا بەپێی پێناسە، دەوڵەتێک بە مۆدێڕن ناو دەبرێت کە پانتای کۆمەڵگەی مەدەنیی پێناسە کردبێت و خۆی بەرگری لێ دەکات”. لە ئێراقی پێشوودا کۆمەڵگەی مەدەنی هیچ پێگەیەکی نەبوو. دواتریش دەوڵەتگەلێکی مۆدێڕنی زۆر و زەبەند هەن کە کەس ناکوژن. ئەمە هۆی هەبوونی دەوڵەتی مۆدێڕن نییە کە دەست بداتە کوشتوبڕ بەڵکوو هاونەوایی تەکنەلۆژیای مۆدێڕن و ئەندێشەی نەریتییە کە کارەسات دەخولقێنیت. کێشە لە بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژیای نەریتی و سونەتییە کە ئەویتر قبووڵ ناکات و کاتێک کە تەکنەلۆژیا دەکەوێتە بەردەستی بە ئاسانی دەتوانێت ئەویتر لە پانتاکە بکاتە دەرەوە و بیسڕێتەوە. لە ڕاستیدا لەم دەوڵەتانەدا، جوێبوونەوەی کەلتووری مادی لە مەعنەوی دێتە ئاراوە یان “دواکەوتوویی کەلتووری ڕوودەدات. کاتێک کەلتووری مادی و مەعنەوی پێکەوە نەچنە پێشەوە، قەڵشتێکی کەلتووری دێتە ئاراوە”. ئەم بابەتە خەسار و ئاسیوێکە بەڵام ئەم ئاسیو و خەسارە کاتێک جیدیتر دەبێتەوە کە ئەندێشەیەکی نەریتی، بوروکراسی و دەسەڵاتی دەوڵەتی و ئامرازەکانی کووشتنی بە کۆمەڵ بە بێ هیچ چاودێرییەکی بەرتەسککەرەوە و سنووردار دەگرێتە دەست.
هەر دەوڵەتێک بە بیرکردنەوە و کردەوەکانێتی کە ڕووخسارێکی نەریتی یان مۆدێڕن وەردەگرێت. هەر بۆیە لە تێڕوانینی ئێمەدا دەسەڵات و زاڵبوونی بەعس ناوک و کرۆکێکی نەریتی و خێڵەکییانەی هەیە. هەر ئەو بابەتەی کە مەریوان هەڵەبجەیی لێکۆڵەر پێی وایە دەسەڵاتی سەدام کاریزمایە دەلالەت بۆ ئەمەیە کە دەسەڵاتەکەی نەریتی و سونەتییە. سەدام لە ڕێگەی کوشتن بەبێ پڕۆسەی دادگاییکردنەوەی کەسەکان، پیشان دەدات کە خۆی یاسادانەر، دادوەر و جێبەجێکاری یاسایە. تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی نەریتیدایە کە دابەشکردنی دەسەڵات لە بنەمادا چەمکێکی پێناسەنەکراو و بێ مانایە و چاودێریکردن بە سەر کردەوەکانی سەرۆکی خێڵدا بێمانایە. تا ئێرە ئێمە گەیشتین بەم خاڵە کە لە ئێراقدا، سەدام حسێن حکوومەتێکی تۆتالیتاری بوونیات ناوە و دەسەڵاتی بەشێوەی سەخت و نەرم لەژێر دەستیدایە. ڕێبەری حیزب و خاوەنی نەوت و پارە و تەکنەلۆژیایە. گالبرایت لە پەڕتووکی (ئاناتۆمیی دەسەڵات) سەرچاوەکانی دەسەڵات بە سەر سێ بەشی “کەسایەتی، دارایی و ڕێکخراو” دابەش دەکات. سەدام هەر سێ سەرچاوەکەی هەیە. واتە سەدام خاوەنی کەسایەتییەکی کاریزمایە، خاوەنی داهاتەکانی نەوتی ئێراقە و زاڵیشە بەسەر پەیکەری دەوڵەتی ئێراقدا، هەربۆیە ئێراق حکوومەتێکی تۆتالیتارە کە تایبەتمەندیگەللی دیاریکراوی خۆی هەیە. ئەم حکوومەتە پێکهاتێکی بوونیات ناوە کە ئێمە ئاماژە بە چەند تایبەتمەندیی ئەم پێکهاتەیە دەدەین:-
1-سەدام تەواوی سەرچاوەکانی دەسەڵاتی لە ئێراقدا لەبەردەستە.
2-پێوەری مانەوە و باشبوونی هەر کەسێک بەعسیبوون و هاوڕێی و هاودەنگیییەتی لەگەڵ بەعس.
3-دەسەڵات ناوەندگەرا و چڕکراوەیە و لەژێر دەستی بەعسدایە و هەمووان لەژێر سێبەری سەدام دان.
4-ئەم دەسەڵاتە، باوکسالارە و تەکنەلۆژیای مۆدێڕنیشی لەبەر دەستە.
5-فەرهەنگی ئەم حکوومەتە بۆ خەڵک و هاووڵاتییان فەرهەنگی ملکەچی و فەرمانهەڵگرییە.
سەدام نەک وەکوو ڕێبەر، بەڵکوو وەکوو داهێنەر و خالیق لە وڵاتدا دەردەکەوێت و دەناسرێت. ئافرێنەرێک کە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی و سیاسی و کەلتووریی ئێراقدا، دەبێت هێما و نیشانەی هەبێت. هەموو خەڵک دەبێت ئەم ڕاستییە بزانن و بە پێست و ئێسقانیانەوە هەستی پێ بکەن. ئامادەیی و سێبەری سەدام لە تەواوی ئێراقدا زاڵ و پەلکوتاوە. وێنەی ئەو لە هەموو ئیدارەکان و پەیکەرەی ئەو لە گۆڕەپانەکانی هەموو شارەکان دەبێت دابنرێت. نامە دەبوو بە ناوی ئەوەوە دەست پێ بکات. هەر داوکاری و داخوازییەک دەبێت تەنیاوتەنیا لە شەخسی سەدام حسێن بێت. بۆ نموونە گۆڤاری (ڕەنگین) هەمیشە لە لاپەڕەی یەکەمدا وێنە و لێدوان و ئامۆژگارییەکانی سەدامی چاپ دەکرد، لاپەڕەکانی دیکە گرینگ نەبوون کە چ بابەت و ناوەرۆکێکیان هەڵگرتووە. بەڵام بە هەموو ئەم هۆکارانەشەوە، سەدام هەر دەترسا. سەدام بۆ پەیداکردنی ئاوەها پێگەیەک و درێژەدان بەم دۆخە، هەڵگری ئەم پێنج پلەیە بوو؛ سەدامی ڕێبەر، سەرۆککۆمار، سەرۆکی حیزبی بەعس، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش.
هەر کام لەم پلانانە بەسن بۆ ئەوەی کە سەدام وەکوو ڕێبەرێکی سەربازیی تۆتالیتار بناسێنێت. تەنانەت ئەمانە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات بەشێوەیەکی ڕەها لای سەدام بە کەم هەژمار دەکرێن. هەر بەم هۆیەوە دەبوو هەموو لایەن و پەنا و پەسیوەکان لە خوارترین ئاستەوە تاکوو بەرزترینیان لەژێر کۆنترۆڵی سەدامدا بێت. کوڕەکانی متمانەپێکراوترینن. ئەگەر بابەتی تەمەن دەستوپێگیر نەبێت عودەی و قوسەی نموونەی ئەم کوڕانەن. عودەی کوڕی سەدام؛ سەرۆکی ڕۆژنامەی بابیل، سەرۆکی ڕادیۆی دەنگی ئێراق، سەرۆکی سێ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی، سەرۆکی دەیان هەفتەنامە و گۆڤار، سەرۆکی سەندیکای ڕاگەیاندن، دامەزرێنەر و ڕێبەری گیانبازانی سەدام و سەرۆکی کۆمیتەی وەرزشە.
قوسەی کوڕی بچووکتری سەدام؛ چاودێری گاردی سەرۆککۆماری، سکرتێری حیزبی بەعس و ئەندامی باڵای ئیستیخباراتە. عەلی کیمیایی کوڕە مامی سەدام، لە بنەماڵەکەی، متمانەپێکراو و دەستی ڕاستی سەدام، ژەنەڕاڵ، ئەندامی حیزبی بەعس و ئەندامی ئەنجوومەنی فەرماندەیی شۆڕشە. زاوا و کوڕ و براکانی دیکە، هەموو ئەندامانی حیزبی بەعس و خاوەنی پلە و پۆستی حکوومەتی بوون. ئەم حکوومەتە، ”بەعسیبوون”ی کردووەتە پێوەر و پێودانگی ڕاستی و درووستی و هۆکاری جیاکردنەوە و دیاریکردنی (خود) لە (ئەویدی) یە. لەنێو ئەندامانی حکوومەت، کوردە شیعە و کریستیانییە.انیش هەن. فاکتۆر و هۆکاری سەرەکی ئامادەیی و سەرکەوتنیان شایستەییان نییە بەڵکوو بەعسیبوونییانە. بەعسیبوون هۆکاری متمانە و هاوڕەنگییە. “تەها محێدین مەعرووف” کوردە، “سەعید سەحاف” شیعە و “تاریق عەزیز” کریستیانییە. تاریق عەزیز لە هەمووان زیاتر جێگەی متمانەیە چونکە بچووکترین ئارەزووی بۆ دەسەڵاتداری تێدا نییە. بەرپرسانی دیکەش هەر لە عەشیرەتەکەی سەدام هەڵبژێردراون؛ یان تیکریتین یان خەڵکی ڕەمادین. لە پێکهاتی دەسەڵاتی نەریتی و سوونەتیدا شوێن و جوگرافیا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە.
بنەمایەکی دووەم کە ئەم سیستەمە وەکوو سیستەمێکی نەریتی خێڵەکییانە دەنوێنێتەوە، نائامادەیی ژنان لە سیستەمی ئیداریی وڵاتدایە. تەنانەت ئەگەر ئەم ژنانە هاوسەر یان کچەکانی سەدام بن. کاتێک کە زاوا هەڵاتووەکانی سەدام لە کوەیت گەڕانەوە و لەسێدارە دران، کەمترین مەترسی ڕووبەڕووی کچەکان نییە چوون لە تێڕوانینی حیزبی بەعسدا ژن بە کەسێکی بێئەقڵ لەقەڵەم دەدرێت. پێڕستی 55 کەسی لە کەسانی خوازراو لەلایەن ئەمریکاوە لە ئێراقی پاش سەدام، ئەم قسەیەی ئێمە پشتڕاست دەکاتەوە. لەم جۆرە لە حکوومەتەدا ڕەخنەگرتن قەدەغەیە، گومانکردن قەدەغەیە و بیرکردنەوە لە هەر جۆرێکی دیکە کە لە دەرەوی بازنەی بەعس بێت، قەدەغەیە. کاتێک لە بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجەدا، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکان کە ئاماژە دەدات بە هەڵسوکەوتی ناڕەوا و نادرووست لە کیمیاییدا، ئانووسات لەسێدارە دەدرێت. پاش “ئەنفال” کاتێک کە پیرەپیاوێک لەبارەی بێسەروشوێنکراوانی بنەماڵەی خۆی لە فەرماندار پرسیار دەکات وەڵام دەداتەوە:- “ئێمە لە تۆ بێدەسەڵاتترین، تۆ دەتوانی پرسیار بکەی بەڵام ئێمە تەنانەت ناشتوانین پرسیار بکەین”. کوشتن لەم کەلتوورەدا بابەتێکی سەیر و سەمەرە نییە، بەڵکوو ئەویتر کوشتن تەنانەت بۆ ڕابواردنیشە و بەسەربردنی کاتە. ئەم حکوومەتە هەر بوونەوەرێک کە بڵێت (نا) دەکوژێت. ڕەنگە ئەم بابەتە بتوانێت بەشێک لە کوشتنی بنەماڵەی سەدام خۆی و شیعەکان ڕوون بکاتەوە. تۆتالیتاریسم هەمیشە ناڕازییە و تایبەتمەندییەکی پەلوپۆداکوتان و پێشەڕۆیانەی هەیە. بەم حاڵەشەوە سەدام دیسان ناڕازی بوو. لە ڕوانینی ئەودا ژمارەیەک لادەرن و هێشتا باوەڕیان نەهێناوە. ژمارەیەک دەنگی ناڕەزایەتی هەڵدەبڕن و دەبێ کۆنترۆڵ بکرێن. خەڵک هەرچەندە دۆعا دەکەن: (اللهم احفظ صدام و عراق) بەڵام سەدام دیسان ڕازی نییە و ئارام ناگرێت، هەربۆیە دەبێ هەموو شتێک بۆ ئەو، لە خزمەتی ئەو و بەرەو ئەو بێت. ئێراق بە بێ سەدام بێمانا دەردەکەوێت و دەبێت ئەمە هەمووان بیزانن.
لە بیرکردنەوەی سەدامدا، پرسی کورد، سەرپێچیکردنی ئەوان لە یاسا و فەرمانەکانی سەدام، هەڵەیەک بوو کە چاوپۆشی هەڵنەدەگرت. ئەمانە کەمینەیەکن کە “لە مێژووی دامەزراندنی ئێراقی نوێوە و تەنانەت زیاتر لەوەش پێشینەی جیاوازنوێنی و پێکەوەهەڵنەکردن و بەرخۆدانێکی پێشڤەچوونانەیان هەیە.” ئەوان بە جاروبار لێیان دراوە بەڵام هەر جارە و تووندتر و بەهێزتر لە جاری پێشوو دەستیان کردووە بە بەرخۆدان و بەرگری. ڕەنگە دەرفەتێکی مێژوویی پێویست بێت تاکوو بۆ هەمیشە ئەم جیاوازی و بەرخۆدانە لەناوبچێت. ئەنفال ئەم دەرفەتە مێژووییەیە. ئەم بابەتەش پیشان دەدات کە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال، بێپلان و پێشەکی نییە بەڵکوو درێژەی پڕۆژەی (ئەندازیاریی ڕەگئاژۆکردنی کوشتن) و سەرکوتکردنە لە ئێراقدا، پاش هاتنەسەر کاری حیزبی بەعس و تەنانەت پێش لەوەش. لە ڕاستیدا زۆرێک لە دیاردەکان مێژوویین و بۆ تێگەیشتنی زیاتر لێیان سەرنجدان بەم مێژووە پێویستە. لەم پەیوەندییەدا “بەشیرییه” دەنووسێت:-“ڕوانگەی تیۆریک و نامێژوویی لە کۆمەڵناسیدا کارێکی سەخت و ماندووکەرە”.
لە یاسای بنەڕەتی ئێراقدا بوونی کوردەکان وەکوو ئیتنیکێک قبووڵکراوە بەڵام ئەوەی کە خواست و ئارەزووی حکوومەتی ئێراق بوو، بێدەنگی و ملکەچی گرووپە ئیتنیکییەکان لەهەمبەر حیزبی بەعس و خودی سەدام بووە. ئەندامێتی لە بەعسدا بە مانای قبووڵکردنی دەسەڵات و زاوتەی سەدام و هاونەوایی و هاوڕێیەتی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەو بووە. کوردەکان دژی حکومەتی بەعس و سەدام بوون ئەگینا ئەوان زیاتر لە هەزار ساڵە ئیسلامیان قبوول کردووە. سەرەڕای ئەوەش؛ شووناسی کوردەکان لە ئێراقی نوێدا قبووڵ کراوە و فێرکاریی زمانی کوردی لەم وڵاتەدا ئازاد بووە. سەرەڕای ئەمەش بۆچی کوردەکانی بەغدا ئەنفال ناکرێن. لە بەغدا خوێندکارانی کورد دەژین و لە زانکۆی موسڵ و بەغدا، زمان و ئەدەبی کوردی دەخوێنرێت. فەرهەنگستانی ئەدەبی کوردی لە بەغدا چالاکە و جلوبەرگی کوردیش قەدەغە نییە. هەر حکوومەتێک دەتوانێت کەلتوورێکی دەستکرد و ساختە بۆ خۆی درووست بکات. لە ڕاستیدا حکوومەتەکان یەکێک لە دوو جۆرەکانی کەلتوور لەوانەی خوارەوە بەرهەم دەهێنن.
(کەلتووری بەشداریکردن) و (کەلتووری ملکەچی) . حکوومەتی پلۆراڵ و چەندەنگخواز بە شوێن کەلتووری (بەشداریکردن) ە و حکوومەتی تۆتالیتار بە شوێن کەلتووری (ملکەچی) یە. کەلتووری بەعس کەلتووری دیکتاتۆری یانی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی (فەرهەنگی ملکەچی) بوو. ئەم بابەت و ناوەرۆکە هەم لە ئەندێشەی نەریتی و سووننەتی پاتریمۆنالیسم سەرچاوە دەگرێت و هەمیش باوەڕی بە باوکسالاریی سیاسی، فەرماندان و ملکەچی بێ ئەملاولای هۆگرانیانن. “بەقودسیکردنی دەسەڵات و ڕەخنەهەڵنەگریی، لەناوبردنی کێبڕکێکەر لە بنەماکانی ئەم پێکهاتەیە.” کوردەکان بەشوێن بەشداری و سەدام بە شوێن ملکەچکردنیان بوو. ئەم دیالیکتیکەی ڕاگەیاندن بۆ بەڵێنوەرگرتنی ملکەچی لەلایەن دوڵەت و ڕەتکردنەوەی لەلایەن کوردەکانەوە، ساڵانێکی دوورودرێژ بە تووندوتیژییەوە بەردەوام بووە و نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێک. عەلی کیمیایی لە ساڵی 1987دا حوکمی فەرماندەیی یان لە ڕاستیدا سەرکوتکردنی”شیمال” لە سەدام وەردەگرێت. مانای سادەی ئەم حوکمە ئەمەیە کە هەرچی پێت خۆشە بیکە، چونکە هیچ کەس لێپرسینەوەت لەگەڵ ناکات. “سەدام فەرمان دەدات بە فەرماندە عەلی حەسەن ئەلمەجید -کە بەهۆی هۆگریی بە بۆوردومان و کەڵکوەرگرتن لە چەکی کیمیایی ناوی بە عەلی کیمیایی دەرکردووه-، تا فەرماندەیی ئەم تاوانانە بگرێتە ئەستۆ و بیباتە بوار و قۆناغی جێبەجێکردنەوە…ئێستا دەبێت بە یارمەتیی تەکنەلۆژیا و بە بێ هیچ شایەتحاڵێکی ڕۆژاوایی ئەم ئۆپەراسیۆنە جێبەجی بکرێت. جۆرێک چارەسەری کۆتایی بۆ لەناوبردنی پرسێک بەناوی پرسی کورد. ئەم لەشکرکێشی و هێرشە دڕندانەیان لەژێر ناوی ئەنفالدا ناساند.
عەلی کیمیایی سکرتێری یەکەمی شیمال (یانی کوردستان) دەڵێت:- “هێزە ئەمنییەکان دەبێت موخەڕیبەکان لە گوندە موحەڕەمەکاندا ئاشکرا بکەن و دەریانبخەن”. پەیوەندی گوندییەکان دەبێت لەگەڵ کەسانی تێکدەر و خراوکار بپچڕێت…بە ئامانجی کوشتن تەقەیان لێ بکەن و هێزی ئاسمانی بۆردومانی شەوانە و ڕۆژانەی ناوچەکان بە شێوەی هەڕەمەکی دەست پێ بکات. ئامانج لەمە قەتڵوعام و لەناوبردنی زیاتری دانیشتووانە و دیسان دەڵێت:- “هەموو دەستبەسەرکراوەکان دوای وەرگرتنی زانیاری و بەتایبەت کەسانی نێوان 15 بۆ 70 ساڵ تەمەن، لەسێدارە بدەن”.
ئەوان لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەگەلێک پۆلێنبەندی دەکەن. “ناوچە قەدەغەکراوەکان (موحەڕەمە) ” لەخۆگری هەموو ئەو ناوچانەیە کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نییە. لێرە بەدواوە لە هەر شوێنێک دەسەڵاتی دەوڵەت و سەدام نییە، ناوچەی قەدەغەکراوە و فرمانەکان تێیدا جێبەجێ دەکرێن؛ هەڵبەت بە شێوە و تێگەیشتن و لە ڕێگەی دەسەڵاتەکانی عەلی حەسەن مەجیدەوە. عەلی کیمیایی دەڵێت:- “من حەز دەکەم بە شۆڤڵ بیانخەمە ژێر خاکەوە”. ئەم ئەویدیکوژییە، پەشیمانی و پاشگەزبوونەوەی بۆ نییە. عیزەت ئەلدوری لە ساڵی 1991دا دەڵێت:- (ئەی کوردەکان با بە بیرتان بهێنینەوە کە ئێمە ئامادەین ئۆپەراسیۆنی پێشوو دووبارە بکەینەوە) . عەلی کیمیایی لە جێگەیەکی دیکەدا دەڵێت:- “ئێمە دەمانەوێت کوردەکان بە چەکی کیمیایی لەناو ببەین، کەسیش ناتوانێت هیچ بڵێت. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؟…”ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی کە گوێ بۆ قسە دەگرن؟”
ساڵی 1988 ترۆپکی دەرکەوتن و مانیفێستکردنی ئاشکرای دیاردەی ئەنفالە. پێشتر بەپێی نامەیەکی نهێنی بە ژمارەی 4686/28 لە ڕێکەوتی 29-06-1985 ئاوەها فرمانێک دەرکراوە کە لەم ناوچانەدا بنەماکانی خۆراک و خواردەمەنی لەناو ببەن جگە لەوانەی کە مۆڵەتیان هەیە، گواستنەوەی کاڵاکان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە قەدەغە بکەن، پێشگری بکەن لە گەیشتنی خۆراک و خواردەمەنی بە دەستی خراپکاران و تێکدەران. خزمەتگوزاری بۆ ئەو گوندانەی کە لەگەڵ تێکدەران و خراپەکاراندا هاوکاری دەکەن ڕابگرن، لە گواستنەوە و کڕین و فرۆشتن بۆ ناوچە قەدەغەکراوەکان پێشگری بکەن و لە فرمانێکدا دەڵێت:- “پەیوەندیی کەسانی پلە دوو لەگەڵ تێکدەران بپچڕێنن. بە هەمان شێوە کە هێڵی تەلەفۆنەکانیان دەپچڕێنن”.
لە جێبەجێکردنی فرمانەکەدا پێشوەخت “ئەم ناوچانە بە ناوچەی قەدەغەکراو، (المنطقە الحذورە یا منطقە المحرمە) ناو دەبات. دواتر فرمان دەردەکرێت کە ئاو، کارەبا، سیستەمی گواستنەوە و پێداویستییەکانی تری گوندەکان ڕابگیرێت. لەم قۆناغەدا خەڵکی گوندەکان بەشێوەی یاسایی و ئیداری سەرکوت دەکرێن. خەڵکی گوندەکانی ناوچە قەدەغەکراوەکان پاش ئۆپەراسیۆنەکە مافی یاسایی کڕین و فرۆشتنیان نامێنێت. تەنیا چەند حەوتە پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن، گوندەکان چۆڵ دەکرێن و لە شوێن و نیشتنگەی نوێدا لەژێر ناوی موجتەمەعەکان نیشتەجێ دەکرێن. عەلی کیمیایی دەڵێت:- ئەگەر ئاوەها نەکەین، تێکدەری و خراپەکاری ملیۆنان ساڵ درێژەی دەبێت”.
ئەنفال ئەندازیاریکردنێکی کوشتنی بەکۆمەڵە. پڕۆژەیەک کە لە خۆگری سێ قۆناغی پێکەوەگرێدراوە:-
1-پێناسەکردن (ناساندن) ی ناوچە
2-دەستبەسەرکردن
3-قەتڵوعام
واتە لە قۆناغی یەکەمدا ناوچەی ئۆپەراسیۆن دیاری دەکرێت، لە قۆناغی دواتردا ئەم ناوچەیە گەمارۆ دەدرێت و هێرشی دەکرێتە سەر و لە قۆناغی سێیەمیشدا هەموو ئاسەوارە مرۆیی و کەلتوورییەکانیان و تەنانەت پەز و پۆڵە و ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکە دەکەونە بەر هێرش و قڕانکردن. لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا فەرماندەگەلێکی وەکوو سوڵتان هاشم، عادل خەلیل زەکی و هێزەکانی بەرگری نیشتمانی، کوردە جاشەکان، هێزەکانی تایبەت، هێزی فریاکەوتن، هێزی گارد، هێزی ئاسمانی، هێزی بەرگریی سەرۆککۆماری و هێزەکانی زانیاری و ئیستیخبارات بەشدار بوون. ئەم ئۆپەراسیۆنە کە زیاتر لە ساڵی 1988 جێبەجێ کرا لە هەشت قۆناغی یەک لە دوای یەکدا لە ناوچە زیاتر گوندییەکانی باشووری کوردستان بەشێوەی خوارەوە جێبەجێ کرا؛
$قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆن$
ئەم ئۆپەراسیۆنە ناوچە و دۆڵی جافایەتی لە 23ی فێڤرییەوە تاکوو 19ی مارسی 1988 لەخۆ دەگرێت. ئۆپەراسیۆن لە ناوچەی سوورداش، بنگرد، ماوەت، قەیوان، وڵاخلوو، سەرگەڵوو، بەرگەڵوو، هەڵەدن، مالوومە، یاخسەمەر، گەورەدێ، گەڵاڵە و گۆمەزل جێبەجێ کرا. پاش یەکەمین قۆناغی ئەنفالە کە هێرشی کیمیاییش دەکرێتە سەر #هەڵەبجە#. لە بۆردومانی هەڵەبجەدا چاودێری مافی مرۆڤ ناوی 3200کوژراو دەخاتە ڕوو، بەڵام زۆربەی ئامارەکان لە ژمارەیەک لەنێوان 5 بۆ 7 هەزار قوربانی دەدوێن.
$قۆناغی دووەمی ئەنفال$
ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هێرشی کیمیایی بۆ سەر گوندی سێوسێنان دەستی پێکرد. بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە ناوچەی قەرەداغ جێبەجێ دەکرێت و لە 22ی مارسەوە تاکوو 1 ئەپریل درێژەی دەبێت و ناوچەگەل و گوندەکانی گۆمەزەرد، سەگرمە، جافراوا، قەرەداغ، کۆشکی سوور و تەکیە لەخۆ دەگرێت.
$قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆن$
قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆن لە ناوچەی #گەرمیان# جێبەجێ دەکرێت و ناوچەکانی لەیلان و #چەمچەماڵ# و گوندەکانی تاڵیبان، سەنگاو، پونگڵە، درۆزنە، چارمگ، قادرکەرەم، تازەشار، عەزیز قادر، ئیبراهیم غوڵام و کوڵەجۆ لەخۆ دەگرێت. لەم ئۆپەراسیۆنەدا 100 هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەی گەرمیان لەناو دەبرێن.
$قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆن$
قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆن لە #کەرکووک# و #کۆیە# جێبەجێ دەکرێت و ناوچەی شوان، شێخ زێنی، نراگین، سێگردەکان، کانی ڕەش، سەرچنار، قەرەناو و قەسرۆک لە خۆ دەگرێت.
$قۆناغەکانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەمی ئۆپەراسیۆن$
کە لە دوو ناوچەی خۆشناوەتی و باڵەکایەتی جێبەجێ دەکرێت.
$قۆناغی هەشتەمی ئۆپەراسیۆن$
کە لە ناوچەی بادینان جێبەجێ دەکرێت.
لەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیەدا لە هەلیکۆپتەر، جێتی میگ و سۆخۆی ڕووسی و چەکی کوشندەی کیمیایی کەڵک وەردەگیرێت. لەم نێواندا هەر بوونەوەرێک چ ئینسان و چ ئاژەڵ، دەکرێت بە ئامانج. هەر کەس دەکوژرێت دەکوژرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە دەستبەسەر دەکرێت. پاش دەسبەسەرکردن دوو جۆر جیاکردنەوە و هەڵاواردن دێتە ئاراوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی و تەمەنی. کەسانی خوارەوەی 15 ساڵ و سەرەوەی 75 ساڵ ئازاد دەکرێن و ئەوانی دیکە دەگوازرێنەوە بۆ ئۆردگاکانی ناو بیابان و ناوچە هاوسنوورییەکانی ئێراق و ئۆردەن و ئێراق و عەرەبستانی سەعوودیا. ئۆردووگاکانی تۆپزاوا، دوبز و نوگرە سەلمان لە خراپترین و بەدناوترینی ئەم ئۆردووگایانە بوون. لەوێدا پیاوەکان دەدرانە بەر دەستڕێژ و پاشان بە شۆڤڵ دەکران بە ژێر خۆڵەوە و ژنان بە کەنیزەک دەبران و کۆیلە دەکران. “لە کۆتایی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا وەها خەمڵا کە نێزیکەی 150 بۆ 200 هەزار کەس لەناوبراون و لانی کەم5/1 ملیۆن کەس لە شارۆچکە نوێکاندا نیشتەجێ کران، لە جوولای ساڵی 1988، 4500 کیلۆمەتر لە 7500 کیلۆمەتر خاکی باشووری کوردستان قەڵاچۆ کرابوو.
ئۆپەراسیۆنە بەدناوکەی ئەنفال بە قەڵاچۆکردنی ناوچە گوندییەکانی کوردستان و لەناوبردنی 4000 گوند، 1757 قوتابخانە، 245 مزگەوت و 271 نەخۆشخانە و ناوەندی تەندرووستی و پزیشکی هاتە ئەنجامدان و بەگشتی ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو دژی هێزە کوردییەکان بوو. بابەتەکە هەر بەمەوە ناوەستێتەوە و لە یەکێک لە بەڵگەنامە بەجێماوەکاندا ناوی 19 کچی کورد هاتووە کە بە وتەی بەعس بۆ تەمبێکردن و بەپەندکردنی کوردەکان ناردوویانن بۆ یانەی شەوانەکانی وڵاتی میسر. عەلی کیمیایی لە و کاتەدا گوتبووی:- ” چاوەڕوانن من زیندوو و گەش و شاد بیانبینم…نەخێر، من بە شۆڤڵ دەیانکەم بەژێر گڵەوە”.
تا ئێرە ڕوون بوویەوە کە بۆچی لەم ناوچەی جوگرافییەدا خەڵک ئەنفال دەکرێن. هەروەها کە دەبینین کەسەکان دەناسران، دەسبەسەر دەکران و دواتر قەتڵوعام دەکران، بەڵام ئەم جوگرافیایە هێشتا کێشەکە چارەسەر ناکات، چون کەسانی دیکەش هەن کە لەگەڵ ئەوەی کە نایەکدەستن بەڵام لەژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی بەعسدان، هەربۆیە عەلی کیمیایی فرمان دەردەکات کە بنەماڵەی تێکدەران و یاخییەکانی ناوچەکانی دیکەش بناسرێن، دەست بەسەر بکرێن و پاش گواستنەوە بۆ ناوچەی جوگرافیی پلانی ئەنفال، ئەوانیش قەتڵوعام بکرێن. بەم شێوەیە ڕژێمی بەعس پیوەرێک دادەهێنێت کە لە ڕێگەیەوە سەدان هەزار کەس دەکوژرێن. ئەوانەی کە کوژران بیرکردنەوەیەکی جیاواز و ئەخلاقێکی جیاوازیان هەبوو و نەیاندەتوانی قبووڵ کەن کە بەڵێن بدەن بە بەعس و سەدام. ئەوانەش کە هۆکار و بکەری جێبەجێکاری ئەم ئۆپەراسینە بوون بە ئایدۆلۆژیاوە ئامادەبوون بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە و وایان بیر دەکردەوە کە قەتڵوعامی خەڵک کارێکی ڕەوا و ئەرکێکی حیزبی، نەتەوەیی و نیشتمانییە. ئێستالین سەردەمێک گوتبووی:” تایبەتمەندیی هەر بەلشویکێک دەبێت ئەمە بێت کە بتوانێت لانی کەم یەک دوژمنی حیزبی لە هەر چوارچێوەیەکدا بووبێت، بناسێنێت”.
$ئەنجامگیری$
دەوڵەتی سەدام لە ئێراقدا بەشێوەیەکی نایاسایی حکوومەت دەگرێتە دەست و داگیری دەکات. لە هەمان سەرەتاوە و هەنگاوبەهەنگاو دەوڵەتێکی تۆتالیتەر دادەمەزرێنیت و هەموو دژبەران و دوژمنانی خۆی لەناو دەبات. لە ساڵی 1988 ئۆپەراسیۆنی کوشندە و دڕندەی ئەنفال بە بیرکردنەوەیەکی خێڵەکییانە و تەکنەلۆژیای مۆدێڕن وەکوو بەکارهێنانی فڕۆکە و چەکی کیمیایی ئەنجام دەدات کە بەهۆیەوە هەزاران گوند وێران بوون و سەدان هەزار ئینسان کوژران و بریندار و بێسەروشوێن و بێ لانەو بوون. لەم ئۆپەراسیۆنەدا سیستەمی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ لەناو دەچێت، پیاوان قەتڵوعام دەکرێن، هەزارن کەس سەری خۆیان هەڵدەگرن و ئەوانی دیکە لە موجتەمەعەکاندا نیشتەجێ دەکرێن. هیچ ناوێکی دیکە ناکرێت لەم ئۆپەراسیۆنە بنرێت جگە لە ژینۆساید و پاکتاوکردن. دەسەڵاتی دەوڵەت گەورەترین دەسەڵاتە لە هەموو دونیادا. ئەگەر ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی یاساوە سنووری بۆ دانەنرێت، بەدواداهاتی مەترسیداری بۆ کۆمەڵگە دەبێت. هەر حکوومەتێکی تۆتالیتار تۆقێنەرە. ئەگەر لە پێکگەیشتن و گرێدانێکی مێژووییدا حکوومەتێکی تۆتالیتار لەگەڵ ئەندێشەی نەریتی و تەکنەلۆژیای مۆدێڕن پێک بگەن، تێچوو و بەدواداهاتێکی زۆری لەسەر دژبەرانی خۆی دەسەپینێت. دەوڵەت لە زات و هەناوی خۆیدا دەسەڵاتێکی زۆری هەیە و لە دەوڵەتی تۆتالیتاردا هەموو میکانیزمەکانی کۆنترۆڵ و چاودێریی لەسەر دەسەڵات، لەکار دەکەون و دەوەستن.
دەوڵەت خۆی سەرچاوەی دەسەڵات و هێزێکی سەرسووڕهێنەرە و ئەگەر میکانیزم و ڕێگەیەک بۆ کۆنترۆڵی لەئارادا نەبێت زۆر مەترسیدار دەبێت. ڕێبەرەکان لە حکوومەتی تۆتالیتاردا هەموو لەمپەرەکان بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕەخنەگرتن لە دەوڵتیان لەناو بردووە. هەربۆیە دژبەرانی خۆی بە ئاسانی لە پانتاکە دەسڕێتەوە و لەناویان دەبات، بە بێ ئەوەی نیگەران بێت لە بەدواداهاتی کردەوەکانی خۆی. هێز و دەسەڵاتیان بە تەکنەلۆژیاگەلی نوێوە چەند قات زیاتر دەبێت. هەر بۆیە ئەگەر دەسەڵات بە بێ میکانیزم و ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی بێت، مەترسیدارە و دەسەڵاتی دەوڵەتی تۆتالیتار بە ئەندێشەی نەریتی و تەکنەلۆژیای نوێوە ئەنفالساز دەبێت. دەوڵەتی تۆتالیتار زیاتر سەرنجی بەرەو دوژمنی ناوخۆیە و لە حاڵەتی پێناسەکردنی ئاوەها دوژمنێکدا لەناوی دەبات. حکوومەتی بەعسی ئێراق لە پڕۆسە و ڕەوتێکی مێژووییدا هەموو دەسەڵات و هێزی مۆنۆپۆل کرد و دەستی بەسەردا گرت و تایبەتمەندییەکی تۆتالیتارانەی وەرگرت و دوژمنان و دژبەرانی یەک لە دوای یەک لەناو برد. حکوومەتە ڕەهاخوازەکان تایبەتمەندییەکی پێشڤەچوونانەیان هەیە و کەلتووری ملکەچی و “بەڵی قوربان” پەرە پێدەدەن. هەر کەس یان گرووپێکی دیکە ئەگەر لە کەلتووری ئەم دەوڵەتە پێڕەوی نەکات، دەوڵەتێک کە ئەگەر توانایی هەبێت و یاسایەکی ناوخۆیی یان چاودێرێکی دەرەوە کۆنترۆڵی نەکات، لەناودەچێت و دەپلیشێتەوە.[1]
$سەرچاوە$
فصلنامەی علوم اجتماعی، سال 25، شماری 70، پائیز 1394