(هەرکی بنەجی و مزۆری) یەکان دەتوانن چی بکەن؟
ناوچەکانی هەرکی بنەجی و مزۆرییەکان دەتوانن ساڵانە قەرەبوو لە حکومەتی تورکیا یان ئێراق وەربگرن .. چۆن؟
ئەو گوندانەی کە سەر بە هەرکی بنەجی (دری و ستوونێ و ئەردوێل و کی و هەرکێ ناوچەلا و بێداو و هتد) و گوندەکانی سەر بە عەشیرەتی مزووری (مێرۆز، شیڤێ، بەنان، ئێدلبێ، ئەرگۆش، ماواتا و هتد)
ئەگەر یەکدەنگ بن و کەسانی دڵسۆزی ئەم عەشیرەتانە هەڵسن بە کۆکردنەوەی ئیمزا بە تاک بە تاکی خەڵکی خۆیان و کە خۆیان لە سەدان هەزار ئیمزا دەدات، دەتوانن بۆ هەموو ساڵێک قەرەبوو لە حکومەتی تورکیا یان ئێراق وەربگرن، بە بیانووی ئەوەی کەوا ئەم شوێنانەی کردووە بە بەرەی جەنگ دژی (پ ک ک) و لێناگەڕێن خەڵکی ئەم ناوچانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، و دەست بە کاسبی و جوتیاری و مەڕداری خۆیان بکەنەوە، کە بەمەش خەڵکی ئەم ناوچانە ساڵانە زەرەرێکی زۆر دەکەن.
یان داوا لە حکومەتی ئێراقی بکرێت بە قەرەبوو کردنەوە، لە بەر ئەوەی ئێراق نەیتووانیوە سەروەری خاکی خۆی بپارێزێت بە دابینکردنی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان بۆ پاسەوانانی سنوور، ئێراق دەتوانێ خەڵکانێکی زۆر کە خەڵکی ناوچەکە بن وەک پاسەوانی سنوور دابمەزرێنێت، یان ئەو ئەرکە بە هێزی پێشمەرگە بسپێرێت و تەواوی کەرەستە سەربازییەکان و مووچەیەکی شایستە بە هێزەکانی پێشمەرگە بدات وەک خۆیان وتەنی (حرس اقلیم) بۆ دەرپەڕاندنی (پارتی کرێکارانی کوردستان) ئەگەر خەتای لەوان و چاوچنۆکی هێزی داگیرکەری تورکیا نییە، بۆ ئەوەی خەڵکەکە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ناوچەکانیان کە خاکێکی گەوهەرە ئاوەدان بکەنەوە.
لە یاسا نێودەوڵەتییەکان هەر شوێنێک خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەر بوو لە ناوچەکانیان بەهۆی کردەی سەربازی و شەڕەوە ئەوا دەبێ ساڵانە خەڵکەکانیان قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە.
هیوادارم خەڵکە دڵسۆزەکانی ئەم ناوچانەی کە باس کران ئاوڕێک لە ژیانی خەڵکی خۆیان بدەنەوە و بە هەماهەنگی و هاوکاری حکومەتی هەرێم داوای قەرەبوو لە حکومەتەکانی تورکیا و ئێراق بکەن کە هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە نەگەڕیینەوە سەر زێدی خۆیان. [1]