ناونیشانی بابەت: سوودانی ئین پاریس
ناوی نووسەر: عادل باخەوان
ئەمڕۆ لە بری (ئێمیلی ئین پاریس) دەکرێت باس لە (سوودانی ئین پاریس) بکەین، چونکە ئەمڕۆ ئەو دەگاتە فەرەنسا و سەرەتا وەزیری بەرگری پێشوازی لێ دەکات و دواتر لە کۆشکی ئێلیزێ، سەرۆک ماکرۆن بۆ خوانی ئێوارە پێشوازی لێ دەکات.
یەکەم جارە سوودانی وەک سەرۆکوەزیرانی ئێراق سەردانی فەرەنسا دەکات، بەڵام دووەم جارە سەرۆک ماکرۆن دەبینێت و ڕاستەوخۆ قسە دەکەن، مەلەفەکانی دانووستاندن بۆ کارکردن پێکەوە زۆرن، هەر لە بواری ئاساییش و تیرۆر و کڕینی چەکی ئەمریکییەوە تا دەگاتە بواری پەروەردە و تەندرووستی و کولتوور، بەڵام پێش هەموو ئەمانە، مەلەفێکی گەورەتر هەیە کە پێی دەگوترێت: پرسی متمانە. تا کوێ پاریس دەتوانێت متمانە بە سوودانی و حکومەتەکەی بکات و تاوەکوو کوێش سوودانی و حکومەتەکەی دەتوانن گرەو لەسەر فەرەنسا بکەن؟
فەرەنسا تەواو هۆشیارە بەوەی کە ئەو حکومەتەی ئێستا درووستبووە، حکومەتی براوەکانی هەڵبژاردن لە ئێراقدا نییە، بەڵکوو حکومەتی دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنە! بەڵام لە هەمانکاتدا مۆتەکەی ئاساییش و سەقامگیری لە ئێراقدا وادەکات کە وڵاتانی سیستمی جیهانی بە گشتی و فەرەنسا بەتایبەتی، مامەڵە لەگەڵ شەیتانیشدا بکەن، ئەگەر بتوانێت لایەنی کەمی ئاساییش و سەقامگیری لە وڵاتێکی وەک ئێراقدا کە لە لێواری تەقینەوەی گەورەدایە، دابین بکات.
لە ئاستێکی دیکەدا، هەموو لایەک دەزانن کە سوودانی نوێنەرایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات کە هەژموونی ڕاستەوخۆی ئێرانی بەسەرەوەیە، بەڵام هەموو لایەکیش دەزانن کە سوودانی خواستێکی بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی وەک پیاوی دەوڵەت دەربکەوێت و هەروەک چۆن لەگەڵ تاراندا مامەڵە دەکات، ئاواش لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداودا مامەڵە بکات.
لێرەوە، هەموو ئەو وڵاتانەی کە (بلۆکی بەرەنگاری ئیسلامی) بە مەترسی لەسەر ئاساییش و سەقامگیری دەزانن، دەیانەوێت ئەم خواستەی سوودانی بە هەند وەربگرن و بەشێکی زۆر لە توانای دینامیک و چرکەی دیپلۆماسی و پڕۆژەکانیان بخەنەکار بۆ ئەوەی سوودانی هەست بەوە بکات کە لە بەردەم بلۆکی بەرەنگاری ئیسلامیدا کە پێکهاتووە لە (ئێران، میلیشیاکانی ئێراق، حیزبوڵڵای لوبنان، سووریا، حوسییەکانی یەمەن، حەماس و جیهادی فەلەستینی، سەرایای عەشتاری بەحرەینی، لیوای فاتیمییەکانی ئەفغانی، لیوای زەینەبییەکانی پاکستانی) خۆی بە تەنیا و بێ پەڕوباڵ نەبینێت، بەڵام لە هەمانکاتدا هەموو ئەم وڵاتانە تەواو هۆشیارن بەوەی کە لە کۆتاییدا و لەو بەری توونێلەکەوە، هەلومەرجێکی ئێراقی هەیە کە دەتوانێت لە هەر ساتەوەختێکدا کۆی هاوکێشەکە بگۆڕێت و هەروەک چۆن عەبادی و کازمی، سەرەڕای پشتیووانی نێودەوڵەتی بۆیان، خستە پەراوێزی لەبیرچونەوەوە، ئاواش سوودانی بخاتە هەمان پەراوێزەوە.
سەرەڕای ئەم هۆشیارییەش، هەر لە واشنتنەوە تا دەگاتە پاریس، بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پشتیووانیکردنی مەرجدارانەی حکومەتەکەی سوودانی. مەرجەکان تا ئێستا لە ئاستێکی قبووڵکراودان: بەشێکیان پەیوەندییان بە ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەشێکی دیکەیان پەیوەندییان بە حکومەتدارییەکی باشەوە هەیە. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم ئاستەدا بوەستێت، سوودانی دەتوانێت وەڵامی چاوەڕوانییەکانیان بداتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاستی داواکانی بەرزبکاتەوە: بۆ نموونە داوای لێبکات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بپچڕێنێت، یان میلیشیاکانی ئێراق هەڵبوەشێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە سوودانی ناتوانێت لە ئاستی ئەم چاوەڕوانییانەدا بێت و دواتر بەناچاری دابڕان درووستدەبێت و لە کۆتاییشدا ڕووبەری قەیرانەکان فراوانتر دەبن.
لەنێو دۆخێکی ئاوا تەواو ناسکدایە کە ئەمڕۆ سوودانی دەگاتە پاریس و ئەم ئێوارەیە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆندا کۆدەبێتەوە کە وردەوردە هەموو هاوکێشە ئێراقییەکانی، درووست وەک هاوکێشە فەرەنسییەکان لەبەرەو دەزانێت لە ئەوبەری مێزی نانخواردنەکەوە، کێ و بۆ و لەبەرچی و چۆن بەرانبەری دانیشتووە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا سوودانیش دەزانێت لە ئەو بەری مێزەکەوە، کێ و بۆ و لەبەرچی و چۆن بەرانبەری دانیشتووە؟ [1]