$ئامارەکان، ئاماژەی وێرانبوونن$
#عارف قوربانی#
تەنیا لە ساڵی 2022 لە پارێزگای سلێمانی 519 کارگە داخراون. 146 پڕۆژەی پیشەسازیی پڕۆژەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە. 663 نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی داخراون. 82 پێشەنگەی ئۆتۆمبێل نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان ڕەتکردووەتەوە (ئەوانیش دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکانیان دایدەخەن) . بەپێی ئاماری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان تەنیا لە ئەمساڵدا 75 هۆتێل و مۆتێل و شوێنی گەشتیاری داخراون. ئەم ئامارانە لە ڕاپۆرتێکی پۆرتاڵی ڕووداو لەژێر ناونیشانی (2022 ساڵێکی دڵخواز نەبوو بۆ خاوەن کۆمپانیا و کارگەکانی سلێمانی) بڵاوکراونەتەوە.
ئەم شوێنانەی داخراون هەموویان شوێنی بەرهەمهێنان و شوێنی کارن، هەر یەکەیان ڕاستەوخۆ بژێویی دەیان خێزانی پێوە بەستراوە، داخستنیان واتا بڕینی سەرچاوەی داهاتی ئەو کەسانەی لەوێ کاریان کردووە. بێئەوەی هیچ دامودەزگەیەکی بەرپرس ئەرکی بەڕێوەبردن و ژیانی ئەو خێزانانە بگرێتە ئەستۆ، یاخود شوێنی دیکەی کارکردنیان بۆ بدۆزێتەوە. ئەمە جیا لە و زیانانەی بەر ئەو کرێکار و بازرگان و خاوەنکارانەی بازاڕ دەکەوێت کە بەهۆی داخستنی ئەو شوێنانەوە، ئەوانیش کارەکانیان لەدەستدەدەن یاخود کاریان کەم دەبێتەوە.
ئەگەر لە وڵاتێکدا دەسەڵاتێکی بەرپرسیار هەبێت، بڵاوبوونەوەی ئەم ئامار و داتایانە، ڕایاندەچڵکێنێت، ڕەنگە ببێتە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت، یا لانی کەم دەزگە و وەزارەت و دامەزراوەی بەرپرس دەخرێنە بەردەم لێکۆڵینەوە و بگرە سزایشەوە، چونکە وەک چۆن زۆربوونی کارگە و کارخانە و پڕۆژەی پیشەسازی، ئاماژەن بۆ گەشەسەندن و بوونیاتنانی وڵات، لە کارکەوتن و داخستنیشیان ئاماژەی داتەپینی ژێرخانی ئابووریی و بەرەو وێرانەبوونی ئەو وڵاتەیە. ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت جێی مەترسییە، بەڵام لەوە مەترسیدارتر ئەو بێدەربەستی و هەست بەبەرپرسیارێتی نەکردنەی دەسەڵاتدارانە بەرانبەر بە و ڕەوشە خراپە.
لە هەلومەرجێکی وەک ئێستای کوردستاندا کە چواردەوری بە دوژمن دەورەدراوە و شەڕی ئابووری لەگەڵ دەکەن، چاوەڕوانکراوە دەوڵەتانی دەوروبەر سیاسەتێکی ئابووری پەیڕە و بکەن کە نەهێڵن هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن ژێرخانی ئابووری. هەر بەرهەمێک لە ناوخۆی کوردستان بەرهەم بهێندرێت ئەوان بە خستنەڕووی هەمان کاڵا و بەنرخی هەرزانتر بیانەوێت بازاڕەکانی کوردستان پڕ بکەن، بەڵام ئەوانەی لە ڕاپۆرتەکەدا قسەیان بۆ (رووداو) کردووە بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگێڕنەوە، وەک خاوەنکارەکان ئاماژەیان بۆ کردووە زۆری نرخی کارەبا و زیادبوونی چەندین جۆری باج هۆکاری داخستنی کارگەکانیانە نەک ڕکابەری و کاڵا و بەرهەمی دەرەکی. کەواتە دەبێت ئەوە بزانین هۆکارەکانی ناوخۆیین.
تێڕوانینی حکومەت لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا تێڕوانینێکی هەڵەیە بەوەی هەموو سەرنجی لەسەر ئەوەیە بتوانێت مووچە بۆ مووچەخۆرەکانی خۆی دەستەبەر بکات، لەکاتێکدا کەمتر لە 20%ی خەڵکی کوردستان مووچەخۆرن. ڕەخساندنی زەمینە و دەرفەتی کار بۆ بەشە زۆرەکەی کۆمەڵگە، دەبێت لەپێشتر بێت. گەرچی حکومەت نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە ئەو سیاسەتە پەیڕە و دەکات، بەڵام بەپێی قسەی کاسبکار و خاوەن کارەکان حکومەت دەیانڕوتێنێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی مووچەخۆران. قسەی ئەو خاوەن کارگە و کارخانانەی سلێمانی کە بەناچاری دەرگەی کارگەکانیان داخستووە ئەوە دەسەلمێنێت کە توانی دانی ئەو بڕە پارەیەیان نییە کە لەبری پێدانی کارەبا و باج لێیان وەردەگیرێت.
بەر لەم ڕاپۆرتەش چەند جارێکی دیکە لە بەرنامەکانی (لەگەڵ ڕەنج) گوێبیستی هەمان ئەم هاوار و ناڕەزایەتییانە بووین کە خاوەنکارەکانی بازاڕ نیگەرانن لە زۆریی باج و کرێی کارەبا. ئەگەر پێشتر هەر قسە بووە و بەگوێی حکومەتدا دراوە، ئێستا ئەنجامی ئەو سیاسەتە دەبینین کە ئاماژەی داتەپینی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەمانە. بۆیە پێویستە حکومەت زۆر بە گرنگییەوە لەم بابەتە بڕوانێت و چارەسەری بەپەلەی بۆ بدۆزێتەوە.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەوکاتەی قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون هەبوو، حکومەت سیاسەتێکی پەیڕە و کرد بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی تا ڕووبکەنە ئەو کەرتە، بڕیاریدا زەوی بەنرخی زۆر هەرزان تەرخان بکات بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، تەنانەت لە هەندێک ناوچە نەک هەر زەوییەکە بەڵکوو لە سندووقی نیشتەجێبوون قەرزیشی پێدەدان. ئێستا گەشەی ئەو کەرتە گەیشتووەتە ئاستێک پلانی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەیە لەمەودوا کارکردن لە هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبووندا بە و مەرجە دەبێت کە 5% بۆ دەستەی وەبەرهێنان بێت. ڕۆژگارێک زەوی و پارەشیان دەدا بە وەبەرهێن، ئێستا پشکی لێوەردەگرێت.
پلانی حکومەت بۆ هاندان و وەبەرهێنان پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە. هەڵەی زۆر لە و ڕێکارانەدا هەن کە گیروانتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خاوەن کارەکان. نموونەیەکی سادە لەسەر ماڵی خۆمان دەهێنمەوە کە ئەوکاتەی لە کوردستان دەژیام ماڵمان لە (بان موغان) بوو، ئێمە و سەتان ماڵی دیکە لەناو باخەکانمان دەژیاین. بۆ پێدانی کارەبا و کرێی کارەبا بڕیاری حکومەت بە و جۆرە بوو ئەگەر یاداشتێک بنووسیت و تەنیا بڵێت ماڵم لە و جێگەیەیە ئەوە بەنرخی ماڵەکانی ناو شار کارەبای پێدەفرۆشێت، بەڵام ئەگەر مۆڵەتەکەت وەک ئەوە وەربگریت کە تۆ لە ماڵەکەی خۆتدا باخداری دەکەیت، ئەوە نرخی پێدانی کارەباکەت وەک نرخی کارگە و ناوچەی پیشەسازی چەندینجار گرانتر بوو لە نرخی ماڵان. باشە ئەگەر کەسێک بیەوێت بەرهەمێکی خۆماڵی هەبێت لە سەوزە و میوە، دەبێت ئاسانکاری بۆ بکرێت یا وای لێبکەیت بیر لە چاندنی دارێکیش نەکاتەوە.
دەبێت بۆ پڕۆژەکانی پیشەسازی و هەر یەک لە و کەرتانەی دیکە کە ژێرخانی ئابووری بەهێز دەکەن، یان دەبنە هۆکار و زەمینەی هەلی کار بۆ هاووڵاتیان بە و جۆرە بێت کە حکومەت یارمەتیدەریان بێت، نەک ڕێکارەکانی حکومەت ببێتە هۆکار بۆ داخستنیان وەک ئەوەی ئێستا لە سلێمانی دەیبینین. دەبێت حکومەت لەوە بکۆڵێتەوە سوودی ئەو سیاسەتە چییە لە گرانکردنی نرخی کارەبا و زۆرکردن و جۆراوجۆرکردنی ئەو باجانەی خراونەتە سەر خاوەن کارەکان گرتویەتییە بەر، ئەگەر ئەوە ئەنجامەکەی بێت کە کارگە و مۆڵ و هۆتێل و چێشتخانەکان دایبخەن. باج و کرێیەکی کەمتر دەستی حکومەت بکەوێت و دەرفەتەکانی کار و جوڵەی بازاڕ بەردەوام بن و زۆر لەوە باشترە بەنیازی دەستکەوتنی داهاتێکی زۆرترەوە لە باج، کارگەکان دابخرێن، چونکە کە داخران ئەوکات حکومەت هیچی دەستناکەوێت. باپیرانیشمان گوتویانە (هەشت بێ و لە مشت بێ، نەک نۆبێ و نەبێ) . [1]