$هێزی پێشمەرگە دەبن بەیەک؟$
#عارف قوربانی#
ماوەیەکە لە میدیاکانەوە زۆر باسی ئەوە دەکرێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان گوشاری زۆریان خستووەتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو حیزبە حوکمڕانەکەی کوردستان (پارتی و یەکێتی) بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. دەگوترێت گوشارەکانیان گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی بڕینی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی پێشکەش بە پێشمەرگە دەکرێن و دەستهەڵگرتن لە پشتیوانیکردنیان ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا یەک نەگرنەوە.
بێگومان خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان خاوەن یەک هێزی چەکدار بێت، کە هێزی گەلی کوردستان بێت نەک حیزبە سیاسییەکانی. بۆیە ئەم هەڕەشە و گوشارانەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپایان پێخۆشە. بەڵام ئەگەر دوور لە هەست و سۆزی کوردانە و بە چاوێکی واقیعییەوە بزووتنەوەی چەکداری کورد لە باشوور هەڵبسەنگێنین، دەگەیتە ڕاستییەکی تاڵ، کە ئەم دوو هێزەی ئێستا هەن، بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت بکرێن بە یەک هێز، چونکە لە بنەڕەتەوە وەک هێزێکی حیزبی درووستبوون و پەروەردە و عەقیدەی سەربازییان عەقیدەیەکی حیزبیانەیە، بۆیە تەنیا لە حاڵێکدا دەتوانرێت ئەم دوو هێزە بکرێن بە یەک هێز کە یان پارتی و یەکێتی ببن بە یەک حیزب، یاخود یەکێک لەم دوو حیزبە بەیەکجاری نەمێنێت.
دەتوانرێت هەموو هێزەکان بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، دەشتوانرێت لە چەند لیوایەکی هاوبەشدا تێکەڵ بکرێن، بەڵام ئەمە یەکگرتنەوەی پێشمەرگە نییە بەڵکوو تێکەڵکردنە. لە ڕابردووشدا چەندین هەوڵی لە و شێوەیە هەبوون و تەنانەت چەندین لیوای هاوبەشی پێشمەرگە درووستکران، بەڵام کە هەلومەرج و دۆخێک درووست بوو درزی نێوان پارتی و یەکێتی گەورە کردەوە، ئەو لیوا هاوبەشانەش کە بەچەندین ساڵ درووستکرابوون لە چەند کاتژمێرێکدا هەڵوەشانەوە. دوو نموونەی بەرجەستە هەن، ساڵی 1994 و 2017 یە. لە دوای درووستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 هەوڵێکی زۆر درا بۆ درووستکردنی لەشکری کوردستان، دوای دوو ساڵ کە زەمینەی شەڕی ناوخۆ درووستبوو لە چرکەساتێکدا ڕیسەکە بووەوە بە خوری و هەموو ئەو سەرکردایەتی و یەکە هاوبەشانەی لەناو پێشمەرگە درووستکرابوون هەڵوەشانەوە و بەربوونە گیانی یەکدی.
دوای ساڵانێکی زۆر و لەژێر گوشارێکی زۆری ناوخۆیی و دۆستە بیانیەکانیشدا، جارێکی دیکە لەدوای یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی هەولێر و سلێمانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەستکرایەوە بە درووستکردنەوەی لیوای هاوبەش و گرتنەبەری ڕێکارەکانی یەکخستنی ئەم دوو هێزە، کاتێکی زۆر و ئیمکانیاتێکی زۆری بۆ خەرج کرا، بەڵام لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هەمووی تێکچوو.
هۆکارەکەشی زۆر ڕوونە، لەبەر ئەوەیە ئەم هێزەی هەیە هێزی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتین. هیچ کام لەم دوو حیزبەش دەستبەرداری هێزەکەی خۆی نابێت، بۆیە تا ئەم دوو حیزبەش بمێنن، ئەم دوو هێزە چەکدارەش دەمێننەوە. لەژێر هەر ناوێک و بەهەر شێوازێک تێکەڵ بکرێن، تەنیا یەکخستنێکی ڕووکەشانەیە، لەناخەوە ئەوان یەک نین و ناشبن بەیەک. بۆیە هەر هەوڵێک بدرێت بۆ یەکخستنیان، بێئاکام دەبێت. هێزی یەکگرتوو درووست دەکرێت، لە دوو هێزی جیاواز درووست ناکرێت.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە واقیعی ئەم هێزە تێنەگەیشتوون، بۆیە بەردەوام ئەو داوایە لە پارتی و یەکێتی دەکەنەوە کە نابێت دوو هێزی پێشمەرگەتان هەبێت و پێویستە بکرێت بە یەک هێز. هەموو هەوڵ و کۆمەکێکیش لەم پێناوەدا کردوویانە بە ڕێگەیەکی هەڵە بووە، نەک نەبووەتە هەوێنی هێزێکی یەکگرتووی کوردستانی، بەڵکوو یارمەتیدەر بووە لە بەهێزکردن و قەبەکردنی هێزە حیزبیەکان.
ئێستاش ڕێگەکانی چوونە ڕیزی پێشمەرگایەتی بە لق و مەڵبەندەکانی پارتی و یەکێتیدا تێدەپەڕن. کەسێک سەر بەم دوو حیزبە نەبێت، نە لە ڕابردوودا توانیوێتی ببێت بە پێشمەرگە و نە ئێستاش. تا ئەم شێوازەش بەردەوام بێت قسەکردن لە درووستکردنی هێزێکی ناحیزبی، جۆرێکە لە خەیاڵ. ئەمریکا و هاوپەیمانەکان ساڵانێکی زۆرە لە ڕووی سەربازییەوە کۆمەک و یارمەتیی کوردستان دەکەن، تەنانەت بەشێک لە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە ئەوان دابینی دەکەن. هەر ئەو هاوکاری و یارمەتییەی ئەوان بەس بوو ئەگەر بە ڕێگەیەکی درووست بیر لە درووستکردنی هێزێکی فەرمی بکرایەتەوە، کە دووربێت لە دەستی حیزب، بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش ڕێگە درووستەکەیان نەگرتەبەر، ئاویان کردووەتە ئاشی بەهێزبوونی هێزەکانی پارتی و یەکێتییەوە. ئەوان دەیانتوانی مەرجی ئەو کۆمەک و یارمەتیانە ببەستنەوە بە درووستکردنی هێزێکەوە کە ڕێگەی دامەزراندنی بە دەرگەی کۆمیتە و ناوچەکاندا تێنەپەڕێت، بەڵام ئەوەیان نەکرد. بۆیە چاوەڕوانکراویشە گوشار و داواکارییەکانیان بۆ درووستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی، هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەری نەبێت.
تەنانەت خەڵکانێک ئەو هاوکاریی و کۆمەکانەی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، نەک وەک سەرچاوەی بەهێزبوونی هێزێکی نیشتمانی نابینن، بەڵکوو پێیان وایە ڕێگەیەکە بۆ گەورەتربوونی مەترسییەکان، چونکە لە ڕابردوودا ئەم دوو هێزە چەندین جار بەریەک کەوتوون و شەڕی خۆبەخۆیان کردووە. هەمیشە مەترسی سەرلەنوێ بەریەککەوتنەوەشیان ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، بۆیە تا زیاتر پڕچەک بکرێن و توانای سەربازییان بەهێزتربێت، مەترسییەکانیش زیاتر دەبن.
زۆر دەگوترێت کە (ئەمە بەرپرسیاریێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و دەبێت سەرکردەکانی ئەم دوو حیزبە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندی حیزبەکانیانەوە، پێویستە دەستبەرداری ئەو خواستە حیزبییە بن و هێزەکان لە گیانی حیزبیانە دابماڵن و بیکەن بە هێزێکی نیشتمانی کوردستانی کە ئینتیمایان تەنیا بۆ کوردستان بێت) . ئەمانە تەنیا قسەی باشن، بەڵام واقیعی نین. چونکە لە بیر و باوەڕیاندا واقیعێکی حیزبی زاڵترە بەسەریاندا وەک لە بیر و باوەڕی نیشتمانی.
هاوکێشەکە زۆر ڕوونە، ئەگەر بتەوێت هێزێک هەبێت یان درووست بکرێت کە ئینتیمای حیزبی نەبێت، دەبێت لە کەسانێک پێک بێت کە ئینتیمای حیزبی نەبێت. ئەم هێزەی ئێستا هەیە لەسەر بنەمای ئەندامێتیی و ئینتیما بۆ پارتی و یەکێتیی درووست بووە. کارێکی مەحاڵە کەسێک وەربگریت بە پێشمەرگە بە مەرجی ئەوەی دەبێت ئەندام و لایەنگری پارتی یان یەکێتی بێت و چاوەڕێی ئەوەشی لێبکەیت ئینتیمای بۆ حیزبەکە نەبێت. هیچ کەسێکی بێلایەن ناتوانێت ببێت بە پێشمەرگە، ئەندامی هیچ حیزبێکی دیکە ناتوانێت ببێت بە پێشمەرگە، جگە لەوەی دەبێت یان پارتی یان یەکێتی بێت، ئایا خەیاڵ نییە چاوەڕوانی ئەوە بکەیت کە هێزەکە ناحیزبی بێت.
بۆیە ئەگەر خەمێک هەیە بۆ درووستکردنی هێزێکی چەکدار لە کوردستان کە لەدەرەوەی ئیرادەی حیزبی بێت، یان ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانان دەیانەوێ لە کوردستان هێزێکی ناحیزبی هەبێت، دەبێت واز لەوە بهێنرێت ئەم دوو هێزەی هەن یەکبخرێن. ئەمەی ئێستا وەکوو دوو دەستی مرۆڤێک وایە بەهیچ نەشتەرگەرییەک ناکرێت بەیەک دەست. بۆیە بەپێچەوانەوە ڕێگەی درووست ئەوەیە وردەوردە ئەم هێزە هەڵبووەشێندرێنەوە و خانەنشین بکرێن. پێویستە واقیعی درووستکردنی هێز بگۆڕدرێت بۆ شێوازێک لە سەربازیی زۆرەملێ، یا ئارەزوومەندانە، بەمەرجی ئەوەی بەیەکسانی دەرفەت لە بەردەم گەنجان بکرێتەوە بۆچوونە ڕیزەکانی ئەم هێزەوە دوور لە ئینتیمای حیزبی. دوور لەم ڕێگەیە کارێکی نەکردە و بەدینەهاتووە چاوەڕێی ئەوەبیت کوردستان خاوەنی یەک هێزی چەکداری ناحیزبی بێت. [1]