ناونیشانی بابەت: نەخۆشییە سێکسیە گوازراوەکان.
ئامادەکردن: د. #دێراو سەعید عوسمان#
ئەم نەخۆشیانە چین و کاریگەریان چییە لەسەر نەزۆکی و لاوازی سێکسی؟
بریتییە لەو نەخۆشییە یاخود ئەو هەوکردنانەی کە لە کەسێکەوە ئەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر لە ڕێگای سێکسەوە وەک سێکسی زێ و کۆم و دەم.
هەروەها لە ڕێگای ئافرەتی دووگیانەوە بۆ منداڵەکەی دەگوازرێتەوە لە کاتی دووگیانی یاخود کاتی لە دایکبوونی منداڵەکە یا کاتی شیر پێدان هەروەها لە ڕێگای گواستنەوەی خوێنیش لە یەکێکەوە بۆ یەکێتر دەگوازرێتەوە.
- هۆکاری نەخۆشییەکە بریتییە لە بەکتریا، ڤایرۆس یاخود مشەخۆر.
- ئەم نەخۆشیانە تووشی هەردوو ڕەگەز دەبێت بەڵام زیاتر لە خانماندا باوە.
- زیاتر لە 20 جۆر لە نەخۆشی سێکسیە گوازراوەکانمان هەیە بۆ نموونە:- ئایدز، هەوکردن بەهۆی بەکتریای کلامیدیا، بالوکەی ناوچەی کۆئەندامی زاوزێ بەهۆی ڤایرۆسەوە، ئایدز و چەندین نەخۆشی تر.
بەگوێرەی نەخۆشییەکان نیشانەکان دەگۆڕێت، هەندێک جار بێ نیشانەیە هەنێک جار نیشانەکان سوکن و هەندێ جاریش قوورس دەبن وەک:-
- بوونی دەردراوی بۆن ناخۆش لە زێ یاخود ئەندامی نێرینە.
- سووربوونەوە و برین و بالوکە لە ناوچەی ئەندامی زاوزێ.
- ئازار و زۆر میزکردن، خوران و ئازار لە ناوچەی ئەندامی زاوزێ.
- بڵق یاخود برین لەناوچەی دەوروبەری دەم.
- خوێنبەربوون و برین لە ناوچەی کۆم.
- تا و ئازاری ناوسک.
- ئەم نەخۆشییە سێکسیە گوازراوانە کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر نەزۆکی بەجۆرێ کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کواڵیتیی و تێکچوونی DNAی تۆوەکان و گیرانی بۆری تۆواو و درووستبوونی دژە تەنی سپێرمەکان کە بەهۆیەوە نەزۆکی لێ دەکەوێتەوە.
هەروەها کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر نەخۆشییەکانی لاوازی سێکسی بەجۆرێ کە دەبێتە هۆی هەوکردنی پڕۆستات بەوەش کێشەی ئاوهاتنەوە درووستەکات وەک گەڕانەوەی تۆواو بۆ میزەڵدان و بوونی خوێن و ئازار لەکاتی ئاوهاتنەوە.
بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون و گواستنەوەی نەخۆشییەکە باشترە پیاوەکە کۆندۆم بەکار بهێنێت ، هەروەها دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی سێکسی ناشەرعی لەدەرەوەی خێزان، بەکارهێنانی لوقاحی تایبەت بەهەندێک جۆری ڤایرۆس.
بەپێی جۆری حاڵەتەکە پزیشکی پسپۆڕ ڕێنمای تایبەت و چارەسەری پێویست دیاری دەکات. [1]