ناونیشانی بابەت: کاریگەریی نەخۆشی شێرپەنجە و شێوازی چارەسەرەکانی لەسەر نەزۆکی لە پیاواندا.
ئامادەکردن: د. #دێراو سەعید عوسمان#
ئایا شێرپەنجە دەبێتە هۆی نەزۆکی؟ بۆچی ڕێگاکانی چارەسەری شێرپەنجە کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر نەزۆکی؟
- هەندێک جۆری نەخۆشی شێرپەنجە هەن کە کاریگەریان هەیە لەسەر نەزۆکی وەک شێرپەنجەی گوونەکان، شێرپەنجەی خوێن یاخود لیمفە گرێکان ، کە ئەو وەرەمە شێرپەنجەیانە ئەبنە هۆی درووستبوونی کێشە لەو خانە و هۆڕمۆنانەی بەرپرسن لە درووستبوونی سپێرمەکان.
- لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو ڕێگایانەی کە بۆ چارەسەری شێرپەنجەکە دەگیرێتە بەر کاریگەریان هەیە لەسەر تووشبوون بە نەزۆکی وەک:-
- چارەسەری شێرپەنجە بە کیمیایی:- ئەم جۆرە چارەسەرە کاریگەریی هەیە لەسەر تێکشکانی سپێرمەکان یاخود ئەوخانانەی گوون کە بەرپرسی درووستکردنی سپێرمن خراپرترین جۆریشیان ئەو دەرمانانەن کە ناسراون بە (alkylating agent) .
- چارەسەری هۆڕمۆنی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە کاردەکاتە سەر کەمبوونەوەی ڕێژەی درووستکردنی سپێرمەکان.
- چارەسەری دابەزاندنی بەرگری لەش یەکێکە لە ڕێگاکانی چارەسەری شێرپەنجە وەک (everolimus ، sirolimus) ئەبنە هۆی کەمبوونەوەو تێکچوون لە ڕێژەی سپێرمەکان.
- چارەسەری شێرپەنجە لە ڕێگای نەشتەرگەری بەتایبەت بۆ گوونەکان یاخود ئەندامەکانی ناوچەی حەوز وەک میزەڵدان یاخود پڕۆستات یان کۆڵۆن ، ئەکرێ زیان بەدەمارەکان یاخود موولولەخوێنەکانی بگەیەنێت و ببێتە هۆی نەزۆکی.
چارەسەر لەڕێگای بەکارهێنانی (تیشک) بەتایبەت بۆ شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە یاخود ئەندامەکانی خوارەوەی ناوچەی سک و حەوز، کاریگەریی دەکەنە سەر ڕێژەی سپێرم و هۆڕمۆنی نێرینە.
- بەکارهێنانی تیشک بۆ مێشک ئەکرێت ببێتە هۆی تێکشکانی کوێرە ڕژێنی ژێر مێشک کە بەرپرسن لە دەردانی هەردوو هۆڕمۆنی (FSH و LH) کە هاندەرن بۆ درووستکردنی هۆڕمۆنی نێرینە و سپێرمەکان.
- بە نسبەت خانە درووستکەرەکانی سپێرم (تۆو) ئەگەر بڕی ئەو تیشکەی بەکارەهێنرێت بۆ چارەسەری شێرپەنجەکە کەمتربێت لە 0.1 GY ئەوا کاریگەرییەکی زۆر کەمی دەبێت لەسەر خانەی تۆوەکان، بەڵام ئەگەر بڕی تیشکەکە 0.6 GY بێت ڕێژەی تۆو زۆر کەم دەبێتەوە، ئەگەر بڕی تیشکەکە بگاتە 1.2 GY بێت ، ئەوا ڕێژەی تۆو دەبێت بە سفر.
- بۆ خانە بەرپرسەکانی درووستکردنی هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن ئەگەر بڕی تیشکەکە کەمتربێت لە 20 GY کاریگەریی زۆر کەم دەبێت، بەڵام گەر بڕەکە لەنێوان 20 بۆ 30 GY بێت کاریگەریی زۆر زیاتر، ئەگەر سەرو 30 GY بێت ئەوا نەخۆشەکە لە داهاتودا پێویستی بە بەکارهێنانی هۆڕمۆنی نێرینە دەبێت.
- کواڵیتیی تۆوەکان یاخود DNA ی تۆوەکان دوای 2 بۆ 3 ساڵ لە چارەسەر وەرگرتنی شێرپەنجەکە بە ڕێژەی لە 50% ئەگەڕێنەوە باری ئاسای خۆی، وە لە 50% کەسەکان کوالتی تۆوەکانیان ناگەڕێنەوە باری جارانی خۆی. [1]