$#کەرکووک# لەنێوان تورکمان و عەرەبدا$
#عارف قوربانی#
یەکێک لە هەڵە ستراتیژییەکانی کورد بۆ چارەسەری کێشەی کەرکووک لەدوای ڕووخانی سەدام، ئەوە بوو کە لەو ڕاستییە تێنەگەیشتن لەبەر بوونی پێکهاتەی جیاجیا لە شارەکە، بۆ وەرگرتنەوەی کەرکووک کورد بە تەنیا ناتوانێت ڕەوایەتی بە داواکەی بدات و پێویستی بە هاوبەشێکی ڕاستەقینەیە لەگەڵ کورد داوای کەرکووک بکاتەوە. بۆ ئەمەش زەمینەی هاوبەشیکردنی تورکمان لەبار بوو. ئەگەر ئەمە ناهەقییش بووبێت بەڵام ببوو بە ئەمری واقیع.
بەڵام پارتی و یەکێتی لەم ڕاستییە تێنەگەیشتن و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵ و پێگەی تورکمان و بایەخیان لە هاوکێشەکاندا، پشتیان کردە ئەم پێکهاتەیە. هەر ئەوەندەش نا کە هەموو دەرگایەکیان لە تورکمان پێوەدا، بەڵکوو کارێکی خراپتریشیان کرد، کەوتنە درووستکردنی حیزبی کارتۆنیی تورکمانی، لەو کوردە خۆ بە تورکمان کردووانەی سەر بە هەردوو حیزبە کوردییەکە بوون چەندین حیزبی تورکمانیان قوتکردەوە، وەکوو جۆرێک لە چەواشەکاری تاوەکو وای نیشان بدەن، کە تورکمان لەگەڵ کوردن لە هاوکێشەکاندا. لە کاتێکدا ئەوانەی نوێنەرایەتی پێکهاتەی تورکمانیان دەکرد کەوتبوونە بەرەی دژە کوردەوە.
لەبری ئەوەی ئەم هەڵەیە ڕاستبکەنەوە و تورکمان بکەنە شەریکی حەقیقیی کورد لە داوای وەرگرتنەوەی کەرکووک، چوون لەگەڵ عەرەبی شیعە ڕێککەوتن لەسەر دۆزینەوەی نەخشەڕێی چارەسەر بۆ کەرکووک. بەبێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاو بگرن کە قۆناخی دوای سەدام و هاتنە سەر حوکمی شیعە، قۆناخی تەشەیوعە. بەشی ڕەهای عەرەبەکانی بەعەرەبکردنیش، عەرەبی شیعە بوون، دەسەڵاتدارێتیی شیعە کە ئامانجی بڵاوەپێکردنی شیعە بێت بە هەموو ئێراقدا، چۆن کارێک دەکات ئەنجامەکەی دەرکردنی شیعە بێت لە کەرکووک. کورد بەم داواکارییەوە چووە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ شیعەکان. لەبەر ئەوەی ئەو کات کورد لە هاوکێشەکانی ئێراقدا پێگەی بەهێز بوو، شیعە لەو ڕاستییە گەیشتبوون بۆ بەرقەراربوون و چەسپاندنی حوکمی شیعە و پەراوێزخستنی سونە لە داهاتووی ئێراقدا، پێویستیان بە کوردە، بۆیە کوردیان بە نەخشە ڕێگەیەک ڕازیکرد کە کورد پێی وابێت بەهۆیەوە دەگاتە ئامانجەکانی، بەڵام شیعە لەوە وریاتر بوون بکەونە ناو داوی کوردەوە، پلانێکی درێژخایەن و دوورمەودایان دانا کە دڵنیایی ئەوەیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردبوو داهاتوو بۆ ئەوانە نەک پڕۆژەی کوردی.
تەنانەت لەم پرسەدا عەرەبی سونەشیان فەرامۆش کرد، لە کاتێکدا ئەو عەرەبانەی پێشتر لە ناوچەکانی کەرکووک بوون، عەرەبی سونە بوون. بەپێی داواکاریی کورد بۆ دەرکردنی ئەوانەی لە چوارچێوەی ستراتیژیی پاکتاوی ڕەگەزی هێنرابوونە کەرکووک، ئەو عەرەبانەی دەگرتەوە کە لەدوای ساڵی 1968ەوە هێنرابوونە کەرکووک، کە ئەوانەش زۆرینەیان شیعە بوون. واتە کورد بەوە ڕازی بوو ئەو عەرەبانەی لە قۆناخەکانی پێشتر لە کەرکووک نیشتەجێ کرابوون، وەکوو خاوەن ماڵ لێیان بڕوانێت، کە ئەوانیش عەرەبی سونەن. لێرەدا کورد لە گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانی بۆ چارەسەری کێشەی کەرکووک، تورکمان و ئەم عەرەبانەی ناوچەکەی خستە پەراوێزەوە. بەمەش خزمەتێکی زۆری بە عەرەبی شیعە کرد، چونکە تورکمان و عەرەبی سونەی خستە بەرەی بەرگری لە مانەوەی ئەوانەوە لە کەرکووک. لە کاتێکدا چەندین کێشەی قوڵ لەنێوانیان هەبوو، بەڵام کورد بووە هۆکاری ئەوەی کێشەکانی نێوان سونە و شیعەی کەرکووک و، کێشەی نێوان تورکمان و عەرەب، فەرامۆش بکرێت و هەموویان لەبەرانبەر کورد یەکبگرن و توانییان شکست بە پڕۆژەی کوردی بهێنن.
هەرچەندە کورد ئێستا ڕۆڵی لە هاوکێشەکانی کەرکووکدا زۆر لاوازە، بەڵام لۆژیکێکی سەلمێنراو هەیە کە پێمان دەڵێت: گەرچی ناتواندرێت زەمەن بگەڕێندرێتەوە تاوەکو ڕێگە لە خراپەکاری و هەڵەکان بگرین، بەڵام بە حیکمەت و سیاسەتی درووست دەتوانرێت قەرەبووی هەڵەکان بکرێتەوە. کورد ئێستاش بە گرتنەوەبەری ڕێگەی دۆزینەوەی هاوبەشێک بۆ داوای کەرکووک دەتوانێت زۆر لە هاوکێشەکان بگۆڕێت، کە ئەسڵی کێشەکەش لەگەڵ نەتەوەی سەردەستەی عەرەب بێت، لۆژیک هەر ئەوەیە لەگەڵ تورکمان ڕێککەوێت.
تورکمان هیچ کات نابێتە هەڕەشە و مەترسیی ستراتیژی لەسەر کورد، لەڕووی ژمارەوە چەند جارێک کەمترن لە ژمارەی کورد، لە باشترین حاڵەتدا هەر تاوەکو 15%ی کەرکووک پێکدەهێنن، هیچ قووڵاییەکیان بە ناوچەیەکی دیکەوە نییە تاوەکو ببێتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی تورکمان، بەهۆی کەم نەوە خستنەوەشەوە بەردەوام ژمارەیان لە کەمبوونەوەدایە. پێچەوانەی عەرەب کە قووڵاییان بە ناوچە عەرەبییەکانەوە گرێدراوە و وەکوو خەسڵەتی کۆمەڵایەتییش ڕێژە و ژمارەیان بەردەوام زیاد دەکات.
تورکمانەکانی کەرکووک هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە لە هاوبەشیکردنیان لەگەڵ عەرەب، تەنیا وەکوو کاردانەوە و هەڵوێستیان بەرانبەر بە کورد، وایکردووە بکەونە بەرەی عەرەبەوە، بەڵام بوونەتە هۆکار بۆ زاڵبوونی هەژموونی عەرەب بەسەر ئێستا و داهاتووی کەرکووکەوە. کێشەکانی تورکمان لەگەڵ عەرەب وەکوو خۆیان ماونەتەوە، ئەو زەوی و زار و ماڵ و موڵکانەی تورکمان کە داگیرکرابوون و خرابوونە خزمەتی پڕۆسەی بەعەرەبکردنەوە، تاوەکو ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە بۆ تورکمان. کێشەی بەعەرەبکردن لەڕووی ستراتیژییەوە چەند بۆ کورد مەترسیدار بووە، بۆ تورکمانیش بە هەمان شێوە. بە سەتان هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی تورکمان دەستیان بەسەردا گیراوە و دراونەتە عەرەبی هاوردە. بەعەرەبکردن و تەشەیوعی ئێستا بە هەمان ئەندازەی کورد و بگرە زیاتریش هەڕەشەیە لەسەر تورکمان. لە داهاتوویەکی دورمەودادا ڕێژەی عەرەب هێندە بەرانبەر بە تورکمان هەڵدەکشێت، ڕۆڵ و پێگەی تورکمان وەکوو کریستیانیەکانی ئێراقی لێدێت.
دەبێت کورد هەوڵبدات ئەو ڕاستییانە بۆ تورکمان ڕوونبکاتەوە، پشتیوانیی ئەوە بکات کە تورکمان لە کەرکووک هەستی خاوەندارێتیی بۆ درووست ببێت و دژی ئەو داگیرکارییە بێت؛ بۆ ئەمەش دەبێت کورد سازش لە زۆر شتی خۆی بکات. یەکێک لەوانەش پۆستی پارێزگاری کەرکووکە، ماوەی پێنج ساڵە عەرەبێک بۆ خزمەتی بەعەرەبکردن و تەشەیوع بە وەکالەت بە کاری دەبات و کورد هەر خەیاڵی لەسەر وەرگرتنەوەی بینا کردووە و نایدرێتەوە. باشە ئەگەر کورد هەوڵبدات تورکمان بکاتە هاوبەشی خۆی لە شەڕی وەرگرتنەوەی ئەم پۆستە، ئەگەر بە شێوەی دەوری لەنێوان کورد و تورکمان بەڕێوەببرێت یان هەر بدرێت بە تورکمان، باشتر نییە لەوەی عەرەب بەڕێوەی ببات، کە بووە بە مەترسی بۆسەر کورد و تورکمانیش.
کەرکووک کە ئیدارەکەی بەدەست کوردەوە نەبێت، تورکمان بەڕێوەی ببات باشترە وەکوو لەوەی عەرەب حوکمی بکات کە چاوی لە داگیرکردنییەتی. تورکمان ناتوانێت کەرکووک داگیربکات، ناتوانێت سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی بەرانبەر بە کورد بەکاربەرێت. ناتوانێت ڕێژەی کورد کەم بکاتەوە و ژمارەی تورکمان زیاتر بکات، بەڵام عەرەب دەیکات؛ عەرەبی ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی ئێراق دەهێنێتە کەرکووکەوە، دەست بەسەر زەوی و زاری جووتیار و گوندنشینەکانی کورددا دەگرێت و دەیداتە عەرەب. تورکمان ئەو ئامراز و هەلومەرجانەی لەبەردەست نییە کە بۆ عەرەب بەردەستە. بۆیە ئەگەر هەردوولایان بەچاوی نەیاریش لە کورد بڕوانن، تورکمان کەرەستەکانی دەستی لاوازتر و کەمترن بۆ دوژمنایەتیی کورد وەکوو لە عەرەب.
هەرچەندە هەلومەرج و دەرفەتی ئەوە هەیە کورد بە ڕێککەوتنێکی دوورمەودا لەگەڵ تورکمان ئەوە بکات، کە کورد و تورکمان پێکەوە وەکوو هاوبەشێک بەبێ ئەوەی ببنە هەڕەشە و مەترسی لەسەر یەکدی، پێکەوە بژین؛ بەڵام بۆ ئەمە پێویستی بە کەسانێکە بە ڕاستی بیر لە کەرکووک بکەنەوە. [1]