$بۆسە لەسەر رێگەی هەڵە$
#عارف قوربانی#
هەموو ئەوانەی لەناو ئێراق و دەرەوەی ئێراقیشەوە چاودێریی ئەو وڵاتە دەکەن، ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئەوەی سەدر لەبارەی ئێراق و دەسەڵاتدارانی و کارەکتەرە سیاسی و حیزبییەکانیەوە دەیڵێت، هەمووی ڕاستە. تەنانەت ئەو دەستەواژانەش کە لە دوا پەیامیدا وەکوو (دز و شەلاتی) ناوی بردوون، کاڵایەکە پڕ بە باڵایان؛ بەڵام جگە لە سەدر کەسی دیکە ئازایەتیی ئەوەی نییە بە و ڕاشکاوییە ئەم حەقیقەتە بڵێت.
دوا بەڵگەی سەلمێنەری درووستی هەڵسەنگاندنەکەی سەدر بۆ دەسەڵاتدارانی ئێراق، ناوەرۆکی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد عەللاوی وەزیری دارایی ئێراقە کە تێیدا بە ڕوون و ڕاشکاو ئاماژە بەوە دەکات (تۆڕی نهێنیی بەرژەوەندیی نێوان دەسەڵاتداران و حیزبەکان بە ملیارەها دۆلار لە گەنجینەی ئێراق دەبەن) . ئەوەی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی جەختیان دەکردەوە کە دەسەڵاتدارەکان و حیزبەکانیان وەکوو نەهەنگ کەوتوونەتە سەر داهاتی ئەو وڵاتە و لووشی دەدەن. ئەگەر گەلی ئێراق ئاگایی و هۆشیارییان بەرز بووایا، تەنیا ئەو نامەیە بەس بوو بۆئەوەی شۆڕشە سپییەکەی بەغدا بە خوێنی گەندەڵکاران سوور بکرێت، بەڵام ناوەرۆکی ئەو نامەیە و دەیان بەڵگەی دیکەی هاوشێوە هەن لەوەش زیاتر دەسەلمێنن و خەڵکیش هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکیان نییە، ئەوەی هاتووەتە سەر شەقام لەسەر داوای سەدر هاتوون و بە داوایەکی ئەویش پاشەکشە دەکەن.
بۆیە سەرەڕای ئەوەی هەڵسەنگاندنەکەی سەدر درووستە و تەنانەت ئەو ڕێگەچارانەی کە ئێستا لە شەقامەوە بۆ دەربازکردنی ئێراق لەدەستی ئەم تەبەقە سیاسییەی دوو دەیەی ڕابردوودا دەیانخاتەڕوو، ڕێگەچارەی ڕاست و درووستن، بەڵام ئەو ئامانجە بە شۆڕشی سپی بەدینایەت و سەدر بە ڕێگەیەکی هەڵە دەیەوێت ئامانجێکی ڕاست بەدیبهێنێت. سەدر بە و ئەنجامەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئێراق بەدەستیهێنا و بە و هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ پارتی و سوننەکان وەکوو زۆرینەی پەڕڵەمانی پێکیهێنا، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە بتوانێت ئەوەی ئێستا لە شەقامەوە داوای دەکات و جۆرێکە لە مەحاڵ، لە پەڕڵەمانەوە بەدەستیبهێنێت.
نیگەرانە لەوەی دەسەڵاتی دادوەری کراوە بە ئامراز و لە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکاندا بەکاردەبرێت، بە و زۆرینە پەڕڵەمانییەی هەیانبوو دەیتوانی دادگە لە دەستی ئەوانە ڕزگار بکات کە پاشکۆ و وابەستەی بەرژەوەندی و سیاسییەکانن، بەڵام ئێستا بە جووڵاندنی شەقام لە دژی دادگە و ئەنجامدانی خۆپێشاندان لە بەردەم دادگەی فیدراڵی، کاریگەریی ئەوتۆی نابێت، چونکە ئەو تەرەفە سیاسییانەی توانای بەکاربردنی دادگەیان هەیە، وادەکەن ئەو هەوڵە بە دەستی تێکدەرانە لێکبدرێتەوە و دادگە لە دژی خۆپێشاندەرانیش بەکاردەبەن. داوای دوورخستنەوەی گەندەڵکاران دەکات لە دەسەڵات، دەیتوانی نەک هەر دووریانبخاتەوە، بەڵکوو بە یاسا هەموویان بخاتە قەفەسی زیندانەوە، بەڵام ئێستا ئەوان لە دەرفەتی ئەوە دەگەڕێن کە چۆن بە یاسا شەقام و خۆپێشاندان لە قاڵب بدەن.
بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر سەدر لە پەڕڵەمان بمایەتەوە، نەشیتوانیایە ئەو حکومەتە پێکبهێنێت کە بانگەشەی بۆ دەکرد، بەڵام دوو چەکی بەهێزی لەدەست بوو، شەقام و پەڕڵەمان. ئەوەی مەبەستی بوایە بە جووڵاندنی شەقام، لە پەڕڵەمانەوە دەیکرد بە یاسا، بەڵام لە لایەک بەهۆی پشوو کوورتیی سەدر و لە لایەکی دیکەشەوە بەرژەوەندیی ئێران و هاوپەیمانیی فا#سیدەکان#، شکستی بە و ڕێگەیە هێنا. بە کشانەوەی لە پەڕڵەمان، چەکە یاساییەکەی دەستی خۆی سووتاند و وەکوو شمشێرێک دای بە دەستی نەیارەکانیەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕێگەی بەردەم شەقامی سەخت کرد.
ئەوەیشی ئێستا لە شەقام دەیکات جۆرێکە لە کاردانەوەی ئەو هەڵەیەی کردوویەتی، هەرچەندە لەمەیاندا نەیارەکانی سەدریش (چوارچێوەی هەماهەنگی) بە هەڵەیەک ئەو خزمەتەیان بە سەدر کرد کە ڕەوایەتیی پێبدەن یارییەکەیان لێ تێکبدات. چوارچێوەی هەماهەنگی کاتێک بە کشانەوەی سەدر دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا ببنە زۆرینەی پەڕڵەمانی و مەترسیی ئەوەیان نەما بتوانرێت لەبەرانبەریان (کوتلەی پەکخەر) درووستبکرێت، ئەگەر لەبری (سوودانی) ، جەعفەر سادق سەدریان بەربژێر بکردایە بۆ سەرۆکوەزیران کە دڵخوازی پێشووتری سەدرییەکان بوو، پاساویان نەدەدایە سەدر شەقام بجووڵێنێت دژی بەربژێری (چوارچێوە) و بە گەندەڵ و وابەستەی مالیکی بیچوێنێت. بە دیاریکردنی شەیاع سوودانی داریان کردە شارە زەردەواڵە و هەلومەرجێکیان درووستکرد کە ڕەوایەتی بگەڕێتەوە بۆ سەدر.
بەڵام ئایا سەدر چی دەچنێتەوە لەوەی بە ئاڕاستەکردنی شەقام بیەوێت ڕێگە لە نەیارەکانی بگرێت، وەکوو خۆی دەڵێت: دەسەڵات بگرنەوە دەست؟ یان چۆن دەتوانێت ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت کە بانگەشەی بۆ دەکات بۆ دادگاییکردنی گەندەڵکاران؟ تائێستا ئەوەی توانیویەتی بیکات ئەوەیە کە نەهێڵێت بە و جۆرە حکومەت پێکبهێنن کە پلانیان بۆ دانابوو، خەریکە دۆخەکە بە ئاقارێکدا دەڕوات وەکوو چۆن سەدر نەیتوانی بە زۆرینەی پەڕڵەمانی و سیاسی نەیتوانی هیچی لێبچنێتەوە، چوارچێوەش بە و دەردە بچن کە نەتوانن هیچ لە و زۆرینەی پەڕڵەمانییە بەدەستبهێنن، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ڕادەستی ئیرادەی سەدر بن، چونکە ئەوان بە کەمینەیەکی پەڕڵەمانییەوە توانییان ببنە هێزی پەکخەر لە بەردەم زۆرینەی سەدردا، هیچ لۆژیکێک ئەوە ناسەلمێنێت کە بە زۆرینەی پەڕڵەمانییەوە چۆک بۆ داخوازییەکانی سەدر دابدەن.
بۆیە ئەوەی سەلمێنراوە ئەوەیە کە نە بە هەڵبژاردن و درووستکردنی زۆرینەی پەڕڵەمانی، ڕێگە دەدرێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئێراق بێتە ئاراوە، نە بە خۆپێشاندانی هێمنانە و ئاشتییانە وەکوو ئەوەی سەدر دەستیداوەتێ و ناوی لێناوە شۆڕشی سپی، هیچ ئاکامێکی ئەوتۆی دەبێت. ئەگەر سەدر دەیەوێت ببێتە ڕابەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە و سیستم و دەسەڵاتە تەقلیدییەی وەکوو میراتی تەوافوقاتی دوو دەیەی ڕابردوو، زەمینەی بۆ ئەوە خۆشکرد ئێراق ببێتە گەندەڵستان و جگە لە وێرانەیی هیچی بۆ داهاتووی ئێراق پێنەبووە، دەبێت ڕەنگی شۆڕشەکەی بگۆڕێت، چونکە ئەوەی ئێستا دەیکات دانانی بۆسەیە لەسەر ڕێگەیەکی هەڵە، کاروانی گەندەڵچییەکان بە و ڕێیەدا تێناپەڕێت تاوەکو بکەونە داو و بۆسەی شۆڕشگێڕە سپیپۆشەکانەوە. ئێراق لە وێستگەیەکدا پێویستی بە شۆڕشێکی سوورە، بۆئەوەی دواڕۆژی نەوەکانی سپی بێت. [1]