$ئەگەر سەدر لێیان تێک نەدات$
#عارف قوربانی#
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی نووسراو لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەکراوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستن لێکتێگەیشتن لەسەر زۆر پرس و بابەت لەنێوانیاندا درووستبووە. تا ئەندازەیەک چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕەزامەندی لەسەر هەموو داواکارییەکانی یەکێتی دەربڕیوە، لە پێدانی پۆست و ئیمتیاز لە بەغدا و بە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکیشەوە.
لایەنە شیعیەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان ئەوە ناڵێن، بەڵام چی لە کۆبوونەوە داخراوەکانی نێوان خۆیان و لە دیداریان لەگەڵ وەفدی ی، ن، ک چەند جارێک تەئکیدیان لەوە کردووەتەوە کە ئەوان قەرزاری یەکێتین. پێیان وایە ئەگەر یەکێتی لەگەڵ سەدر و پارتی و حەلبووسی بڕۆیشتبا کە لە هەرسێ لایەنەکەوە داوای لێدەکرا، ڕەنگە لەوە زیاتری پێبدرابا، کە بە مانەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستی دەکەوێت. بەڵام بە نەچوونی یەکێتی لەگەڵ هاوپەیمانیی ڕزگارکردنی نیشتمان، خزمەتێکی گەورەی بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە، هەموو ئەوەی ئێستا بۆیان ڕەخساوە بە هەڵوێستی یەکێتی دەزانن.
بابەتەکەش تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە کە حکومەتیان لەدەست دەچوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ترسیان لە پەڕڵەمان هەبوو نەک حکومەت، چونکە بەشێکیان بەشداری حکومەتیان پێدەکراو هێشتاش مالیکی پێگەی وەک خۆی لەناو دەوڵەتی قوڵ ماوەتەوە. ئەوەی لێی دەترسان ئەوەبوو کە پارتی و سوننەکان بە پشتیوانی سەدر لە پەڕڵەمانەوە لەلایەک ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بە لە قاڵبدانی حەشدی شەعبی بگرنەبەر و لەلایەکی دیکەشەوە لە ڕێگەی گۆڕینی بەشێک لە یاساکان و دەرکردنی یاسای تازەوە ڕیسی چەند ساڵەی ئێران و شیعەکان بکەنەوە بە خوری و ئەوەی بە نزیکەی 20 ساڵ بنیاتیان نابوو، بە چوار ساڵ ببێتەوە بە سفر.
ئەو گوشارانەی ئێرانیش دەیکردە سەر پارتی و سوننەکان بۆ کشانەوە لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر، هەر لەبەر ئەو مەترسیانە بوو. سەرباری ئەوەی هەڕەشە و پەلاماری درۆن و مووشەکەکانی ئێران پاشەکشێی بە پارتی و سوننەکان نەکرد، بەڵام ئەوەی ئێران لە و ڕێگەیەوە دەیویست بەدەستی بهێنێت و هیچی لێنەچنییەوە، لە ڕێگەی یەکێتییەوە دەستی کەوت. ئێران و شیعەکان ئەمە دەزانن و پێدەچێت لەبەرچاویشیان بێت.
ئەو هەلومەرجەی ئێستا ڕەخساوە بۆ بەرەی مالیکی کە ئەگەر سەدر بە گوشاری جەماوەری لێیان تێک نەدات، نەک هەر بە ئاسانی حکومەت دەکەوێتەوە دەستیان، بەڵکوو ئەو هاوکێشەیەی ناو پەڕڵەمانیش وەک گەورەترین چەک کەوتەوە دەستی بەرەی مالیکی و دەبێت لە ئێستا بە دواوە سەدر بە پلەی یەکەم و پارتی و سوننەکانیش دوای ئەو مەترسی ئەوەیان هەبێت کە ئێران و مالیکی لە پەڕڵەمانەوە بە یاسا ئەوان لە قاڵب دەدەن.
مەبەستی سەرەکیم لە نووسینی ئەم وتارە هەڵسەنگاندنی ئەو هاوکێشە و ئەگەر و پێشهاتانە نییە کە ڕووبەڕووی ئێراق دەبێتەوە، بەڵکوو مەبەستمە سەرنجێک بخەینەوە سەر کەرکووک کە لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتانەدا ئەگەری بەهێز ئەوەیە پارێزگاری کەرکووک بدەنەوە بە کورد. هەرچەندە وای نابینم هەموو هۆکاری گۆڕینی هەڵوێستی ئێران و شیعەکان بۆ پرسی پارێزگاری کەرکووک تەنیا پەیوەندی بە لەگەڵ مالیکی بوونی یەکێتییەوە هەبێت، دەشێ ئەوە بەشێکی هۆکارەکە بێت، بەڵام بەشێکی پەیوەندی بە خودی ڕاکان جبوورییەوە هەیە کە زوو خۆی بەلای خەمیس خەنجەردا یەکلاکردەوە و کەوتە بەرەی هاوپەیمانی (تەیار) دژ بە (ئیتار) . شیعەکان و ئێرانیش لەم بارودۆخەدا نایانەوێت ئیرادە و ئیدارەی شارێکی گرنگی وەک کەرکووک لە دەستی خەمیس خەنجەردا بێت.
ئەگەر سەدر شکستی پێبهێندرێت، یان ڕوونتر ئەوەیە بگوترێت ئەگەر سەدر نەتوانێ ڕێگری لە مالیکی بکات، ئەوە زۆر نابات پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی کێکەکە دەستپێدەکات. وەک چاوەڕوان دەکرێت یەکێتیش بەشی شێری بەردەکەوێت، بەدەر لە و پۆست و دەستکەوتە حیزبیانەی لە بەغدا دەیدرێتێ، بڕیار وایە پاڵێک بە ڕاکان جبووریشەوە بنرێت و کورسی پارێزگاری کەرکووک بدرێتەوە بە هەر کەسێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیاری دەکات. لە ڕووی یاسایی و دەستووریی و واقیعیشەوە دانانی پارێزگار ئێستا بۆ یەکێتیی ئاسانترە وەک لە چەند ساڵی ڕابردوو.
بۆ هەلومەرجێکی وەک دوای 16ی ئۆکتۆبەر و بەڕێوەبردنی سیاسەتی بەعەرەبکردن لە کەرکووک، پێدانەوەی پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد گرنگە، بەڵام بابەتێکی هەستیاریشە، دەبێت بزانرێت چی جۆرە کوردێک دەکرێتە پارێزگاری کەرکووک. چونکە ئەو تێڕوانینە ڕاست نییە وەک هەندێک پێیان وایە گرنگ ئەوەیە پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، ئیتر ئەگەر کەسێکی خراپیش بێت کێشە نییە. سەرباری هەموو ئازارەکانی، وێڕای ئەو هەموو زووڵم و ستەمەی ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لە کوردی کەرکووک کراوە، بەڵام هێشتا کورد شانسی ئەوەی هەبوو کوردێکی وەلائی بۆ حەشدی شەعبی نەکرایە پارێزگار و بەعەرەبکردنچییەکی وەک ڕاکان پارێزگار بوو.
پارێزگاری عەرەبی خراپ بۆ کورد باشترە لە پارێزگارێکی خراپی کورد، چونکە لە حاڵەتی یەکەمدا کورد بەهیوای ئەوەوە دەمێنێتەوه، کە ڕۆژگارێک بێت ئیدارەی شارەکەی بکەوێتەوە دەست، هەروەها ڕەفتار و کرداری خراپی پارێزگارەکە وەک ئەوەی ڕاکان جبووری دەیکات، جۆرێک لە کاردانەوە و ڕۆحی بەرگری لای کورد درووست دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر کوردێک بکرێتە پارێزگار و بە ئەجێندا و سیاسەتی بەعەرەبکردن و تەشەیوع کاربکات، کورد دەڕووخێت لە و شارە.
بەشێک لەوانەی لە ڕابردوو و ئێستاش مرخیان لە کورسی پارێزگاری کەرکووک خۆشکردووە، ئەوانە بوون کە پێشی حەشد کەوتن بۆ گرتنی کەرکووک، لەوانە بوون کە چاوساغییان بۆ ئەو هێزە دەکرد کە بە دەبابەوە بەسەر لاشەی شەهیدەکاندا تێدەپەڕین. بۆیە یەکێتی لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانیدایە و دەبێت بە وردی بڕیار لەوە بدات کەرکووک بە کێ دەسپێرێت، چونکە ئەگەری ئەوەش هەیە لایەنی شیعی و ئێرانییەکانیش ئەوە بخوازن کە یەکێتی کەسێک ڕابسپێرێت بەشێک بێت لە دونیابینی ئەوان بۆ کەرکووک، پێویستە کەسێک بکرێتە پارێزگار دید و تێڕوانینێکی کوردی و کوردستانیانەی هەبێت بۆ کێشەی کەرکووک، ئەگەرنا ئەوە بەدڵنیاییەوە هەر عەرەبێکی ڕەگەزپەرست بێت باشترە لە هەر کوردێک کە تەنیا بەناو کوردبێت. [1]