$مەترسیی رووداوەکەی #زاخۆ#$
#عارف قوربانی#
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەبەرئەوەی ئێراق دژ بە ئێران لە شەڕدا بوو، فراوانی بەرەکانی جەنگ وایکردبوو ئێراق ناچاربێت بەشی هەرە زۆری سوپاکەی لەو ناوچانە جێگیربکات کە مەیدانی جەنگ بوون. ئەمەش دەرفەتی بۆ هێزە سیاسییەکانی کوردستان خۆشکردبوو کە هەندێک ناوچە کە سوپای تێدا نەمابوو وەک ناوچەی ئازادکراو بۆ خۆیان درووست بکەن، کە دواتر بووە شوێنی پەنادان و چالاکیی سیاسی بۆ حیزب و هێزە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
پارتی کرێکارانی کوردستان (#پەکەکە#) وەک هێزێکی چەکداری تازە دامەزراو یەکێک بوو لە و هێزە سیاسییانەی کەڵکی لە و بۆشاییەی ناوچە سنوورییەکان وەرگرت و چەندین بنکەی تێدا دامەزراند، کاتێک دەستپێکردنی خەباتی چەکداری دژ بە دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند، لە و ناوچە سنوورییانەوە مەفرەزەی پارتیزانی دەناردە نێو باکووری کوردستان و چالاکییان ئەنجام دەداو دەگەڕانەوە بۆ بنکەکانی خۆیان. ئەمە تورکیای بۆ ئەوە پاڵنا لەگەڵ ئێراق ڕێککەوتنێکی ئەمنیی ببەستێت کە ڕێگە بە تورکیا بدات بێتە نێو قوڵایی خاکی ئێراقەوە.
لە و هەلومەرجەدا کە ئێراق گیرۆدەی شەڕێکی سەخت لەگەڵ ئێران ببوو، لەناوخۆیشدا هێزی پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکان و چالاکیی پێشمەرگانە پەرەی سەندبوو، ئێرانیش دەستی گەیشتبووە ناو هێزە نەیارەکانی ئێراق. بۆیە لە کاتێکی وادا سەدام ئەمەی پێخۆش بوو تورکیا بێنێتە ناو هاوکێشەکەوە، لانی کەم بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی ئێراق و تورکیا کەڵک لە سوپای تورکیا وەربگرێت بۆ لێدان لە هێزە کوردییەکان، بۆیە بە ئاسانی داواکەی تورکیای پەسەندکرد و ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان هەردوولا هاتەئاراوە کە ڕێگە بە سوپای تورکیا دەدات سنووری نێودەوڵەتیی ئێراق ببەزێنێت.
لەوکاتەوە هەرکات تورکیا بە پێویستی زانیبێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام داوە. بەدیاریکراوی لە ساڵی 1991بەدواوە کە حکومەتی ئێراق لە و ناوچانە دەرکراو کەوتنە دەستی بەرەی کوردستانی، لە دوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و درووستبوونی کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و پەکەکە، تورکیا زیاتر ئەو بۆشاییەی قۆستەوە و قوورسایی سەربازی زیاتر کرد. لە ساڵانی دواتریشدا نەک هەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بەڵکوو بنکە و بارەگای سەربازی لەناو باشووری کوردستان دامەزراندووە.
دوای ڕووخانی سەدام و هاتنە سەر حوکمی شیعە لە ئێراق، لەکاتێکدا ئێراق هیچ پێویستییەکی بە و ڕێککەوتنەی لەگەڵ تورکیا نەمابوو، هەروەها پاساوێکی لۆژیکی نەمابوو بۆ مانەوە و درێژەپێدانی ئەو ڕێککەوتنە، بەڵام لە ساڵی 2007 سەرلەنوێ ڕێککەوتنێکی دیکە لەنێوان ئێراق و تورکیا مۆرکرا کە بەشیر ئاتەڵڵای، وەزیری ناوخۆی تورکیا و جەواد بوڵانی، وەزیری ناوخۆی ئێراق واژۆیان لەسەر کردووە، جارێکی دیکە ڕێگە بە تورکیا دەدات سنووری ئێراق ببەزێنێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی ئێراق ئەنجام بدات.
بەدرێژای ئەو چەندین ساڵەی دوای ئەم ڕێککەوتنانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام بووە، بە هەزاران هێکتار زەوی کراوەتە ناوچەی قەدەخەکراو، ڕەز و باخ سووتێندراون، دەیان گوند چۆڵکراوە. تەنانەت بە فڕۆکە لە ئاسمانەوە، بە تۆپی دوورهاوێژ و بۆردوومانکردن، هەروەها لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی سەربازیش، دەیانجار هاووڵاتی کورد بوونەتە قوربانی. دەیان ژن و منداڵ لە گوندەکان شەهیدکراون. لەناو ڕەز و باخ و لە ڕێگەی چوون بۆ کرێکاری چەندینجار جووتیار و کرێکاری کورد کەوتوونەتە بەر تۆپ و بۆردوومانی فڕۆکەی تورکیا. ئەم ئێراقە هەڵوەستەیەکی نەکردووە لە ئاستی ئەو ڕێککەوتنە ناپێویستەی و خۆی نەخستووەتە بەردەم بەرپرسیاریێتی ئەوەی بەهۆی ڕێگەپێدانی بەغداوەیە کە هەموو جیهان چاو لە تاوانەکانی تورکیا دەپۆشن.
بەڵام ئەم بۆردوومانەی سەیرانگەیەکی پەرەخ لە نزیک زاخۆ لە ڕۆژی 20ی تەممووز، کە 9 هاووڵاتیی عەرەب تێیدا بوونە قوربانی، کاردانەوە ناوخۆیی و ئێراقی و نێودەوڵەتییەکان بە جۆرێکە، بیر و سەرنجی مرۆڤ بۆ ئەوە ڕادەکێشن کە دەشێ پلانێکی شاراوە لە پشتی ئەم ڕووداوە وە هەبێت. چونکە ناکرێت خوێنی ژن و منداڵی کورد هێندە بێ بەها بێت کەس لەسەری بەدەنگ نەیات، تەنانەت لە ڕووداوی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکیدا لە چرکەساتێکدا تورکیا 34 هاووڵاتی کوردی شەهید کرد کە بەشی زۆریان خوار تەمەنی 18 ساڵ بوون. جیهان چاو و گوێی خۆی داخست لە ئاستیاندا. یاخود کە بە تۆپ و تەیارەی تورکیا ژن و منداڵی گوندنشینی کورد دەبنە قوربانی، بەغدا ئامادە نییە تەنیا بە بەیاننامەیەکیش ئیدانەی بکات، بەڵام بۆ ئەم 9 هاووڵاتییە عەرەبە، نەک هەر ناوەندە فەرمی و دەوڵەتییەکانی ئێراق، نەک هەر کارەکتەرە سیاسی و حیزبەکانیان، تەنانەت لە ئاستی شەقامیشدا زۆرترین کاردانەوەی هەبووە و چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت پەڕڵەمان و حکومەتی ئێراق چەندین ڕێکاری دیکە دژ بە تورکیا بگرنەبەر.
هەڵوێستی کارەکتەرە سیاسی و ناوەندەکانی حوکمڕانی ئێراق ئەگەر بەشێک نەبێت لە پیلانێک و ئامانجەکە زیاتر بۆ گۆشەگیرکردنی هەرێمی کوردستان و زاڵکردنی دەستی بەغدا نەبێت لەسەری، ئەگەر دەربڕی هەڵوێستێکی ڕاستەقینە بێت بۆ داکۆکی لە خوێنی بەناهەقڕژاوی 9 هاووڵاتی ئێراقی، سەرباری ئەوەی جۆرێکە لە دووڕوویی دەسەڵاتدارانی ئێراق و بریتییە لە جیاکاری کە بۆ کوشتنی ژن و منداڵی کورد بێدەربەستن و بۆ کوشتنی عەرەب شین دەگێڕن، بەڵام هەڵوێستەکانیان جێی ڕێزگرتنە و با سەرکردە و سیاسی و حیزب و ناوەندە حکومڕانییەکانی کوردستانیش وا پەرۆش بن بۆ خوێنی هاونیشتمانییانی کورد. لەم ڕووەوە هێزە سیاسییەکانی کوردستان جێگەی لۆمە کردنن، بێهەڵوێستی و بێدەنگی ئەوان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو هەموو زووڵم و ستەمەی لە کورد دەکرێت.
ئەوەی ئێراقییەکان لە ئاستی شەقام و حیزب و حوکمڕانەکانیان دەیکەن دژ بە تورکیا لە تۆڵەی ئەو 9 قوربانییە، کارێکی ئازایانەیە و هەستکردنە بە بەرپرسیاریێتی. گەرچی ناتوانم گومانەکانم بشارمەوە کە ئەگەر بە پلانی پێشوەختەش نەبووبێت، وەک دەرفەتێک دواجار لە دژایەتی تورکیاوە دەیقۆزننەوە بۆ لێدان و زیاتر گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان. بۆیە زۆر گرنگە کورد بە وشیارییەوە و دوور لە هەست و سۆز مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکات، کە لە ڕاستیدا ئەمە کێشەیە و مەترسیداریشە.
ئەوەی لێرەشدا گرنگە ئەوەیە تا ئەندازەیەک تێگەیشتنێکی گشتی درووستبووە بۆ زانینی ئامانجی تورکیا لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە، ئێستا ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین هەموو لایەکمان دەزانین ئامانجی تورکیا داگیرکردنی باشووری کوردستانە. بۆیە گرنگە ئێمەش ئەم ناڕەزایەتییەی شەقام و ناوەندە سیاسی و حوکمڕانییەکانی ئێراق بۆ دژایەتی تورکیا بقۆزینەوە، بۆ ئەوەی بیانخەینە بەردەم ئەو بڕیارەوە بۆ دەرکردنی تورکیا لە خاکی باشوور و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی لەسەر ئێراق، پێویستە پەڕڵەمانی ئێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە ئەمنیانە بدات کە ڕێگە بە هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا دەدەن بۆ ناو ئێراق.
ئەگەر بەغدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی سەردەمی سەدام و ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2007 بدات، ئەوە دەتوانرێت بوونی تورکیا لەناو هەرێمی کوردستان بە بەزاندنی سنووری نێودەوڵەتی دابنرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی ئێراق دەبن لە پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی، بەڵام ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە ناپێویستە هەڵنەوەشێنێتەوە ناتوانێ بە تورکیا بڵێت بڕۆ دەرەوە، هەر بڕیار یان کاردانەوەیەکی دیکەی هەبێت دژ بە تورکیا، ئەو گومانانە زیاتر دەکات کە ئامانجەکە تورکیا نییە ئەوەندەی بۆ لێدانە لە کورد و هەرێمی کوردستان.
دەبێت پارتی و یەکێتی کە سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێراقیان بەدەستەوەیە، ئەم دوو ناوەندە گرنگە بۆ ئەوە بەکاربەرن ئێراق ناچاربکەن ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی لەگەڵ تورکیا هەڵبووەشێنێتەوە. تەنیا لە و ڕێگەیەوە دەتوانن مەترسیی تورکیا دووربخەنەوە. ئەم دوو حیزبەش ئەگەر ئەوە نەکەن، هەموو هەڵوێستەکانی دیکەیان وەک جۆرێک لە موزایەدە بۆ دەمێنێتەوە. [1]