$ئێران بەغدا ناداتە دەست پارتی$
#عارف قوربانی#
پارتی لە دوای گشتپرسی و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ستراتیجی خۆی ڕووه و بەغدا گۆڕی، ماوەی ئەم پێنج ساڵەی ڕابردوو بە هەموو توانایەوە لە دەرگای بەغدا دەدات، بەڵام بەغدا دەرگە بۆ پارتی ناکاتەوە. بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری ئاوڕنەدانەوەی بەغدا لە پارتی، خۆماندووکردنی زۆری ناوێت، بە دەربڕینێکی سادە بەهۆی ئەوەوەیە کە پارتی بە ڕێگەیەکی هەڵەدا دەیەوێ بڕوات بۆ بەغدا. پارتی ناتوانێ لە پەنجەرەی ئەنبار و نەجەفەوە بچێتە ژورەوە، لە کاتێکدا کلیلی کردنەوەی دەرگای بەغدا، لە تارانە. واتا ڕێگەی بەغدا بۆ پارتی بە تاراندا تێدەپەڕێت، ئەگەر تاران بیەوێ لە بەغدا جێی ببێتەوە.
کێشەی پارتی ئەوەیە درەنگ ئەم کۆدانە دەخوێنێتەوە، هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە تارانی ئێستا هەولێر بە پارتی ڕەوا نابینێت، ئیتر چۆن بەغدا دەداتە دەست پارتی؟. نەک ئەوە ناکات، تەنانەت ناهێڵێت پڕۆسەی پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی کوردیش لە بەغدا بە ئاڕاستەیەکدا بڕۆن کە ئەو کوردەی بەغدای دەخرێتە دەست، کۆمەک بە هەولێر بکات. بە پێچەوانەوە وادەکات دەبێت ئەو توانایەی بەغداش دژ بە هەولێر بەکار ببرێت.
ئەزموونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ساڵی 2018 و ئەو ململانێیانەی ئێستاش بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە، بەڵگەیەکی ڕوونن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە نابێت ئەو پۆستە بۆ بەهێزکردنی هەولێر بەکار ببرێت. ئەوکات دەرفەت هەبوو ئێستاش هەر دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتیی پێکەوە کارەکتەرێک دیاری بکەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و بە پشتیوانیکردنی هەردوولا، ئەویش بەغدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەولێر بەکار بەرێت. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە ( د. بەرهەم ) یش بێت کە ئێستا بووەتە خاڵی ناکۆکی، بەڵام ئەو کارەکتەرەی لە پشتی یاری شەترەنجەکەوە دانیشتووە و یاری بە داشەکان دەکات ناهێڵێت ئەمە ڕووبدات، چونکە ئامانجەکە ئەوەیە کە نابێت کەسێک لە بەغدابێت کۆمەک بە هەولێر بکات. ئەگەر ئەو کەسە هەرکێیەک بێت و بیرکردنەوە و ئامانجیشی ئەوەبێت پڕۆسەکە بۆ بەرژەوەندی کوردستان بەکار بەرێت.
د. بەرهەم پێش هەڵبژاردنی بۆ سەرۆککۆمار لە خولی پێشوو، نەک ناکۆک نەبوو لەگەڵ ئەو بۆچوونەی بەغدا بۆ خزمەتی هەولێر بەکار بەرێت، بەخۆمی گوت ( ئەگەر بارزانی پشتیوانیم بکات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و لە پشتم بێت، ئێراق دەکەمە کۆنفیدراڵی) . بەڵام بینیمان لەکوێوه و چۆن ئاڕاستەی ڕووداوەکان بە ئاقارێکدا برا کە ئەو پۆستە ببێتە هۆکاری قوڵکردنەوەی ناوماڵی کورد و قوڵکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. ئەمجارەش دەکرا بە وەرگرتنی پەند و ئەزموون لە ڕووداوەکەی خولی پێشوو، پارتی و یەکێتیی بە جۆرێکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پڕۆسەیەدا بکردبا، بەڵام سەرئەنجام دیارە کە ناکۆکی و ململانێکان گەیشتوون بەچی ئاستێک.
ئەو بڕیارانەی دادگەی باڵای فیدراڵی ئێراق لە ڕابردوودا دژ بە هەرێمی کوردستان دەرکراون، ئەوانەشی چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندەی نزیکدا چی لەلایەن دادگە و وەزارەتەکانەوە وەک پێشهاتی تازە ڕووبدەن، بەشی زۆری هەر پەیوەستە بە وەرگرتنی ئەو پۆستەوە. بە کوورتی و کوردییەکەی ئێران ناهێڵێت ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت. نەک هەر ئەوەش، بەڵکوو ناهێڵێت ڕێککەوتنیش بێتە ئاراوە لەسەر کاندیدی هاوبەش، تەنانەت ئەگەر پارتی بە د. بەرهەمیش ڕازی بووایە، ئێران د. بەرهەمی دەگۆڕی. وەک چۆن کاتێک لەناو یەکێتیی قسەیەک هەبوو بۆ ئەوەی پۆستەکەیان لەدەست نەچێت کاندیدەکەیان بگۆڕن، ئێران ڕێگەی پێنەدان. ئەگەر هەموو کورد پێکەوەبن و بڕیار بدەن ئەو پۆستەش وەرنەگرن و لەگەڵ سوننەکان ئاڵوگۆڕ بە پۆستە سیادییەکانیان بکەن، کورد سەرۆکی پەڕڵەمان وەربگرێت و سوننە سەرۆککۆمار، ئێران ڕێگا بەوەش نادات.
هەموو ئەو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییانەی ئێستا لە پێش هاوپەیمانی (ڕزگارکردنی نیشتمان) ن بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار و ڕاسپاردنی بەربژێر بۆ پێکهێنانی حکومەت بەوەی کە ناتوانن ( دوو لەسەر سێ) کۆبکەنەوە. ئەگەر هاوکێشەکە بە پێچەوانەوە بوایە و بەرەی وەلائییەکان ئەو زۆرینەیەیان هەبوایە، بە دڵنیاییەوە دادگەی فیدراڵی دەهێندرایە سەرخەت و بڕیاری لەسەر لابردنی کۆسپە دەستوورییەکانیان دەدا بە قازانجی دڵخوازەکانی ئێران. ئەگەر دوو هەفتەی دیکە هاوکێشەکان پێچەوانە ببنەوه و ( چوارچێوەی هەماهەنگی ) بکەوێتە هەوڵی پێکهێنانی حکومەت وەک ئەوەی سەدر ماوەی چل ڕۆژی بۆ پێشنیازکردوون، چاوەڕوانکراوە به پاساوی ئەوەی ئێراق نەکەوێتە ناو بۆشایی دەستوورییەوە، دادگەی فیدراڵی وەک ئاسانکارییەک بۆیان بڕیار لەسەر هەڵگرتنی ئەو لەمپەری ڕێژەیە بدات و وەک حاڵەتێکی ئیستسنائی بڕیار بدات کۆبوونەوە بە پەنجا کۆ یەک بەڕێوە ببرێت، بەمەرجی ئەوەی پارتی نەبێتە سەرۆککۆمار.
تەنانەت ئێستا ئێران تێگەیشتنی به و جۆرەیە، ئەوەی لە ئێراق دەگوزەرێت وەک درووستکردنی لەمپەر لە بەردەم ئێراندا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی وەلائی، هەروەها یاخیبوونی سەدر و سوننەکانیش لە چاوی پارتی دەبینێت. هەموو ئەو گوشارانەش کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە لەسەر هەولێرن و ئەو بڕیار و ڕێکارانەیش کە لە دادگەی فیدراڵی ئێراق و ئێستای وەزارەتی نەوت و سبەی لە وەزارەتەکانی دیکەوە وەک گوشار دەخرێنە سەر هەولێر، بەشی زۆری هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران پارتی و جوگرافیاکەی وەک یاخیبوویەک لە تاران وێنا کردووە. تەنانەت پارتی ئەگەر چەند هێندەی دیکە ڕووی لە بەغدا بێت و باوەشی گەرمتر بە بەغداا بکات، لای ئێران وەک ( ئینتیما و گەڕانەوە ) ئەژمار ناکرێت، ئەگەر هەولێر ڕوو نەکاتە تاران.
هەرچەندە جۆرێک گومانی ئەوەشم هەیە ئایا تاران خۆیشی دەرگا بۆ هەولێر دەکاتەوە؟ چونکە ئەو گوشارانەی سەر هەولێر و ئەو پاڵپێوەنانەی بەغدا و تاران دەیکەن، دەتوانرێت ئاماژەی دیکەی لێبخوێندرێتەوە کە خوازیاری ئەوەبن هەولێر بە یەکجاری خۆی فڕێبداتە باوەشی تورکیاوە. دوور نییە لە ڕێککەوتنی پشت ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئێران و تورکیا لەنێوان خۆیاندا جوگرافیای باشووری کوردستانیان به و جۆرە لەنێوانیاندا دابەش کردبێت، ئێران بەشی خۆی لە 16ی ئۆکتۆبەر وەرگرت و ئەوەی ماوەتەوە کێکی تورکیا بێت، چونکە ئەوەی تاوەکو ئێستا بەغدا و تاران کردوویانە، ئەوەشی چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتووی نزیکدا بیکەن، هەر ئاو دەکاتە ئاشی ئەو پاڵ پێوەنانەوە.
ئەگەر بەغدا و تاران لەم سیاسەتەی پەیڕەوی دەکەن ئامانجەکەیان ئەوەبێت پارتی ڕووی لە بەغدابێت. ئێستا پارتی نەک هەر دەیەوێ بچێتە بەغدا، بەڵکوو دەیەوێ بەشداری حوکمی بەغداش بکات، بەڵام ڕێگەی ئەو بەشدارییەی پێنادەن. ئەو ڕێکارانەی بۆ ڕێگریکردن لێی له و بەشدارییە گرتوویانەتەبەر، دەرفەتی حاکمیەتی پارتی لە هەولێریش بەرتەسک دەکاتەوە. ئەمەیە کە گومان دەکرێت ئێران مەبەستی دیکەی هەبێت، چونکە ناکرێت ئێران ئەوە نەزانێت هەلومەرجی نێوخۆیی کوردستان و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش لەبارن بۆ شۆکێک کە هاوکێشەی ناوچەکە هەمووی بگۆڕێت. ڕووسیا بە پەلاماردانی ئۆکراینا هەژموون و هەیبەتی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی نەهێشتووەتەوە. تورکیا وەک مەیل بۆ ئەو پاوانخوازییە، دەمێکە گەرای بۆ خستووە، سوپای هێناوەتە زۆر ناوچە و جوگرافیای باشووری کوردستان. ئەزموونی پارتیش نموونەی هاوشێوەی تێدایە کە ئەگەر زۆر تەنگەتاو بکرێت، دەست بۆ چاوەڕواننەکراو دەبات، ئێرانیش لە هەموو لایەک باشتر ئەم ڕاستییانە دەزانێت. [1]