$شکاندنی غرووری پوتین$
#عارف قوربانی#
هیچ سەرکردەیەکی ڕۆژاوا کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی پووتین وەستاونەتەوە، ئەو هەستی شانازییەیان نییە کە پووتین بۆ خۆی درووستیکردووە. وڵاتە ڕۆژاواییەکان لەمێژە کەوتوونەتە سەر سکەی پێشکەوتن و گەشانەوە، ئەو وڵاتانەشیان کە لە جەنگی دووەمی جیهانی بووبوون بە خۆڵەمێش، هەر لە چەند دەیەیەکی دوای جەنگ لەسەر دەستی نەوەکانی پێش ئەم سەرکردانەی ئەمڕۆی ڕۆژاوا هەستانەونەتەوە. بەڵام ڕووسیای دوای شکستی یەکێتیی سۆڤێت لەسەر دەستی پووتین گیانی بە بەردا کراوەتەوە. بۆیە ئەو هەستی شانازیکردنەی پووتین هەیەتی، ڕکابەرەکانی نیانە. ئەوەش پاڵنەری ئەو غروورەی پووتینە کە خەریکە جیهان و مرۆڤایەتی بەرەو نەهامەتی گەورە دەبات.
هەرچەندە نازاندرێت چی لە خەیاڵدانی پووتیندا هەیە لەبارەی ئەم جەنگەوەی هەڵیگرساندووە، بەڵام بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بە سەلامەتی بمێنێتەوە، باشوایە ڕۆژاوا لێبگەڕێن پووتین دەست بەسەر ئۆکرایندا بگرێت. چونکە ئەگەر هەر ئەو پاساوانە پاڵنەری بڕیاری پووتین بن بۆ جەنگ کە پێشتر ڕایگەیاندووە لەبارەی ئۆکراینەوە، ئەوە بە داگیرکردنی ئۆکراینا کۆتایی بە پڕۆسەی پێشڕەوییەکانی ڕووسیا دێت. خۆ ئەگەر ئەوانەی دەیڵێت تەنیا بیانوو بووبێتن بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ و بە دوای ئۆکرایندا پەلاماری وڵاتی دیکە بدات، ئەوە دەستپێکی ئەو جەنگە چاوەڕوان کراوەیە کە زۆر لەپێش دەستپێکردنی ئەنجامەکانی زانراوون، کە ئەویش بە سووتماکردنی هەسارەی زەوییە.
بەڵام لەبەرئەوەی نازاندرێت پووتین چی نیازێکی دیکەی هەیە، دەبێت ئۆکراین بکرێتە قوربانی. هەرچەندە ئەگەر جیهانی ڕۆژاوا تازە بشیانەوێ ڕێگە لە کەوتنی ئۆکراین بگرن، زۆر درەنگە، دەبوو بەر لە دەستپێکردنی شەڕ ئەوەیان بکردایا. کەواتا وەک ئەنجام ئۆکراین هەر دەکەوێتە دەستی ڕووسیاوە، بۆیە باشترە بە جۆرێک بیدرێتێت، کە زەمینە و ڕێگە بۆ ئاشتی خۆش بکات، نەک ببێتە هۆکار بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی گەورەتر کە بەریەککەوتنی دوو جەمسەرەکەی جیهانە.
دەبێت ناتۆ و لەسەرووی ئەوانیشەوە ئەمریکا ئاگاداری ئەوە بن شکاندنی غرووری پووتین ئێستا مەترسیدارە. پێویستە کارێک بکەن، پووتین هەست بەوە بکات شتێکی دەستکەوتووە. ئەگینا هیچ بەدوور نازاندرێت دەست بۆ چەکە مەترسیدارەکان بەرێت. وەک چۆن لە هەفتەی یەکەمی دەستپێکردنی جەنگەکەدا کە لە چەند ناوچەیەک شکستی خوارد و دەرگای جبەخانە سەربازییەکانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئۆکراین خرایە سەرپشت تا فڕۆکەی شەڕکەر و مووشەکی زیرەک بدرێتە ئۆکراینا، پووتین یەکەی هێزە ئەتۆمییەکانی خستە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.
هەرکاتێکیش ناتۆ باسی لە پشتیوانی ئۆکراین کردبێت، پووتین بە ئاماژەدان بە بەکاربردنی چەکی ئەتۆم وەڵامی داونەتەوە. وەڵامی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی بەریتانیا و ئەمریکاش بەوەی بەکاربردنی چەکی ئەتۆم بە چەکی ئەتۆم وەڵام دەدرێتەوە، دەرگای دۆزەخ بەڕووی مرۆڤایەتیدا دەکاتەوە. بەناوی ئەنشتاینەوە قسەیەک دەکرێت کە گوایە گوتبێتی (نازانم جەنگی سێیەمی جیهان بەچی جۆرە چەکێک دەکرێت، بەڵام جەنگی چوارەمی جیهانی بە دارو بەرد دەبێت) . ئەمەش وەک ئاماژەی ئەوەی ئەگەر جەنگی ئەتۆمی هەڵبگیرسێت هەموو پێشکەوتن و شارستانییەتێک لەناو دەچن و مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین.
نازانم ئەم قسەیە بە دەقیق هی ئەنشتاینە یاخود بەناوی ئەوەوە دەوترێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئێستا وڵاتانی زلهێزی جیهان خاوەن چەکی زۆر مەترسیدارن، لە ئەگەری بەریەک کەوتنی ئەم زلهێزانەداو بە دەستبردن بۆ ئەم چەکانە، هەموو گۆی زەوی دەبێتە دۆزەخ. بۆیە گرنگە نەهێڵدرێت شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین ببێتە جەنگی نێوان ڕووسیا و ڕۆژاوا. گەرچی ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر گۆڕەپانی ئۆکراین دەگوزەرێت بە ڕووکەش شەڕی نێوان ئۆکراین و ڕووسیایە، ئامادەسازییە بۆ بەریەککەوتنی ئەو دوو بلۆکە. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەنجامەکانی پێشوەختە زانراوون چەند مەترسیدارە، دەبێت ڕۆژاوا کە زیاتر پابەندن بە پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکان و زۆرتر دەربەستی سەلامەتی و پاراستنی زەوی دێن، دەبێت خۆیان لە بەریەکککەوتن لەگەڵ ڕووسیا دووربخەنەوە. سەرباری ئەوەی ڕەنگە زۆر لۆمە بکرێن کە ئۆکراینیان بە تەنیا جێهێشتووە، بەڵام بە قوربانیکردنی ئۆکراینا زۆر باشترە لە درووستبوونی جەنگێکی گەورەی ئەتۆمی.
ئەگەر ڕووسیا بەداگیرکردنی ئۆکراین کۆتایی بە پەلهاویشتنەکانی بهێنێت و لەگەڵ خۆیی و جیهان ڕاستگۆ بووبێت بەوەی بۆ دوورخستنەوەی مەترسی ناتۆ و داماڵینی ئۆکراین لە چەک ئەم جەنگەی هەڵگیرساندووە، واتا شەڕ لەپێناوی سەقامگیریی وڵاتەکەی. دەکرێت دواتر لە ڕێگەی دامەزراوەکانی نێوودەوڵەتی و کەناڵی جۆراوجۆری دیکەوە کار بۆ کشانەوەی ڕووسیا بکرێت. خۆ ئەگەر ڕووسیا هەر بیەوێ وەک هێزێکی داگیرکەر لە ئۆکراین بمێنێتەوە، ئەزموونی زۆر پڕۆسەی داگیرکاری ئەوەی سەلماندووە کە خۆی ڕووبەڕووی جەنگێکی درێژخایەنی پارتیزانی دەکاتەوە. بەتایبەت ئەم نزیک بە دە ڕۆژەی شەڕ ئەوەی دەرخست کە ئۆکرانییەکان ئامادەن گیانی خۆیان ببەخشن لەپێناوی سەربەخۆیی وڵاتەکەیاندا. بۆیە لە ئەگەری مانەوەی هێزی ڕووسیا لەوڵاتەکەیان خەبات بۆ ڕزگاری زیاتر پەرە دەسێنێت. هەروەک دووریش نییە گرووپە تووندڕەوەکانی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵات بهێندرێنە ئۆکراینا و ببێتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسەکان.
هەر کام لە و ئەگەرانە ڕووبدەن، باشترە لە ئەگەری بەریەککەوتنی ناتۆ و ڕووسیا. ئەمریکا و ڕۆژاواش ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان هەیە لە درووستکردنی هێزی گەڕۆکی تووندڕەو، کە دەتوانن بەهۆیانەوە زۆر ئازاری ڕووسیای پێبدەن و هەستی نەتەوە و گەلە بندەستەکانی ڕووسیای پێ بووروژێنن بۆ سەرقاڵکردنی ڕووسیا بە خۆیەوە. بەڵام ئەمە کاتێک دەکرێت کە ئێستا نەهێڵن لە دوای ئۆکراینا ئاگری ئەم شەڕە زیاتر پەرە بسێنێت. [1]