$هەرێمی کوردستان لەناو ململانێی غازی سرووشتیدا$
#عارف قوربانی#
ڕووداوەکانی دوو دەیەی ڕابردوو، هەروەها ئەو کێشە و ململانێیانەی ئێستا و ئەو پێشهاتانەی چاوەڕوان دەکرێت لە دوو سێ ساڵی داهاتوو ڕووبدەن. هاوشێوەی ڕووداوەکانی چارەکی یەکەمی سەدەی ڕابردووە. مێژوو بەهەمان شێوەی سەرەتای سەدەی بیست لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا دووبارە دەبێتەوە.
سەرهەڵدان و گەشەکردنی پیشەسازی ئەوکات وایکرد سەدەی بیست ببێتە سەدەی نەوت. ناکۆکی و ململانێ، شەڕ و کاولکارییەکان، ستراتیژیی وڵاتە پیشەسازیی و زلهێزەکانی جیهان بوو بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی کە نەوتیان تێدایە، هەروەها بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕێگەیانە بوو نەوت بەهۆیانەوە دەگاتە ڕۆژاوا.
پێشکەوتنە خێراکانی پیشەسازی و گەشەی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاری لە خواست و پێداویستییەکان، هەروەها بەهۆی پیسبوونی ژینگە و هەڕەشە و مەترسییەکانی لەسەر ئاییندەی مرۆڤایەتی. وەک پێویستییەک، ستراتیژیی وزەی جیهانی لە نەوتەوە گۆڕیوە بۆ غازی سرووشتی. بەتایبەتی بەهۆی هەرزانیی نرخەکەی بەراورد بە نەوت، هەروەها کەمیی زیانگەیاندن بە ژینگە و بەهۆی پابەندێتیی بەشێک لە وڵاتانی جیهان بە یاسا و ڕێسا تایبەتەکانی پاراستنی ژینگەی جیهان، خواستی گۆڕینی وێستگەکانی کارەبا لە ئەتۆمەوە بۆ غاز، بەکاربردنی بۆ کارگە و کارخانە و ماڵان و ئۆتۆمبێل لەبری سەرچاوەکانی دیکەی وزە، تا دێت خواست لەسەر غازی سرووشتی زیاتر دەبێت. دەتوانرێت بگوترێت ئەم سەدەیە سەدەی غاز دەبێت.
ململانێی زلهێزەکانی جیهان بە تایبەت لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی غازی سرووشتی و ڕێڕەوە وشکانی و ئاوییەکانی گەیاندنی بە ڕۆژاوا، لە مێژە دەستیپێکردووە. ڕووسیا چاوی لەوەیە وەک چۆن سەدەی بیست ئەمریکا کۆنترۆڵی زۆربەی سەرچاوەکانی نەوتی جیهانی بەدەست بوو، دەیەوێ ئەم سەدەیە سەرچاوەکانی غازی سرووشتی لە دەستی ڕووسیا بێت، چ وەک سەرچاوەیەکی داهاتی گەورە و لەلایەکی دیکەیشەوە وەک کارتی گوشار بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا کە بەکاربەرێکی سەرەکیی غازی سرووشتین.
ئەوروپا لە سەرەتای دەستپێکی ئەم سەدەیەوە چاوی بڕیبووە پڕۆژەیەک کە غازی سرووشتی لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ڕێگەی تورکیاوە بگەیێنێتە ناو خاکی ئەوروپا. ئومێدیان لەسەر پڕۆژەی (نابۆکۆ) هەڵچنی، کاری زۆریان لەسەر کرد، بەڵام بەهۆی ڕووسیاوە ئەم پڕۆژەیە شکستی خوارد. ڕووسیا بووە دابینکەرێکی سەرەکیی غاز بۆ ئەوروپا بەتایبەتی دوای ئەوەی دەستیگرت بەسەر بەشێک لە خاکی ئۆکرانیادا. ئەمریکا لەم هاوکێشەیەدا درەنگ کەوت بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی غاز، هەروەها بۆ دۆزینەوە و دەستەبەرکردنی گەیاندنی بە ئەوروپا. بێ ئەوەی بەدیلی بۆ گەیاندنی غازی ڕووسیا بە ئەوروپا دەستەبەرکردبێت، لەلایەک گوشاری جۆراوجۆری خستە سەر ئەوروپا بۆ کۆتاییهێنان بە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیا. لەلایەکی دیکەیشەوە کەوتە خەیاڵی بەستنەوەی غاز لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات بە ڕێگەی تورکیاوە و بەستنەوەی بە ئەوروپاوە.
یەکێک لە و ناوچانەی ئەمریکا وەک پڕۆژەی بەدیل چاوی تێبڕی، هەرێمی کوردستان بوو. هەرێمی کوردستان گەرچی وەک جوگرافیا بچووک و وەک هێزێک لە ناوچەکە لاوازە، بەڵام پێگە و ڕۆڵێکی گەورەی پێدرا لەناو ئەو هاوکێشە و ململانێ نێودەوڵەتییەدا لەسەر غازی سرووشتی. هێنانی کۆمپانیای (داناغاز) و دەستکردن بە کارکردن لە ناوچەیەک کە تەنانەت لەدەرەوەی دەسەڵات و ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوو، بەهۆی ئەو پلانەی ئەمریکا و لەژێر گوشاری ئەمریکا ئێراق بێدەنگی هەڵبژارد کە هەرێمی کوردستان دەستیبرد بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. هەر لە سەرەتاشەوە بیرۆکەی درووستکردنی سێ وێستگەی کارەبا لە #چەمچەماڵ# و #هەولێر# و #زاخۆ#، ڕاکێشانی بۆریی غاز لە کۆرمۆرەوە بۆ هەریەک لەم وێستگانە، پلانێکی دوورمەودا بوو بۆ گەیاندنی غاز بە تورکیا. بەڵام لەلایەک دەستگرتنی ڕووسیا بەسەر بەشێک لە ئۆکرانیادا و دامەزراندنی بۆریی غاز لە ڕووسیاوە بە خاکی ئۆکرانیا و بێلاڕووس بۆ ئەوروپا، لەلایەکی دیکەیشەوە هاتنی #داعش# بۆ ئێراق، پڕۆژەی بەستنەوەی غازی سرووشتی کوردستان تورکیای دواخست. ئەگەرنا هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2012 ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا کردبوو بۆ ئەوەی لە ساڵی 2017 غازی کوردستان بگاتە تورکیا.
هاتنی داعش هەر بە تەنیا پڕۆژەی بەستنەوەی غازی بۆ تورکیا دوانەخست، بەڵکوو ستراتیژیی گەیاندنی بە ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە گۆڕی بۆ دەریای سپی نێوەڕاست. بیرۆکەکەش سەرەتا لەلایەن فەرەنسییەکان و دواتر ئەمریکا و ئەوروپییەکانەوە تاوتوێکرا بەوەی ڕۆژاوای کوردستان بکرێتە ڕێڕەوی گەیاندنی بۆریی غاز لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەریا. ئەمەش لەلایەک تورکیا و لەلایەکی دیکەیشەوە ڕووسیای پەلکێشی ناو گەمەیەک کرد بۆ ڕێگریکردن لە دەستەبەرکردنی ئەم ڕێگەیە. ڕووسیا ڕێگەی بە تورکیا دا ئیدلیب لە ناو سووریا داگیر بکات و یەکەم لەمپەری گەیشتن بە دەریای لە بەردەم کورد درووستکرد، دواتر #عەفرین# و ئەگەر ڕای گشتی و هەندێ ناوەندی جیهانی ڕێگرییان نەکردایا، هەموو ڕۆژاوای کوردستانی دەخستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. تورکیا توانیی نەهێڵێت ئەو پڕۆژەیە سەربگرێت و جارێکی دیکە ئەو بایەخەی بۆ خۆی گەڕاندەوە کە تورکیا تاکە ڕێگەی بەدیل بێت بۆ گەیشتنی غاز لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئەوروپا.
لە دیووەکەی دیکەی ئەم ململانێ و هاوکێشەیەوە، ڕووسیا هێڵی دووەمی درووستکرد بۆ ئەوروپا. ئەمریکا نیگەرانییەکانی گەیشتوونەتە ئاستی زۆر بەرز دژ بە پڕۆژەی (ستریم 2) ی ڕووسیا. گوشارەکانیشی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا زیاتر کردووە بۆ ڕێگریکردن لە بەگەڕخستنی (ستریم2) . شانبەشانی ئەوەش هەریەکە لە وڵاتانی قەتەر و ئیمارات و ئیسرائیل و میسر و هەرێمی کوردستانیش وەک پێنج سەرچاوەی دەستەبەرکردنی غازی سرووشتی هێناوەتە سەرمێزی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی ئەم پێنج سەرچاوەیە بکاتە بەدیلی ڕووسیا بۆ ئەوروپا.
گرژی و ناکۆکییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا و ئەگەری داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن ڕووسیاوە، ئەوروپا و ئەمریکا دەخاتە بەردەم حەتمییەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەدیل کە ڕێگەی تورکیایە و هەرێمی کوردستانیش بەخواستی خۆی بێت یاخود نا، بە حوکمی پێویستیی ڕۆژاوا بە غاز، بەشێکە لە و پڕۆژەیە. ئەوەی ئێستا لە ئێراقیش دەگوزەرێ بڕیاری دادگەی فیدراڵیی ئێراق سەبارەت بە یاسای نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێ سەربەخۆ و بێگەڕانەوە بۆ بەغدا نەوت و غاز هەناردە بکات، گوشاری ئەو هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆییانەن کە بەشێکن لە جەمسەربەندی دژە ئەمریکا و ئەوروپا.
بۆیە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە شانبەشانی گەرمبوونی کێشەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش قووڵتر ببنەوە و لایەنی دیکەیش ببنە تەرەف لەم کێشەیە. ئەوەی لێرەدا بۆ هەرێمی کوردستان پێویستییەکی حەتمییە، ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردە. کۆتاییهێنانە بە و ناکۆکی و ململانێ نالۆژیکی و ناڕەوایانەی لەنێوان هێزە سیاسییەکان بۆ هەندێ دەستکەوت و بەرژەوەندیی بچووک درووست بووە.
هەرێمی کوردستان بە حوکمی جوگرافیا و بە حوکمی بوونی ئەو سەرچاوە سرووشتییەی بووە بە پێویستی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی، ناتوانێ خۆی دورەپەرێز و بێلایەن ڕابگرێت لە و ناکۆکی و ململانێیانەی لەسەر غازی سرووشتی هەن و لە داهاتوودا زیاتر دەبن.
بۆیە سەنگی مەحەک بۆ دەستەبەرکردنی دڵنیایی بۆ هەرێمی کوردستان پێکەوە بوونی هێزە سیاسییەکانی و پێکەوەبوونی خەڵک و دەسەڵاتەکەیەتی، کە ئێستا زۆر لێک دوور و دابڕاون. ئیدارەدانی مەسەلەی ئابووری بە گشتی و پرسی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاردایە. پێویستە سەرلەبەری سیاسەت و بەڕێوەبردنی ئەم دۆسێیە بگۆڕدرێت، بە جۆرێک کە پێش هەرکەس خەڵک کوردستان وەک خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم سامانە، دڵنیابن لەوەی لە دەستێکی ئەمیندایە. [1]