$ناسینەوەی قوربانی$
#عارف قوربانی#
لەم کات و ساتەی ئەم وتارە سەبارەت ئەم بابەتە هەستیارە دەنووسم، میدیا و حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکی و ململانێی پارتی و یەکێتییەوە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری ئێراق و، ئەو شەڕە میدیاییەی لەنێوان هەردوولا پەیوەست بەم پۆستە درووستبووە، سەرنجی خەڵکی کوردستانیان خستووەتە سەر ئەو پرسە و ڕەنگە کەمترین خوێنەر ئاوڕ لەم بابەتە بداتەوە، بەڵام بۆ ئێمە و مانان پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لەسەرووی هەر بابەتێکی دیکەوەن، نابێت و ناکرێ بەهۆی دۆخێکی کاتی و بابەتێکی ناڕەواو ناپێویستەوە، ئێمەش بەدوای خۆیاندا پەلکێش بکەن و لە ڕێگە ڕاستەکە دوورمان بخەنەوە.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێ لەناو ئەم گێژاوە سیاسی و میدیاییەی کوردستاندا سەرنجی خوێنەران و خەڵک و دەسەڵاتی بۆ ڕابکێشم، پرسی ناسینەوەی قوربانییە، ئەو قوربانییە گومناوانەی کورد کە لە ڕۆژگارێکی ڕەش و سەردەمی بێکەسی کورددا بوونە سووتەمەنی عەقڵە شەڕەنگێزەکان. ئەوانەی لەناو کورەی ئاگری ئەنفال دا سووتان و ناویشیان وەک چارەنووسیان خرایە ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە. لە ئەنفالدا بە دەیان هەزار کەس لە منداڵی ساوای تەمەن یەک ڕۆژەوە تاوەکو پیرەمێرد و پیرێژنی سەت ساڵە بێسەروشوێنکران.
لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆر کوورتی دوای ئەم تاوانە، بەشێک لە خاکی باشووری کوردستان ئازاد کراو و کورد بناخەی حوکمڕانییەکی خۆبەڕێوەبەری کوردی تێدا درووستکرد، سەرباری ئەوەی ئامارێکی ورد و پڕ زانیاری تەواو نەکرا بۆ ژمارەی تەواوی قوربانییەکان و زیانەکانی ئەو تاوانە گەورەیەی بەعس بەرانبەر بە گەلی کوردستان ئەنجامیدا، بەڵام هەندێ ژمارەی نزیک لە ڕاستی بە ناو و زانیاری کەسی قوربانییەکانەوە تۆمارکراون. ئێستا تاوەکو ئەندازەیەک دەزانرێت کێن ئەوانەی لە ئەنفال دا دەستگیرکران و دوای پانزە ساڵ چارەنووسیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەرکەوت. هەروەها زانیاری سەبارەت کەسوکاری ئەو قوربانیانەش هەیە کە هێشتا لە ژیان ماون.
لە دوای ڕووخاندنی سەدام ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵیش دۆزرانەوە و بەشێکی کەم لە و گۆڕە بەکۆمەڵانە هەڵدراونەتەوە و ئێسک و پروسکەکانیان هێنرانەوە بۆ کوردستان، هێشتاش بە سەتان گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە ماون کار لەسەر هەڵدانەوەیان بکرێت و ڕووفاتەکانیان بهێنرێنەوە. واتە ئێستا دەزانرێت قوربانییەکان کێن و، زۆربەی ئەو شوێنانەش دەزانرێت کە تێیدا لە گۆڕی بەکۆمەڵدان، هەروەها دەزانرێت کەسوکاری قوربانییەکانیش کێن، بەڵام ئەوەی وەک پێویستییەک لەم نێوانەدا ماوەتەوە ئەوەیە قوربانییەکان بناسرێنەوە.
ئەمڕۆ زانست گەیشتووەتە ئاستێک کە ئێسکە پەیکەرێکی کۆنی مرۆڤ یان گیانەوەرێک دەدۆزرێتەوە، لە ڕێگەی پشکنینەوە تەمەن و هەموو خەسڵەتەکانی دیاری دەکەن ئەگەر ئێسکە پەیکەری چەند سەت هەزار ساڵ لەمەوبەریش بێت. ناکرێت لەم سەردەمی پێشکەوتنەی زانستدا کورد وەک ئەوەی لە چاخی بەردیندا بژیت مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگ و هەستیارەدا بکات. سادەترین مافی کەسوکاری ئەنفالەکانە بزانن کام لە و ئێسک و پروسکانەی دەهێندرێنەوە، خوشک و برا، دایک و باوکی ئەوانن. مافی خۆیانە بیانەوێ لە نزیکترین شوێنی ژیانیانەوە بەخاک بسپێردرێن تاوەکو هیچ نەبێت بتوانن بچنە سەر گۆڕی خۆشەویستەکانیان.
بەشێک لە و گۆڕە بەکۆمەڵانەی پێشتر هەڵدراونەتەوە و هێنرابوونەوە بۆ کوردستان، سامپڵ لە ئێسکیان وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ کەسوکاری ئەنفالەکان نەکراوە، نازاندرێت ئەوانەی هێنراونەتەوە کێن؟ زۆر لە کەسوکاری ئەنفالەکانیش لە و دەیان ساڵەی ڕابردوودا بەچاوی چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئازیزانیانەوە سەریان نایەوە. ناکرێت ئەوانەی دیکەشیان کە هێشتا لە ژیان ماون بەهەمان ئازاری چاوەڕوانییەوە بمرن.
پێویستە و ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی و نیشتمانییە لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە زانستییەکانی بواری پزیشکی، کاری خێراو بەپەلە بکەن بۆ پشکنینی (دی ئێن ئەی) کەسوکاری ئەنفالەکان و بەراوردکردنی بە و سامپڵانەی لە ڕووفاتەکانی پێشووتر وەرگیراون و ئەوانەشی لە داهاتوودا دەهێندرێنەوە، بۆ ئەوەی قوربانییەکان بناسرێنەوە و بەپێی نزیکیان لە ناوچەکانی خۆیان لە و یادگە و مۆنۆمێنتانە بە خاک بسپێردرێن کە تایبەت بۆ ئەنفال درووستکراون.
بەهۆی ئەوەی قوربانیانی جینۆساید لە ڕێگەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستانەوە یارمەتییەکی کەمی مانگانە بۆ کەسوکاریان بڕاوەتەوە، ئەمە کارەکە زۆر ئاسان دەکات بۆ وەرگرتنی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالەکان و ئامادەکاری بۆ پشکنینی (دی ئێن ئەی) . ڕەنگە لە ماوەیەکی کوورتدا حکومەت بتوانێت لە هەر خێزانێک خوێن لە کەسێکیان وەرگرێت و دەست بکات بە پشکنینی (دی ئێن ئەی) کە ئەمڕۆ لە هەموو دونیادا پشت بەم پشکنینە دەبەسترێت بۆ ناسینەوە. لە ئێستاشدا بووەتە مەرجێکی پێشوەختەی بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالەکان بۆ هێنانەوەی ڕووفاتەکانی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان، داوادەکەن پێشتر دەبێت پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاریان بکرێت.
دەبێت کۆتایی بە و کەمتەرخەمی و هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی بێت بەرانبەر بە پرسی جینۆساید. لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەددام دا لە هەموو ناوچەکانی ئێراق هاوسۆزییەکی زۆر بۆ کورد هەبوو، یارمەتیی تیمەکانی گەڕان بەدوای چارەنووسی ئەنفالکراوان دەدرا بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. بەوهۆیەشەوە لە ماوەیەکی کوورتدا بە سەتان گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە، بەڵام کەمتەرخەمی لە هەڵدانەوەیان و نەهێنانەوەی ڕووفاتەکان بۆ کوردستان، زۆر لە و گۆڕە بەکۆمەڵانە شێوێنران. یان هەر ئاسەواریان نەما. هێشتا هەر دەرفەتی ئەوە ماوە کورد بتوانێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند لە بەغدا بە پلان و بەرنامە کار لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکات. بەڵام مەرج نییە زەمەن هەمیشە یارمەتیدەربێت، ئەگەری ئەوەش هەیە ڕۆژگارێک بێتە پێش کورد جارێکی دیکە بە ئاسانی دەستی نەگاتەوە بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
وا بۆ نزیک بە سێ ساڵ دەچێت چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی سەماوە هەڵدراونەتەوە و لە کۆگایەکدا لە بەغدا دانراون، هیچ دڵنیاییەک نییە کە ڕۆژێک بەهۆکارێکی نادیار لەوێش بشێوێندرێن. ئەگەر حکومەت لەم سێ ساڵەدا دەستی بکردایا بە پشکنینی کەسوکاری ئەنفالەکان، بەدڵنیاییەوە ئێستا ئەو پڕۆسەیە کۆتایی هاتبوو، ناسنامەی ئەو 171 ڕووفاتەی سەماوە دەزانرا و لەبری ئەوەی لە تابوت و لە کۆگایەکدابن، ئێستا لە نزیکترین شوێنی ژیانی ئازیزانیانەوە بەخاک سپێردرابوونەوە.
بەدەر لەوەی ئەمە ئەرکە و جێبەجێکردنی ئیلتیزامێکی ئەخلاقی و ئینسانییە بەرانبەر بە خودی قوربانییەکان و کەسوکاریان، لە هەمان کاتدا پرسێکی گرنگە کورد دەتوانێت بەکاری بەرێت بۆ بردنە پێشەوەی دۆزە ڕەواکەی لە ئێراق. دەتوانێت بیکاتە کەیسێکی جێی سەرنج لەپێش چاوی کۆمەڵی نێوودەوڵەتی و ڕاکێشانی هەست و سۆزی گەلانی دونیا بۆ پشتیوانی لە کورد. لانی کەم دەتوانێت بیکاتە کەرەستەی بیناکردن و دەستەبەرکردنی دڵنیایی کە جارێکی دیکە گەلی کورد جینۆساید نەکرێتەوە.
ئەگەر پێشتر تێگەیشتنێکی لە و جۆرە لەناو کوردا درووستببوو کە ئەو ڕۆژگارانە تێپەڕین و جارێکی دیکە کورد ناکەوێتەوە ناو هەلومەرج و بارودۆخێکەوە کە بە کۆمەڵکوژیی میللەتەکەی تەواوبێت، بەڵام هاتنی #داعش# و جینۆسایدکردنی شەنگال ئەوەی پێوتین بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی جینۆسایدداین.
پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هێنانەوەی ڕووفاتەکان بۆ کوردستان، دەکرێت بکرێتە بناخەی دەستەبەرکردنی پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی بە جۆرێک کە دڵنیایی ئەوەمان بداتێ، ئەو تاوانانە دووبارە نەبنەوە، بەڵام کەمتەرخەمی و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر بەم پرسە، دەرگا بۆ چەند بارە بوونەوەی دەخاتە سەرپشت. [1]