$هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی$
#عارف قوربانی#
لە ڕۆژانی ڕابردوو دوو دیمەنی زۆر سەرنجڕاکێش لە میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرانەوە، بە ئەندازەیەک جێی سەرنج بوون کە ئەگەر کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی زیندوو بووایا و ئەگەر دەسەڵاتیش دەسەڵاتێکی بەرپرسیار بووایا، دەبوو بخرانایەتە بەردەم پرسیار. بەڵام ئەو دوو دیمەنەش وەک زۆر پرس و بابەتی دیکەی گرنگ تێپەڕین و نە کۆمەڵگە و نە دەسەڵاتی ڕانەچڵەکاند.
دیمەنی یەکەم ئاپۆرای ڕیزی هاووڵاتییان بوو لە کەشێکی ساردی سێ بۆ چوار پلەی ژێر سفری سەرما و بەستەڵەکی شاری #سلێمانی# بۆ وەرگرتنی غازی ماڵان. لە ڕاپۆرتی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەگەڵ پێشاندانی ئەم دیمەنانەدا ئەو زانیارییانەشیان دەخستەڕوو ئەو بەشە غازەی لە کۆمپانیای داناگازەوە بۆ سلێمانی تەرخانکراوە زۆر لەوە زیاترە بەشی ڕۆژانەی ماڵەکان بکات، بەڵام بەشی خەڵک ناخرێتە بازاڕەوە و بەنرخی گرانتر دەبرێت بۆ وڵاتانی دەوروبەر.
دیمەنی دووەم، هاتنە دەرەوەی خەڵکی گوندی ئاشورانی سەر بە ناحییەی سەنگەسەر بوو لە شەوێکی تاریک و نوتەکی سەرما و بەستەڵەکی ئەم وەرزە تووشەدا، لە ناو گوندەکەی خۆیان و لە دەوری هەندێ ئاگر کە بە دار کردبوویانەوە کۆبووبوونەوە و ناڕەزایەتی ئەوەیان دەردەبڕی کە بەهۆی ئەوەی ناڕازی بوونە لە بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا، لە کاتی ئەم شەپۆلە سارد و سڕەدا حکومەت کارەبای لە حەوت گوندی سنوورەکە بڕیوە.
ئەم دوو دیمەنە ئەگەر لەناو هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوودا ڕووی بدایا، هەموو خەڵکی ئەو وڵاتە لەسەری دەهاتنە دەنگ. چۆن دەبێت لە کاتی هاتنی شەپۆلێکی سارد و سەختی وادا کە حکومەت دەرگەی قوتابخانە و فەرمانگەکانیشی داخستووە و کردوویەتیە پشوو، بەڵام هاووڵاتییەکانی ناچاربن لە و کەشە سارد و سەختەدا چوار بۆ پێنج کاژێری ڕۆژێک تەرخان بکەن بۆ وەرگرتنی بوتڵێکی غاز بەنرخی چەند بەرانبەر گرانتر لە نرخەکەیشی. لە کاتێکدا ئەو بەشەی بۆ خەڵک تەرخانکراوە لەوە زیاتربێت پێویستی بە نۆرەگرتن بێت، زانیاریی پشتڕاستکراوەش هەبن کە بەشی هاووڵاتییان دەدزرێت و دەبرێتە دەرەوە. کەچی نەک خەڵک نیگەران و ناڕازی بوون لە و ستەمەی لێیان دەکرێت، بەڵکوو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کردبوویان بە بەزمی کات بەسەربردن. نە پەڕڵەمان و نە هیچ دام و دەزگایەکی حکومی و دەزگایەکی چاودێری، نەهاتنە قسە.
لە کام سەردەم و لە کوێی دونیادا حکومەت بە و جۆرە ڕەفتار لەگەڵ هاووڵاتییەکانی دەکات وەک ئەو ڕەفتارەی بەرانبەر بە حەوت گوندەکەی شارەدێی سەنگەسەر کراوە. لەبەر ئەوەی نایانەوێ پێوەری زیرەکی کارەبا ببەستن، لە کاتی هاتنی ئەو شەپۆلە سارد و سەختەدا، کارەبا لە هاووڵاتییەکانی بکوژێنێتەوە. ئەگەر هاووڵاتییان تێگەیشتنیان بە جۆرێکە بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا خراپە، ئەرکی حکومەتە بە پێدانی زانیاری و ڕوونکردنەوەی درووست تێگەیشتنی خەڵکەکە بگۆڕێت، نەک کارەباکەیان ببڕێت. کەچی کەس لەسەر ئەم ستەمەش نەهاتە دەنگ.
لە کوردەواریدا زۆرێک لە و پەندە کۆنانەی گوتراون، ئەگەرچی قسەی نەستەقی هەلومەرج و سەردەمانێکی زۆر پێش ئێستان و دەبوو پێشکەوتنەکانی سەردەمی ئەمڕۆ شوێنی زۆرێک لە و پەندە کۆنانەی تیا نەبووایەتەوە، دەبوو ببوونایاتە قسەی بەسەرچوو، بەڵام دەست بۆ هەر یەک لە و پەندانەی دەبەیت لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردەواری پێشنەکەوتووە و هەر لەناو بازنەیەکدا دەخولێتەوە، وا هەست دەکەیت ئەو پەندە کۆنانە، تازە و بۆ هەڵسەنگاندنی ئەمڕۆ گوتراون. ڕەنگە گونجاوترین هەڵسەنگاندنێک بۆ پێناسەی ئەمڕۆی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی کوردی ئەو پەندە بێت کە گوتوویانە (مەنجەڵ و سەرقەباخی یەکترن) . ئاخر ئەگەر شانی کۆمەڵگە هەڵینەگرتایا، بە دڵنیاییەوە هەستی بەرپرسیارێتی لای دەسەڵاتدارنیش وەک ئێستا نەدەبوو، بەڵام کە کۆمەڵگەیەک خۆی هەستی بەرپرسیارێتی نەبێت، چۆن حکومەتی بەرپرسیاری تیا درووست دەبێت.
هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی و هەستی خۆبەخاوەن نەزانین، دوو پەتای کوشندەی ناو کۆمەڵگەی کوردەوارین. تا ئەم دوو دەردە چارەسەر نەکرێن، هیچ هەلومەرجێک ناتوانێت کوردستان بەرێتە قۆناخێکی باشترەوە. بگرە بەردەوام و ساڵ لە دوای ساڵیش خراپتر دەبێت، لە خۆڕا نەگوتراوە ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار. چونکە دەستنەبردن بۆ چارەسەری ڕیشەی کێشەکان، بەردەوامیدانە بە بەرهەمهێنانی مرۆڤگەلێک کە نە هەستی بەرپرسیارێتی بۆ درووست بووە، نە ئەو هەستەی خۆی بە خاوەن شتەکان بزانێت. تا جۆرێک لە مرۆڤی لە و جۆرەش لەناو کۆمەڵگە بەرهەم نەیێت، ناتوانرێت ئومێد بە داهاتوویەکی باشتر بخوازرێت.
کوردستان پێویستی بە شۆڕشە، شۆڕشی بەرهەمهێنانی نەوەیەکی هۆشیار، نەوەیەک هەستی بەرپرسیارێتی لە ناخیدا ڕوێندرابێت و خۆی بە خاوەنی هەموو شتێکی نیشتمان بزانێت. ئەوە تەنیا ڕێگەیە بۆ مانەوەی کوردستان بەپێوە لەناو ئەو ژینگە و زەلکاوە جوگرافیەی دەورەی داوە. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر کۆمەڵگە نەتوانێت نەوەیەکی وا بەرهەم بهێنێت، چواردەوری نەک زەلکاو، ئەگەر گوڵڕێژیش بێت، خۆی دەبێتە زەلکاو. [1]