$کوردی ڕۆژهەڵات و عەرەبی باشوور$
#عارف قوربانی#
سەرباری ئەوەی کورد لە باشووری کوردستان زۆر ناڕازین لە حوکمی خۆبەڕێوەبەریی کوردی و ئومێدیان بە ئاییندەی دەسەڵاتدارێتیی کورد لاواز بووە؛ بەڵام هێشتا کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان هەر بە چاوی هیواوە دەڕواننە ئەو هەرێمە. پێیانوایە مانەوە و بەهێزبوونی هەرێم یارمەتیدەرە بۆ کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان. لەڕووی لۆژیکیشەوە دەبوو ئەوە ڕاست بێت کە بزووتنەوەی کوردی لە هەر پارچەیەکی کوردستان گەشە بکات، ببوایەتە هۆکاری گەشەسەندنی بزاوتی کوردی لە بەشەکانی دیکە.
بەڵام بەهۆی هاوکێشەی هەرێمایەتی و دابەشبوونی هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوور بەسەر جەمسەرە هەرێمایەتییەکاندا، مەرج نییە ئەم پێوەرە بەردەوام ڕاست بێت. دەشێت لە هەندێک هەلومەرجی دیاریکراودا بە و جۆرە بووبێت، بەڵام لە چەند لایەنێکیشەوە کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان زەرەرمەندی درووستبوون و بەپێوە ڕاوەستانی هەرێمی کوردستانن، لانی کەم لە و ڕووەوە کە دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست ڕێکارەکانی ستەم و چەوساندنەوەی کوردی ئەو بەشانەی دیکەی کوردستانیان فراوانتر کرد بەهۆی ئەوەی نەبا هاوشێوەی کوردی باشوور حوکم و دەسەڵاتی ناوچەکانی خۆیان بگرنەدەست. ئەمە جیا لەوەی بەتایبەت کوردی ڕۆژهەڵات بۆ موراعاتکردنی باشووری کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک خەباتی چەکدارییان ڕاگرت.
سەردەمانێک کە هەرێمی کوردستان ڕوو لە گەشەسەندنی ئابووری بوو، لەڕوویەکی دیکەوە بووە دەرفەتێک بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی کوردی بەشەکانی دیکە، بە سەتان هەزار دەستی کار لە ڕۆژاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕوویانکردە هەرێمی کوردستان و نەک هەر بژێویی خۆیان و خێزانەکانیان، بگرە دەیانتوانی بە و داهاتەی مانگانە لە هەرێم دەستیان دەکەوت، یارمەتیی کەسوکارەکەشیان بدەن لە پارچەکانی دیکەی کوردستان. واتە هەرێم ئەگەر لەڕووی سیاسیشەوە نەیتوانیبێت یاخود نەتوانێت یارمەتیدەری کوردی بەشەکانی دیکە بێت، دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە جۆرێک لە قەرەبوویان بکاتەوە.
تاوەکو سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، هەرێمی کوردستان لە و ڕووەوە کارئاسانیی زۆری کرد بۆ کوردی پارچەکانی دیکە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە سەختەی ئابووری کە حکومەت و ژیانی خەڵکیشی گرتووەتەوە، تاوەکو ئەندازەیەک ئەو دەرفەتانەش بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان زۆر کەم بوونەتەوە. ڕەوشی ئابووریی هەریەک لە تورکیا و سووریا و ئێرانیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، بە مەبەستی سیاسیی ناوچە کوردییەکانی ئەو وڵاتانە فەرامۆش کراون و ڕێژەی بێکاری و هەژاری تادێت لە بەرزبوونەوەدان، بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ وێڕای ئەو گەمارۆ ئابوورییەی جیهان سەپاندویەتی بەسەر ئێراندا، ئێرانیش دەرفەتەکانی کاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرتەسکتر کردووەتەوە. بەهای دراوی ئێرانی بەردەوام ڕوو لە دابەزینە، نرخی کاڵا و شمەکی خۆراکی بەرزدەبێتەوە و ژیانی کوردەکان تادێت سەختتر دەبێت.
ئایا هەرێمی کوردستان لەم هەلومەرجە سەختەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چی پێدەکرێت و چۆن دەتوانێت دەرفەتی کاریان لە هەرێم بۆ بدۆزێتەوە؟ ڕەنگە ئێستا حکومەتی هەرێم و تاوەکو ئەندازەیەک زۆرێک لە خوێنەرانیش بڵێن حاڵی خۆمان زۆر جوانە، تاوەکو خەم لە کوردی ڕۆژهەڵات بخۆین، بەڵام بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەوەمان لێدەخوازێت بەدوای دەروازەکانی ڕزگارکردنی ژیانی ئەوانیشەوە بین.
لێرەدا پرسێک دەوروژێنم کە دەشێت بکرێتە دەرفەت لەلایەک بۆ ڕەخساندنی هەل و دەرفەتی کار بۆ هەزاران خێزانی کوردی ڕۆژهەڵات تاوەکو لە باشووری کوردستان کار بکەن، لە لایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەربێت لە کەمکردنەوەی مەترسیی تەعریب لەسەر ئەو بەشەی باشووری کوردستان کە لەژێر قەڵەمڕەویی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندایە.
بە درێژایی نزیک بە دوو دەیەی ڕابردوو، هەر خێزانێکی عەرەب لەنێوەڕاست و خوارووی ئێراق هەڕەشە و مەترسیی کەوتبێتە سەر، ڕوویکردووەتە هەرێمی کوردستان. لەدوای هاتنی داعشەوە دیاردەکە بە ئەندازەیەک فراوان بووەتەوە کە خەریکە لەڕووی سیاسییەوە دەقۆزرێتەوە بۆ پلان و ئامانجێکی ستراتیجی، کە ئەویش گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و سەپاندنی سیاسەتی تەعریبە بەسەریدا لە ڕێگەی مرۆییەوە.
بەشی زۆری ئەو خێزانە عەرەبانەی هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان، لە شوان و گاوانی لادێکانەوە، تاوەکو پاسەوانی و باخەوانی باخ و ڤێلا و شاگردی کارگە و کارخانەکان و خەریکە سەردەکێشێت بۆ بازرگانی گەورە و کڕینی مۆڵ و چێشتخانە و ئوتێل و شوێنە گەشتیارییەکان، ڕەنگە ژمارەیان بە سەتان هەزار کەس بێت. بەشێکی زۆریان خۆیان یەکلاکردووەتەوە بەوەی بە یەکجاری نەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. بەهۆی ڕەوشی ئێراق و مەترسیی کەمبوونەوەی ئاو وەکوو لێکەوتەی گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، هەروەها بەهۆی مەترسیی کەمبارانی و کێشە سیاسییەکانی ئێراقەوە، چاوەڕوانکراوە لە ساڵانی داهاتوودا ڕێژەی هاتنی عەرەب بۆ کوردستان چەندین بەرانبەر بەرزبێتەوە. لەبەر ئەو تایبەتمەندییە خێڵەکییەی کۆمەڵگەی عەرەبیش کە ڕێژەی خستنەوەی منداڵ و گەشەی خێزان تێیاندا زۆر بە ناسرووشتی بەرزدەبێتەوە، لە داهاتوویەکی دووردا ئەم عەرەبانە وەک چۆن لە سەدەی ڕابردوو هاتن و بوونە مەترسی لەسەر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و کەرکووک و گەرمەسێر، بۆ چەند دەیەی دیکە دەبنە هەڕەشە لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای تەواوی هەرێمی کوردستان.
مەبەستم لە وابەستەکردنی کوردی ڕۆژهەڵات بەم بابەتەوە ئەوەیە کە هەندێک ڕێسا و یاسای تایبەت بە حکومەتی هەرێم هەیە یارمەتیدەرە بۆ هاتنی لێشاوی عەرەب، کە ئەگەر چەند ڕێنوێنییەک دەستکاری بکرێن، دەتوانرێت ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکرێتەوە، بەشێک لە و پێویستییانەی هێزی کار بە کوردی ڕۆژهەڵات پڕبکرێنەوە لەبری عەرەب، بەمەش لە لایەک بۆ هەلومەرجێکی وەکوو ئێستا یارمەتیدەرە بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات و لە لایەکی دیکەشەوە، لەمپەرە لە بەردەم هاتنی عەرەب.
زۆربەی ئەوانەی باخداری دەکەن لە گەرمیانەوە تا بادینان، زۆربەی ئەوانەی مەڕداری دەکەن لە گەرمیانەوە بۆ کوێستان، شوان و باخەوانەکانیان ماڵە عەرەبن. زۆرجاریش ئەم ماڵە عەرەبانە بوونەتە سەرچاوەی کێشە و نموونە زۆرن کە لە چەندین کردەوەی تیرۆریستییەوە تێوەگلاون و تاوەکو ئێستا بە دەیان شانەی نووستووی داعش لەنێو ئەو خێزانە عەرەبانەدا ئاشکرا کراون. تەنانەت پاسەوانی ڤێلا و مەزرەعەی بەرپرسەکانیش زۆربەیان عەرەبن. ئەمە جیا لە و هەزاران بەنگلادیشی و نیپاڵی و فیلیپینی و ..... کە لە ماڵەکاندا کار دەکەن.
چی دەبێت ئەگەر حکومەت ڕێگەبدات کە مەڕدار و باخدارەکان لەبری ئەوەی خێزانێکی عەرەب دەهێنن و مانگانە کرێی دەدەنێ کاریان بۆ بکات، خێزانێکی کوردی ڕۆژهەڵات بهێنن ئەو کارەیان بۆ بکات، بەتایبەت لە باخداریدا ئەزموون و شارەزاییان لە عەرەب و کوردی باشوور زیاترە؛ بەڵام هەرێم لە (فەرمانگەی نشینگە) مۆڵەتیان پێنادات، ڕەنگە بە چەندین تەکلیف و واسیتە بتوانرێت بۆ دوو یان سێ مانگ مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان بۆ وەرگیرێت، دەبێت دوای ئەوە بگەڕێنەوە بۆ ئێران.
ئەگەر هەرێم ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ کارئاسانیی ئەو خێزانە مەڕدار و باخدارانەی کوردستان تاوەکو لەبری عەرەب خێزانی کوردی ڕۆژهەڵات بخەنە کارەوە، بە دڵنیاییەوە بە دەیان هەزار خێزانی کورد سوودمەند دەبن. بەراوردی بەهای پارەکەیان تمەن بە دینار، وادەکات بتوانن یارمەتیی کەسوکاریشیان بدەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەمەش لە لایەک وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی زەمینەی یارمەتیی کوردی بەشێکی دیکەی کوردستان خۆش دەکەیت و دەرفەتی مانەوەی عەرەبەکانی باشووریش بەرتەسک دەکەیتەوە. [1]