$لێکەوتەکانی ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار$
#عارف قوربانی#
ئەو لێکتێگەیشتنەی لەدوای کەوتنی سەدام لەلایەن شیعە و کورد و سوننەوە وەک جۆرێک لە سازان و هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی وڵات بڕیاریان لەبارەوە دابوو، دەمێکە هاوبەشییەکەی لە بەڕێوەبردن بە کردار کۆتایی هاتووە. ئەوەی مابووەوە ( تەوافق – سازان) بوو، ئەویش لە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار لە ساڵی 2018وە کاتێک کورد لەناوخۆیاندا ڕێکنەکەوتن لەسەر بەربژێرێک کە نوێنەرایەتیی کوردستان بکات، سازانیش بووە ناوێکی ڕووکەش. لە دوای هەڵبژاردنی #10-10-2021# و هێنانە ناوەوەی (زۆرینەی سیاسی) ، ئیدی (سازانی نیشتمانی) تێکچوو.
لە ڕابردوودا و لەژێر چەتری (سازانی نیشتمانیدا) حوکمڕانی ئێراق تا ئەندازەیەک شێوەیەکی دیاریکراوی لە پشک پشکێنەی پێکهاتەکان وەرگرتبوو، تەنانەت ڕێژەی کورسی و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش زۆر لەبەرچاو نەدەگیران، بەشێکی دیاریکراو بۆ سوننەکان دانرابوون و بەشێک بۆ کورد و بەشی زۆرینەش بۆ شیعەکان یەکلاکرابوونەوە. لەناو هەریەک لە پێکهاتەکانیشدا چەند کوتلەیەک ڕێککەوتنی پێشینەیان هەبوو بۆ دابەشکاری بەشی پێکهاتەکەیان، ئەوەی دەگۆڕدرا تەنیا دەموچاوەکان بوون. لە ناو کوردیشدا پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان ئەو پشکانەی بۆ کورد دانرابوون، بەشیان دەکرد و لە کەمترین حاڵەتدا هێزەکانی دیکەیان کردووە بە شەریکی خۆیان.
بەڵام ئێراق لە ڕۆژی #09-01-2022# قۆناخی سازانی نیشتمانی تێپەڕاند، ئەوەی ئێستا نەخشی هاوکێشەکان دەکێشێتەوە پێکهێنەرەکانی زۆرینە سیاسییەکەن کە سەدر وەک براوەی هەڵبژاردن ڕێبەرایەتیی ئەو ئاڕاستەیە دەکات و هەر یەک پارتی و هاوپەیمانێتیی سوننەکان لەگەڵین. گەرچی هێشتا سەدریش وەک جۆرێک لە پابەندێتی بۆ پشک و پێگەی هاوبەشەکانی لە دیاریکردنی سێ دەستەی سەرۆکایەتییەکەدا دەستی به و عورفەوە گرتووە کە سەرۆکایەتیی پەڕڵەمان بۆ سوننە و سەرۆککۆمار بۆ کورد و سەرۆکوەزیران بۆ شیعە بێت، بەڵام مەرج نییە بۆ داهاتوو ئەم هاوکێشەیە وەک خۆی بمێنێتەوە، شکاندنی بازنەی سازانی نیشتمانی و سەپاندنی زۆرینەی سیاسی، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئەو شێوە دابەشکارییەی پۆستە سیادییەکانیش نەهێڵێت و وردەوردە بەرەو حوکمی زۆرینە بڕوات.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە سەرنجی بخەمەسەر پۆستەی سەرۆککۆمارە کە هێشتا ئەو ئیلتیزاماتە پارێزراوە وەکوو پشکی کورد ماوەتەوە. بەڵام ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2018 وەک دۆخێکی نائاسایی و دۆخێکی نەخوازراو لەنێوان پارتی و یەکێتی ڕوویدا، وا بۆ جارێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە. لەکاتێکدا هەردوولا لەوە دڵنیان کە کورد بە گشتی و خودی هەردوو حیزبەکە و تەنانەت هەردوو کارەکتەرەکەیش (د. بەرهەم و د. فواد) تێیدا زەرەرمەند بوون. ئەگەر جاری پێشوو پاساوەکە ئەوە بووبێت کە کات و وادەیەکی کوورت لە بەردەم دەرکەوتنی ئەو کێشەیەدا هەبوو نەتوانرا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لێکەوتەی ئەم کێشەیە بەردەوامە و هێشتنەوەی بە چارەسەرنەکراوی، ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە ئەو بارە خراپەش بووەتە نەریتی سیاسی و ڕۆژێک دێت زۆرینەی شیعە بە بێگەڕانەوە بۆ کورد، خۆیان کارەکتەری داتاشراوی سیاسی لەبری نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا دادەمەزرێنن و ئەوکات پارتی و یەکێتیش هیچ دەسەڵاتێکی ڕەتکردنەوەیان نابێت.
پارتی و یەکێتی بەر لە وادەی یەکەم کۆبوونەوەی پەڕڵەمانی ئێراق پێکەوە چوونە بەغدا و ڕایانگەیاند هاوهەڵوێست دەبین، پاش یەک ڕۆژ خۆری ئەم یەکوتارییەی کورد ئاوابوو، پارتی لەگەڵ سەدر و سوننەکان زۆرینەی سیاسییان ڕاگەیاند. سەدر دەیەوێ خۆی و هاوبەشەکانی هەموو جومگەکانی دەسەڵات بگرنە دەست و بەرەکەی دیکە بکاتە ئۆپۆزیسیۆن. ئەوەی لەم نێوەندەدا شوێنی خۆی نازانێت (ی، ن، ک) ە، بەپاساوی ئەوەی نەبێتە لایەن لە ناکۆکیی ناو ماڵی شیعی، لەگەڵ بەرەی زۆرینەی سیاسی نییە، بەڵام چاویشی لەوەیە هەم پۆستی سەرۆککۆمار وەرگرێتەوه و لە پێکهێنانی حکومەتیشدا پشکی هەبێت، کە دەشزانێ دابەشکردنی ئەو پۆستانە کەوتووەتە دەستی ئەو بەرە سیاسییەوە کە زۆرینەیان پێکهێناوە.
ئێستا کێشەی سەرەکیی یەکێتی ئەوەیە کە لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسیی ئەم حیزبەدا و بەدیاریکراوی تایبەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، بیرکردنەوە غایبە. ئەویش بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانەوە هەموو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هیچ بۆچوونێکیان نییه و ئەم پرسەیان بۆ سەرۆکی حیزب جێهێشتووە. بافڵ تاڵەبانیش لەلایەک لەبەر ئەوەی لە کێشەی خستنی لاهوور شێخ جەنگیدا، د.بەرهەم هاوکاریی ماڵی تاڵەبانی کردووە و دەیەوێ پاداشتی بداتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەوەی لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاوای تاڵەبانی بۆ شوێنی د. بەرهەم خۆی بەربژێر کردووە، ئەمەش گومانی ئەوەی لای د. بەرهەم و دەوربەرەکەی درووستکردووە کە هێنانەپێشەوەی لەتیف ڕەشید سیناریۆیەکە بۆ لێدان لە د. بەرهەم. ئەم دوو هۆکارە بافڵ تاڵەبانییان خستووەتە زاوێیەکی ئیحراجەوە و ئەویش خۆی ڕادەستی بیرکردنەوەی د. بەرهەم کردووە. د. بەرهەمیش لەبەر ئەوەی خۆی دەیەوێ له و پۆستە بمێنێتەوە ئاڕاستەی هەموو پڕۆسەکە به و ئاقارەدا دەبات کە زامنی مانەوەی خۆی بکات، به و واتایەی کە ئەگەر خۆی نەمایەوە پۆستەکەیش لە دەستی یەکێتی بچێت.
پێش ئەوەی زۆرینەی سیاسی درووستبێت، د.بەرهەم لەلایەن سوننەکان و تەیاری سەدرییەوە کەسێکی پەسەندکراو بوو بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، ئەوانەی ئامادە نەبوون دەنگی پێبدەن و ئەم پەیامەیان بە یەکێتی دابوو، دەوڵەتی یاسا و هادی عامری بوون. ئەوەی لە ڕۆژی 9/1 له یەکەم دانیشتنی پەڕڵەمانی ئێراق، یەکێتی کردی بە نەچوونە ناو هۆڵی پەڕڵەمان و دەنگنەدان بە دەستەی سەرۆکایەتی، هەڵەی د.بەرهەم بوو. پێی وابوو به و جۆرە دەنگی دەوڵەتی یاسا و فەتح و ئەو هێزانەی دیکەی شیعەیش بەدەست دەهێنێت کە پێشتر دژی مانەوەی بوون. بەڵام ئەو کۆبوونەوەیەی پەڕڵەمان کوتلە سیاسییەکانی ئێراقی بۆ دوو جەمسەر بەتەواوی لەیەک دابڕی.
یەکێتی بە نەچوونە ناو بەرەی زۆرینەی سیاسییەوە کە سەدر ڕێبەرایەتی دەکات، ئیدی ئەگەر لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕوات یان بیەوێ وەک بێلایەن له و نێوەندەدا بمێنێتەوە، خۆی مەحرووم کرد لە هاوبەشیکردنی لە دەسەڵات. تاکە شتێک شانسێکی دیکەی پێداوه ئەوەیە کە به حوکمی ئەوەی پێشتر لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنی ستراتیژییان هەبووە، هەروەها بە حوکمی ئەوەی هێشتا لە کوردستان پێکەوە حوکمڕانن و وەک عورفێکیش بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەبەرانبەر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەگەری ئەوەی هەیە پۆستی سەرۆککۆمار وەرگرێتەوە.
بەڵام ئێستا ئەوەش بەهۆی ناکۆکیی پارتی لەگەڵ د. بەرهەم ئەگەرێکی لاوازە. چونکە ئەو بەرەیەی پارتی ڕێککەوتنی لەگەڵ کردوون زۆرینەن و پابەندبوون بە هاوئاهەنگی نێوانیانەوە وادەکات بڕیاری دیاریکردنی کارەکتەر بۆ سەرۆککۆمار بکەوێتە دەستی پارتییەوە. ئەگەر یەکێتی هەر دەیەوێ د. بەرهەم بەربژێر بکاتەوە، پێویستی بەوەیە لەگەڵ پارتی لەسەری ڕێک بکەوێت، ئەمەش مەحاڵ نییە. پێشتر ناکۆکی لەنێوان نەوشیروان مستەفا و بارزانی، د. نەجمەدین و پارتی و زۆر نموونەی دیکەش هەن کە گەیشتبوون بە ئاستی زۆر تووند و لە چرکەساتێکیشدا هەموو وێناکە پێچەوانە بوونەوە بۆ دۆستایەتی. هێشتا دەرفەت ماوە نێوانی بارزانی و بەرهەم ساڵحیش ئاسایی بکرێتەوە، یەکێتی دەبێت ئەمە بکات.
چونکە ئێستا پۆستی سەرۆککۆمار هەر به تەنیا بۆ یەکێتی گرنگ نییە، بەڵکوو ئەو بەرەیەش کە یەکێتی لەسەریان حسابە (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) سەرباری ئەوەی دەزانن پەڕڵەمان و حکومەتیان لەدەستچوو، بەڵام چاویان لەوەیە بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەی یەکێتییەوە یەکێک لە پۆستە سیادییەکان لەدەستیان بمێنێتەوه و دەیانەوێ یەکێتی سەرکەوێت، بەڵام ئەوانیش بە گومانن لەوەی د. بەرهەم ئەو کارەکتەرەبێت کە بتوانێت گەمەکە بەرێتەوە. لە تازەترین پەیامیاندا کە دوێنێ نووری مالیکی بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووە، داوای گۆڕینی د.بەرهەم دەکات بە بەربژێرێکی دیکە تا شانسی بردنەوەی مسۆگەر بێت.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەدیاریکراوی نووری مالیکی لەم زۆرینەی سیاسییە به ڕێبەرایەتیی سەدر دەترسێن. ترسی تۆڵەکردنەوه و پاکتاوکردنیان هەیە، بۆیە وەک ئەگەرێکی لاوازیش بێت ئومێد و داهاتووی سیاسیی خۆیان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار هەڵچنیوە. دەیانەوێ وەبەرهێنان لەسەر ڕێککەوتنی پێشووی نێوان یەکێتی و پارتی بکەن بۆ ئەوەی پۆستەکە لەدەستی یەکێتی بمێنێتەوە و هەر بۆیە ئەوانیش ئێستا خوازیاری ئەوەن کە کەسێک لە یەکێتی بەربژێر بکرێت شانسی بردنەوەی هەبێت.
بۆ یەکێتی گرنگە لەم چرکەساتەدا وردتر بیر لەم پۆستە بکاتەوە، هەموو ڕێگەیەک بگرێتە بەر بۆ ئەوەی پارتی ئەو پۆستەی نەبات. چونکە ئەگەر یەکێتی بەغدا بدۆڕێنێ بەوە لە کوردستانیش لاواز دەبێ هاوسەنگیی هێز تێکدەچێت، بەتایبەتی ئەوەی من زانیومە بیرکردنەوەی زاڵ ئەوەیە کە ئەگەر پارتی ئەو پۆستەی بەغدای لە یەکێتی وەرگرت، یەکێتی لە هەرێمی کوردستان لە حکومەتی شەراکەت لەگەڵ پارتی بکشێتەوه و کوردستان لە پارتی تێکبدات. هەروەها ئەگەر یەکێتیش بەو ڕێگەیە بیباتەوە پارتی پێی دەشکێ و لە کوردستان تۆڵەی لێدەکاتەوە. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات دەبێت یەکێتی ئەو ڕکابەرییە بباتەوە، هەرچەندە تەنیا بردنەوەی لە ڕکابەرییەکەش گرنگ نییە، لەوە گرنگتر ئەوەیە سبەینێ ئەو پۆستەی وەرگرت بتوانێ چالاکانە بەکاری بەرێت. خولی پێشوو بەهۆی ئەو کێشانەی پارتی بۆ سەرۆککۆماری درووستکرد، وەک پێویست نەیتوانی نە خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکات و تەنانەت خزمەتی بە خودی یەکێتیش نەکرد وەک حیزبێک کە خاوەنی پۆستەکه بوو.
ئێستا هاوکێشەکان ئاڵۆزتر و ململانێکان قوورسترن، ئەگەر یەکێتی بتوانێ ئەو پۆستەش بەرێتەوە کە سبەینێ سەدر و سوننەکان و پارتیش لە دژی بوون، ناتوانێ هیچ هەنگاوێک بنێت. بەڵام هێشتا دەرفەتی ئەوەی ماوە پۆستەکەش بەدەست بهێنێتەوه و لە پێکهێنانی حکومەتیشدا وەزارەتیش وەربگرێت و کورد و سوننە و شیعەیش پشتیوانی بن، بۆ ئەمەیان پێویستیان بە ژیری و بیرکردنەوە و حیکمەتەکانی مام جەلال هەیە. [1]