$بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی دادوەری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا$
#عارف قوربانی#
لە هەر وڵاتێک یان لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا تاوان بەبێ سزا تێپەڕی، پێش ئەوەی بەدوای هەر هۆکارێکی دیکەدا بگەڕێیت، پێویستە پەنجەی خەتا بخەیتە سەر دەسەڵاتی دادوەریی. چونکە ئەگەر هەر ژینگەیەکی سیاسی، ئیداری، کۆمەڵایەتی رەخسابێت و هۆکاربێت بۆ ئەوەی تاوانبار لەبری کونجی زیندان لەدەرەوە بێت، لە بنەڕەتدا خەتاباری سەرەکیی درووستبوونی ئەو ژینگە و هەلومەرجەش هەر بۆ لاوازیی دەسەڵاتی دادوەری دەگەڕێتەوە.
چونکە خەسڵەتی مرۆڤ چی وەک تاک و بە کۆمەڵیش بە جۆرێکە ئەگەر شتێک نەبێت سنووری بۆ دابنێت، غەریزەی زێدەڕۆیی و ئارەزووی ئەنجامدانی تاوان تێیدا گەشە دەکات. بەتایبەتیش کاتێک مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر دەوروبەرەکەیدا هەبوو، ئەگەر ڕێسا و یاسایەک ئەو دەسەڵاتە سنووردار نەکات، لە قاڵبی بەرپرسیارێتی دەچێتە دەرەوە، ئەو کات بەهێزەکان لاوازەکان دەچەوسێننەوە. ئەوەی هاوسەنگی لەنێوان ئەم دووانەدا ڕادەگرێت و ڕێگە لە غەریزە شەیتانییەکانی مرۆڤ دەگرێت کە زیان بە کەسانی دیکە بگەیێنێت، یاسایە. ئەوەشی وادەکات لاواز و بەهێز، دەوڵەمەند و هەژار، دانا و نەزان، هەمووان لە بەردەم یاسادا یەکسانبن، دەسەڵاتی دادوەرییە. بۆیە بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی لای خوا و لە بەردەم خەڵکیشدا لە سەرووی هەموو دەسەڵاتەکانی دیکەوەیە.
لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دادوەریی وەک دامەزراوەیەک ژێرخانێکی پێشتری هەبوو، لەگەڵ دامەزراندنی دەزگا ئیدارییەکانی حکومەتی کوردستان و پەڕڵەمان، ئەم دەزگایەش پەرەی پێدرا و فراوانکرایەوە. بەڵام هەر لە سەرەتاوە بەهۆی هەلومەرجی ئەو کاتی دامەزراندنی بناخەی حکومەتی کوردستان لەسەر بنەمای شەرعیەتی شۆڕش، هەژموونی حیزب و کارەکتەرە سیاسییەکانی ناو حیزبەکان بەسەر ئەم دەزگایەدا زاڵکرا. بە و هۆیەوە بەدرێژایی ئەم سی ساڵەی ڕابردوو نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییە بگێڕێت کە ئەرک بوو لەسەر شانیان. حیزبەکانی دەسەڵات زۆر کەسیان خزاندە ناو ئەم دامەزراوەیەوە و لەسەر بنەمای لایەنگیری و پابەندێتییان بە حیزبەکانەوە، پۆستە گرنگەکانی ناو ئەم دەزگایەیان پڕکردەوە. ئەمەش وایکردووە کارەکتەرەکانی ناو ئەم دەزگایە زۆرجار بکەونەژێر کاریگەریی بڕیار و داوای حیزبەوە و چاوپۆشی لە زۆر تاوان بکرێت، یان بڕیاری نادادپەروەرانە لەسەر زۆر پرس و کێشە بدرێت کە لێکەوتەکانی بوونە هۆکاری زیاتر بێمتمانە بوونی خەڵک ئەم دەزگایانە.
ئێستا ئەگەر تەماشا بکەیت وەک دەرئەنجام دەبینیت کێشەی جۆراوجۆری خێزانی و کۆمەڵایەتی لە ناو هەرێمی کوردستان ڕوو لە هەڵکشانن، ڕێژەی تاوان بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوەیە. خەڵک ئارامی کەمبووەتەوە و لەسەر کێشەی لاوەکی و بچووک، پەنا دەباتە بەر کوشتن. یا لە بەرانبەر هەر زوڵم و ستەمێک هەوڵ دەدات خۆی تۆڵە بکاتەوە و مافی خۆی وەرگرێتەوە. ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی کۆمەڵگە بە هەموو مانایەک خەریکە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. ئەو دیاردە ترسناکەی ئێستا لەناو هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوەتەوە لە درووستبوونی دیوەخانی عەشیرەتەکان و کۆبوونەوەی تیرە و تایفەکان لە دەوری یەکدی و پەنابردن بۆ درووستکردنەوەی ڕایەڵەی عەشیرەت، شانبەشانی کۆمەکی دەسەڵات بەم دیاردەیە، هۆکارەکەی بە پلەی یەکەم لەوەوە سەرچاوەی گرتووە دەسەڵاتی دادوەری لاوازە، چونکە هاووڵاتیی ئاسایی بۆ پاراستنی کەرامەتی خۆی پێویستی بەوەیە پەنا بۆ شوێنێک بەرێت کە هەستی کرد زوڵمی لێدەکرێت بیپارێزێت، متمانە نەبوون بە دادگە و دەسەڵاتی دادوەری ناچاری کردووە پەنا بەرێتە بەر دیوەخانی عەشیرەتەکەی.
لەم ڕۆژانەی ڕابردوو تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە دوو ژن لە گوندێکی نزیکی #دێگەڵە# قسە بۆ میدیاکارێک دەکەن کە ئاغەیەک باوکیان و دوو برایانی بە بەرچاوی ئەمانەوە کوشتووە و دادگە هیچ لێپرسینەوەیەکی نەکردووە. وەک ئەوان باسیان دەکرد بکوژ کەسێکی دەستڕۆیشتووی دەسەڵاتدارە. خەڵک بەچاوی خۆی دەبینێت یاسا بەسەر کەسانی لاوازدا دەسەپێنرێت و دەستڕۆ و دەسەڵاتدارەکان جا مەرج نییە هەر کارەکتەری حیزبی و حکومی بن، تەنانەت دەستڕۆی ناو عەشیرەت و دیوەخانەکانیش جۆرێک لە پارێزبەندییان بۆ درووستبووە. ئەو بێئومێدییەی خەڵک بە داهاتوو، ئەو بێبەهابوونەی هەموو پیرۆزییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لێرەوە سەرچاوە دەگرن.
دەبێت ئەوە بزانرێت هیچ دەسەڵاتدارێک نەبووە لە مێژوودا خۆی ئارەزووی ئەوە بکات سنوور و چوارچێوە بۆ دەسەڵاتەکانی دابنرێت، یاخود دەسەڵاتی بەرتەسک بکرێتەوە، بەپێچەوانەوە هەمیشە خەون و خولیای ئەوەی هەبووە کە دەسەڵاتی بەرفراوانتر بێت. لە هەموو ئەو هەلومەرج و بارودۆخانەیشدا کە نەتوانراوە چوارچێوە بۆ سنووری دەسەڵاتی میر و پاشا و سوڵتانەکان دابنرێت، تاوانگەلی ئێجگار زۆر ڕوویانداوە. ئەمە ئەگەر بچووکبکرێتەوە بۆ دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵە و خێزانیش هەروا بووە، تەنانەت بۆ تاکیش ڕاستە. بۆیە ئەگەر دەمانەوێ ئاساییش و ئۆقرەیی بەرقەرار بێت، ئەگەر دەمانەوێ ئینتیما بۆ خاک و وڵات گەشە بکات، دەبێت دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ بکرێت، دەبێت یەکسان بوون لە بەردەم حوکمی یاسا بچەسپێندرێت.
لە کوردستاندا ئەم توێژە نەخراونەتە بەردەم ڕەخنە و بەرپرسیارێتی، بەڵام پێویستە هەست و ویژدانی تاک بەتاکی کەسایەتییەکانی ناو دامودەزگای دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بخرێتە بەردەم هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هەموو ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵکدا دێن. خراپیی ئیدارەدانی ژیان و کاروباری هاووڵاتییان، بوونی گەندەڵی و تاڵان و بڕۆ لە سەرچاوەکانی داهات و قووتی خەڵک، تا دەگاتە زوڵم و ستەم لەسەر هەرتاکێکی کۆمەڵگەی کوردی لە شار و لە دێهاتەکان، ئۆباڵەکەی بخرێتە گەردنی ئەوان، چونکە ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی کارا و دادپەروەر بێت، ئەو تاوانانە ڕوونادەن، ئەگەر ڕووشبدەن بەبێ سزا تێناپەڕن.
هێشتا لەناو دامودەزگاکانی دەسەڵاتی دادوەری و لەناو داواکارانی گشتیدا کەسانی باش و ئازا زۆرن، بەڵام دەبێت خەڵکیش هیچ نەبێت لەپێناوی ئاییندەی خۆماندا پشتیوانیی کەسە ئازا و باشەکانی ناو ئەم دەزگایانە بکەین. وە پێویستە ڕووی ڕەخنە و سەرنجەکانمان لەسەر ئەم دامەزراوەیە بێت کە پاشکۆیەتی حیزب و شێخ و ئاغا قبووڵ نەکەن. پێویستە بەردەوام لۆمەبکرێن لە بەرانبەر بێمتمانەیی خەڵک پێیان، تا هێندە بەخۆیاندا بچنەوە سەربەخۆبن. وەک چۆن دەگوترێت (سەربەخۆیی نادرێ، دەسەندرێ) دەبێت ئەو کەسانەی لەناو دامودەزگا دادوەرییەکانی کوردستان کار دەکەن چاوەڕوانی ئەوە نەبن خەڵکانی دیکە سەربەخۆییان بدەنێ، پێویستە خۆیان بەدەستی بهێنن. ئەمەش بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن دادپەروەربن، بۆ ئەوەی ویژدانیان لە بەردەم خەڵک و خودادا ئاسوودە بێت، پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەو دۆخە خراپەی ناو کۆمەڵگەی کورد بکەن، کە خەریکە ئاشتی و ئاساییشی کۆمەڵگە تێکدەچێت و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئۆباڵی بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەگەڕێتەوە.
هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەی ڕێژەی تاوان لە ناویاندا زۆر کەمە، ئاساییش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێیاندا بەرقەرارە، یەکسانی و دادپەروەری تێدایە، بەهۆی ئەوەوەیە کە دەسەڵاتی دادوەری لەناو ئەو کۆمەڵگەیانەدا کارایە. [1]