$لەگەڵ خاوەن ماڵ ڕێککەون$
#عارف قوربانی#
ساڵی 2003 دوای کەوتنی سەدام بۆچوونی زاڵ ئەوە بوو بەشی زۆری کێشە ناوخۆییەکانی ئێراق لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەدرێژایی تەمەنی ئەم دەوڵەتە دەسەڵات لە دەستی کەمینەیەکی سوننەی نەتەوەیی بووە، بۆ ئەوەی هەڵە و کێشەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە دەبێت ئێراق بە جۆرێک نەخشەی حوکمڕانییەکەی بکێشرێت کە هەموو پێکهاتەکان هەست بەوە بکەن بەشدارن لە بەڕێوەبردنی وڵات. وەک جۆرێک لە دڵنیایی بۆ ڕێگریی لە حوکمی زۆرینە پرەنسیپی سازان و هاوبەشی هاتە ئاراوە و بڕیار بوو بکرێتە بنەمای حوکمڕانییەکی تەندرووست بۆ داهاتوویەکی دوور. بەڵام ئەم تێزە زۆری نەخایاند، بەتایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2011 بە پشتیوانیی ئێران هەژموونی شیعە بەسەر تەواوی جومگەکانی حوکمڕانیدا زاڵکرا، لە و کاتەوە بۆ ئێستا شیعە ئێراق بەڕێوە دەبات، هەموو بەشدارییەکی کورد و سوننەش بۆ درووستکردنی وێنایەکی ڕووکەشانە بووە کە هەموو پێکهاتەکان بەشدارن لە حوکمڕانی.
ئێستا بەهۆی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی #10-10-2021# کە بۆ یەکەمین جار بوو بە سیستەمی فرە بازنەیی ئەنجام بدرێت، دۆخێک لە ئێراق هاتووەتە ئاراوە (کورد و سوننە) دەرفەتی ئەوەیان بۆ درووستبووە بەنواندنی ئازایەتی ئەم هاوکێشەیە بگۆڕن. ئەویش بەهۆی ئەوەی یەکەمجارە ماڵی شیعی بەم ئەندازەیەی ئێستا دابەشی دوو بەرە بووبن، سەدر وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن لەلایەک و لایەنەکانی دیکەی شیعە لە بەرەیەکی دیکەن. هەردوو بەرەی شیعی لە هەوڵی ئەوەدان زۆرینەیەکی سیاسی لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە و ڕەوایەتی بەوە بدەن بتوانن حکومەت پێکبهێنن. تا ئێستا ململانێکان بە و ئاڕاستەیەدا دەڕۆن کە ئەم دوو بەرەیە نەتوانن پێکەوە و لەژێر یەک چەتری شیعیدا کۆببنەوە، ئەمەش ئەو دەرگەیەیە کە کورد و سوننە دەتوانن لێوەی بچنە ژوورەوە بۆ درووستکردنی سەردەمێکی جیاوازتر لە حوکمڕانی نزیک بە دوو دەیەی ڕابردوو.
ئەگەر ئێستا کورد و سوننە لەنێوان ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعیدا خۆیان بەلای هەر یەکێکیاندا یەکلا بکەنەوە، ئەو بەرەیە دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. ئەمەش بە و مانایە دێت کە هەردوو تەرەفی شیعی ئێستا پێویستیان بە کورد و بە سوننە هەیە بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرەکەیدا، بێگومان لە دۆخێکی وادا هەردوولا ئامادەیی سازشی زیاترن بۆ سوننە و بۆ کورد. بەڵام ئەم هاوکێشەیە بەستراوە بەکاتەوە، کات لێرەدا زۆر گرنگە بۆ بڕیاردانی کورد و سوننە، چونکە ئەگەری ئەوەش هەیە ئەم یاریکردنە بەکات کە ئێستا هەستی پێدەکرێت، ئامانجێکی دیکەی لە پشتەوە بێت کە ئەویش پەیوەستە بە کشانەوەی ئەمریکاوە لە کۆتایی ساڵ و چەند هەفتەیەکی کەمی ماوە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا ئەگەری ئەوەش هەیە ئێران بتوانێت ناوماڵی شیعی ڕێکبخاتەوە، هەرکاتێکیش شیعەکان لەناو خۆیاندا ڕێککەوتن و وەک یەک بەرەیەک هاتنەوە ناو هاوکێشەکان، لەبەر ئەوەی زۆرینەی پەڕڵەمانین، ئەوەندە پێویستیان بە کورد و بە سوننە نامێنێت جگە لەوەی بۆ ماکیاژی دەسەڵاتێکی شیعی بیانبەنە ناو حکومەتەوە. کەواتا دەبێت لێرەدا سیاسی و بڕیار بەدەستەکانی ناو سوننە و کورد بخرێنە بەردەم بەرپرسیارێتیی ئەوەی چاوەڕێی چی دەکەن کە دەزانن زۆرینەی شیعی تەنیا لە و ڕێگەیەوە دەشکێت پێش کشانەوەی ئەمریکا، کورد و سوننە لەگەڵ تەرەفێکی شیعی ڕێککەون.
لە میدیاکاندا باس لەوە دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە گوشاری زۆر خراوەتە سەر کورد و سوننە بە دیاریکراوی تا لەگەڵ سەدر حکومەتی زۆرینە پێکنەهێنن کە سەدر داوای دەکات. ئێران و لایەنەکانی دیکەی شیعی پێیان وایە ئەوەی سەدر دەیکات شکستی حوکمڕانی شیعەی وابەستە بە ئێرانە. لە ڕاستیشدا ئەگەر ئەو پلانەی سەدر سەربگرێت و کورد و سوننە پشتگیریی بکەن، هاوکێشەی هێز لە ناوچەکە بە زیانی ئێران دەگۆڕێت. بەڵام لێرەیا پرسیارەکە ئەوەیە لەم کاتە هەستیارەدا کە ئەمریکا دوای کەمتر لە سێ هەفتەی دیکە دەکشێتەوە و ئێراق وەک سینییەکی زێڕ لە بەردەستی ئێران جێدەهێڵێت، ئێران هەروا بە ئاسانی دەهێڵێت هاوکێشەکان پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێران بکەونەوە؟ بێگومان نەخێر، ئێران بە ئامادەیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان هاوکێشەکانی ئێراقی بە جۆرێک ئیدارە دەدا کە لە بەرژەوەندیی ئێران بێت، چی لۆژیکێک لەوەدایە چاوەڕوانی ئەوە بکرێت بە کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، گۆڕەپانەکە بۆ ئێران بەرتەسک بکرێتەوە؟
هیچ گومان لەوەدا نییە دوای کشانەوەی ئەمریکا، ئێران وەک خاوەن ماڵ بە هێز و هەژموونێکی زیاترەوە لە ئێراق دەردەکەوێتەوە. ئەی کەواتە کورد و سوننە بۆچی ناچن لەگەڵ خاوەن ماڵەکە ڕێکبکەون؟ لە کاتێکدا هەر بە ڕاستی سوننە و کوردیش کێشەیان لەگەڵ ئێران و ئەو تەرەفانەی شیعە هەیە کە وابەستەی ئێرانن. بێگومان بۆ چارەسەری هەر کێشەیەکیش پێویستە لەگەڵ ئەو تەرەفە ڕێکبکەوێت کە کێشەت لەگەڵی هەیە.
ناوچە سوننەنشینەکانی ئێراق لەژێر هەژموون و حوکمێکی قەرەقوشییانەی حەشدی شەعبیدا بەڕێوە دەبرێن، سەروماڵیان داگیردەکرێت و گەنجەکانیان دەخرێنە زیندانەوە و دواتر لە گۆڕی بەکۆمەڵدا دەردەکەون، یان هەر چارەنووسیان نادیارە. ئایا بە ڕێککەوتن لەگەڵ سەدر، ئەم ستراتیژەی ئێران لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە لەسەر سوننەکان هەڵدەگیرێت، یا ئەگەر خراپترین ئەگەریش بێت لۆژیک ئەوەیە سوننەکان بۆ ڕزگاربوون لە زوڵمی حەشدی شیعی بچن لەگەڵ ئێران و خاوەنەکانی حەشد ڕێککەون، کە ئێستا پێویستیان بە سوننەکانە.
ئەمە بۆ کوردیش هەر ڕاستە، کورد کێشەی لەگەڵ حاکمە ڕاستەقینەکانی پشتەوەی حوکمڕانی ئێراق هەیە نەک ئەوانەی بە ڕووکەش وڵات بەڕێوە دەبەن. دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش خەریکە هاوشێوەی ناوچە سوننییەکانی عەرەب دەکەوێتە ژێر هەژموونی حەشدی وەلائی ئێرانەوە. هەموو ئەو گرووپە چەکدارییانەش کە ناوەناوە لە ڕێگەی درۆن و کاتیۆشاوە هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن، بەشێکن لە ئامرازەکانی ئێران. تەنانەت بۆ پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانیش بڕیار لای دەسەڵاتدارانی شیعەیە، کەواتە بۆ کوردیش ئەوە ڕاستە بۆ ناچن لەگەڵ ئێران و شیعە وەلائییەکانی ئێران ڕێککەون کە کێشەکان لەگەڵ ئەوانە و چارەسەریشی هەر لە دەستی ئەواندایە.
کورد و سوننە سەرباری ناکۆکییەکانی نێوانیان، بەڵام ئێستا بەشێکی کێشەکانیان هاوبەشە و چارەسەرەکانیشی پێکەوە دەکرێن. گرنگە ئەم دوو پێکهاتەیە وەک هاوپەیمانێک پێکەوە لەگەڵ ئێران وەک خاوەن ماڵ لە ئێراق بکەونە گفتوگۆیەکی جدییەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران، بەتایبەت کە دەرکەوت ئەمریکا و وڵاتانی سوننەی ناوچەکە تاسەر لە پشتی کورد و سوننەوە نامێننەوە. [1]