سەرپەرشتیکردنی ڕیکخستنەکانی پاسۆک لەلایەن ڕەوانشاد هاوبیر و مامۆستا هادی بۆ ڕاپەرین ..ئەم دوو نامەیە بەڵگەی دیکۆمێنتییە کە لای ئاری مامۆستا هادی پارێزراون. بە سوپاسەوە بۆ یادی ڕاپەرین بڵاوی کردۆتەوە..
$نامەی یەکەم$
کوردستانێکی ئازاد گەلێکی یەکسان #پارتی سۆسیالیستی کورد# - #پاسۆک# - ژمارە \ 111م سەرکردایەتی لقی #سلێمانی#
بەشی ڕێکخستن ڕێکەوتی: #09-02-1991#
هاوبیری تێکۆشەر کاکە (ئەزمەر) .
1- ئێمە خۆمان زۆر بە بەختیار دەزانین کە هاوبیرانمان لە هەموو بارودۆخێکدا هەڵوێستی مەردانە و کوردانەی خۆیان نیشان داوە بەرانبەر بە حیزبی خۆیان و هەمیشە ئامادەگیان دەربڕیوە بۆ خۆبەختکردن و تێکۆشان لەپێناوی مافی ڕەوای نەتەوەکەیان و توانیویانە لەم ڕووەوە کەم تا زۆر خەبات بکەن و بە ڕیزەکانی حیزبەوە خۆیان ببەستنەوە.
2 هەرچەندە ئاشکرا و ڕوونە کە لە ساڵانی پێشودا بە تایبەتی لەم دواییەدا بارودۆخی وڵات و میللەتەکەمان بە چەندەها گیروگرفت و ناخۆشی و دەربەدەری و سەرگەردانی تێپەڕی کرد. ئەویش بەهۆی زۆرداری و نا پەسەندی و بێ ڕەوشتی دوژمنی داگیرکەر و سەکوتکەر لە وڵاتەکەماندا کە ئەنجامەکەی بووە هۆی ئەوەی کە زۆربەی زۆری ڕێکخراوە سیاسی و حیزبەکان تووشی پەرش و بڵاوی و کوشتن و گرتن ببن. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە هیچیان نەتوانن وەکوو پێویست خزمەتی نەتەوەکەیان بکەن و شتێکی ئەوتۆ بەدەست بهێنن کە سوودێکی دیاری کراو و ئاشکرای هەبێ بۆ جەماوەری کورد. بێگومان ئەم حیزبەی ئێمەش لەم ڕووەوە پریشکی ئەو ناهەموواری و بێدەستیەی پێوە دیاری دا. کە ئەتوانین بڵێین ئێمە زۆر لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان باشتر بووین لە ڕووی خۆراگرتن و جەربەزەیی هاوبیرانمان و پاراستنی حیزب و ڕیزەکانی.
3- ئێستاش کە بار و زروفێکی تایبەتی هاتۆتە پێش بەرژەوەندی نەتەوەکەمان و حیزبمان وا پێویست دەکات کە هاوبیرانمان لەم کاتەدا زۆر وریابن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەو ڕووداوانەی لە ئارادایە و پێش بینی دەکرێت ڕووداوی کوت و پر خێراتر بێتە پێش. بۆیە لەلایەن سەرکردایەتی حیزبمانەوە ئاگادار کراینەوە کە گرنگیەکی تەواو بدەین بە خەتەکانی ڕێکخستن و گشت هاوبیران بەسەربکەینەوە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بتوانین ئەو ئەرکانەی لەسەر شانمانە جێبەجێ بکەین.
4-هەرچەندە ئێمە دڵنیاین لە تۆی تێکۆشەر و خۆڕاگر کە هەمیشە هاوبیری دڵسۆز و بەجەرگی حیزبمان بوویت. بە پێویستی دەزانین ئاگاداری ئەم خاڵانەی خوارەوە بیت:
آ-ئامادەبوونت بۆ ئامۆژگاری و داوکارییەکانی حیزبمان کە ڕێکخەرەکەت لە کاتی پێویست دا پێت ڕادەگەیەنێت.
ب- پەیوەندی کردنت بە هاوبیری ڕێکخەرتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ پچڕان.
ج- پێویستە بە زووترین کات پەیوەندی بکەیت بەو هاوبیرانەی کە دەیان ناسیت و ئێستا دوور کەوتوونەتەوە یان ئەو کەسانەی کە خۆت لێیان دڵنیایت و کەسانی نەتەوەیین و بەکەڵکی کارکردنی ئەمڕۆ دێن و ئاگادارکردنەوەمان.
د- کۆکردنەوەی ڕووداو و دەنگ و باسی ڕۆژانەی کە دەی بیستیت و بەکەڵکن بۆ کارکردنی حیزبمان و ئاگادرکردنەوەمان.
هه- دەستنیشان کردنی ماڵی پیاو خراپان و پیاوانی بەعسی داگیرکەر و جاش لە ناوچە و گەرەکی خۆتاندا و ئاگادارکردنەوەمان.
و- هەر داواکاری و پرسیار و ڕوونکردنەو و پێشنیارێکت هەیە لەگەڵ ئەم نامەیەماندا بە پێچراوەیی بۆمان ڕەوانە بکە.
لەگەڵ ڕێزماندا هەربژین بۆ کورد.
* ناوی تەواوی مامۆستا هادی: محەمەد هادی ئەحمەد ناسراو بە مامۆستا هادی. لە ناو پاسۆکدا ناوە نهێنییەکەی ( شێرزاد) بوو
* ئەزمەڕ ناوی نهێنی ئومێد مەلا بەکرە کە ئێستا لە فەیسبووک ناوی Omed Kurdi. هەروەها بە هەمان کڵێشە ئەم نامەیە بۆ زۆربەی زۆری هاوبیرانی ناو شار نێردراوە کە ناوە نهێنییەکان بریتین لە: سەرکۆ، ئامانج، هۆشمەند، بەهمەن، هەوراز، هاوکار، هەڵشۆ، سالار، ئاراس، شێرکۆ، بژار، بەڵێن، شاسوار، ئاوات، خەبات، کرمانج، نەورۆز.
[1]
تێبینی: ئامانج، ناوی نهێنیی #هاوڕێ باخەوان# بووە لە پاسۆکدا و هەمان نامە بۆ ئەویش چووە.