$نە سەدر و نە مالیکی$
#عارف قوربانی#
هەر لەوکاتەوەی لەژێر گوشاری ناڕەزایەتیی خۆپێشاندەرانی پارێزگا شیعەنشینەکان ئێراق ناچار بوو بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، لەو کاتەوە تا ئەندازەیەک دابەشبوونی هێزە سیاسییەکان بەسەر دوو هاوپەیمانێتی ڕانەگەیێندراودا دەرکەوتن. ئەگەر چاوێک بە هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیا ئێراقییەکاندا بخشێنینەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆر بابەتمان بەرچاو دەکەوێت باس لە ڕێککەوتنی پێشوەختەی نێوان لایەنەکان و دابەشبوونیان بەسەر ئەو دوو جەمسەرەی شیعەدا دەکات کە یەکیان عەممار حەکیم سەرکردایەتی دەکرد و ئەوی دیکەیان موقتەدا سەدر. لەنێو ماڵی کوردی و لە میدیای کوردستانیشدا چی وەک هەواڵ و زانیاری و چی وەک ڕەخنە لەوەی کورد ببێتە بەشێک لەو دابەشکارییە، قسەی زۆر هەبوون کە پارتی بووەتە بەشێک لە بەرەی سەدر و یەکێتیش لە بەرەی حەکیم.
تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا ڕەسمییەکانیش باس لەوە دەکرا سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار دەستیان لە دیزاینی هاوپەیمانێتییەکەی حەکیمدا هەیه، پێیان وابوو عەممار حەکیم دەبێتە چەترێکی نیشتمانی بۆ بەشێکی زۆری هێزە ئێراقییەکان و دەبنە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن و نەخشەی داهاتووی ئێراق ئەوان دایدەڕێژن. سەرۆککۆمار لە ڕێگەی لاهوور شێخ جەنگییەوە زۆر زوو (یەکێتی) بۆ ژێر عەباکەی حەکیم پەلکێشکرد و بە و هاوپەیمانێتییەی لە کوردستان لەگەڵ گۆڕان درووستیان کرد چاویان لەوە بوو زۆرینەی کورسییەکان دەبەنەوە. هەروەها پێیان وابوو عەبادی گسگ لە دەنگدەری شیعەکان دەدات و بەرەی حەیدەر و عەممار دەبنە هێزی براوەی یەکەمی شیعەکان، بەڵام ئێستا بە حەکیم و عەبادی تەنیا چوار کورسییان هێناوە.
لەبەرانبەردا زۆرێک لە چاودێران پێیان وابوو لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئێراقدا سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردن دەبێت، حەلبووسی لە سوننەکان و پارتیش لە هەرێمەوە خۆیان بە سەدرەوە گرێدا. ئێستا دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردندا، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئێراق ئەنجامی کۆتایی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ئەنجامانەش سەدر لەنێو هێزە شیعییەکان و حەلبووسی لەنێو سوننەکان و بارزانی لەنێو کوردەکان، هەریەکە و یەکەمی نێو پێکهاتەکانی خۆیانن. ئەم سێ هێزەش پێکەوە پێشتر جۆرێک هاوپەیمانێتی ڕانەگەیێندراویان هەبوو. واتا دابەشبوونی هێز و لایەنە ئێراقییەکان زیاتر لە ساڵێکە بەسەر دوو بەرەدا سیماکانی دەرکەوتبوون، ئایا خۆیان لێک نزیککەوتبوونەوە یان وەک دەگوترێت لەدەرەوەی ئێراقەوە هێزگەلی دیکە ئەندازیاری پێکەوەبەستنی ئەم هێزانە بوو؟
ئێستا وەک دەرئەنجام هاوکێشەکان بە و جۆرەن، هاوپەیمانێتییەک کە موقتەدا سەدر ڕابەرایەتی دەکات بە زۆرینەیەکی ڕەها لە پێش هاوپەیمانێتییەکەی دیکەوەیە کە خۆیان لە عەباکەی عەممار حەکیم پێچابوو. ئیدی هەندێک بە شکستی بەرەی ئێران ناوی دەبەن و هەندێک پێیان وایە پلانی تورکیا، سعودیە و ئیماراتە. لە کاتێکدا مەرج نییە ئەم دابەشکارییە وەک خۆی بمێنێتەوە. بەتایبەتی دوای ئەوەی لەدەرەوەی هەردوو هاوپەیمانێتییەکە کارەکتەرێکی دیکەی وەک مالیکی بووەتەوە هێزی دووەمی نێو شیعەکان کە ئەگەر نەشتوانێ ببێتەوە بەربژێر بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەگەری زۆرە ببێتە هۆکاری ئەوەی سەرۆکوەزیران نەدرێت بە سەدر، چونکە پێناچێت مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانیش بەوە ئاسوودەبن کە سەدر حکومەت بگرێتەدەست و زەحمەتە سەدریش مل بدات جارێکی دیکە مالیکی بێتەوە سەر تەختەی شانۆی دەسەڵات. بۆیە لەو نێوەندەدا بەدوور نازاندرێت بازەکە هەر لەسەر کەسێکی بێ کورسی وەک کازمیدا بنیشێتەوە.
ئەوەی بۆ کورد لێرەدا گرنگە، هەرچەندە پێشتر بوونەتە بەشێک لەو دابەشکارییەی نێو ماڵی شیعی، بەڵام دەرفەتی ئەوەش هەیە دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای دەستکەوت بۆ کورد نەک بۆ حیزبەکان، دەتوانن پێکەوەبن. ڕەنگە هاوکێشەکان بە جۆرێک بن بەشداریی کورد وەک پێویستییەک بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان لە بەغدا ببێتە پێویستییەکی حەتمی، بەتایبەت ئەگەر کورد پێکەوەبن ئەم جارە ڕێژە و ژمارەی کورسییەکانیش 64 کورسین، دەتوانن بەپێگەیەکی بەهێزترەوە بچنە نێو گفتوگۆکانەوە. ئەگەر بتوانن بەسەر ناکۆکییەکانی نێوخۆدا زاڵ بن و دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی لەسەر نەخشەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان کورد و بەغدا ڕێککەون، بەدوور نازاندرێت ئەو لایەنەی شانسی پێکهێنانی حکومەتی دەدرێتێ ناچار بێت بەشێک لە کێشەکان پێشوەختە چارەسەر بکات، یان بەڵێنی دڵنیایی چارەسەرکردنیان بەدەستبهێندرێت. ئەویش لەرێگەی ئەوەوە کە بکرێن بە بەشێک لە کارنامەی حکومەتی داهاتووی ئێراق.
دەبێت بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زەمینەی کۆکردنەوەی پێنج هێزە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت کە کورسییان بەدەستهێناوە بۆ بەغدا. هەوڵبدرێت لەسەر نەخشەڕێگەیەک ڕێکبکەون و ئەگەر بشکرێت پێکەوە بچنە گفتوگۆوە ئەوە سەنگ و پێگەی کورد بەهێزتر دەکات لە بەدەستهێنانی خواست و داواکارییەکانی کوردستان، چونکە هیچ کام لە هێزە ئێراقییەکان بەبێ کورد بەشی ئەوە دەنگی پێ کۆناکرێتەوە بتوانێ حکومەت پێکبهێنێت. ئەوەی لە سەردەمی عەبادی ڕوویدا و هیچ ئیعتیبارێک بۆ کورد دانەنرا لە پێکهێنانی کابینەکەی، دووبارە نابێتەوە.
بۆیە ئەگەر بەرپرسیارێتی نیشتمانی لەبەرچاو دەگرن و دەتانەوێ چارەسەر بۆ ئەو کێشانە بدۆزنەوە کە بۆ کورد چارەنووسسازن لە ئێراق، ئەوە پێکەوەبوونتان زامنی بەدەستهێنانی زۆرترین داخوازییەکانتان دەکات، ئەمە وەکوو هاوکێشەیەکی ماتماتیکی وایە تەنانەت ئەگەر دەربەستی چارەنووسی میللەتیش نین و چاوتان لە بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسییە، ئەوە هەر ئەگەر پێکەوەبن بەدڵنیاییەوە زۆرترین دەستکەوت و پۆست بۆ خۆتان و حیزبەکانتان بەدی دەهێنن، بەڵام ئەگەر دابەشبن و ببن بە ئامرازی دەستی خەڵکانی دیکە، ئەوە دڵنیابن دەستکەوتەکانیش بۆ ئەوانەیە کە بەکارتان دەبەن.
لە ئێستا وە ململانێ لەنێوان سەدر و مالیکی گەرم بووە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش تاوەکو ساتی بەلاداکەوتنی هاوکێشەکە، ناکۆکییەکان و ململانێکانیان قوڵتر دەبێتەوە، بۆیە بۆ کورد واباشە خۆی نەکات بە قوربانی نە بۆ سەدر و نە بۆ مالیکی، چونکە مەرج نییە هیچ کامیان شانسی ئەوەیان هەبێت حکومەت پێکبهێنن و ڕەنگە بازەکە لەسەر سەری کەسی دیکە بگەڕێت. بۆ ئەوەش کورد هەر ڕۆڵی گەورەی دەبێت. کەواتا ئەوەی گرنگە کۆمەڵێک مەرج و داخوازی بۆ چارەسەری کێشەکان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بکەن بە مەرجی پێشوەختە و کێ زیاتری سەلماند و دڵنیایی زۆرتری دەستەبەرکرد بۆ کورد لەگەڵ ئەوەدابن. [1]