$یەکێتی و ڕێبازی #مام جەلال#$
#عارف قوربانی#
چوار ساڵ بەسەر کۆچی داوایی مام جەلال تێدەپەڕێت، بەڵام لە ڕاستیدا مام جەلال پێنج ساڵ بەر لەوەی ماڵاوایی لە ژیان بکات، بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە ماڵاوایی لە سیاسەت کردبوو. واتا دەکرێت بڵێین، مام جەلال نۆ ساڵە لە ژیانی سیاسیی کوردستان و ئێراقدا نەماوە. لێرەدا ئەوەی بەلای منەوە جێی پرسیار و تێڕامانە ئەوەیە ئایا سەرکردە گەورەکانی دونیا بە نەخۆشکەوتنیان یان بە مردنیان ئیدی ڕۆڵیان کۆتاییدێت؟ ئایا مام جەلال بە نەمانی لەناو کایەی سیاسی ڕۆڵ و کاریگەریی لەناو دونیای سیاسەتی کوردیدا ماوە؟ دۆست و نەیارانی مام جەلال ڕەنگە لەوەدا هاوڕابن کە مام جەلال سیاسییەکی کەموێنە بوو، خاوەن بیر و دیدی سیاسی بوو، توانای هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و پێشبینیی پێشهاتەکانی هەبوو. دونیابینی تایبەت بەخۆی هەبوو، لەناو شۆڕش و کایەی سیاسیی ئێراق و کوردستانیشدا ڕۆڵی لە درووستکردنی ڕووداو هەروەها لە ئاڕاستەکانی ڕووداوەکانیشدا هەبوو.باوەڕی بە مەسەلەی ڕەوا و کێشەی نەتەوەکەی بوو، لە ژیانیدا بە ڕێگەی جۆراوجۆر کاری بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلەکەی کرد، بە شۆڕش و بە پەنابردنە بەر گفتوگۆ، بە ڕێگەی دیپلۆماسی. شانبەشانی بڕوابوون بە رەوایەیتی دۆزی میللەتەکەی، خەباتی بێوچانی بۆ گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بڵاوبوونەوەی دیموکراسی کردووە. خەسڵەتە تایبەتەکانی لەو چوارچێوەیەدا بۆ پێناسەی سیاسەت کە هونەری بەڕێوەبردن و خۆگونجاندنە، مام جەلال بە مانای وشە کەسێکی خۆگونجێن بووە لەگەڵ هەموو بارودۆخێکدا، هەروەها لە هەموو هەلومەرجێکی ڕەخساو و دژواردا ئیدارەی ململانێ و هاوکێشەکانی داوە. لەپێناو ئامانجە ستراتیجییەکانیدا بۆ هەموو قۆناخێک پلانی تاکتیکی هەبوو، لە کوێ پێویست بووایا چەپ و مارکسی بێت ماوی بوو، لەکوێ پێویست بووایا باوەڕدار بە بنەماکانی ئایین و پەیوەست بە ڕێساکانی ئیمانداریی بێت مەلا و شێخزادە بوو. بۆ کورد واباش بووایا ڕوو لە ڕۆژاوابێ، مام جەلال دیموکراسیخوازێکی ڕۆژاوایی بوو، پێویست بووایا دەست بە کەمەری ئێرانەوە بگرێت، نەوەی سەیدوئالوبەیت بوو، بەڵام هیچ کاتێکیش دژبەری بەرەکەی دیکە نەبوو، ڕەنگە تاکە سیاسیش بووبێت هەمووئەوانەی بۆ دەچووە سەر، تەنانەت ببوو بە سیحرێک و سەرنجی زۆر کەسایەیتی جیهانی و ناوەندی گەورەی بۆخۆی ڕاکێشابوو بەوەی لە یەک کاتدا دەتوانێت هاوکێشەکان لەگەڵ هەموو ناکۆکییەکاندا بە هاوسەنگی ڕابگرێت. لە میدیا جیهانییەکاندا بە سەرسامییەوە دەنووسرا، تاڵەبانی تاکەکەسە لە یەککاتدا لایەکی ڕوومەتی ئەحمەدی نەژاد ماچی دەکات و لایەکەی دیکەی ڕوومەتی، کۆندۆلیزا ڕایس، وەک ئاماژەیەک بۆ جۆری ئیدارەدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو لایەنە ناکۆکە (ئێران و ئەمریکا) .
ئەمانەم وەک بیرهێنانەوەیەک بۆئەوە نووسی کە بڵێم مام جەلال سەرکردەیەکی گەورەبوو، بەڵام لێرەوە بەدوای وەڵامی پرسیارەکەدا دەگەڕێم، ئایا ئەم سەرکردە گەورەیە ڕۆڵی تەواو بوو، یا کارگەرییەکانی بۆ ئێستا و داهاتوو بەردەوام دەبن؟ دەبوو پێش هەر کەس و ئاڕاستەیەکی سیاسیی دیکە، مام جەلال لەدوای خۆی کاریگەریی و ڕەنگ و نەخشی ڕێبازەکەی بە حیزبەکەی خۆیەوە دەرکەوتایە، بەڵام شاراوە نییە کە یەکێتی دوای مام جەلال لە یەکێتییەکەی مام جەلال ناچێت. لێرەدا بە و واتایە دێت کە لەدوای خۆی، ڕێبازەکەی فەرامۆش کراوە. هەر لەدوای نەخۆشکەوتنییەوە لە کۆتایی ساڵی 2012 وە ئیدی یەکێتی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە سیحری تاڵەبانی بەتاڵکراوەتەوە، بەتایبەتیش لەلایەن ئەوانەوە کە زۆرترین پڕوپاگەندەیان بۆئەوە دەکرد درێژە بە ڕێبازەکەی مام دەدەین. ڕەنگە هەڵسەنگاندنی ئەم باسە پێویستی بە چەندین توێژینەوە هەبێت، لق و پۆپەکانی دید و بیروباوەڕی مام جەلال، تێز و بۆچوونەکانی بۆ چارەسەری کێشەی کورد، هەوڵ و خەباتەکەی لەو پێناوەدا، پێویستی بە نووسینەوەی چەندین پەڕتووک هەیە. پێویستیش بوو لەم نۆ ساڵەدا حیزبەکەی مام جەلال خەرمانێک بەرهەمی جۆراوجۆریان لەو بارەیەوە بەرهەم بهێنایە، بەڵام هەست دەکەیت بێوەفاترین حیزب لە دونیادا بەرانبەر بە ڕابەرەکەی، ئەم یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەیە، هیچ نەبووایا هەر وتارەکانی مام جەلال کە لە بۆنەی جیاجیادا پێشکەشی کردوون کۆبکرانایەتەوە، ئێستا دەیان پەڕتووک لە پەڕتووکخانەی کوردیدا لەبەردەستی توێژەر و لێکۆڵەراندا بوو بۆ پێناسەکردنەوەی مام جەلال و ڕێبازەکەی، بەڵام وەک ئەوەی تاڵەبانییان تەنیا بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن پێویست بووبێت، بۆیە هیچ ئاوڕێکیان لێنەداوەتەوە. لە وتارێکی وادا دەرفەتی هەڵسەنگاندن و بەراوردکاریی بەرتەسک دەبێتەوە، بۆیە تەنیا باسی جۆرێک لە سیاسەتی مام جەلال دەکەم کە لە ژیانی خۆیدا باوەڕی پێی هەبوو، کردبووی بە بنەمای کارکردن لە هەموو قۆناخەکانی خەباتدا، ئەویش ڕاگرتنی هاوسەنگی بوو، دۆستی هەموو تەرەفەکانی کێشە بوو بێئەوەی خۆی ببێت بە تەرەف لە کێشەکان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سووریا دامەزرا، بەڵام لەو چرکە ساتەوە پەیوەندیی مام و یەکێتیی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی ڕۆژاوای کوردستان بەردەوام بوو. یەکێتی دۆست و پشتیوانی پەکەکە و لە هەمانکاتدا مام جەلال کلیلی کردنەوەی دەرگەی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان کورد و تورکیا بووە. لە یەک کاتدا دۆستی کۆمەڵە و دیموکرات و ئێران بووە، سوننە و شیعەی ئێراق تەنانەت لەسەر ئایین دونیا و قیامەتیشیان هاوڕانین، لەسەر مام جەلال و پاراستنی پەیوەندییان لەگەڵ حیزبەکەی مام یەک هەڵوێست بوون. دوای مام جەلال لە ئاستی ناوخۆ، ڕیسی مام جەلالیان کردەوە بە خوری. هاوسەنگیان لەگەڵ هەموو لایەک تێکچوو. تورکیا کە بۆ پەیوەندی کێشەی پەکەکە ڕووی لە یەکێتی بوو، نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە وڵات بەدەرکرد و هەڕەشەی گرتنی #سلێمانی#شی دەکرد. ئێران کە بۆ کێشەی کوردستان و ئێراق، هەروەها بۆ ئیدارەدانی کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵات ڕووی لە مام جەلال و یەکێتی بوو، ئێستا هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان دەکات. ئەوە پەیوەندیی سوننە و شیعە و تورکمانیش دیارە لەگەڵ یەکێتی گەیشتووەتە کوێ. لە دوای مام جەلال یەکێتییان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا برد. ئەو هاوسەنگییەی مام ڕایگرتبوو زوو لەناویان برد. وایان کرد ئەگەر بە واقیعیش یەکێتی تەرەف نەبووبێت لەو هەموو کێشەیه، بەڵام لە هەموو کێشەیەکدا پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ بکرێت. تەماشا بکەن لای ئێران گومانی ئەوە دەکرێت یەکێتی دەستی هەبووبێت لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، لای ئەمریکا، یەکێتی وەک دەسکەلای ئێران دەبیندرێت. لای هێزە کوردییەکانی نەیاری ئێران یەکێتی تۆمەتبار دەکرێت بە ڕادەستکردنەوەی کادیرەکانیان. لای تورکیا تۆمەتبارە بە هاوکاریکردنی پەکەکە، لای پەکەکە جێی گومانە لەوەی بە زانیاری هەواڵگری ئەو کادیرەکانی لە سلێمانی دەکرێنە ئامانج.
پێشتر مام جەلال و یەکێتی ئیدارەی کێشەی کەرکووکیان دەدا، ئێستا یەکێک لە هاوسەرۆکانی یەکێتی لە کەرکووک حوکمی گرتنی هەیە و حیزبەکەش دەبێت بە مۆڵەت یادی نەورۆز بکاتەوە. خۆپێشاندان لە سنە و مەهاباد دەکرێت، تۆمەت بڵاودەکرێتەوە دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ سوپای پاسداران بەشدار بووە لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕین. خۆپێشاندان لە بەغدا دەکرێت و شەقام دەبێت بە گۆمی خوێن، میدیا ئێراقییەکان دەڵێن هێزێکی ئەمنیی یەکێتی لە سلێمانییەوە هاتووە بۆ سەرکووتی خۆپێشاندەر. لە بەغدا حکومەت لە ژووری تاڵەبانی پێکدەهێندرا، ئێستا کە حکومەت پێکدەهێندرێت دوای شەش مانگ وەک خێر وەزیرێک دەدرێت بە یەکێتی. ئەمانە و دەیان نموونەی دیکە هەن کە دەمانخەنە بەردەم ئەو پرسیارەی بپرسین ئایا یەکێتی جەلالیی تێدا ماوە؟ [1]