$گەڕان بەدوای دەرفەتدا$
#عارف قوربانی#
کەمتر لە یەک مانگی دیکە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ئەنجام دەدرێت، لەبەرئەوەی سیستەمی هەڵبژاردن فرە بازنەییە، تاوەکو ئەندازەیەک ژمارەی کورسییەکانی کورد بۆ خولی داهاتووی پەڕڵەمانی ئێراق لەبەرچاوە و سەنگ و پێگەی کورد دیارە، ژمارەی کورسییەکانی بە ئەندازەیەک نییە بتوانێت یەکلاییکەرەوە بێت لە هیچ پرس و بابەتێکدا، ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووش ئەوەی بۆ سەلماندووین هەرکاتێک عەرەبەکان بیانەوێت پرس و بابەتێکی چارەنووسساز تێپەڕێنن، تەنیا ئەوەندەیان بەسە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان وەلاوەبنێن، ئیدی بە زۆرینە و کەمینە و بێ حیسابکردن بۆ دەنگ و سەنگی کورد لەناو هۆڵی پەڕڵەمان بڕیاری خۆیان دەدەن، بەڵام ئەگەر کورد بیەوێت بەدوای دەرفەتی ئەوەدا بگەڕێت پێگەی لە ئێستا بەهێزتربێت لە ئێراق، دەکرێت بڵێین هەڵبژاردن دەرفەتی ئەوەی تێدایە شانسێکی باشتر بداتە کورد، بەڵام پێویستی بە تەگبیری وردە.
لە دوای کەوتنی سەدامەوە، یان درووستتر ئەوەیە بگوترێت لەدوای نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی ئێراقەوە کە بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی ئێراق نووسراوەتەوە و بە گشتپرسیی گەلانی ئێراق پەسندکراوە، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ لەنێوان سێ دەستەی سەرۆکایەتییەکەی ئێراق دابەشکراوە. زۆرترین دەسەڵات و جومگەکانی حوکمڕانی دراونەتە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەن، سەرۆککۆمار وەکوو لووتکەی هەرەمی دەسەڵات لە ئێراق، کراوەتە پۆستێکی تەشریفاتی. هەرچەندە نە لە دەستوور و نە بە هیچ یاسایەک ئەو پۆستانە دابەشنەکراون بەسەر پێکهاتەکاندا، بەڵام لە دوای نووسینەوەی دەستوورەوە تاوەکو ئێستا وەکوو عورفێک سەرۆکوەزیران بۆ شیعە دانراوە و سەرۆککۆمار بۆ کورد و سەرۆکی پەڕڵەمان بۆ سووننەکان.
پۆستی سەرۆککۆمار هەرچەندە پۆستێکی ڕووکەشە، بەڵام دەرفەتی ئەوەی تێدایە بتوانرێت بە جۆرێک بەڕێوەببرێت ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی لەوە زیاتربن کە لە دەستووردا بۆی دیاریکراوە. سەردەمانێک مام جەلال توانیی ئەوە بکات کە شکۆیەکی زیاتر بدات بە و پۆستە. هەرچەندە مام جەلال خۆی کارەکتەرێکی سیاسیی کارامە بوو، بەڵام ئەوەی وایکرد پێگە و هەیبەتی لەو پۆستە گەورەتربێت، پەیوەندیی بە دۆخی نێوماڵی کوردەوە هەبوو. لەلایەک کوردستان بە دۆخێکی سیاسیی سەقامگیردا تێدەپەڕی، هەروەها کۆدەنگییەکی نیشتمانیی هەبوو بەوەی مام جەلال نوێنەرایەتیی کورد بکات لە بەغدا، کێشە و گیروگرفتی زۆریش نەبوو لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا. ئەمانە و چەند هۆکارێکی نێوخۆیی ئێراق و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان وایانکردبوو کە سەردەمی مام جەلال لە سەرۆککۆماری وەکوو سەردەمی زێڕینی کورد لە ئێراق وێنا بکرێت.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، دوای مام جەلالیش ئەو پۆستە هەر لە دەستی کورد ماوەتەوە، ئەی بۆچی کورد نەیتوانیوە بە هەمان ئەو ئەندازەیەی سەردەمی مام جەلال ئەو پۆستە بۆ خزمەتی کورد بەکاربەرێت؟ هەرچەندە هەلومەرجەکە تاوەکو ڕادەیەکی زۆر دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئێراق و بەتایبەتیش دوای هاتنی #داعش#، بە بەرژەوەندیی زاڵبوونی هەژموون و پێگەی شیعە کەوتەوە، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکە ئەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە کورد خۆیەوەیە.
د.بەرهەم ساڵح کە ئێستا سەرۆککۆمارە و ڕووبەڕووی زۆرترین ڕەخنە دەکرێتەوە بەوەی لاوازترین چوار ساڵی پێگەی کوردی لەو پۆستە بەڕێکرد، کەسانێکی زۆر هۆکارەکەی بۆ لاوازیی پێگەی بەرهەم ساڵح دەگێڕنەوە و پێیانوایە بەهۆی ئەو هەڵوێستانەوەیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە جیابوونەوەی لە یەکێتی و درووستکردنی هاوپەیمانی و پاشان جێهێشتنی حیزبەکەی و گەڕانەوەی بۆ نێو یەکێتی، سەنگ و پێگە سیاسییەکەی جارانی لەدەستدا؛ بەڵام ڕاستییەکە ئەوە نییە، چونکە د. بەرهەم هێشتا کارەکتەرێکی سیاسیی لێهاتووە و بۆ خۆی و بۆ کوردیش شانسی ئەوەی هەبوو هەلومەرج و سەردەمێکی وەک سەردەمی مام جەلال بۆ کورد لە ئێراق درووستبکاتەوە، بەڵام ئەوەی بووە کۆت و بەند و دەست و پێی بەرهەم ساڵحی بەستەوە، بەشێکی بەهۆی ناتەبایی نێوماڵی کورد و ئەو کێشە سیاسییانەی نێوان پارتی و یەکێتی و هەولێر و بەغدا بوون.
ئەوکاتەی د. بەرهەم کرایە سەرۆککۆمار، ئەگەر کوردستان بە هەمان دۆخی سەقامگیریی سەردەمی مام جەلالدا تێپەڕیبووایە و هەمان ئەو کۆدەنگییە نیشتمانییەی بۆ مام هەبوو، بۆ د. بەرهەمیش هەبووایا، ئەو پشتیوانییەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەستەبەر بکرایا و مافی ئەوەی بدرایە بەناوی هەموو کوردەوە نوێنەرایەتیی ڕاست و ڕەوای کێشەی کورد بکات لە بەغدا، بە دڵنیاییەوە ئێستا پێگە و سەنگی کورد و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا جۆرێکی دیکە دەبوو، بەڵام ئەمە وەکوو ڕێسای ماتماتیک ڕوونە بەهێزیی نوێنەری کورد لە بەغدا بەستراوەتەوە بە ئاستی ئەو پشتیوانییەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆی دەستەبەر دەکرێت.
تازە زەمەن ناگەڕێتەوە تاوەکو نەهێڵدرێت ئەو هەڵانەی هەبوون، ڕوویان بدایە، بەڵام بە سیاسەتی حەکیمانە دەکرێت قەرەبووی هەڵەکانی ڕابردوو بکرێتەوە. دوای مانگێکی دیکە دیسان پرسی پۆستی سەرۆککۆمار دێتەوە گۆڕێ، پارتی و یەکێتی ناکرێت جارێکی دیکە هەمان ئەو سیاسەتە هەڵەیە پەیڕەوبکەنەوە کە لە خولی ڕابردوودا کردیان. پێویستە لە ئێستا وە هەنگاو بۆ ئەوە بنێین کە دەبێت ئەم جارە بە ڕێککەوتنی نێوان هەموو لایەنە سیاسییە بەشدارەکانی نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا کۆدەنگییەکی نیشتمانی درووستبکرێت بۆ ئەو کارەکتەرەی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر دەکرێت، جا ئەگەر هەر د. بەرهەم ڕادەسپێرنەوە یان هەر کەسێکی دیکە، دەبێ مافی ئەوەی پێبدرێت نوێنەری گەلی کوردستان بێت بۆ ئەو پۆستە، هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دوور لە بەرژەوەندی و ململانێ و ناکۆکیی نێوخۆیان پشتیوانی بکەن.
ئەگەر کورد بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە پۆستی سەرۆککۆماری ئێراقی لەدەستبێت، سەرباری ئەو ناهاوسەنگییەی لە دەسەڵاتی ئێراقدایە، بەڵام دەتوانێت بەهۆی ئەوەی کە پارێزەری دەستوورە، ڕێگە لە زۆر زوڵم و ستەمی دەسەڵات بگرێت بەرانبەر بە کوردستان، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بەردەم مەترسیدارترین پڕۆسەی بەعەرەبکردندایە. لە دۆخێکدا ئەگەر نەتوانرێت کۆدەنگیی سیاسی لەنێو هێزە کوردییەکان درووستبکرێت بۆ دیاریکردن و پشتیوانی لە یەک کارەکتەری کورد، بە بۆچوونی من باشتر وایە کورد ئەو پۆستە وەرنەگرێت و بیداتە عەرەبی سوننە و لەبەرانبەردا پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمان وەربگرێت. ئەمەش نەک لەبەرئەوەی پێمانوابێت پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمان لە پۆستی سەرۆککۆمار گرنگترە بۆ کورد. بێگومان نەخێر، لەبەرئەوەی کورد کەمینەی نێو پەڕڵەمانە، سەرۆکی پەڕڵەمان هیچ لە دۆخی کورد لەنێو پەڕڵەمان ناگۆڕێت، بەڵام ئەوەی وادەکات دەرفەتی بەهێزبوونەوە بداتە کورد لە ئێراق، ئەوکاتەیە کە سەرۆککۆمار لە دەستی عەرەبی سوننەدا بێت.
شیعە لە ئێراق تاوەکو ئەندازەیەکی زۆر ئەوەیان بۆ خۆیان یەکلاییکردووەتەوە کە ناسنامەی دەوڵەتەکە بەرەو وڵاتێکی عەرەبیی شیعە مەزهەب ببەن، ئێرانیش بە هەموو سەنگی خۆیەوە لە پشتیانە. ئەگەر پۆستی سەرۆککۆمار بدرێتە عەرەبی سوننە کە ئەمە لای شیعەکان وەکوو کفر وایە جارێکی دیکە ببینن لووتکەی هەرەمەکە و سیمای دەوڵەتەکە بکەوێتەوە دەستی سوننە، ئەوکات دەوڵەتە سونییە عەرەبییەکانی ناوچەکە بایەخێکی زۆر بە پۆستی سەرۆککۆمار دەدەن، دەرفەت بۆ بەهێزبوونەوەی سوننە لە ئێراق دەڕەخسێت، بەوهۆیەوە ناکۆکی و ململانێی نێوان سوننە و شیعەکان زۆر قووڵ دەبێتەوە، کورد لێرەدا دەبێتە پارسەنگی هاوکێشەکان، دەرفەتی یاریکردنی زیاتری بۆ دەڕەخسێت، ئەگەر دیدێکی نیشتمانی و ئامانجێکی نەتەوەیی لە پشت گەمە سیاسییەکانەوە بێت، دەکرێت دەرفەت بۆ خولێکی دیکەی دەورانی کورد بڕەخسێتەوە. [1]