$ئاو وەک پڕۆژەی وەبەرهێنان$
#عارف قوربانی#
دەسەڵاتدارێتیی کورد لە سێ دەیەی ڕابردوو بە چاوێکی ستراتیژییانەوە نەیڕوانیوەتە گرنگیی ئاو لە کوردستان. ئەگەر بە بایەخەوە لە داهاتووی ئاوی بڕوانیایە، لە 30 ساڵی ڕابردوو دەیتوانی و دەرفەتی ئەوەیشی هەبوو دەیان بەنداوی گەورە و سەتان بەنداوی بچووک درووستبکات، هەروەها دەیتوانی بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاوی باراناو بخاتەوە ژێر زەوی و کوردستان بکاتە نیشتمانێکی دەوڵەمەند بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی، بەڵام بەپێچەوانەوە نەک ئەوەی نەکرد، بگرە هەموو ئەو چەم و گۆماو و بەنداوانەی هەبوون، خەریکە ئاویان بە ئەندازەیەکی زۆر کەم دەبێتەوە و ئاوی ژێرزەویی کوردستانیش مەترسیی زۆری لەسەرە.
ئەوەی وەک دەرئەنجامیش پێی گەیشتووە ئەوەیە کە ئەگەر تەنیا ساڵێک باران کەم ببارێت، نەک هەر بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی، بەڵکوو گرفتی ئاوی خواردنەوەش سەرهەڵدەدات. جا ئەگەر خوا نەکردە چەند ساڵێک لەسەریەک وشکەساڵی بێت، دوور نییە زۆر شوێنی کوردستان دەرفەتی ژیانی تێدا نەمێنێت. ئەوەی بۆ جیهان و بەتایبەت ناوچەکانی ئێراق و نزیک هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانکراوە ئەوەیە کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی و مەترسیی وشکەساڵیی درێژمەودا، ناوچەکە ڕووبەڕووی بێئاویی زۆر ببێتەوە، بەئەندازەیەک کە هەندێ ناوچەی ئێراق هەڕەشەی بە بیابانبوونی لەسەرە. هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە کە تادێت لێشاوی عەرەب لە ناوچە تینووەکان ڕوودەکەنە هەرێمی کوردستان و لە داهاتوودا ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر دەبێت، ئەوەش وادەکات پێویستی بەکاربردنی ئاویش چەند جارێک لە ئێستا زیاتر بێت.
هەرێمی کوردستان زۆر دواکەوتووە لەوەی بڕیار لە گلدانەوەی ئاو و کۆکردنەوەی بکاتەوە، بەڵام بۆ کاری باش هیچ کات درەنگ نییە. ئێستاش دەتوانێت بە پلانێکی درێژمەودا هەڕەشەی کەمئاوی لە کوردستان دوور بخاتەوە، بەڵام ئایا حکومەت لە دۆخێکی وەک ئێستای قەیرانی داراییدا بەتەنیا دەتوانێ چی بکات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی سرووشت ببێتەوە؟ ئەوەی وەک پلانی حکومەت ڕاگەیێندرا ئەوەیە لە داهاتوودا چەند بەنداوێک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان درووستبکەن، ئەمە کارێکی باشە، بەڵام دەرەقەتی مەترسییەکانی وشکەساڵیی ساڵانی داهاتوو نایێت و بە فریای ئەوە ناکەوێت کوردستان لە کەمئاویی ڕزگار بکات.
ئەگەر لە سێ دەیەی ڕابردوو هەر کابینەیەکی حکومەت چەند بەنداوێکی درووستبکردایە و پلانی ئەوەی هەبووایە وەک پڕۆژەیەکی بەردەوام و وەک ستراتیجێک ساڵانە ژمارەی بەنداوەکان زیاد بکرابان، دەتوانرا دڵنیایی ئەوە درووستبکرێت کە کوردستان مەترسی لەسەر درووست نابێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ڕابردوو نەکراوە، کەواتا پێویستە ئێستا قەرەبووی کەمتەرخەمییەکانی ڕابردووش بکرێتەوە، وەک چۆن دەگوترێت (کەسێک لەماڵ درەنگ دەرچوو، دەبێت لە ڕێگە ڕابکات) .
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەنیا ناتوانێت بەرپرسیارێتیی ئەو ڕێژە پێویستەی بەنداو هەڵگرێت، پێشم وانییە وڵاتانی کۆمەک بەخش و نەتەوە یەگرتووەکانیش هێشتا بیریان لەوەکردبێتەوە چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە لە خودی ناوچە هەڕەشە لەسەرکراوەکان بدۆزنەوە بەوەی پڕۆژەی بەنداوی گەورە و بچووک درووستبکەن تا ژیان لەو ناوچانە بەردەوام بێت و دانیشتووانەکانی ناچاری ڕەوکردن نەبن، بۆیە چاوەڕێکردن بەوەی کە خەڵکی دیکە بێن یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بن لە ڕەواندنەوەی مەترسی کەمبوونەوەی ئاو، وەک ئەو پەندە کوردییە وایە کە دەڵێت (چاوەڕێی کاسەی دراوسێ بیت، بێشێو سەردەنێیتەوە) .
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لە دوو ڕێگەی دیکەوە ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە ببێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە لە ڕێگەی هاندانی گوندنشینەکانەوە هەڵمەتێکی درووستکردنی بەنداوی بچووک دەستپێبکات. لەبەرئەوەی سرووشتی کوردستان بە جۆرێکە خاکەکەی گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو، لە هەموو شار و شارۆچکەیەکدا حکومەت مەکاینی وەک (شۆفڵ، حەفارە و گڵابە و...) هەیە و دەتوانێت بڕیار بدات لە هەر گوندێک خەڵکەی ویستیان بەنداو درووست بکەن، بە ئالیاتی حکومەت یارمەتیی بدرێن. ئەمە بکرێتە پڕۆژەیەک بۆ هاندانی گوندنشینەکان بۆ درووستکردنی بەنداو. لە ڕابردوودا لە هەر گوندێکدا بەنداوێک درووستکرابێت، هەر ساڵێک بێبارانیش بووبێت ئەو گوندە کێشەی بێئاوییان نەبووە و تەنانەت لە گوندەکانی دەوروبەریشیان بەهۆی زیادبوونی ئاوی ژێر زەوییەوە چەندین چاوگەی کانی سەریان هەڵداوە.
ڕێگەی دووەم ئەوەیە ئاو بکرێتە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان. بۆ ئەوەی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانی کورد وەک هەڵمەتێکی نیشتمانی بەشدار پێبکرێن لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی کەمبوونەوەی ئاو لە کوردستان، ئەویش لە ڕێگەی ئەوەی بڕیار بدرێت هەر کۆمپانیا یاخود سەرمایەدارێک بیەوێ بەنداوی گەورە درووستبکات بۆ ماوەی 20 ساڵ بتوانێ ئاوی پڕۆژەکە بفرۆشێت و دوای ئەو بیست ساڵە ببێتەوە بە موڵکی حکومەت.
ئێستا ئەگەر تەماشا بکەیت لە کوردستان لەبەر ئەوەی ڕۆشنبیریی بەکاربردنی ئاو نییە، هیچ جیاکارییەک نییە لەنێوان ئەو ئاوەی بۆ خواردنەوە دەدرێت بە خەڵک لەگەڵ ئەو ئاوەی بۆ نموونە بۆ تەوالێت بەکار دەبرێت. یا ئەو ئاوەی بۆ درووستکردنی پڕۆژەکان، شۆردنی ئۆتۆمبێل، کارگەی بلۆک، ئاسن و چیمەنتۆ بەکار دێت. لە هەرێمی کوردستان مرۆڤێک ڕۆژانە چەنێک ڕێژەی ئاوی پێویستە بۆ خواردنەوە، لەو ڕێژەیە زیاتر ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ تەوالێت بەکار دەبات. هەروەها بۆ هەموو بوارەکانی دیکە. ڕۆژانە چەندێک ئاو پێویستە بۆ خواردنەوە، لەو ڕێژەیە زیاتر لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و درووستکردنی خانووبەرەو کارگە و کارخانەکان بەکار دەبرێن.
ئەگەر حکومەت وابکات ئاو وەک پڕۆژەی وەبەرهێنان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بۆ نموونە لە هەر پارێزگایەک و شار و شارۆچکەیەکدا چەندین بەنداوی تایبەت بە کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان درووست بکرێت، سبەینێ دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەوەش بدات حکومەت تەنیا بەرپرسە لەوەی ئاو بۆ ماڵەکان دابین بکات، نەک لەسەر حسابی ئاوی خواردنەوەی ماڵان سەتان کۆمپانیا ئاوی خواردنەوەی خەڵک بۆ درووستکردنی کارگەی بلۆک، درووستکردنی بینا و باڵەخانە و پڕۆژە جۆراوجۆرەکانیان بەکاربەرن، ئەوکات سەرچاوەیەک هەیە بۆ فرۆشتنی ئاو بە پڕۆژە و کارگە و کارخانەکان، کۆمپانیاکان و خاوەن پڕۆژەکانیش ناچار دەبن بچن لەو شوێنانە ئاو بۆ پڕۆژەکانیان بکڕن. ئەمە جگە لەو سوودەی ئەو بەنداوانە ئەگەر موڵکی کەسی یان کۆمپانیاش بن، کەڵک بە ژینگە و سرووشتی کوردستان دەگەیێنن و دەبنە سەرچاوەیەک بۆ دەوڵەمەندکردنی ئاوی ژێر زەوی، دەتوانرێت سوودیان لێببینرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بووژانەوەی سامانی ماسی، دەبێتە هۆی پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری، کشتوکاڵ و ئاودێری کە بەهۆیانەوە دەتوانرێت دەرفەتی کار بۆ هەزاران کەس دەستبەربکات. هەروەها ئەوەش لەکۆڵی حکومەت و خەڵک دەکەنەوە وەک ئەوەی ئێستا لە بەشی ئاوی پاکی خواردنەوەی ماڵان پڕۆژەکانی پێبەڕێوەدەچێت. پاش تەواوبوونی ئەو ماوەیەش کە خاوەندارێتییەکەی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، حکومەت دەبێتە خاوەن چەندین بەنداوی گەورە بێئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی تێدا خەرج کردبێت. [1]