$دوای کابوول نۆرەی بەغدایە یان #هەولێر#؟$
#عارف قوربانی#
داڕووخان و شکستی خێرای سوپا و حکومەتی ئەفغانستان بەرانبەر بە گرووپی تیرۆریستیی تاڵیبان، جێی تێڕامانە. سوپایەک بە درێژایی دوو دەیە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی مەشق و راهێنانیان پێکردووە و بە تازەترین تەکنەلۆجیا و چەکی سەربازی، فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی، بە هەمەر و تانکی گوللەنەبڕ پڕچەک کرابوون، بەڵام لە بەردەم ماتۆڕسکیل و پیکابی دوابەتاڵی چەکدارانی تاڵیبان هیچ بەرگرییەکیان پێنەکرا. ئایا هۆکارەکان هەر ئەوانەن کە ئەمریکا و میدیای جیهانی دەیانەوێ وەک پەردەیەک بەسەر شانۆی ڕووداوەکانی ئەفغانستانیدا بدەن کە لەناو سوپاو دامەزراوە حکومییەکان گەندەڵی بێئەندازە هەبووە، ئەو گەندەڵی و نادادییە هۆکاری پشتی داڕووخانی ورەی سەربازەکان بووە کە هیچ باوەڕێکیان بەوە نەماوە خۆیان بۆ پارێزگاریی وڵاتێک بە کوشت بدەن کە ژیانی بەشی هەرە زۆری میللەتەکەی بەرەو هەژاری برد و چینێکی دەستڕۆ و دەسەڵاتداریشی گەیاندە کەشکەلانی فەلەک. ئایا هەر بەڕاستی ئەوە هۆکاری داڕووخانەکەیە؟
ئەشێ یەکێک لە هۆکارەکان بوونی گەندەڵی و خراپیی حوکمڕانی وڵاتەکە بێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەو داڕووخانە، خودی ئەمریکایە. نەک هەر لەبەر ئەوەی چۆکی بۆ تاڵیبان دادا و لە کۆبوونەوە ئاشکرا و نهێنییەکانی نێوانیاندا ملی بۆ خواستەکانیان کەچکرد کە هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە و بەوەش زەمینەی گەڕانەوەی تاڵیبانی خۆشکرد، بەڵکوو لەبەرئەوەی ئەمریکا دەیوست تاڵیبان بگەڕێنێتەوە سەر دەسەڵات، وەک چۆن لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووش بۆ کۆمەڵێک ئامانج دەستیگرتن و خستنیە سەر حوکم. ئێستاش ئەمریکا زەمینەی ئەوەی بۆ ڕەخساندوون دەست بەسەر وڵاتەکەدا بگرنەوە. ئامانجی ئەمریکا لەم سیناریۆیە چییە، مەگەر پاش ساڵانێکی زۆر درەنگتر دەربکەون.
محەمەدڕەزا شای ئێران لە پەڕتووکی وەڵام بۆ مێژوو کە بەشێکی بیرەوەرییەکانییەتی و دوای لەسەرکارنەمانی و ئاوارەبوونی نووسیوێتی، لە جێیەکدا باسی ئەوە دەکات پێش ئەوەی دۆخی تاران ئاڵۆزبێت شەوێک باڵیۆزی ئەمریکا هات بۆلام و داوای ئەوەی لێدەکردم کە بۆ ماوەی مانگێک گەشتێک بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکەم، کۆمەڵێک پاساوی بۆ ئەو سەفەرەی من ڕێکخستبوو، دەڵێت هێشتا من لای خۆمەوە هەر خەریکی گەڵاڵەکردنی پێشنیازەکەی بووم و بڕیاری سەفەرم نەدابوو، کەچی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بە مانشێت نووسیبووی شای ئێران هەڵهات و تارانی بەجێهشت. شا ئەمە وەک نموونەیەک دەهێنێتەوە بۆ بوونی دەستی ئەمریکا لە هاندان و درووستکردنی خۆپێشاندانەکان بۆ لەسەرکارلابردنی ڕژێمی شاهەنشایی و هێنانە سەر حوکمی مەلاکان.
ئەگەر تەماشای ڕووداوەکانی تەنیا ئەم چەند ڕۆژەی ئەفغانستان بکەین و لێدوانی فەرمیی بەرپرسەکانی ئەمریکا پەیوەست بە دۆخی ئەفغانستان بهێنینە پێشچاوی خۆمان، زۆر بە سادەیی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەمریکا هەمان ئەو ڕۆڵەی سەردەمی شا دەگێڕێت. هێشتا تاڵیبان هێرشەکانی دەستپێنەکردبوو، ئەمریکا دەڵێت: دوای کشانەوەی هێزەکانمان ئەگەری ئەوە هەیە تاڵیبان دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێتەوە. دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا زەمینەی گفتوگۆیەکی درووستکردووە ئایا لە ماوەی 90 ڕۆژ یان 30 ڕۆژدا کابوولی پایتەخت دەکەوێتە دەستی تاڵیبان. داوای لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کردووە بەڵگەنامەکان بسووتێنن بۆ ئەوەی تاڵیبان دەستیان بەسەردا نەگرێت. ئەمە لەکاتێکدابوو هێشتا هیچ مەترسییەک لەسەر پایتەخت درووست نەببوو. دوایین لێدوانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش زیاتر ئاوی کردە ئاشی هێرشەکانی تاڵیبانەوە بۆ سەر کابوول کاتێک وتی هێزی سەرباز دەنێرین بۆ ئەوەی پڕۆسەی گواستنەوەی سەفارەتەکەمان خێراتر بکات و هەڕەشەی ئەوەی لە تاڵیبان کرد کە ڕێگری بۆ پڕۆسەی خێرا گواستنەوەمان درووست نەکەن. هەموو ئەمانە ئاماژە و ڕێگەپێدانی ئەمریکا بوون بۆ تاڵیبان تاوەکو دەست بەسەر کابوولدا بگرێت، هەروەها زەمینەخۆشکردن بوون بۆ داڕووخانی سوپا و دەسەڵاتی ئەفغانستان. ئەمریکا بۆچی ئەمە دەکات؟ ئەوە دەبێت زەمەن وەڵامی درووستمان بداتەوە چی کارێکی بە هێنانەوەی تاڵیبانە.
سەرنج و چاوەڕوانییەکان بۆ دوای ئەفغانستان لەسەر ئێراقن، لە ئێراقیش هاوشێوەی ئەفغانستان ماوەیەکی زۆرە ئەمریکا لەگەڵ گرووپەکانی بەعس و #داعش# و #حەشدی شەعبی# لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆدایە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئێراق. ئایا بە کشانەوەی ئەمریکا لە ئێراق سیناریۆی گەڕانەوەی داعش، یان هێنانەوەی بەعس لانی کەم بۆ ناوچە سووننییەکان، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە؟ هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشە و مەترسییەک دەبێتەوە؟
ئەگەرچی ئێراق و ئەفغانستان خاڵی هاوبەش و هاوشێوەیان زۆرە، لە گەندەڵی و نادادی، خراپیی حکومڕانی، ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک، دۆخی ئەمنی و ناسەقامگیری، تا دەگاتە هەمان ئەو نائومێدییەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان بەوەی سەتان ملیار دۆلاریان لە مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردنی سوپایەکدا خەرجکردووە و نەبووەتە سوپا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوان ناکرێت ئەو دۆخەی ئەفغانستان لە ئێراق دووبارەببێتەوە، چونکە ئەو گرووپانەی داوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکەن لە ئێراق، وەک تاڵیبان هێزێک نین لەدەرەوەی حوکمڕانی، تاوەکو بەکشانەوەی ئەمریکا زەمینەی گەڕانەوەیان بۆ خۆش بکرێت، ئەوەی لە ئێراق داوای چوونە دەرەوی ئەمریکا دەکات، داعش و بەعسییەکان نین، بەڵکوو ئەو گرووپانەن کە کۆڵەکەی حوکمڕانی شیعەن لە ئێراق و دەسەڵات بەدەستی خۆیانەوەیە. بۆیە ئەوەی بەکشانەوەی ئەمریکا لە ئێراق مەترسی دەکەوێتەسەر هەرێمی کوردستانە نەک بەغدا.
بەکشانەوەی ئەمریکا لە ئێراق، گۆڕەپانەکە بۆ ئێران واڵاتر دەبێت و ئێران هیچ بەرژەوەندییەکی لەوەدا نییە کێشە بۆ شیعەی دەسەڵاتدار درووست بێت، بۆیە ئێران وەک پاسەوانی بەغدا ڕێگە بەوە نادات نە گرووپەکانی بەعس و نە داعش، کۆسپ بۆ دەسەڵاتی شیعە درووستبکەن، مەگەر لەو ناوچانەی پێویستی بە پاساوی وێرانکردن و هەڵتەکاندنی ژێرخان و پاکتاوکردنی خەڵکەکەی هەبێت، ئەوەش بۆ ناوچە سوننییەکان چاوەڕوانکراوە نەک بۆ بەغدا.
ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ببێتە خاڵی چاوەڕوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە، هەڕەشەی داعش و هەڕەشەی گرووپەکانی شیعە. بەپێی ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش هێشتا مانەوەی هێزە چەکدارەکانی داعش بە هەزاران کەس دەخەمڵێندرێن. لەم سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیارییەدا کە ئامرازەکانی بەردەستی دەزگا هەواڵگرییەکان زۆر پێشکەوتوون، جێی گومانە بگوترێت هەزاران چەکداری داعش بەچەک و کەلوپەلی سەربازییانەوە نازاندرێت لەکوێ خۆیان حەشارداوە. چەکدارەکانی داعش بۆ ئەرکێکی دیکە هەڵگیراون و دەزگا هەواڵگرییەکان خۆیان ئیدارەی خواردن و حەوانەوەیان دەدەن. ئەوەی هەستپێدەکرێت بەشی زۆریان لە ناوچەکانی نێوان موسڵ و هەولێرن. ئەو ناوچەیەش هێندە سەخت و تووش نییە بتوانرێت هەزاران کەس خۆی لە مانگە دەستکردەکان و چاوی کامێرای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بشارێتەوە. ئەو هێزانەی داعشیان بەکاردەبرد، هەڵیانگرتوون بۆ قۆناخێکی دیکە، کە بەدوور نازانرێت دوای کشانەوەی ئەمریکا بیانکەنە سەرئێشە بۆ هەرێمی کوردستان.
هەڕەشەی دووەمیش لەسەر هەرێمی کوردستان، گرووپەکانی حەشدی شەعبین. هۆکار زۆرە بۆ بوونی ناکۆکی و ململانێ لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، لەنێوان حەشد و پێشمەرگە. مانەوەی کێشەکانی ڕابردووی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراق، هەروەها لێکەوتەی ئەو کێشانە و سەرهەڵدانی گرفتی جۆراوجۆری دیکە کە ئێستا بوونیان هەیە، ئەگەری زۆرە دوای کشانەوەی ئەمریکا، نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو ئاڵۆزتر بەرێت. ئەو ڕێوشوێنانەی بۆ سیاسەتی بەعەرەبکردن و تەشەیوع لە ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبرێن، زاڵبوونی هەژموونی حەشدی شەعبی بەسەر دەزگا ئەمنییەکان و ئیدارەی ئەو ناوچانەدا، مەترسییەکانیان بۆ سەر کورد، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراون بۆ تەقینەوە. تازەترین داوای ئێرانیش لە هەرێمی کوردستان بە دەرکردنی بنکە و بارەگای هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە شایەتی بینینی زنجیرە پەلاماردانیان دەبین، کوردستان بەرەو دۆخێکی خراپ دەبات.
ئەوەی بتوانێ کوردستان لەو گێژاوانە بپارێزێت و ببێتە بەدیلی ئەمریکا بۆ کوردستان، ئێرانە. ئێران دەتوانێت مەترسیی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان زیاد بکات و هەر خۆیشی دەتوانێ مەترسییەکە دووربخاتەوە. ئێران دەتوانێ گرووپەکانی حەشدی شەعبی بکاتە سەرچاوەی نائارامی و ناسەقامگیری بۆ هەرێمی کوردستان، هەر خۆیشی دەتوانێت مەترسیی حەشد لەسەر کوردستان دووربخاتەوە. ئێران دەتوانێت بەغدا بکاتە هۆکار بۆ تێکدانی دۆخی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستان و هەر ئێرانیش دەتوانێت بەغدا بکاتە سەرچاوەی هێز بۆ کوردستان. بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بۆ دوای کشانەوەی ئەمریکا دڵنیایی ئێرانی بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات، ئەمەش پێویستی بە بیری ورد هەیە. وەک چۆن (#شوکری فەزڵی#) لە شیعرێکدا ڕوودەکاتە مەلیکی کوردستان و دەڵێت:
$ئیش کە ڕووی ئێستە لە هەورازە، سەرە و لێژی نەکەیت
بیریی وردیشی دەوێ، هەر بە دوعا و نوێژی نەکەی!$
[1]