$بۆچی جیهان دان بە کۆمەڵکوژیی کورددا نانێت؟$
#عارف قوربانی#
هەرچەندە لە #09-08-1948#ەوە لە چوارچێوەی بڕیار و پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵکوژیی قەدەخە کراوە و کۆمەڵێک ڕێکار بۆ سزای ئەنجامدەرانی دانراوە، هەروەها بەشی زۆری دەوڵەتەکان لە قۆناخی جیاجیادا واژۆی ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتییەیان کردووە و خۆیان پابەندکردووە بە خۆدوورگرتن لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە، هەروەها خۆشیان پابەندکردووە بە گرتنەبەری ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کۆمەڵکوژیی ڕێکخراو چی بەهۆی شەڕی نێوان دەوڵەتەکان و چی لە ڕەفتاری دەوڵەتێکدا بەرانبەر بە گەل و نەتەوە و پێکهاتە و ئیتنیکی جیاوازی نێو وڵاتەکانیان، بەردەوامی هەبووە.
ناتوانرێت گریمانەی ئەوە بکرێت ئەگەر ئەو یاسا و ڕێسایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووان، ژمارەی تاوانە کۆمەڵکوژییەکان چەند هێندەی ئێستا دەبوون، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە بوونی ئەو یاسایانە و چەندین پەیماننامەی دیکە بۆ ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی نەبووەتە هۆکاری کۆتاییهێنان بە تاوانەکە.
ئەمەیان چەند پەیوەندی بە ملهوڕیی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانەوە هەیە، لەوەش زیاتر نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لێی بەرپرسن، چونکە سستن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان و ئەو پابەندییە نێودەوڵەتییانەی پەیماننامە و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دیارییان کردووە تاوەکو چارەسەری ئەو سستی و بێهەڵوێستی و گوێپێنەدانەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەکرێت و وەک خۆی بمێنێتەوە، جیهان لە بەردەم چەندبارەبوونەوەی تاوانی کۆمەڵکوژیی گەورەدایە. بەتایبەت بەرانبەر بە و گەل و نەتەوە بێ دەوڵەتانەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوە سەردەستەکاندا هێڵدراونەتەوە.
تاوەکو ئێستا ئەوەی وەک کۆسپێکی گەورەی بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان دەبیندرێت لەو مامەڵەکردنە خراپەیان بەرانبەر بە و کۆمەڵکوژییانەی لە جیهاندا ڕوویانداوە و لێپێچینەوە نەکردنیان بەرانبەر بە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکان، بۆ پەیوەندی و بوونی بەرژەوەندیی نێوان وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەڕێتەوە. لەبەرئەوەی وڵاتەکان دۆستایەتی و پەیوەندیی سیاسی و تەنانەت هاوپەیمانیی سەربازیی و بەرژەوەندیی ئابووریی زۆر لەنێوانیان درووستبووە، بە و هۆیەوە چاوپۆشی لە تاوانی یەکدی دەکەن. یان بەهۆی ئەوەی نایانەوێ دۆستایەتی و بەرژەوەندییەکانیان تێکبچێت، بۆیە نابنە تەرەف لەوەی دۆسیەی تاوان بۆ کەیسێک بکرێتەوە کە ئەنجامدەرەکەی بەرژەوەندیی و پەیوەندیی سیاسی پێکەوەیان دەبەستێتەوە.
ئەگەرچی ئەمە پاساو و بەرپرسیاریێتییەکی نائەخلاقی نێوان دەوڵەتەکانە، بەڵام با گریمانەی ئەوە بکەین لەسەر بنەمای بوونی پەیوەندی و بەرژەوەندیی نێوانیان هەڵوێستی وڵاتان ڕەنگ دەداتەوە. بۆ نموونە ئەگەر ئەمە بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا ڕاست بێت کە زۆرێک لە وڵاتان تاوەکو ئێستا ئامادە نین دان بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا بنێن، بەهۆی ڕەچاوکردنی تێکنەچوونی پەیوەندیی و بەرژەوەندییەکانیانە لەگەڵ تورکیا، یان ئەگەر ئەمە بۆ هۆڵۆکۆست بکرێتە پاساوی ئایینی و ئایدۆلۆجی و بەشێک لە وڵاتەکان نکۆڵی لە ڕوودانی هۆڵۆکۆست دەکەن یا ئامادە نین وەک تاوانی کۆمەڵکوژی بیناسێنن، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەی چی ڕێگرە یان پاساو و بیانوویان چییە لەوەی ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەرانبەر بە کورد لە ئێراق ئەنجامدراوە، دانیپێدابنێن؟
کورد لە دوو قۆناخدا لە ئێراق تاوانی کۆمەڵکوژیی بەرانبەر ئەنجام دراوە. سەردەمی حوکمی سەدام لە 1968 تاوەکو 2003، کورد پێنج جار ڕووبەڕووی تاوانی کۆمەڵکوژی کراوەتەوە، یان درووستتر ئەوەیە بگوترێت پێنج جۆر تاوانی کۆمەڵکوژی بەرانبەر ئەنجام دراوە. تاوانی پاکتاوی ڕەگەزیی و بە عەرەبکردن. تاوانی تەسفیری کوردە فەیلییەکان، تاوانی کۆمەڵکوژی بارزانییەکان، تاوانی ئەنفال، تاوانی هەڵەبجە. ئەم پێنج کەیسە لە دادگەی باڵای تاوانەکانی ئێراق وەک دۆسییەی تاوانی کۆمەڵکوژی ناسێندران و حوکمی دادگەیان لەبارەوە بۆ دەرچووە.
قۆناخی دووەم ئەوەی داعشیش هەمان شێوەیە، بەشی زۆری وڵاتانی دونیا هاوهەڵوێست بوون لە ناساندنی داعش وەک مەترسییەک بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی، لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی و لە نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین بڕیار و ڕاسپاردە دەرکراون بۆ لەنێوبردنیان، دەیان وڵات بەشداربوون لە پێکهێنانی هێزی سەربازیی و بەشداریان لە ڕووخاندنی خەلافەتەکەیاندا کرد. کەچی تاوەکو ئێستا ئەو وڵاتانەی خۆیان خەلافەتەکەی داعشیان ڕووخاند ئامادە نیین ئەو تاوانەی بەرانبەر بە شنگال ئەنجام دراوە وەک کۆمەڵکوژی بیناسێنن. ئایا جێگەی هەڵوەستە و پرسیار نییە کە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان دەسەڵاتی سەدام و داعشیان وەک گەورەترین هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی ناوزەندکردووە، کەچی ئامادە نیین دان بە و تاوانانەدا بنێن کە ئەنجامیان داوە؟
لە کاتێکدا ئێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە ئەو تاوانانە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژە مرۆڤایەتین و وەک کۆمەڵکوژی ناساندوویەتی. واتا ئەگەر ئەو بنەمایە پێوەربێت کە بۆ موراعاتی دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان دان بە تاوانەکەیا نانێن، ئێراق خۆی لە دادگەی باڵای تاوانەکان و لە دەستەی سەرۆکایەتییەکانی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران و لە پەڕڵەمانی وڵاتەکەشدا هەموو ئەو تاوانانەی وەک جینۆساید ناساندووە. ئەی کەواتە هۆکار چییە کە تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو وڵاتانەی لە پەڕڵەمانەکانیان جینۆسایدی کوردیان ناساندووە، لە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک تێپەڕناکات.
ئەی دەبێت بە هۆکاری چی بێت ئەو تاوانانەی داعش لە شنگال ئەنجامی داون لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک تاوانی کۆمەڵکوژی نەناسێندراوە، ئایا ئەمەش بۆ ڕەچاوکردنی پەیوەندی و دۆستایەتی و بوونی بەرژەوەندییە؟ یان دەبێت کورد بخاتە بەردەم ئەو پرسیارەی بۆچی جیهان بە و چاوە بێنرخ و کەم بایەخە لە کورد دەڕوانێت؟
دوێنێ یادی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان بوو، دوو ڕۆژی دیکەش یادی جینۆسایدی شنگالە، ناوەندەکانی بڕیاری کوردستان و سەرۆکایەتییەکان ڕاگەیێندراوێک بڵاودەکەنەوە و بە زمانی شیرینی کوردی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دان بە جینۆسایدی گەلی کوردستاندا بنێن، بێئەوەی کورد خۆیشی هیچ هەنگاوێکی کرداری وەک بەرپرسیاریێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بنێت. پێویستە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتمانی ئەم بەرپرسیاریێتییە لە ئەستۆ بگرێت و هەوڵی کردنەوەی دەرگەکانی جیهان بدات بۆ داننان بە جینۆسایدی گەلی کوردستاندا.
زۆرجار دەگوترێت هێشتا ڕای گشتیی جیهان تاوانەکانیان نەناسیوە، ئیدی چۆن ئامادەبن دانی پێدا بنێن. ئەوانەی لە ناوەندی بڕیاری نێودەوڵەتی کاردەکەن و ئەوانەی لە وڵاتەکان بڕیار دەدەن، ئاگایان لە هەموو تاوانەکان هەیە، هەڵەبجە و شنگالیش هەموو دونیا دەیزانن، بۆیە ئەوە پاساو نییە. ئەوانەی بڕیار دەدەن لەوەی ئەو تاوانانە وەک جینۆساید بناسرێن، ڕای گشتیی وڵاتان نیین، بەڵکوو ناوەندەکانی بڕیارن. دەبێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەرگەی ناوەندەکانی بڕیاری وڵاتان بە ڕووی ئەم پرسەدا بکاتەوە. هەنگاوی یەکەمیش پێویستە لەو وڵاتانەوە دەستپێبکات کە نوێنەرایەتی و کۆنسوڵگەرییان لە کوردستان هەیە، دەبێت داوەتێکی کراوە بۆ هەموویان پێکەوە بکات و بیانخاتە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەی کە ئێراق خۆی دانی بەوەدا ناوە کە جینۆسایدی کوردی کردووە، ئێوە بۆ ئامادەنین وەک تاوانی جینۆساید بیناسێنن؟ پێویستە بڕیارەکانی دادگە بۆ هەر پێنج کەیسەکەی تاوان و بڕیارەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەڕڵەمان و ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ ڕاپۆرتێکی داواکاری بۆ ناساندنی ئەو تاوانانە بەناوی گەلی کوردەوە بدرێت بە و وڵاتانە. پاشان پێویستە نامەیەکی هاوشێوە بە و بەڵگە سەلمێنەرانەوە بدرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرایەتیی هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
دەبێت کەیسی شنگال هەڵوێست و ئەو بەرپرسیاریێتییە نائەخلاقی و نامرۆڤایەتییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهەژێنێت کە چی دووڕووییەکە جیهان داعش وەک هەڕەشە و مەترسی مرۆڤایەتی وێنا بکات، بەڵام ئامادە نەبێت تاوانەکانی داعش لە کۆمەڵکوژیی لاو و منداڵ و پیرەژن و پیرە مێردەکانی ئێزدی، ڕفاندنی هەزاران کچ و بە کەنیزەککردنیان و فرۆشتنیان وەک کۆیلە، وەک تاوان ببینێت. پێویستە هەرێمی کوردستان ئەم دوو کەیسە و ئەم دوو هەڵوێستەی جیهان بکاتە دوو پەلی دەستی و دەرگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵات بەوڵاتی پێبهەژێنێت. ئەگەر ئەو دووڕوویی و نیفاقە بەچاویاندا نەدرێتەوە، کۆمەڵکوژییەکانی ئێمە وەک تاوان نابینن، تا جیهانیش دان بە و تاوانانەدا نەنێن، بە دڵنیاییەوە بەردەوام لە بەردەم چەندبارەبوونەوەیانداین. [1]