$کورد لە سەردەمی درۆندا$
#عارف قوربانی#
هەفتەی پێشوو ڕاپۆرتی تیمێکی تایبەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شەڕی لیبیا جیهانی لە مەترسی جۆرێک درۆنی پێشکەوتووی تورکیا بەئاگا هێنایەوە کە وەک پێشێلکارییەک لە شەڕی ناوخۆی لیبیا لەلایەن تورکیاوە بەکارهێندراوە، ڕاپۆرتی لیژنەکە زیرەکی و توانای دەستنیشانکردن و پێکانی ئامانجەکانی ئەم درۆنەی هێندە بە مەترسی وێناکردووە کە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بیخاتە ڕیزی چەکە قەدەخەکراوەکانەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەربارەی تەکنەلۆجیای جەنگیی تورکیا و گەشەسەندنی تواناکانی ئەو وڵاتە لە درووستکردنی جۆرەکانی درۆن دەخرێنەڕوو، پیشەسازیی سەربازیی تورکیا هەندێ لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی تێپەڕاندووە. بەشی زۆری ئەم درۆنە زیرەکانە دراونەتە سوپای وڵاتەکە و لە ئۆپەراسیۆنی جیاجیادا بەکاردەبرێن. تاوەکو ئێستا ئەوەی وەک هەڵوەستەیەک لە ڕاپۆرتی ئەو لیژنە تایبەتەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس کراوە، بەکاربردنی ئەم جۆرە درۆنەیە لە شەڕی لیبیا، بەڵام لە شەڕی یەکلاکەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیادا ئەوەی شەڕەکەی بە بەرژەوەندیی ئازەربایجان یەکلاکردەوە، بەشداریی درۆنەکانی تورکیا بوو. هەروەها لە شەڕی تورکیا لە دژی پەکەکە و لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیادا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەم درۆنانە بەکاربراون و بەشی زۆری ئەو ئامانجانەی تورکیا دەیانپێکێت، لە ڕێگەی ئەم درۆنە زیرەکانەوەیە.
ئەگەر توانای ئێرانیش لە درووستکردن و گەشەپێدانی مووشەکی زیرەک و درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەک تورکیا نەبێت، زۆر کەمتر نییە. ئەم وڵاتەش لە ڕێگەی هێزە وابەستەکانی خۆیەوە دژ بە نەیارەکانی ئەم توانا و تەکنەلۆجیا سەربازییەی خستووەتە مەیدانەوە. ئەوەی حوسییەکانی یەمەن دژ بە سعودیە ئەنجامی دەدەن، بەرهەمی پیشەسازی سەربازیی ئێرانە، هەروەها ئەو مووشەکانەی حەماس لە مانگی ڕابردوو شەوی تەلئەڤیڤی پێکردە ڕۆژ، هەمووی بەرهەمی کارگە و کارخانەکانی ئێرانن.
لەنێو ئێراقیش چەند جارێک بە مووشەکی زیرەکی ئێرانی هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی لە بەغدا و ئەنبار و سەڵاحەدین. هەروەها بنکەی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە هەمان جۆری مووشەکی ئێرانی زیاتر لە جارێک کراونەتە ئامانج و سەکۆ و سیستمی بەرگریی ئەمریکاش لە ئاستیاندا دەستەپاچە بوو. ئەوە لە مانگی نیسانەوە تاوەکو دوێنێ بۆ دووەم جارە لە ڕێگەی درۆنی ئێرانییەوە پەلاماری هەولێر دەدرێت. وەک چۆن تورکیا تەنیا بۆ شەڕی پەکەکە نەهاتووە، حەشدی شەعبیش تەنیا بۆ لێدان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا هەولێر ناکاتە ئامانج.
ئەوەی لێرەدا بە گرنگی دەزانم وەک پرسیارێک ڕووبەڕووی دەستەبژێری سیاسیی کوردی بکەمەوە، ئەوەیە ئایا کورد بۆ داهاتوو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە دەکات کە ئێستا ئەوان خاوەنی چەک و تەکنەلۆجیای سەربازی زیرەک و پێشکەوتوون و کورد نە چەکی هاوشێوەی هەیە و نە دژەکانی. لە ڕابردووشدا گەرچی چەکی دەستی کورد و داگیرکەرەکانی ناهاوسەنگ بوون، بەڵام وەک ئێستا نەبوو، ئەوان تانکیان هەبوو، کورد دژە تانکی هەبوو، هێلیکۆپتەر و تەیارەیان هەبوو، کورد ئاڕ بی جی و دۆشکەی هەبوو. ئێستا ئەوان خاوەن جۆرێک لەتەکنەلۆژیای زیرەکن کە لە ژورێکەوە و لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە هەر ئامانجێکیان مەبەست بێت بە مووشەک یان درۆن دەیپێکن. هەڵوێستی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و زلهێزەکانی جیهانیش زانراوە کە بەهۆی دابەشبوونەوەی جیهان بۆ زیاتر لە جەمسەرێک، هەمیشە کارتی دەوڵەتەکان لە هاوکێشەکاندا بەهێزترە لە ڕەوایەتیی مەسەلەی کورد لە ناوچەکە. بۆیە ئەم قۆناخە تازەیە بیری وردی دەوێت.
لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەم جۆرە چەک و تەکنەلۆجیا سەربازییە هەر لە دەستی دەوڵەتدا نامێنێتەوە، تاوەکو ئومێدێک لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەڵبچنرێت تاوەکو بە سەپاندنی پابەندێتی بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگە لە بەکاربردنی هەندێک لەو چەکانە بگرێت. ئێستا ئەم تەکنەلۆجیایە کەوتووەتە دەستی گرووپە چەکدارییە میلیشیاکانی وابەستە بە دەوڵەتەکان. بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەموو جۆرە مووشەکە زیرەکەکانی ئێران و درۆنەکانی ئەو وڵاتەیان لە بندەستدایە و هەرکات و هەر جێیەک ئێران مەبەسی بێت، ئەم گرووپانە دەیکەنە ئامانج. لە داهاتوودا شایەتی ئەو دیمەنانەش دەبین هێزە تووندڕەوە ئیسلامییەکانی ناو سووریا کە لەلایەن تورکیاوە ئاڕاستە دەکرێن، ئەوانیش بۆ ئامانجەکانیان درۆنی زیرەک بەکاردەبەن، بەتایبەت دژ بە کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان.
مەترسیی ئەوەش تەنیا لەوەدا نییە کە هەر چەکە پێشکەوتووەکانی ئەم وڵاتانە دەخرێتە بەردەستی گرووپەکان میلیشیا و تووندڕەوەکان، بەڵکوو مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە خەسڵەت و سیمای کێشەی کورد وەک میللەتێکی خاک داگیرکراو و چەوساوەی دەستی ستەمی دەوڵەتی نەتەوە سەردەستەکان، لە کێشەی نەتەوایەتی و مەسەلەیەکی ڕەوای گەلێکەوە، لە شەڕی بەرگری لە ناسنامە لەگەڵ دەوڵەتەکان دەگۆڕێت بۆ شەڕی کورد و ئەو گرووپە چەکدارانە. شەڕێکی نابەرانبەریش، ئەوان بە مووشەکی زیرەک و درۆن و تەکنەلۆجیای دەوڵەتەکانەوە و کوردیش بە و چەکە تەقلیدییانەی هەیەتی و بە و پەرتەوازەیی و شێواوییەی ناو ماڵەکەیەوە.
پێویستە سەرکردایەتیی حیزبە سیاسییەکانی کورد لە ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان، بە دیدێکی هەست بە بەرپرسیارێتییەوە هەڵوەستەیەک لە ئاستی مەترسییەکانی ئەم قۆناخە بکەن و بیر لە دۆزینەوەی ڕێگەی جۆراوجۆر بکەنەوە بۆ چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی لە بەردەم کورددان. [1]