ناونیشانی بابەت: گەنجێکی کورد لە سلێمانی 120 فڕۆکە درووستدەکات
=KTML_Bold=ئەم بابەتە لە ساڵی 2017 لەلایەن ماڵپەری خەندانەوە نووسراوە=KTML_End=
ئەو گەنجە خەڵکی خورماتووە، لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا کارێکی دەگمەنی کردووە و توانیویەتی 120 فڕۆکە درووستبکات.
ئاری چیرۆکی درووستکردنی ئەو فڕۆکانەی بۆ خەندان گێڕایەوەو وتی، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا توانیومە 120 فڕۆکەی سەربازی و هونەری و وەرزشی درووستبکەم.
ئاری کامیل تاوەکو قۆناغی سێی ناوەندی خوێندووە و زمانەکانی عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی بەباشی دەزانێت، ئاماژە بەوەدەکات، دوای هەشت مانگ لە هەوڵدانی بەردەوام یەکەم فڕۆکەی درووستکردووە، کە پێج خولەک فڕیووە، بەڵام وەکوو خۆی دەڵێت: زۆر بە ناشرینی و نا تەواوی دەفڕی.
ئەو فڕۆکانەی ئاری درووستیکردوون بریتین لە، فڕۆکەی چوار نەفەری و دوو نەفەری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەو دەڵێت: فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خۆم درووستم کردوون لە ماڵی خۆماندا، چوار نەفەرییەکەش لەگەڵ حەسەنی برام درووستمانکردووە، ئێستا سەرجەم فڕۆکەکان لە کوردستانن، بەڵام لەیەک شوێندا نین، فڕۆکە گەورەکەش لە ئاکواپارکی چاڤیلاندە.
ئاری کە ماوەی پێنج ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە ئەوەشی خستەڕوو، لە تاقیکردنەوەکانی هەشت مانگی سەرەتادا دەیان فڕۆکەی درووستکردووە و سوودی لە دەیان هەڵە وەرگرتووە کە لەکاتی درووستکردنی فڕۆکەکاندا ئەنجامی داوە.
ئاری فڕۆکەکان بە ماددەکانی ئەلەمنیۆم و پلاستیک و دار و فۆم و چەند کەرەستەیەکی دیکە درووستکردووە، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانم درووستکردووە تائێستا (هەموویان بەتەواوی دەفڕن و هیچ کێشەیەکی نیە) دواتر چوار نەفەریەکم درووستکرد بەبێ ئەوەی هیچ پارچەیەکی ئامادەکراوی بۆ بێنم لەدەرەوە.
ئاری کامیل وتیشی، گەورەترین فڕۆکە کە درووستمکردووە، بەرزییەکەی 10 مەترەو پانییەکەی حەوت مەتر و 20 سانتیمەتر درێژە، چوار نەفەر هەڵدەگرێت و توانای ئەوەی هەیە کیلۆمەترێک بەزربێتەوە، دەتوانێت پێنج کاتژمێر بەئاسمانەوە بمێنێتەوە ئەگەر مەکینەی ڕۆتاکی پێشکەوتووی بۆ بەکاربهێنرێت.
ئاری زیاتر وتی، لەگەڵ درووستکردنی هەر فڕۆکەیەکدا هەموو دیزاینێکی نوێدا سوودێکی تازەم لێدەبینی و زیاتر دەستم دەکرایەوە و فکرم فراوانتر دەبوو لەبارەی گۆشەو وردەکارییەکانی بنەماکانی فڕین.
ئاری بە بڕوایەکی زۆرەوە بۆ کارەکەی دەڵێت: سەرجەم ئەو فڕۆکانەی درووستمکردوون ئامادەن بۆ کارکردن، هەروەها ئامادەن بچنە ژێر هەموو جۆرە تاقیکردنەوەیەکی ئەندازیاری و میکانیکییەوە.
زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم ئاگادارن و تەنانەت دەست خۆشیشیان لێنەکردووم، هیچ کات هاوکاریشیان نەکردووم، بەڵام کۆمپانیایەکی ئەمەریکی داوایان لێکردووم وەک دیزاینەرێکی درووستکردنی فڕۆکە کاریان بۆ بکەم، ئاری وایوت.
ئاری بەنیازە لەئاییندەدا پڕۆژەی ئاسمانی پێشمەرگەی نیشتمانی ڕابگەیەنێت، کارەکانی بەرەو پێش بەرێت، کەسانی لێهاتووی ئەو بوارە کۆدەکەمەوە، پلانمان هەیە لەگەڵ هاوڕێیانی فەرەنسی لە فەڕەنسا فڕۆکەیەکی شەش نەفەری درووستبکەین، لەوێ هەموو مافەکانمان پێ دەدرێت وەک فڕۆکەوان و فڕۆکەساز. [1]