$#سلێمانی# دەبێتە هەرێمی سەربەخۆ؟$
#عارف قوربانی#
$سلێمانی دەبێت حوکم بکات، نەک حوکم بکرێت$
سلێمانی وەک شارێکی ئاسایی قۆناخەکانی گەشەکردن و خۆبەڕێوەبردنی نەبڕیوە، هەر لە بناخەی بە شار بوونییەوە بابانییەکان وەک ناوەندێک بۆ حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی چەند ناوچەیەکی دیکە دایانمەزراندووە. ئەم تایبەتمەندییە وایکردووە سلێمانی خەسڵەتی ئەوە وەرگرێت کە دەبێت حوکم بکات، نەک حوکم بکرێت. بەدرێژایی مێژووی تەمەنیشی ئەگەر خۆی ناوەندی حوکمڕانی نەبووبێت، بە ئاسانی نەتواندراوە حوکم بکرێت.
دوای نەمانی میرنشینی بابان، لە سەروبەندی کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی و داگیرکاریی ئینگلیزیش، بەهۆی بەرپاکردنی شۆڕشەکەی شێخ مەحموود و دامەزراندنی حوکمڕانییەکەی لە سلێمانی، ئەمیش قۆناخ و بەرگێکی نوێی بە سلێمانی بەخشی، جیاواز لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی ناو هەر سێ ویلایەتەکانی بەغدا و بەسرە و موسڵ، سلێمانی بەجیا حوکمی خۆی کرد و دەسەڵاتی چەند ناوچەیەکی دیکەیشی کەوتە دەست. واتا ئەم قۆناخەش هەر ئاوی کردە ئاشی بەهێزبوونی ئەو پێگە و خەسڵەتە تایبەتەی سلێمانییەوە. بۆیە لەوە و بەدوا تاوەکو درووستبوونی یەکەم ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ماوە دوورودرێژەدا سلێمانی ڕووحی یاخیگەرێتی بەردەوام بووە و سەرچاوەی کێشە بووە بۆ حوکمڕانانی ئێراق و بە ئاسانی نەیانتوانیوە هەژموونی ناوەند (بەغدا) ی بەسەردا بسەپێنن.
لەدوای ڕاپەڕین و بناخەی یەکەم حوکمڕانیی کوردی لە 1992 بۆ 1994 کە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا، ئەو دوو ساڵەش ئەوەندە زۆر نییە تاوەکو بکرێتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی ئایا ئەگەر ئەو دۆخە درێژەی بکێشابایە تاوەکو کوێ سلێمانی لەگەڵ هەولێر بڕی دەکرد؟ بەدوور نازاندرێت ئەگەر شەڕی ناوخۆش سەریهەڵنەدایا، ئەگەری ئەوە هەبوو وردەوردە ئەو ڕووحیەتە پەرەی بسەندایە کە سلێمانی بەدوای میکانیزمێکدا بگەڕایا بۆ جۆرێک لە خۆبەڕێوەبردن، بەڵام شەڕی ناوخۆش ئەو خزمەتەی بە سلێمانی کرد، کردییەوە بە ناوەندی حوکمڕانی بۆ خۆی و حوکمکردنی سنووری چەند پارێزگایەکی دیکەیش.
$سلێمانی و #هەولێر# وەک دوو ناوچەی پاوانکراوی حیزبی، خۆیان حوکمی خۆیان دەکەن$
لەوکاتەشەوە کە دوو حکومەتەکەی هەولێر و سلێمانی یەکیان گرتووەتەوە) ، تاوەکو بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سلێمانی دارایی و ئاساییش و پێشمەرگەی خۆی جیا بووە لە هەولێر. بە ئێستاشەوە هەردوو زۆنەکە وەک جۆرێک لە دوو ناوچەی پاوانکراوی حیزبی، خۆیان حوکمی خۆیان دەکەن. حکومەتی یەکگرتوی کوردستان نەک درووست نەبووەتەوە، بەڵکوو هێشتا هەر درووست نەبووە، لە بنەڕەتەوە ئەوەی هەمانە حوکمی زۆنی سلێمانی لای یەکێتی بووە و زۆنی هەولێریش لای پارتی. هەردوولاش ئەم ڕاستییە دەزانن کە کەسیان ناتوانن دەسەڵات بەسەر ناوچە و جێنفوزی ئەوی دیکەیاندا بسەپێنن. گەرچی ئەمە پێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسایەکە، بەڵام واقیعێکە لەبەر زۆر هۆکار شەرعیەتی خۆی بەسەر پرەنسیپی ئیداریی و یاساو دەستووردا سەپاندووە و پێناچێت تاوەکو ساڵانێکی دواتریش لەم واقیعە تاڵە ڕزگارمان ببێت. هەر هەوڵێکیش بە و ئاقارە درابێت کە پێویستە تارمایی ئەو دوو جۆرە لە دەسەڵات بەسەر ئیدارە و دامەزراوە شەرعییەکانەوە کەم بکرێتەوە، نەک سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو ئەو تەنگەژە سیاسییانەی بەدوای خۆیدا هێناوێتی ئەوەی لێکەوتووەتەوە کە ڕەنگی دوو ئیدارەیی زیاتر زاڵ ببێتەوە. بۆیە وەک حاڵەتی ناچاری بەقەدەری ئەو پەندە کوردییە سپێردراوە کە (چاکی مەکە، با خراپتر نەبێت) .
$زۆر شت هەن حەقن، بەڵام تەحقیق بوونیان مەحاڵە. هەرێمی سلێمانی یەکێکە لەوانە$
دیارە ئێستا لە ئەنجامی زەقبوونەوەی دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەکدی، یان دوو بۆچوونی دژ بەیەک بۆ چۆنییەتی تێپەڕاندنی ئەو کێشە و قەیرانانەی هەن، لەگەڵ جۆرێک لە بێمنەتی هەولێر بەرانبەر بە سلێمانی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی پەراوێزخستنی، سلێمانی ناچارکردووە بەدوای شێواز و جۆرێکی دیکەی حوکمڕانی بگەڕێت کە پێی وایە ڕیشەی چارەسەرەکە ئەوەیە (سلێمانی ببێتە هەرێمی سەربەخۆ) . بەڵام ئایا سلێمانی دەتوانێت ببێتە هەرێمی سەربەخۆ؟
لە یەک بۆ دوو ساڵی ڕابردوودا لە هەندێ ناوەندی دەسەڵاتەوە کۆمەک بە و ئاڕاستەیە کرا لە سلێمانی لیژنە پێکهێندرا، میدیا خرایە خزمەتی ئەو پڕۆژەیەوە، زەمینەی سیاسی و جەماوەری بۆ خۆشکرا، ڕێکارە ئیدارییەکانی بۆ گیرایەبەر و ئەوەی پێویست بوو تاوەکو کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ڕادەستکردنی بە بەغدا هەمووی کرا. بەڵام ئەنجام چی بوو؟ ئایا بەغدا دەتوانێت چی بکات بۆ ئەوەی سلێمانی ببێتە هەرێمی دووەم، یان ئەسڵەن بەغدا باوەڕی بەوە هەیە لە ئێراق پەرە بە درووستکردنی هەرێمی دیکە بدات؟ ئایا ئەم مافە دەسەلمێندرێ؟ زۆر شت هەن هەقن، بەڵام تەحقیق بوونیان مەحاڵە. هەرێمی سلێمانی یەکێکە لەوانە.
بەغدا دژی درووستبوونی هەرێمی دیکەیە لە ئێراق. پارێزگا سوننییەکان بە جیاجیا و هەموویشیان پێکەوە هەموو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکانیان پەیڕەوکرد کە ماف بە درووستکردنی هەرێم دەدات، هیچیان لێدەست نەکەوت. پارێزگای (بەسرە) ش بەهەمان شێوە هیچ ڕێگەیەک نەمایەوە نەیگرێتەبەر بۆ ئەوەی بەسرە ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام بەغداش هیچ شتێک نەماوە نەیگرتبێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە و خەونەیان. ئەگەر ئەو بۆچوونەش بە ئیعتیبار وەربگرین کە بەغدا بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و گەورەکردنەوەی درزی ناو ماڵی کوردی و نەهێشتنی قەوارەی هەرێم، وەک ئەگەرێک ئەو مەیلەی هەبێت بۆ قبووڵکردنی درووستکردنی هەرێمی سلێمانی، چۆن دەرگە لەخۆی دەکاتەوە کە سوننە و بەسرە و شارەکانی دیکەش داوای هەمان ئەو مافەی لێبکەن. بەتایبەتیش بۆ کەسانێک ئاگایی زیاتریان لەبارەی ستراتیجی شیعەوە هەبێت دەزانن کە ئەوان دژی هەر جۆرە شۆڕکردنەوەیەکی دەسەڵاتن و کار بە ناوەندێتییەکی بەهێز دەکەن. دووەم گرفتیش لە بەردەم سلێمانی ئەوەیە کە بەپێی ئەو ڕێکارە یاسایی و دەستوورییانەی هەن بۆ درووستکردنی هەرێم لە ئێراق، لە هیچ کام لە بەند و بڕگەکانیاندا باسی ئەوەی تیا نییە کە ڕێگە بدات لەنێو چوارچێوەی یەک هەرێمدا هەرێمی دیکە درووست ببێت. بۆیە ئەگەر ئامانج و مەبەست لەو ڕێگەیە کارتی گوشاریش بووبێت لەسەر هەولێر، ئەوە کارتێکی سووتاو بوو و پێگەی سلێمانی بە هەوڵێکی بێ ئەنجام لاوازتر دەکات لە بەرانبەر هەولێر و هەولێر بێمنەتتر دەکات بەرانبەر بە سلێمانی.
$باش وایە سەرکردەکانی هەردوو حیزبە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان ئەوە پەیڕەوبکەن کە نە شیش بسووتێ و نە کەباب$
چارەسەری واقیعی دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ چارەسەری ئەو کێشە سیاسییانەی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەن، کە نیگەرانییەکانی ئێستای سلێمانی لێکەوتەی ئەو کێشە سیاسییانەن کە هەن. ئەزموونیش ئەوەی بۆ سەلماندین ئەوکاتانەی ئەم دوو ئاڕاستەیە کێشە و ناکۆکی و ململانێ لەنێوانیان کەمتر بوو، نە سلێمانی هەستی بە غەدر دەکرد لەسەر خۆیی و نە هەولێریش پێی وابوو سلێمانی لێی یاخی بووە. بۆیە باش وایە سەرکردە و بڕیار بەدەستەکانی هەردوو حیزبە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان کە حوکمڕانی واقیعی هەردوو زۆنەکەن، بە دید و دونیابینییەکی فراوانترەوە لە کێشەی سلێمانی بڕوانن و کورد واتەنی ئەوە پەیڕەوبکەن نە شیش بسووتێ و نە کەباب. [1]