سەردەمی سوککردنی شۆڕش
عارف قوربانی
دیاردەیەکی باو هەیە لەنێو مێژووی زۆربەی میللەتاندا بەتایبەتیش گەلە دواکەوتووەکان، کاتێک شۆڕشێک شکست دەخوات، یان ئەزموونێک به شکست کۆتایی دێت، هەر ئەوەنییە کەس خۆی ناکاتە خاوەنی شکستەکە، بەڵکوو کارەکتەرەکانی ناو ئەو پڕۆسەیە هەرکەسە و بۆ پاککردنەوەی پەرێزی خۆی دەکەوێتە هەڵدانەوەی ناشیرینییەکانی نێو شۆڕش و هاوسەنگەرەکانی، بە جۆرێک وێنای خۆی دەکات کە هیچ کات بەشێک نەبووە لە ناشیرینییەکان. ئەوانەی بەرپرس بوون لە شکست و دیوە دزێوەکانی نێو شۆڕش، ئەوانی دیکەن.
زۆرجار لێکەوتەکانی ئەم دیاردەیە لە پاکانەی کارەکتەرەکان زیاتر سەردەکێشێت بۆ سوککردنی شۆڕش، بە جۆرێک کە ئەوانەی به دڵێکی پاک و بە بڕوایەکی شۆڕشگێڕانەشەوە تێیدا بەشداربوون، پەژیوان ببنەوە له و مێژووەیان.ئەم دیاردەیە لەنێو مێژووی نزیکی میللەتی ئێمەیشدا هەیە، چی له سەردەمی شۆڕشی شێخ مەحموود و چی لە شۆڕشی ئەیلوول و دواتریش. ئۆباڵی هەموو شکستەکان خراونەتە ئەستۆی تەنیا چەند کەسێکی کەم لەناو ڕابەرانی شۆڕش، لەکاتێکدا ئەوانەی خاوەن بڕیار یان بەشداری ڕاستەوخۆبوون لە بڕیارەکان، ژمارەیان زۆرتر بووە له و ژمارانەی بەرپرسیارێتی شکستەکانیان خراوەتە ئەستۆ.
شکستی شۆڕشی ئەیلوول بەرپرسیارێتی مێژوویی تەنیا خراوەتەسەر مەلا مستەفا، لەکاتێکدا ئەوانەی کە بەشداریی بڕیارەکان بوون و لە ئاڕاستەکردنی شۆڕشدا ڕۆڵیان هەبوو، یاخود بەشێک بوون له و هۆکارانەی دەرئەنجامەکەی بە هەرەسی شۆڕشی کورد کۆتاییهات، زۆر بوون، بەڵام له مێژوودا هیچ بەرپرسیاریێتییەکیان بەرنەکەوتووە، بگرە هەندێکیان بە وتار و بە نووسینی پەڕتووک و لە ڕێگەی جۆراوجۆری دیکەوە پەرێزی خۆیان له و بەرپرسیاریێتییانە پاککردووەتەوه و قوڕی مێژوویان بۆ بارزانی خەستتر کردووەتەوە. لە هەمانکاتدا بۆ دەرخستنی پەرێزی خۆیان بەپاکی، وێنای شۆڕشەکەش ناشرین نیشان دەدەن.
ئەمە لە شۆڕشی دواتر و له سەردەمی فره حیزبی نێو شۆڕشیشدا هەر به و جۆرەیە. شکستی شۆڕشی کورد لە هەشتاو هەشت کە دەرئەنجامەکەی بە ئەنفال و هەڵەبجە کۆتایی هات، تەنیا مام جەلال و کاک نەوشیروان بوون، ئەوانیش خۆیان هەریەکه و ئۆباڵی یەکێک له و پرۆسانەی خستەسەر ئەوی دیکە، لەکاتێکدا ئەو پرۆسانە له سەردەمی بەرەی کوردستانی ڕوویانداوه و هەموو حیزبەکانی ناو بەرەی کوردستانی پێکەوە بەشداربوونە لە هەموو ئەو بڕیارانەی ئاڕاستەی ڕووداوەکانیان بەدەست بووە. بۆیە ئەگەر بڕیاربێت بەرپرسیاریێتیی مێژوویی بکەوێتە ئەستۆی سەرکردەکانی شۆڕشی کورد وەک لایەنێکی هۆکاری درووستبوونی ئەو ڕووداوانە، دەبێت سەرکردەی هەموو حیزبەکانی ناو بەرەی کوردستانی بەرپرسیاریێتییان بەئەستۆ بکەوێت، نەک تەنیا یەک دووانێکیان.
ئەوەی ئێستا تێبینی دەکرێت کە هێشتا ئەزموونی حوکمڕانیی کوردی بەپێوەیە و نەگەیشتووتە ئەو قۆناخەی به شکست کۆتایی بێت، بەڵام لەم دیاردەیەی سوککردنی شۆڕشدا پێش کەوتووین. ژمارەیەکی زۆر لە کارەکتەرەکانی ناو ئەم پڕۆسەیە کەوتوونەتە هەوڵی ئەوەی خۆیان بە پەرێزی پاکەوە لێی دەرچن، وەک ئەوەی نوقڵانەی شکستی ئەم ئەزموونەی کوردیان بیستبێت. بۆیە لە ئێستا وە دەیانەوێت وای بخەنەڕوو بەشێک نەبوون لە خراپییەکانی ئەم قۆناخە، یاخود ئەوان بەشێک نەبوون لە ناشرینییەکانی ناو ئەو شۆڕشەی کە زادەی لەدایکبوونی ئەم ئەزموونەیە. هەڵدانەوەی لاپەڕە دزێوەکان. ڕەفتاری نا مرۆیی و کاری نائەخلاقی، خیانەت له یەکدی کردن، چەند دیوێکی دیکەی دزێون کە خەریکە دەیکەن بە وێنایەک بۆ کۆی شۆڕشەکان و پڕۆسەی حیزبایەتی لە کوردستان. ئەمە ئەگەر هەر نییەتێکی لە پشت بێت دەرئەنجامێکی ترسناکی بۆ کۆمەڵگەی کوردی هەیە کە ئەویش ئەوەیە نەوەکانی داهاتوو بڕوایان بە خەبات و شۆڕش نامێنێت.
ئەو زەمینە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی ئێستا لە کوردستان بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە ڕەواجی پەیدا کردووە، هاندەرێکی مەترسیدارە بۆ قۆناخێکی خراپتر لە ئێستا، کە هێز و کارەکتەرە سیاسییەکان بۆ ململانێی سیاسی یەکدی بە ئامانجبگرن و لەپێناو شکاندنی یەکدی سیما و خەسڵەتە شۆڕشگێڕییەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگەی کوردی داڕزێنن.
ئەمە کاریگەریی لەسەر نەوەکانی داهاتوو بە جۆرێک دەبێت کە نەتوانێت خۆی لەسەر ئەژنۆ ڕابگرێت. جیا له و مەترسییەش کە هەریەک لە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانیش بەشێواز و ڕێگەی خۆیان لەم ڕێگەیەوە زیاتر ئاو دەکەنە ئاشی سوککردنی بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ئێمە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لای من هەن، ئێستا ئێران خەریکی بەرهەمهێنانی چەند فیلمێکە لەژێر تایتڵی ( حەرەم سەرای دەسەڵاتدارانی کورد) دەیەوێت لە تویتەر بڵاویان بکاتەوه و له و ڕێگەیەوە هیچ بەها و شکۆیەک بۆ شۆڕشەکانی کورد و کارەکتەرە سیاسی و سەرکردەکانی نەهێڵێتەوە.
وێنایەکی دزێو هاوشێوەی ئەوەی لەسەر سوڵتانەکانی عوسمانی باس دەکرێ لە ڕاوە ژن و کاری بەدئەخلاقی، وەک کراسێک بە بەژن و باڵای سیاسییەکانی کوردیشدا ببڕێت. بێگومان ڕەفتاری سیاسییەکانی کورد خۆی هۆکارە بۆ ئەو وێنایە و هەرچی بگوترێت بەشێک لە ڕاستی تێدایە، ئەوەی خوا پێی ناخۆشە و لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی جێی نابێتەوە، ئەمانەی ئێمە کردوویانە، بەڵام ئەوەی دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی نەیارەکانی کورد ئەمە وەک کارتێک بۆ سووککردنی شۆڕشی کورد بەکاربەرن، خوڵقاندنی ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەیە کە ئێستا لە کوردستان تێی کەوتووین و ئەمەش هەر هێزە سیاسییەکانی کورد خۆیان لێی بەرپرسن. [1]