$قەرەبووی قوربانیانی جینۆساید و نەگبەتیی پارتی و یەکێتی$
#عارف قوربانی#
لە دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بە ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی لە پەڕڵەمانی ئێراق، کە سەرۆکایەتیی کۆمار ئامادەی کردبوو، دەمویست بۆ ئەم هەفتەیە وتارەکەم تەرخان بکەم بۆ ئەوەی هاوشێوەی پاکیزەکانی #شنگال#، پڕۆژەیاسایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید ئامادە بکرێت، بەڵام گەرمبوونەوەی خولێکی دیکەی شەڕی میدیایی پارتی و یەکێتی لەم هەلومەرجە هەستیارەدا ڕایکێشام بۆ ئەوەی هەندێ سەرنج لەسەر ئەو پرسەش بدەم، بۆیە بەناچاری هەردوو بابەتەکەم تێکەڵکرد.
$قەرەبووی قوربانیانی جینۆساید$
زۆرجار لە باسی بەند و بڕگەکانی دەستوور و ئەو یاسایانەی لە ئێراق دەردەکرێن، ئاماژەم بەوە کردووە کە عەرەبەکان زۆر لە کورد شارەزاتر و وریاترن، ئەگەر لەژێر گوشاری هەر بارودۆخێکدا دەستووریان نووسیبێتەوە یا هەر بڕیار و یاسایەک دەرچووبێت، بەچاوێکی دوورمەوداوە لێیان ڕوانیوە، بۆیە ئەگەر بۆ هەلومەرج و دۆخێکی کاتی کورد لێشی سوودمەند بووبێت، لە کۆتاییدا بۆ کورد بووە بە سەراب و عەرەب بەرەکەی چنیوەتەوە.
تەماشای ئەو ڕۆژگارانە بکەین کە دادگەی باڵای تاوانەکانی ئێراق کەیسی تاوانەکانی بەعەرەبکردن و فەیلیی و بارزانییەکان، ئەنفال و هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، وەک ڕێکار و عورفێکی یاسایی کە دەبوو بڕیار لەسەر قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەو تاوانانە بدرێت، لەبەرئەوەی دەوڵەتی ئێراق بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی تاوانەکە و لە 68 تا 2003 وەک پڕۆسەیەکی بەردەوام ئەو تاوانکارییانە لەلایەن حکومەتەکانی ئێراقەوە ئەنجامدراون، پێویست بوو ئەرکی قەرەبووکردنەوەکەش بخرێتە ئەستۆی ئێراق وەک لایەنی ئەنجامدەری تاوان، وەک چۆن تاوەکو ئێستاش پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کوێت کردی، بەڵام لەبەرئەوەی بابەتەکە ڕەهەندێکی ستراتیژیی نەتەوەیی هەیە، عەرەبەکان لە بڕیاری دادگەی باڵادا ئەرکی قەرەبووکردنەوەکەیان کرد بە ئەرکێکی شەخسی لەسەر تاوانبار، واتا دەبێت کەسی تاوانکار قەرەبووی تاوانلێکراو بکاتەوە.
ئەمە تاوانێکی کەسی نەبوو کە کەسێک بەرانبەر بە کەسێکی دیکە تاوانێکی ئەنجام داوە و دادگە بڕیار دەدات دەبێت تاوانبار قەرەبووی قوربانییەکە بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەست بەسەر موڵک و ماڵیدا دەگرێت و بەهاکەی دەبەخشێتە تاوانلێکراو. ئەوەی ڕوویدابوو جینۆسایدی میللەتێک بوو لەلایەن دەوڵەتێکەوە، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و هەموو ڕێسا و یاسایەک کە دان بە تاوانی کۆمەڵکوژییەکەدا نرا، پێویست بوو دەوڵەت بخرێتەژێر باری قەرەبووی قوربانییەکان، بەڵام ئێراق ئەمەی نەکرد و وەک تاوانێکی شەخسی باجەکەی خستەسەر تاوانبارەکان.
کورد لەبەرئەوەی وردنین لە هەڵسەنگاندن و توانا و تاقەتی بەدواداچوونی ئەو پرس و بابەتانەمان نییە، ئەوە چەندین ساڵ تێپەڕی و هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەو زوڵمەمان نەداوە. لە کاتێکدا لە چەند خولی ڕابردووی پەڕڵەمان و سەرۆکایەتیی کۆماردا، چی سەرۆککۆمار و چی فراکسیۆنە کوردییەکان دەیانتوانی پڕۆژەیاسایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید بەرنە پەڕڵەمان و لە هەندێ هەلومەرجدا بەئاسانی دەتوانرا بچەسپێندرێت، بەڵام کەس بیری بۆ ئەو بابەتە نەچوو، لەکاتێکدا ئەرکی سەرەکی سەرشانی نوێنەرانی کورد بوو. هەرچەند ماوەیەکی زۆر بەسەریدا تێپەڕیوە و ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیانی جینۆساید لە کوردستان بەچاوی چاوەڕوانییەوە سەریان نایەوە، بەڵام هێشتا کات ماوە بۆ ئەوەی کورد بیر لەم ڕێگەیە بکاتەوە، چونکە نە باجی تاوانەکە لەسەر ئێراق تەنیا سزادانی شەش بۆ حەوت کەسە و نە قەرەبووی قوربانییەکانیش تەنیا داننانە بە ئەنجامدانی تاوانەکە، دەبێت ئێراق بخرێتەژێر باج و سزای تاوانەکە و کوردیش قەرەبووی قوربانییەکانی وەربگرێتەوە.
$نەگبەتیی پارتی و یەکێتی$
ماوەیەکی زۆرە پرسیارێک مێشکی پڕکردووم، ئایا ئەمەی پارتی و یەکێتی دەیکەن وەک درێژەی شەڕێکی سارد و ناوەناوە لە میدیا گەرمی دەکەنەوە، دابەشکردنی ڕۆڵە لەنێوان خۆیان یاخود بەڕاستیانە؟ ئەگەر دابەشکردنی ڕۆڵە و بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی سەرنجی خەڵک و لەبیربردنەوەی کێشەکان وادەکەن، هیچ پێویست بەوە ناکات، چونکە خەڵک نە سەرنجی هەیە و نە زاکیرە، ئیتر بۆچی لەپێشچاوی دونیای دەرەوەی خۆتان، خۆتان ناشرین دەکەن؟ لەخۆم دەپرسم ئەگەر نەگبەتییان نەبێت چییانداوە لەم شەڕە دەنووکە؟ خوا میللەتێکی پێداون چۆنتان بووێ ئاوا ئاڕاستەی دەکەن، نەک نایەکی نییە بە ڕووتاندا، تەنانەت پرسیاریش ڕووبەڕووتان ناکاتەوە، ئیتر بۆ لەخۆتانی تێکدەدەن؟
لە کام وڵات و کام سەرکردە و سیاسی دونیا ئەو شانسەی هەبووە میللەتێکی لە شێوەی کوردی هەبێت، هیچ میللەتێک نییە لە دونیادا هاوشێوەی کورد موتیعی حیزب و سەرکردەکانی بێت. سەرکردە و سیاسییەکانی چۆنیان بوێ و چیان بوێ میللەت ئەوە بکات. تەماشا بکەن ڕۆژێک حەزیان لێبووە کورد دەست بداتە چەک و شۆڕش بەرپا بکات نیوەی ئەو میللەتە داوێتی بەشاخدا، خاوەن دەیان هەزار چەکدار بووە سەرکردەکان گوتوویانە بچن ڕادەست ببنەوە، هەموو ڕێگەی ڕادەستبوونیان گرتووەتەبەر و چەکەکانیان داوەتەوە بە دوژمن.
سەیری ئەم هاوکێشەیە بکەن دوای چەند مانگێک بە خەڵک دەڵێن وەرنەوە بە چوار تفەنگی ژەنگاوییەوە شۆڕش دەستپێدەکەینەوە، خەڵکەکە جارێکی دیکە دێتەوە شاخ، پێیان دەڵێن بچن براکانی خۆتان بکوژن، شۆڕشگێڕەکان بێئەوەی یەکدی بناسن دەست دەخەنە خوێنی یەکدییەوە. پێیان دەڵێن ئاشتبووینەوە شایی بکەن، شۆڕشگێڕەکان هەڵدەپەڕن.
زۆرێک لە سەرۆک عەشیرەت و تەنانەت هەندێ لە فەرماندە ئازاکانی شۆڕشیشیان کرد بە جاش، پێیان گوتن بچن فەوج بکەنەوە، خەڵکەکە چەکی بۆ ڕژێم هەڵگرت، پێیان گوتن لە ڕژێمەکە هەڵگەڕێنەوە، کردیان. وتیان ڕاپەڕن و شارەکان ڕزگاربکەن و دێیینەوە شارەکان، وتیان ڕاکەنەوە بۆ شاخ، میللەت هەموو کەوتەڕێ. وتیان ڕێگەی دیموکراسی دەگرینەبەر و بچنە سەر سندووقی دەنگدان، میللەت هەموو ڕیزی بەست، وتیان بەرببنە گیانی یەکدی، کۆمەڵگە هەمووی بەریەککەوت، وتیان ئاشتببنەوە، ئاشت بووینەوە. وتیان بچن دەنگبدەن بە دەستووری ئێراق و دەبینەوە بە ئێراقی، میللەت دەنگی بۆ دان. وتیان نامانەوێ لەگەڵ ئێراق بژین و جیادەبینەوە دەنگبدەن، میللەت وایکرد. چیتان ویستووە خەڵک ئەوەی بۆ کردوون.
ئەمەی لەنێوان خەڵک و حیزب و سەرکردەکانی کورد ڕوودەدات تەنانەت لەیاری منداڵانیش ناچێت، ئیدی بۆ لە خۆتانی تێک دەدەن؟ تێناگەم بۆچی ئەم دوو حیزبە قەدری ئەوە ناگرن کە هەیانە، بۆچی قەدری ئەو پۆست و پلە و پێگانە ناگرن کە دەستیان کەوتووە. ئایا هیچ کات لەخۆتان پرسیوە ئەگەر لەناو کورد نەبووان ئێستا چی دەبوون؟ یان ئەو پرسیارە بەمێشکتاندا هاتووە ئەگەر کوردیش هاوشێوەی گەلانی دونیا بووایا، ئێوە لەناو ئەو میللەتە زیندووەدا چی دەبوون؟ کام وڵات لە دونیادا زۆر بەهێزە و خاوەن زۆرترین تەکنەلۆجیای سەربازیی و توانای سیاسی و ئابوورییە، ئەمریکا، ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپا کە تەحەکوم بە گۆی زەویی و ئاسمان و هەسارەکانەوە دەکەن، ژیانی پڕ بە ڕەفاهیەتیان بۆ میللەتەکانیان درووستکردووە ئەگەر شەش مانگ مووچە نەدەنە فەرمانبەرەکانیان، میللەتەکانیان دەیانڕووخێنن. ئەوە حەوت ساڵە هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانی دارایی و بێ مووچەییەوە دەناڵێنێ، کێ یەخەی پێگرتوون؟ بۆ لە خۆتانی تێکدەدەن؟
هەر بەڕاستی پێم سەیرە ئەم دوو حیزبە بۆ وادەکەن، بۆ خەریکە ئەو ناز و نیعمەتە لە خۆیان تێکدەدەن، خەریکە دەگەمە قەناعەتەکەی مام ڕۆستەم کە دەیگوت من هیچ پابەندییەکی ئایینیم نییە، بەڵام دەزانم خودایەک هەیە ناهێڵێت زووڵم هەتا سەر بڕوات، تەنانەت ئەگەر مەزڵوومیش خۆی ڕازی بێت بەوەی بەسەریادێت، خوا سەر لە زاڵمەکە دەشێوێنێت. [1]