$کورد کێشەی لەگەڵ بەغدا هەیە نەک شیعە$
#عارف قوربانی#
چوار ساڵی دیکە کێشەی کورد لە ئێراق پێ دەنێتە ناو سەت ساڵەوە. بەدرێژایی ئەو ماوە دوورودرێژە کە کێشە لەنێوان کورد لە لایەک و دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراق لە لایەکی دیکەوە بەردەوام بووە، هیچ کات ئەم کێشەیە وێنایەکی مەزهەبی یان نەتەوەیی و تەنانەت ئایدۆلۆجیشی وەرنەگرتووە، بەڵکوو کێشەکە تایبەتمەندییەکی نەگۆڕی هەبووە کە کێشەی کوردە لەگەڵ بەغدا وەک ناوەندی دەسەڵات.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کێشەی کوردیش لە ئێراق زۆر ڕوون بوون و پەیوەست بوون بە بناخەی درووستکردنی دەوڵەتی ئێراق وەک وڵاتێکی عەرەبی و بە زۆر لکاندنی باشووری کوردستان پێوەی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ماف و تایبەتمەندییەکانی گەل و خاکی کوردستان. لەگەڵ ئەوەیشدا حکومەتەکانی ئێراق لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای مەزهەبی و نەتەوەیی عەرەبی پێکهێنراون و هەڵگری ئەو تایبەتمەندییە خێڵەکییەی عەرەب بوون کە توانای قبووڵکردنی جیاوازییان نییە، لە دەستپێکی بە زۆر بەئێراقیکردنی کوردەوە وەک ستراتیجێک هەوڵی سڕینەوەی کوردیان داوە و ویستوویانە سیمای نەتەوەیی و نیشتمانەکەیشی بگۆڕن بۆ نەتەوە و نیشتمانی عەرەب. ئەمە تا ئاستێکی زۆر ترسناک گەشەی کردووە کە لە سەردەمی بەعسدا هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکان خراونەتە خزمەتی بەدیهێنانیەوە.
وەک پەرچەکردار و بەرگریلەخۆکردن لەپێناوی مانەوەدا کوردیش ڕێگەی جۆراوجۆری گرتووەتەبەر، سەرئەنجام کورد بە قوربانیدان و باجێکی زۆرەوە پارێزگاری لە ناسنامەکەی کردووە و ماوەتەوە. ئەو ڕووداوانهیشی لەو نێوەندەدا ڕوویانداوە کێشەکەیان ئاڵۆزتر کردووە و لێکەوتەکانی بۆ داهاتوویەکی دوورتریش هەر بەردەوام دەبن.
لەدوای ڕووخانی سەدام و دیزاینکردنەوەی ئێراق بە بەشداریی پێکهاتەکانی وا چاوەڕوان دەکرا کۆتایی بە ڕیشەی کێشەی کورد بهێنرێت. لە دەستووری کاتی و هەمیشەیی ئێراقدا کۆمەڵێک پرەنسیپ و ڕێکاری دەستووری دیاریکران تا یارمەتیدەربن بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجێک کە متمانە بۆ کورد بگەڕێتەوە و ترسی لە داهاتوو نەمێنێت. ئەوهیشی پەیوەندیی بە لێکەوتە و شوێنەوارەکانی پێشووی کێشەکەوە هەبوو، کورد و عەرەب وارێککەوتن بە ماددەیەکی دەستووری کە ماددەی 140 بوو، هاوکێشەکان بۆ دۆخێکی ئاسایی بگێڕنەوە کە ماف بگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکانی و ئەو ناکۆکییانهیش کە لەسەر سنوور و ئیدارەدانی ئەو جوگرافیایانەی بەر پاکتاوی ڕەجەڵەکی کەوتبوون، پاش ئاساییکردنەوەیان و هەڵگرتنی سیمای بەعەرەبکردن و داگیرکاری لەسەریان، ئەو کات دانیشتووانەکەیان لە هەڵبژاردنی چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان سەرپشک بکرێن کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ئیدارە بدرێن یان ناوەند. بەڵام زۆری نەخایاند بەغدا لە هەموو ئەو ڕێککەوتن و پرانسیپ و ڕێگە دەستوورییانە پاشەکشەی کرد کە وەک جۆرێک لە دڵنیایی بۆ داهاتووی ئێراق و پێکەوەیی پێکهاتەکانی لەسەری ڕێککەوتبوون. ئەمەیش بووە هۆکاری ئەوەی نەک کێشەکان چارەسەر نەبوون بگرە کێشەگەلی تریش لەنێوان کورد و بەغدا درووستبوون و جەوهەرو ئەسڵی کێشەکەشیان ئاڵۆزتر کرد.
بەڵام هەر ئەمە مەترسییەکە نییە، چونکە ئەگەر کێشەکە هەر ئەوە بووایا ڕەنگە لە هەلومەرجێکی دیکە و لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات یا بە ڕێککەوتنی سیاسی یاخود بە دۆزینەوەی ڕێگەیەکی دیکە بۆ چارەسەری کێشەکە، بتوانرایا بگەڕێینەوە سەر ئەو پرەنسیپانەی پێشتر هەموو لایەک پابەندبوونیان بۆ دەربڕی بوو و لەوێوە دەروازەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرایەتەوە. بەڵام مەترسییەکە لێرەدایە کە پێچەوانەی ئەو نزیک بە 100 ساڵەی ڕابردوو خەریکە تایبەتمەندێتیی کێشەکە دەگۆڕێت. پێشتر ئەگەر کێشەکە لەنێوان کورد و بەغدا بوو، وەک ناوەندی دەسەڵات، ئیتر دەسەڵات هەر حیزب و هەڵگری هەر ئایدیا و مەزهەبێک بووبێت، بەڵام ئێستا کێشەکە وا بۆ کێشەی نێوان کورد و شیعە سەردەکێشێت.
هێشتا ئەم تێگەیشتنە لەنێو ماڵی کورددا ڕەنگی نەداوەتەوە تا وەک دوژمن لە شیعە بڕوانرێت، بەڵکوو کێشەکە هەر لەنێوان کورد و بەغدا دەبینرێت. بەڵام لەنێو ماڵی شیعەوە بە و جۆرە لە کێشەی کورد ناڕوانن و ئەوان ئێستا کورد وەک دوژمن دەبینن؛ ئەمە مەترسییە ڕاستەقینەکەیە.
لە ناوەندە ئایینییەکانی شیعە و لەنێو شەقام و لە ناوەندە سیاسییەکانیاندا لەسەر ئاستی هەر سێ لایەندا کورد وەک دوژمنی شیعە دەبینن. لە کاتێکدا پێشتر بەهۆی ئەوەی هەردوو لا هاوقوربانی بووین، ئەم تێگەیشتنەیان نەبوو، بە پێچەوانەوە لەگەڵ کورد هاوسۆز بوون و پاڵپشتی کێشەکەی بوون. بەڵام ئەو کات شیعە لە دەسەڵاتدا نەبوون و وەک کورد دەچەوسێنرانەوە. لەو کاتەوەی گەیشتوونەتە دەسەڵات، قۆناخ بە قۆناخ جۆری مامەڵەکردنیان لەگەڵ کورددا گۆڕاوە تا گەیشتووە بەم ئاستە مەترسیدارە. کەچی هێشتا لایەنی کوردی هەر وەک سەردەمی هاوقوربانیبوون لە شیعە دەڕوانێت و چاوەڕوانییەکانی لە شیعە لەو تێڕوانینەوەیە، بەڵام ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە، چونکە ئێستا شیعە نەک وەک کورد چەوساوە نین، بگرە خۆیان سەرچاوەی چەوساندنەوەی کوردن.
دەبێت کورد پێناسەیەکی دیکە بۆ ناسینەوەی شیعە بکات، چونکە ئێستا ئەوان وەک دەسەڵات لە ئێراق کە میراتی کێشەی کوردیان بۆ ماوەتەوە، لەو تێڕوانینەوە ناڕواننە کێشەکە کە کورد قوربانیی دەستی دەسەڵاتە ستەمکارەکانی ڕابردوون، بەڵکوو کورد وەک مەزهەب و وەک نەتەوە بە کۆسپ و گرفت لە بەردەم پڕۆسەی بەشیعەکردن و بەعەرەبکردندا دەبیننەوە. بۆیە لەو ستراتیجەوە مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکەن.
ئەگەر کورد خوێندنەوەیەکی وردتر بۆ دۆخی ئێستای خۆی لە ئێراق نەکات، ئەولەویاتەکانی نەخش نەکاتەوە و چارەسەرێک نەدۆزێتەوە، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا دەبێتە پاروویەکی ئاسانتر و لە ڕووی زەمەنیشەوە بەشی ئەوە توانای بەرگریکردنی نامێنێت چاوەڕێی زەمەن بکات ڕووداوێکی هاوشێوەی ڕووخانی سەدام هەڵیبستێنێتەوە.
[1]