$رێگەی سەبایاکانی کورد$
#عارف قوربانی#
کاتێک رەخنە و گلەیی ڕووبەڕووی بەرپرس و دەسەڵاتدارانی کورد دەکرێتەوە لە کەمتەرخەمییان بەرانبەر بە دۆزینەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان، بەوە پاساو دەهێننەوە کە بەشی هەرە زۆری دەستگیرکراوەکان گوێزراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی ئێراق و لە شوێنی جیاجیا کۆمەڵکوژکراون، هەم لە ڕووی زەمەنییەوە زۆری بەسەردا ڕۆیشتووه، دۆزینەوەی سەرچاوە و بەڵگەی سەلمێنەر بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی بەکۆمەڵکوشتنەکان و هەروەها جوگرافیاکەش کە ناوچەکانی دورەدەستی کوردن و کەوتوونەتە شوێنگەلێکەوە کە بە ئاسانی کورد ناتوانێ بچێت بەدوای ئێسک و پروسکی ئەو ئازیزانەدا بگەڕێت.
ئەگەر ئەم پاساوانە هەندێک لۆژیکیش بن، بەڵام سەلمێنەری ئەوە نین کە بە و هۆیانەوە نەتوانراوە تاوەکو ئێستا لەو دەیان هەزار کەسەی کە لە گۆڕی بەکۆمەڵ کوژراون، نەتوانراوە ڕووفاتی چوار هەزاریان بهێندرێتەوە، بەڵکوو حەقیقەتەکە ئەوەیە کە کورد میللەتێکن کەمتەرخەم و بایەخمان بۆ هەندێ پرس و بابەتی ڕۆژانە و ڕووکەشە، نەک پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و ستراتیجییەکان.
خۆ ئەگەر وانەبێت ئەوە #شنگال# لە نزیکترین دەروازەی جەستەمانەوەیە و لە هەلومەرجێکیشدا کۆمەڵکوژکراون، کورد خاوەن حکومەت و هێزی چەکدار و دەسەڵات بوو لە کوردستان و تا ئەندازەیەک لە ئێراقیش. وا بۆ سێ ساڵیش دەچێت #داعش# وەک خەلافەت نەماوە و جوگرافیایەکی دیاریکراو نییە بەناوی ناوچەی ژێردەسەڵاتی داعش، ئەو ئێزدییانەی کۆمەڵکوژکراون هەر لە ناوچەکانی دەوروبەری شنگالن، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ڕووفاتەکانیان بدۆزرێتەوە. هەروەها هەزاران کچ و کوڕی لاوی ئێزدی کە ژمارەیان 6417 کەسە ڕفێنراون و تاوەکو ئێستا 2874 کەسیان چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە. ئەمانەی تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە ئەو کچانەن کە وەک سەبایا و کەنیزەک لەلایەن چەکدراەکانی خەلافەتەوە بۆتێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانیان و خزمەتکردنی ماڵ و منداڵەکانیان بەکاربراون.
جوگرافیای شنگال سێ ساڵە لە داعش پاککراوەتەوه، هێشتا ڕووفاتی ئەو گەنج و لاوانەی کۆمەڵکوژکراون لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان نەدۆزراونەتەوە و ڕووفاتی بەشێکیان هێشتا هەر بەنادیاری ماوەتەوە. ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەش کە دۆزراونەتەوە هێشتا هەموویان دەرنەهێندراون. چارەنووسی کچەکانیش هێشتا هەر بەشێکیان نادیارە. لەکاتێکدا داعش نەماوە. ئەی ئەم 2874 کەسە کەوتنە کوێی ئەم دونیایەوە؟ خۆ دەریا قوتی نەدان و ئاسمان هەڵینەلوشین؟ بەدڵنیاییەوە ئێستاش لە ماڵی ئەو چەکدارانەی داعشن کە سەر بەتیرە و هۆز و عەشیرەتە عەرەبەکانی ناوچەکە بوون، ڕەنگە بەشێکیشیان هێشتا وەک دەستبەسەر لە کەمپی ئەلهۆل بن کە جارجار هەواڵی ئازادکردنی کەسێکیان لەوێوە دەبیستین. ئەو خێزانانەی چەکدارانی داعش کە لەژێر دەستی کورددان، دوور نییە کچە ئێزدییەکان لەو کەمپەش بۆ خزمەتکاریی منداڵی چەکدارانی داعش بەکار نەبرێن.
مانەوەی ڕووفاتی ئێزدییەکان لە گۆڕی بەکۆمەڵ و مانەوەی چارەنووسی کچانی کوردی ئێزدی لای چەکدارە پەرتەوازەکانی داعش ئاماژەی ڕوونن بۆ کەمتەرخەمی کورد لە بەدواداچوونەکان بۆ ئەم کەیس و پرسە ئەخلاقی و نەتەوەیی و نیشتمانییە. لەکاتێکدا سێ تەرەف خۆی بەخاوەن ئێزدییەکان و شنگال دەزانێت و ململانێیانە لەسەر خاوەندارێتیی کوردانی ئێزدی، بەڵام ئەوەش حاڵی شنگال لە شارەکەیان چی وێرانەیەکە و ئەوەش حاڵی ئاوارەکانیان وا دەبێتە حەوت ساڵە لەژێر خێوەتدا دەژین و ئەوەش چارەنووسی کچە سەباییەکانیان.
پارتی و #پەکەکە# و هەندێ ناوەندی شیعی، هەر سێ لایان خۆیان بەخاوەن مەسەلەی ئێزدییەکان و پرسەکەیان و جوگرافیاکەیان دەزانن. ئەگەر هەریەک لەم لایەنانە هەر کەسە و لە سنووری خۆی کاری بۆ ئەوە بکردایا چارەنووسی کچە سەباییەکان بدۆزرانایەتەوە ئێستا ئەم کەیسە بە جۆرێکی دیکە دەبوو. جگە لەو نووسینگەیەی #نێچیرڤان بارزانی# دایمەزراند و تاوەکو ئێستا بەپێی ڕاگەیێندراوی نووسینگەکە ژمارەی ئەو کچانەی لەرێگەی ئەوانەوە دۆزراونەتەوە گەیشتووەتە 3543 کەس، کێی دیکە لە خەمی گەڕان و دۆزینەوەی شوێن پێی کچە ڕفێنراوەکانن. ئایا چەند ڕێکخراوی دیکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لای ئەمریکییەکان فەندیان وەرگرتووە بۆ گەڕان بەدوای چارەنووسی سەبایەکانی کورد، چیانکرد؟ کەس هەیە بەدواداچوون بۆ ئەوە بکات کە چی بازرگانییەک بەناوی کچانی ئێزدییەوە کراوە و ئەوەش چارەنووسیان کە لەکاتێکدا خەلافەتی داعشیش نەماوه، بەڵام چارەنووسی هەزاران کچی کورد هێشتا نەدۆزراونەتەوە.
هەندێ لایەنی شیعی خەریکن بناخەی ئایینی ئێزدییەکانیش دەبەنەوە سەر ڕێچکە و ڕێبازی شیعەگەریی و وەک چۆن دەسەڵاتدارانی سونەی عەرەب دەیانگوت ئەمانە نەوەی یەزدی کوڕی مەعاویەن، ئێستاش دەسەڵات لە بەغدا دەیەوێ کوردبوونیان لێبسەنێتەوە و بیانکات بە بەشێک لە پڕۆژەی تەشەیوع. لەکاتێکدا دەسەڵاتی ئێراق و سووریاش بەدەستی شیعەکانەوەن ئەگەر پەرۆشیان بۆ شنگال و ئێزدییەکان هەبووایە، ڕێگەی سەبایەکانی ئێزدییەکانیان دەدۆزییەوە وەک چۆن دەیانەوێ بە بیانووی ڕێگەی سەبایای 1350 ساڵ پێش ئێستا وە شنگال داگیربکەن، بەڵام ئامادەنین هیچ سۆراخێکی ئەوە بکەن کە ئەگەر چاو و گوێی ویژدانی خۆیان کوێر و کەڕ نەکەن، هێشتا گوێیان لە قیژە و هاواری ئەو کچانەیە کە وەک کەنیزەک لەلایەن چەکدارە عەرەبەکانەوە بە زۆر ئیغتیساب دەکرێن.
ئێمە لۆمەی شیعەکان دەکەین کە بۆ ئامانجێکی ستراتیژی پەیوەست بە ڕێچکە و ڕێبازی ئایینی خۆیان و فکرەی تەعریبەوە دەیانەوێ بەدووی ئاسەواری ئەو ڕێگەیەدا بچن کە ژن و کچ و کەسوکارەکەی حسێنیان لە کوفەوە پێدا بردووە بۆ شام، بەڵام خۆمان هەست و سۆزمان ڕامانناکیشێت بۆ گەڕان بەدوای ڕێگەی سەبایاکانی نەتەوەکەماندا لە ئەنفال و لە شنگال، ئایا کچەکانی #گەرمیان# و کچەکانی کورد لە شنگال چیان لە زەینەب و لە ژنەکانی حسێن کەمترە وا شیعەکان دوای نزیکەی چواردە سەدە بەدووی ئاسەواری ڕێگەکەیاندا دەگەڕێن، کەچی ئێمە نەک ئاسەوار و یادگارییەکانیان بەڵکوو بەدوای هەواڵی خۆیاندا ناگەڕێین کە هێشتا دڵنیاین زیندوون و وەک کۆیلە لەو گوندانەی دەوروبەری شنگال و نەینەوا و لە ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەچەوسێندرێنەوە. لە کاتێکدا کورد لە هەرێمی کوردستان و لە ئێراق و لە ڕۆژاوای کوردستانیش دەسەڵاتدارە. پێوەر بۆ هەستی کورد بوون و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانی هەر یەک لەو کردانەی لە هەرکام لەم شوێنانە دەسەڵاتدارن، پەرۆشیانە بۆ دۆزینەوە و گەڕانەوەی فریشتەکانی خوا کچە ئێزدییەکان کە بە کەنیزەک کران و هێشتا 2874 کەسیان نەگەڕێندراونەتەوە.
زیندووێتیی هەر نەتەوە و میللەتێکیش بەستراوەتەوە ئەوەوە چەند ڕێز بۆ ئەندامەکانی نەتەوەکەی دادەنێت. بۆیە ئەگەر دەتانەوێ وەک نەتەوەیەک لە ناوچەکەدا بەپێوە بمێنینەوه، ڕێگەی سەبایاکانی کورد بدۆزنەوە و بیانکەن بە خەم و پرسی نەتەوەیی و ستراتیژیی مانەوە لەسەر قوربانیانی ئەنفال و شنگال بنیاتبنێن. کەیسەکانی جینۆساید جیهان ڕادەکێشێت بۆ پشتیوانی لە مانەوەمان نەک بەپاشکۆبوونی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ناوچەکە و بەستنەوەی چارەنووسی میللەتێک بە بەرژەوەندیی ئەوانەوە. [1]