$هارد دیسکی کۆمپیوتەرەکەی بن لادن$
#عارف قوربانی#
ڕەنگە هاوشێوەی ئەو پرسیارەی ئایا (مریشک لە هێلکەیە یان هێلکە لە مریشکه؟) تێگەیشتن لەوەی کێ وڵاتێکی دامەزراوی وەک ئەمریکا بەڕێوەدەبات ئاوا قوورس بێت. ئایا هەر بەڕاستی کێ ئەمریکا بەڕێوەدەبات، ئەوانەی چوار ساڵ جارێک لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دێنە سەر حوکم، یاخود پلان و ستراتیژێکی دوورمەودا لە پشتی ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردنی ئەمریکاوەیە و ئەوانەی دێنە سەر حوکم ئەو ستراتیژە بەڕێوەدەبەن کە پێشتر داڕێژراوە؟
هەرچەندە مێژووی دوور و نزیکی ئەمریکا ئەوەی بۆ سەلماندووین کە کارەکتەرەکانی حوکمڕان لە ئەمریکا ڕۆڵی گەورەیان لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتەدا هەبووە، جیاوازیی دونیابینییان، دۆستایەتی کەسیی و پەیوەندییان لەگەڵ دونیای دەرەوەی خۆیان ڕەنگدانەوەی بەسەر سیاسەتی ئەمریکاوە هەبووە، هەروەها جیاوازیی فەلسەفەی حوکمڕانی هەردوو حیزبەکەش ڕەنگدانەوەی بەسەر تەواوی سیاسەتی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دیارە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا هەر ناکرێت باوەڕی تەواومان وابێت کە بۆ وڵاتێکی وەک ئەمریکا بە ڕەهایی دەسەڵات لە دەستی ئەوانەدایە کە چوار ساڵ جارێک دێن و دەڕۆن.
ڕاستە دامەزراوەی دەستووریی و بە یاسا چوارچێوەیەی دەسەڵات و ئاستی توانای بڕیاردان دیاریکراون، بەڵام هەر مەحاڵە باوەڕ بەوە بکرێت چارەنووسی وڵاتێکی گەورە کە چارەنووسی مرۆڤایەتیشی پێوەبەستراوە، مەحکوم بێت بە هەڵبژاردن و بە دیموکراسیەتێک بسپێردرێت کە یاریکردن بە وشە و سۆز دەرئەنجامەکەی یەکلاییبکاتەوە. بۆیە چاوەڕوانیکردنی زۆر لەو ئاڵۆگۆڕانەی بەهۆی هەڵبژاردنەوە لە حوکمڕانی ئەمریکا درووست دەبن، چاوەڕوانییەکی بێئاکامە، بەتایبەت بۆ ئەو پرسانەی کە گرێدراون بە ستراتیژی ئەمریکاوە.
$ناکرێت باوەڕی تەواومان وابێت لە ئەمریکا دەسەڵات بە ڕەهایی لە دەستی ئەوانەدایە کە چوار ساڵ جارێک دێن و دەڕۆن$
لێرەدا مەبەستمە سەرنجی خوێنەر بۆ پرسێکی گرنگ ڕابکێشم کە ئەویش ململانێ و پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکایە، هەروەها ئەو چاوەڕوانیانەی خەڵک لە ئێران و ناوچەکە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا و هاتنە سەر حوکمی بایدن وەک ئومێدێک بۆ گۆڕانکاری درووستیان کردووە. بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ترەمپ چەند ڕێکارێکی لە سیاسەتکردن لەگەڵ ئێران پەیڕەوکرد، وێناکە بە و جۆرە کەوتەوە کە ئەمە میزاجی کەسیی ترەمپە و ڕک و کینەی لە دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵگرتووە، بۆیە زۆرێک چاوەڕوانی ئەوەن کە بە ڕۆیشتنی ترەمپ ئەو سیاسەتانەی ئەمریکا بەرانبەر ئێران گۆڕانکارییان بەسەردابێت.
گەرچی لە ڕابردوودا و بە دیاریکراوی لە دوای هاتنە سەر حوکمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر ئاستی هەردوولا بۆ ڕای گشتی، ئێران و ئەمریکا وەک دوو وڵاتی نەیار خۆیان ناساندووە. هەردوولا وایان خستووەتەڕوو کە دوژمنی ستراتیژی یەکدین. بەڵام لە پشتی ئەم دیمەنە ڕووکەشەوە ڕووداوگەلێکی دیکە هەن کە شتی دیکەمان پێدەڵێن. بەتایبەت ئەگەر دەرئەنجامی هەر جۆرە ڕەفتار و هەڵسوکەوتێک بە ئەنجامەکەی هەڵبسەنگێنین، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم دوو وڵاتە ئەگەر لەسەر یەک نەخشە و ستراتیژی و بۆ ئامانجگەلێکی دیاریکراو کاریان نەکردبێت، بەدڵنیاییەوە ئاویان کردووەتە ئاشی یەکدییەوە.
$چاوەڕوانیکردن لەو ئاڵۆگۆڕانەی بەهۆی هەڵبژاردنەوە لە حوکمڕانی ئەمریکا درووست دەبن، بێئاکامه$
ئەمریکا بە پلەی یەکەم لە پشتی هێنانی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ سەر حوکم وەک لەمپەرێک لە بەردەم گەشەی سۆسیالیزم و ڕێگری لە هەژموونی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ سەر سەرچاوەکانی وزەی کەنداو. کاتێک لە سەرەتاکانی هاتنە سەر حوکمیشیدا تووشی شەڕی هەشت ساڵەی ئێراق هات، لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە باشترین جۆرەکانی چەکی ئەمریکی دەگەیشتە دەستی ئێران. دواتریش ئەمریکا نەک هەر چاوی لە پەلهاویشتنەکانی ئێران دەپۆشی بە ناوچەکەدا، بەڵکوو بە ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەری گەشەی ئێران بوو بۆ ترساندنی وڵاتانی ئیسلامی عەرەبی سووننە و ڕادەستبوونی یەک بەدوای یەکیان بە ئیسرائیل.
ئەمریکا بە ئێران وڵاتانی عەرەبی نەیاری ئیسرائیلی ترساند و تاوەکو ئەو ئاستە ڕادەستی ئەو ئیرادەیەبوون کە پڕۆژەی سەدە بەسەر هەموو نەیارەکانی ئیسرائیلدا بسەپێندرێت. با بەڕووکەش هەر لە تاران مەرگ بەر ئیسرائیل بخوازرێت.
$دوژمنایەیی ئەمریکا و ئێران ڕووکەشە$
پێدەچێت ئەمریکا ئیدی هێندە پێویستی بە گورگەکە نەمابێت بۆ ترساندنی مەڕی عەرەبی، چونکە ئێستا مەڕەکان چوونەتە لای شوانە ئیسرائیلییەکە و لەوە دەچێت قۆناغی داهاتوو بۆ دڵنیایی شوانەکە، قۆناخی ڕاوکردنی گورگە بێت. وەک چۆن ئەمریکا ئەندازیاری درووستکردنی تاڵیبان بوو، هەر خۆشی دەستیگرتن و هێنایانی بۆ حوکمی ئەفغانستان، کە کارەکەیان تەواو بوو، ئەمریکا پاڵی پێوەنان.
$لە شەڕی هەشت ساڵەدا باشترین جۆرەکانی چەکی ئەمریکی دەگەیشتە دەستی ئێران$
ئاماژەکان بۆ کۆماری ئیسلامیش هەر ئەوەمان پێدەڵێن. بۆیە ئەوەی ترەمپ دەیکرد ڕۆیشتن بوو بە و ڕێگایەدا و پێناچێت بایدنیش ڕێگەکەی بگۆڕێت. هەمان ئەو کارتەی بۆ تاڵیبان بەرزیانکردەوە و کردیان بەپاسا و بۆ ڕووخاندنی، ئێستا لە دواساتەکانی تەمەنی ترەمپدا، مایک پۆمپەیۆ هەمان ئەو کارتەی خستەوە پێشچاوی ئەمریکییەکان، یانزەی سێپتەمبەر دیمەنە سیحراوییەکەی وروژاندنی شێرە بریندارەکه.
پۆمپەیۆ لە دوا وتاریدا وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش ماڵاواییکردنی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی و بەرلەوەی بایدن بچێتە سەر کورسی دەسەڵات، بە گەلی ئەمریکای گوت ئێران لە پشتی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە بووە و بەرنامەداڕێژەری پەلامارەکەی دوو باڵەخانە بازرگانییەکەی یانزەی سێپتەمبەرە. ڕەنگە زۆربن ئەوانەی ئەم وتارە و ئەو ئاماژەیە وەک هەر تۆمەتێکی ئاسایی یاخود وەک هەر یەک لەو وتارە دژە ئێرانییانە ببینن کە چەندین ساڵە لە واشنتۆنەوە گوێمان لێدەبێت. بەڵام ڕاستی پشتەوەی ئەو وتارەی پۆمپەیۆ شتێکی دیکەیە.
$ئەمریکا ئەندازیاری درووستکردنی تاڵیبان بوو$
نزیک بە دوو ساڵ پێش ئەم وتارەی پۆمپەیۆ، من و هاوڕێیەکی ڕۆژنامەنووسم لەبەر ئەوەی ئیزنی خۆیم وەرنەگرتووە تا ناوی بنووسم سەردانی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێراقمان کرد، بە ڕێککەوت پەڕتووکێکم لە پەڕتووکخانەکەی بینی کە ماوەیەکی زۆر بوو عەوداڵی بووم، بە تەنزێکەوە پێمووت خۆ تۆ پەڕتووک ناخوێنیتەوە بۆیە ئەم پەڕتووکە دەبەم و بۆت ناهێنمەوە. بانگی هەردووکمانی کردە تەنیشتی خۆیەوە و وتی ئێوە هەر بچن بیرەوەرییەکانی فڵان و فڵان بخوێننەوە، لەسەر ئایپادەکەی فایلێکی (سی ئای ئەی) کردەوە و وتی من ئەمانە دەخوێنمەوە (هارد دیسکی کۆمپیوتەرەکەی بن لادن) هەندێک پەرەگرافی پێشانداین و کەوتە باسکردنی کە ئێستا ئەمریکا کار لەسەر ئەمە دەکات، دوای کوشتنی بن لادن لە هارد دیسکی کۆمپیوتەرەکەی ئەو بەڵگانەی تیایە کە ئێران لە پشتی قاعیدە بووە و سەرچاوەی مەشق و تەمویل و ئاڕاستەکردنیان بووە، تەنانەت بەڵگەی سەلمێنراوی یانزەی سێپتەمبەر کە ئێران پێی کردوون. کۆبوونەوەکانیان و داڵدەدانی خۆیان و ئەندامانی خێزانەکانیان بە ژن و منداڵەکانی ئوسامەشەوە. بۆیە ئەمریکا ئیدی سیاسەتی بەرانبەر بە ئێران دەگۆڕێت، لاوازی دەکات، کێشە لەناوخۆی درووست دەکات تاوەکو ئەم دەسەڵاتە نامێنێت.
$هارد دیسکی کۆمپیوتەرەکەی بن لادن ئەو بەڵگانەی تێدایە کە ئێران لە پشتی قاعیدە بووە$
دەمەوێ بۆ وەڵامی ئەو چاوەڕوانیانەی کە پێیان وایە بایدن دەرگا بە ڕووی ئێراندا دەکاتەوە و لانی کەم دەگەڕێنەوە ئەو قۆناخانەی پێش هاتنی ترەمپ، جۆرێکە لە خەیاڵ. ستراتیژی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئیدارەی هاوکێشەکانی ناوچەکە دەدەن، نەک نەرمونیانی بایدن. [1]