$رێگەی سەری حسێن، ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ کورد$
#عارف قوربانی#
یەکێک لەو کارەکتەرە سیاسییانەی کورد کە لەدوای کەوتنی سەدام لە بەغدا بوو، بۆی گێڕامەوە وتی ڕۆژێک لەگەڵ پۆڵ برێمەر حاکمی مەدەنی ئێراق لە ژوورەکەی دانیشتبووین باسی ڕەوشی ئەمنیی ئێراقمان دەکرد، ڕۆژی پێشووتر تەقینەوەیەک لە کەربەلا ڕوویدابوو و ژمارەیەک هاووڵاتی کوژرابوون. من گوتم ئەمڕۆ مەراسیمی گەورە هەیە لە کەربەلا بەهیوام باش کۆنترۆڵ کرابێ، ئەگەر ئەمڕۆ کردەی تیرۆریستی ڕووبدات، قوربانیی زۆرزۆری لێدەکەوێتەوە. کۆنترۆڵی تەلەڤزیۆنەکەشم بەدەستەوە بوو بەنێو کەناڵەکاندا دەگەڕام، لەو کاتەدا چووە سەر دیمەنی ڕاستەوخۆی مەراسیمی شیعەکان کە بە سەتان هەزار کەس بەشدارییان کردبوو، لەسەر ئەو کەناڵە ڕامگرت و گوتم ئەوە کەربەلایە.
$پۆڵ برێمەر وایزانیبوو ئیمامی حسێن لە تەقینەوەیەکی 2003 لە کەربەلا کوژراوە$
لەناو دیمەنەکاندا جارجار زوومی کامێرا دەچووە سەر کارەکتەرە سیاسی و سەرکردەکانی شیعە کە لە مەراسیمەکەدا بەشداربوون و ئەوانیش وەک بەشداربووانی دیکە شینیان دەگێڕا. پۆڵ برێمەر بە دەموچاو هەندێک لە سەرکردەکانی دەناسییەوە، لێی پرسیم ئەوە بۆ هەموویان دەگرین، منیش گوتم بۆ ئیمام حسێن. برێمەر لێی پرسیم: ئایا لە تەقینەوەکەی دوێنێ کوژراوە؟ پێم گوت نەخێر، 1400 ساڵ پێشتر کوژراوە، بەڵام شیعەکان ساڵانە وەک نەریت چەندین بۆنەیان هەیە بۆ ئەم ڕووداوە، ئیتر کەوتمە گێڕانەوەی چیرۆکی کوشتنی حسێن و گوتم ئەو چەند ساڵەش سەدام حوکمی کردووە ڕێگەی نەداوە بەئازادی ئەم مەراسیمانە بگێڕن، لەبەرئەوەی ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە بەئازادی ئەو یادە دەکەنەوه، بۆیە دەبینی هەست و سۆزێکی تێکەڵ بەئازادییان هەیە لەگەڵ ماتەمینییەکەیاندا، کە من ئەم قسانەم دەکرد، پۆڵ بریمەر چووبووە ناو خەیاڵێکی قووڵەوە و چاوی لەسەر شاشەکە نەدەجووڵاند، واهەستم کرد ڕەنگە گوێی نەدابێتە قسەکانم، کە من ڕاوەستام برێمەر وتی ئەوانەی تۆ دەیڵێیت هەمووی باسی ڕابردووە، بەڵام من بیر لە داهاتوو دەکەمەوە، دەبێت ئەمانە ئاییندەی ئێراق بەرەو کوێ ببەن؟
ئاوڕدانەوە لە مێژووی ئەم نزیک بە هەژدە ساڵەی ئێراق، پێویستی بەهیچ توێژینەوە و خۆماندووکردنێک نییە تاوەکو ئەو ئەنجامە بە چاوێکی ڕوون ببینیت، کە ئەو عەقڵەیەتە ئێراقی بەکوێ گەیاندووە. دیمەنەکانی کوشتنی هەزاران کەس لە مامۆستای زانکۆ و پزیشک و ئەندازیار و ئەفسەر و فڕۆکەوان و ئەکادیمستەکانی سووننە تەنیا لەسەر (ناوەکانیان) ، بەسە بۆ ئەوەی تێبگەیت ئێراق چ خەراباتێکە. وێناکردنی داهاتووش هێندە ئەرکێکی قوورس نییە تاوەکو پێویستی بە لێکۆڵینەوە و شەنوکەوکردن و تێگەیشتن لە ئامانج و ستراتیجی شیعەکان بێت بۆ ئەوەی لەوە تێبگەیت پاش دە ساڵی دیکە ئێراق چی بەسەر دێت. هیچ دەسەڵاتدارێک هێندەی شیعەکان لەوەدا شەفاف نەبوون، کە بە ئاشکرا دەیانەوێ پێکهاتە مەزهەبی و ئیتنیکییەکانی دیکە لەناو مەزهەبی شیعەدا بتوێننەوە. ئەوەی سەدام دەیویست بە پڕۆسەی بەعەرەبکردن بیکات و نەیتوانی هەموو ئامانجەکانی بپێکێت، ئێستا ئەمان بە سیاسەتی تەشەیوع بەرەو لووتکە سەردەکەون.
$شیعە لەوەدا شەفافن، کە بە ئاشکرا دەیانەوێ پێکهاتە مەزهەبی و ئیتنیکییەکانی دیکە لەناو مەزهەبی شیعەدا بتوێننەوە$
تەنیا لە دوو کردەی پڕۆسەی (هێنان و ڕاوەدوونانی #داعش#) کۆتاییان بە هەژموون و لەمپەری سەت ساڵەی سوننەکان هێنا. بە دەرکردنی یاسا بۆ پارێزگاریی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە و بەیاساییکردنی حەشدی شەعبی کە لەسەر بنەمای ئەو پێویستییە درووستکرا ئەرکی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانە، کەوتنە سەر ڕاستەڕێی ئەو قۆناخەش کە کوردیش بە دەردی سوننەکان ببەن و زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، بەهۆی بیرنەکردنەوە و بێئاگایی کورد لەوەی چی لە چواردەوری دەگوزەرێت، خەریکە لە گەیشتن بەم ئامانجەش نزیکدەبنەوە.
لەم ڕۆژانەی ڕابردوو لە کەناڵی ئاسمانیی کەربەلا ڕاپۆرتێکم بینی کە لە تیمێکی پسپۆڕی مێژوویی و جوگرافی و ئاسەوارناس پێکهاتبوون دەستیان بە گەشتێکی کنەوپشکنین کردبوو بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگەیەی مەوکیبی سەری حسێن و سەبایەکانیان لە کووفەوە پێدا بردووە بۆ شام. چیرۆکەکە بە و جۆرە دەگێڕنەوە دوای ئەوەی حسێن لە کووفە دەکوژرێت سەری لەلاشەکەی دەکەنەوە و لەگەڵ ئەو کچ و ژنانەی دەستگیردەکرێن بە کاروانێک بەڕێدەکرێن بۆ شام تا وەکوو دیاری پێشکەش بە ڕکابەرەکەی بکرێت. تیمەکە موژدەی ئەوەیان دەدایە شیعەکان کە ڕێگەکەیان دۆزیوەتەوە و بە ئاسکی موسڵ و نزیک تەلەعفەر و بەناو #شنگال#دا تێدەپەڕێت.
$شاراوە نییە شیعە چاویان بڕیوەتە سەر کورد و کوردستان و نەیان شاردووەتەوە کورد وەک مەترسی بەردەم خۆیان وێنا دەکەن$
هەرچەندە ئەم چیرۆکە کۆنە و شیعەکان زۆر لە مێژە سێ وێنایان وەک ئەگەری ڕێگەی گەیشتن لە کووفە شوێنی کوشتنی ئیمام حسێنەوە بۆ دیمەشق شوێنی نیشتەجێی یەزدی کوڕی مەعاوییە کێشاوە و زۆر توێژنەوە و لێکدانەوەیان هەیە بۆ ئەوەی بەڕەچاوکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی ئەوکات ڕێگەکە بدۆزنەوە. ئەمە پرسێکە هێشتا بە شاراوەیی ماوەتەوە، بەڵام ئەوەی شاراوە نییە ئەوەیە کە شیعە زۆر بە باشی توانیویەتی وەبەرهێنان لە ئایین و مەزهەب و ئەو چیرۆکانە بکەن کە لە مێژووی ئیسلامدا ڕوویانداوە. ئێستاش شاراوە نییە کە چاویان بڕیوەتە سەر کورد و کوردستان و نەیانشاردووەتەوە کورد وەک مەترسی بەردەم خۆیان وێنا دەکەن. بۆیە زۆر بە ئاسانی دەتوانن سەرنجی شیعە بگوازنەوە بۆ هەر جوگرافیایەک کە پێویستیان پێیەتی. دوای کەوتنی سەدام لە ناوچەکانی دوز#خورماتوو# چیرۆکێکیان درووستکرد بەوەی ئەسپەکەی ئیمام عەلی لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستاوە کە دەڕوانێتە سەر خورماتوو و ناوچەکانی بناری گلدا، ئیدی بەزۆری زۆرداری کردیانە زیارەتگایەک و هێزیان بۆ پاراستنی درووستکرد و ئەنجامی ڕووداوەکانیشمان بینی ئەو ناوچەیە چی بەسەرهات.
$گرتنی شنگال بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی پێکەوەبەستنی هیلالی شیعی بوو$
کەم نەبوون ئەوانەشی لە سەرەتای هاتنی داعش و گۆڕینی ئاڕاستەکەیان لە دەروازەکانی بەغدا و سامەڕاوە بۆ گرتنی شنگال بەوە لێکدەدایەوە کە شنگال ئەگەر لە ڕابردوودا قوربانیی ئایین و نەتەوە بووبن، ئەم جارە بوونە قوربانیی جوگرافیاکەیان و گرتنی شنگال بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی پێکەوەبەستنی هیلالی شیعی بوو، ڕێگەی گەیشتنی ئێران بە شام. ئەگەر ئەوکات باوەڕ بە و ڕاستییە نەدەکرا، ئیدی دەبێت کورد بەئاگابێتەوە و ورووژاندنی ئەم چیرۆکە تازەیە کە سەری حسێن بە خاکی کوردستاندا گوازراوەتەوە بۆ دیمەشق، ئاماژەی ڕوون و ئاشکران بۆ پلانی داهاتووی شیعە کە دەست بەسەر تەواوی ئەو ناوچانەدا دەگرێت.
هەموومان دەزانین کاریگەریی ئەو هەست و سۆزە درووستکراوە تاوەکو چ ئەندازەیەک بۆ ناو قووڵایی دڵ و دەروونی تاک بەتاک و ناو کۆمەڵگەی شیعی شۆڕبووەتەوە. ئەوەش ئاشکرایە کە چەند بەند و بڕگەی دەستووری و یاساییان سەپاندووە بەناو بۆ پارێزگاریی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە. سبەینێ هەر ئەوەندەی مەرجەعێکیان داوایکرد پێویستە پیرۆزیی ئەو ڕێگەیە بپارێزین، بەدڵنیاییەوە جێپێی هەر ژن و کچێکی لایەنگری حسێن کە وەک سەبایا گوازراونەتەوە، بە سریەیەکی حەشدی شەعبی پڕدەکەنەوە. پێویستە کورد ئەمە وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار و ڕاگەیاندنی سیناریۆیەک بۆ ئامادەکردنی ڕای گشتی شیعی بۆ پەلاماردانی کوردستان ببینێت.
$دەبێت کورد سیناریۆی شیعەکان وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ پەلاماردانی کوردستان ببینێت$
خێرە 1400 ساڵە پەییان بە و نهێنییە نەبردووە کە لە کام ڕێگەوە سەری حسێنیان بردووە بۆ شام، ئێستا لەم کاتەدا موژدەی دۆزینەوەی ڕێگەکە دەدەن بەگوێی ڕای گشتی شیعەدا، کە ئەو ڕێگەیە کوردستانە؟ [1]