$کەی ڕۆژمان وا ڕەش بوو؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
$عەقڵ و نەقڵ$
لە سادەترین پێناسەی خۆیدا هۆکاری سەرەکی پشت وەحی و ناردنی پێغەمبەران ئاوەدانکردنەوەی ژیانەکەی دیکەی مرۆڤە لە ڕێی بەخشینی مانا بەوەی لێرە دەگوزەرێ. ژیانێک کە موعتەزیلە بڕوایان وابوو مرۆڤ دەتوانێت بە ژیری بگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبێت بوونی هەبێت، بەڵام خودا لەپاڵ عەقڵدا لوتفی نواندوە و لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە و بۆ یارمەتیدانی ژیری و ئەو ئەزموونەی کە ئەوان خۆیان کردوویانە بۆ ئێمە باس بکات لە ڕێگایانەوە.
هیچ دەلیلێکمان نییە خودا پێغەمبەرانی بۆ ئەوە ناردبێ تا ئێمە فێری ئاوەدانکردنەوەی دونیا و بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی دونیا بکەن، لەسەرێکی دیکەوە بێ شومارن ژمارەی ئەو دەلیلانەی کە پێمان دەڵێن پێغەمبەران بۆ چ میسیۆن و ئامانجێک نێردراون. ئێمە دەقیق ئەمڕۆ پێچەوانەی ئەمە باس دەکەین. پێغەمبەران و وەحییەکانی ئەوانمان کردۆتە بەردبازی پەڕینەوە بۆ دەستکەوتە ماددی و دونییاییەکانی وەک سیاسەت، بەڕێوەبردن، ئابووری، زانست، پزیشکی و کۆمەڵناسی، پەیامەکەی ئەوانمان لەو ئەمرە قودسییە بەتەواوەتی داڕنیوە کە باس لە ماناو ژیانێکی دیکە و ئەو فۆڕمانە دەکەن کە ئێمە لەو ژیانەی دیکەدا دەیانگۆڕین.
ئیبن خەلدوون شەش سەدە بەر لە ئێستا لە موقەدیمەکەیدا بە بێ ڕتووش و بێ پەردە و کینایە باسی لەمە کردووە و دەڵێت: هەندێک پێیان وایە پێغەمبەران هاتوون کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا بهێنن بۆ ئەوەی ئیدارەی کۆمەڵگە و نەزمی جیهانی پێبکرێت، ئێمە ئەمڕۆ دەیان کۆمەڵگە دەناسین کە پێغەمبەریشیان نەبووە و توانیویشیانە ئیدارەی کاروباری خۆیان بە باشترین شێوە بکەن، کەوابێ مەسەلەی پایە و بنەڕەتی لە ناردنی پێغەمبەران بۆ دونیا ئیدارەکردنەکەی نییە. ئیبن خەلدوون شەش سەدە بەر لە ئێستا ئەم قسە ڕاقییەی کردووە، ئەمڕۆ لەسەر ئەم قسەیە و پاش تێپەڕبوونی شەشسەد ساڵ لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا لەسەر قسەیەکی لەم شێوەیە خەڵک تەکفیر دەکرێت و خوێنی حەڵاڵ دەکرێت.
گەر پێغەمبەران و وەحی بۆ ئیدارە و سیاسەت و ئابووری هاتوون کەواتە ئیتر کاری ئەو عەقڵەی کە خودا پێیداوین چییە؟ ئێمە خۆمان دەتوانین لە ڕێگای بەکار هێنانی ئەم عەقڵەوە ئەم دونیایە بۆ خۆمان بەو جۆرەی دەمانەوێت ئاوەدان بکەینەوە، بوونی ژیری و پێدراوە عەقڵییەکان هەر بۆ ئەمەن، وەحی دێت لە ڕێگە مانا بەخشین بەوەی لێرەدەیبینین ئەولا بۆ ئێمە ئاوەدان دەکاتەوە. ئێمە ئەمڕۆ هاتووین دەقیق پێچەوانەی ئەمە دەکەین، لەسەرێکەوە فەزای دەرەکیمان ڕادەستی هێزێکی وەک هێزی وەحی کردووە تا وەک عەسایەکی موسایی بۆمان چاک بکات و لەسەرەکەی دیکەشەوە وەحی و نەقڵ هیچ ڕۆڵیکیان نەماوە لە بەخشینی مانا بە دیاردەکانی ژیانمان، مەلا و پیاوانی ئایینی و دیندارەکانمان لە پۆزەتیڤیستەکانی نەمسا زیاتر ماددی و ڕووکەشگەران. دین بووە بە ئامرازێک بۆ بکە و مەکەی دەستی سەڵاتین و پۆلیسەکانی حەرام و حەڵاڵ.
لە ڕاستیدا خودا ئەم دونیایەی سپاردووە بە ئێمە، لە سیاسەتییەوە بۆ ئابووری و فەلسەفە و زانستە ئەزموونییەکەی. گەر خراپە لە کوورتهێنانی ئێمەیە کە خراپە، دەبێت ئێمە چاکی بکەین، خودا ناتوانێت پێی بخاتە نێو چاککردنی ئەم بوارانەوە. ئابووری و بازاڕ کە خراپن ئێمە دەبێت چاکیان کەین، سیاسەت و بەڕێوەبردن و پەروەردەش هەروان. تۆ شەونوێژ و ڕۆژووی خۆت بکە و بگرە بەڵام بە شەونوێژ و ڕۆژووگرتن دۆخی بازاڕ چاک نابێت، ئەمە ڕێگای چاککردنی بازاڕ نییە، بازاڕ قەواعید و ئوسوڵێکی تایبەت بەخۆی هەیە. غەزالی تەنانەت هەمان بۆچوونی بۆ فیقهی دینیش هەیە، ئەو پێی وایە فیقهی دینی توێکڵی دینە، بۆ کۆنترۆڵکردن و پێکدانەدان درووستبووە (فصل التخاصم) ، نەک یاساکان خۆیان لەخۆیاندا پیرۆز بن. بەبۆچوونی غەزالی ئەو فیقهەی کە ئەمڕۆ کراوەتە هەموو دین دونیاییترین بەشی دینە.
بەسەرکەوتنیان بەسەر موعتەزیلەکاندا ئەهلی حەدیس بەرپرسیارێتی پیرۆزاندنی ئەم توێکڵە لەئەستۆ دەگرن، ئەوان تەنانەت ڕقیان لە موجتەهید و فەقیهێکی وەک ئەبوحەنیفەی نوعمانیش دەبێتەوە، بۆچی؟ چونکە باوەڕی بە قیاسی عەقڵی هەبووە لە ئیجتیهاد و فەتواکانیدا بۆ شتێکی دونیایی وەک فیقﮪ. ڕق و داخ لەدڵی ئەم گرووپە زاهیر بینە بۆ ژیری و تەعەقول تا ئەم ڕادەیەیە.
گرنگترین کارێک بشێت ئێمە لەم جوگرافیا ڕەشەی خۆماندا ئەمڕۆ بیکەین ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ عەقڵ. گەڕانەوەش بۆ ژیری واتە ڕێز لە ژیری بگرین، سووکایەتی پێنەکەین، نەیجەڕێنین بۆ مەرام و ئەژێندای ئایدۆلۆژی و سیاسیی کەسی و گرووپ، بەکاریبهێنین، بۆچوونی جیاواز قەبوڵ بکەین، ڕێزگرتن لەژیری واتە ئیتر لەوە دەرچین ئیمان وەک کۆنتراکتێکی دەستەجەمعی نێوان خۆمان وسوڵتە تەماشا بکەین، چونکە ئیمان سەر بە ڕەکیزەکانی کۆمەڵگەو سوڵتە نییە، ئیمان پەیوەندییەکی گۆڕا و جوڵاوی نهێنی نێوان تۆ و خودایە، تەکلیفی خوداش لەم دونیا و لەو دونیاش لەسەر ئاستی تاکە نەک گرووپ و مۆب و جەماعەتی موجەنەد. ڕێزگرتن لە ژیری واتە کارێک بکەین بیرکردنەوە هەندێک لە خوایەتی کردن بخات کە ئارەزووی دەکەن، کەس خوا نەبێت، هەمومان وەک یەک مرۆڤ بین (ٚکن مع الناس فردا منهم)
قورئان بەڕوونی لەسەر ئەم باسە قسەدەکات: ( وَکُلُّهُمْ آتِيهِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَرْدًا یان إِنسَانٍ أَلْزَمْنَاهُ طَائِرَهُ فِي عُنُقِهِ ۖ وَنُخْرِجُ لَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ کِتَابًا يَلْقَاهُ مَنشُورًا) ئێمە تاک و تەریک دەچینەوە لای خودا نەک بە گرووپ و شوناس و ئایدۆلۆژیاکانمانەوە. بەیەک وشە ئەم ئایەتانە پێمان دەڵێن سوڵتەی دینی لە ئیسلامدا بوونی نییە، تەکلیف هەمیشە فەردییە، سوڵتەی دینی خراپترین بیدعەی کڵێسای کاثۆلیکییە کە دواتر بۆ دەستبەسەرداگرتنی سوڵتە دەپەڕێتەوە نێو ئیسلام.
لەسەرێکی دیکەوە پێویستمان بە پێغەمبەران هەیە بۆ ئەوەی ئەو دونیاکەی دیکەمان بۆ ڕووناک بکەنەوە، لە کوورتترین ڕێگاوە بە خێراترین خێرایی بمانگەیەننە مەنزڵ، مەحوی کە دەیگوت بە بێ پیرێ مەچۆرە مەعرەکەی ئەسفەندیاری نەفس دەقیق مەبەستی لەمە بوو. لەم ڕێگایەدا دەلیل و ئاشنایەکمان دەوێت بۆ ڕێگاکە، بەقەولی مەولەوی کەسێکمان دەوێ لەم ڕێگا دووروو پڕ لە زوڵوماتەدا گۆرانیمان بۆ بڵێت تا بێتاقەت نەبین، نەمێنینەوە، لە کاروان دوانەکەوین، ئاڵنگارییەکانی ڕێگا لە ڕێگاکەمان نەکەن. ڕێگا مەعنەوییەکان هەمیشە پیر و پێغەمبەریان دەوێ، هەڵەکە لێرەدایە کە هەندێ پێیان وایە پێغەمبەران بەرپرسیاری ڕووناککردنەوەی ڕێگا کوورت و ئیدارییەکانی دونیان نەک ئەوانەی دواڕۆژ. [1]