$دوور بۆی مەڕوانە قیامەت هەر لێرەیە لەنێو خۆتدا!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لەمانگی ڕەمەزاندا بەپێی توانا ئەڕۆمە خزمەت ئەو ئایەتانەی قورئان کە باس لە حەزرەتی ئیبراهیم دەکەن. دیارە بە گوێرەی تێرمینۆلۆژی قورئان ئیبراهیم بەتەنیا مرۆڤێک یان پێغەمبەرێک نییە، ئەو خۆی بەتاقی تەنیا مەکتەبێکی فیکری فەلسەفییە، کە قورئان بە ئومەتی قانیت گوزراشتی لێدەکات، پرسیارێک دێتە پێشەوەئەم دۆخەی ئیبراهیم لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
گەر بە ئیدیعا بێت ئێمە ئەمڕۆ بەبێ خۆتێکدان و تەحقیق، زۆر لە ئیبراهیم نزیکترین لە یەقین سەبارەت بە خودا و مەعاد و زیندووبوونەوە بەبێ ئەوەی پرسیارێکمان کردبێت، بەڵام ئەم قسەیە لە ناوەرۆکدا وانییە. ئەم دۆخەی ئێمە دۆخێکی تەواو لاساییکەرەوەی ناپوختە لەسەر ویستێکی بۆماوەیی باوباپیرانمان بنیادنراوە، ئاڕاستەکەی پێچەوانەی ئەوەی حەزرەتی ئیبراهیمە لەدەرەوە بۆ ناوەوە سەرچاوەی گرتووە، واتە نە تێیگەیشتووین نە پێی نەگەیشتووین بەڵکوو تەڵقین کراوین.
ئیبراهیمێک کە پێغەمبەرێکی خوایە بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو یەقینەی کە خودا چۆن مردووەکان زیندوو دەکاتەوە دێت داوا لە خودا دەکات نیشانی بدات تا دڵنیایی تەواوی بۆ درووستبێت سەبارەت بە زیندووبوونەوە، بەم موکوڕییەی لە ڕێگەی گەیشتن بە حەقیقەت دواجار دەگاتە پلەیەک کوڕەکەی خۆی بکاتە قوربانی ئەو ویستە ناوەکییەی. بەبڕوای من ئیبراهیم پێش ئەوەی پەیامبەری یەقین بێ پەیامبەری گومان و شەکاکییەتەدەشێت جەنابت گومان ناو بنێیت ویستێک بۆ یەقین، ئەمە هیچ لە شەکاکییەت و سرکی ناخی ئەو مرۆڤە کەم ناکاتەوە تالە ڕێگەیەوە خودی خۆی حەقیقەت بدۆزێتەوە، نەک کەسانێکی دیکە لەجیاتی ئەم بڕۆن و ئەو کارە بکەن و دواتر بیگوازنەوە بۆ ئەم.
هەر لە تەماشاکردنی خۆر و مانگ و ئەستێرەکانەوە بۆ داواکردنی ئەوەی خودا چۆن مردووەکان زیندوو دەکاتەوە، هەر لە شکاندنی بتەکانەوە بۆ جیدالەکەی لەگەڵ خودا و فریشتەکان و ناڕازیبوونی سەبارەت بە فەرمانە خوداییەکەی لەناوبردنی گەلی لوط یجادلنا فی قوم لوط دەری دەخات ئەم مرۆڤە مەزنە، چەندە ڕاستگۆیە لەگەڵ ناخی خۆی و چەندە لە ئاشتیدا بووە لەگەڵ خۆی و دونیاکەی نێو ناخی خۆیدا. هەموو ئەوەی گوتوویەتی یان ئەنجامیداوە، لە ناوەوڕا بۆ دەرەوە هەڵقوڵاوە، دەقیق پێچەوانەی ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە پێمان وایە لەدەرەوە بۆ ناوەوە دەبێت چاک بین، لە یەقین و حەقیقەت نزیک ببینەوە.
بەگوێرەی قورئان تا تەمەنێکی دیاریکراو هیچ شتێک لەدەرەوە نەسەپاوە بەسەر ئیبراهیمدا، تەنانەت هۆکاری ڕاکردنی لەدەست باوکی هەر ویستی دیکتاتۆرییەتی دینی بۆماوەییە قَالَ أَرَاغِبٌ أَنْتَ عَنْ آلِهَتِي يَا إِبْرَاهِيمُ. ما وجدنا علیە اباٷنا.
لەگەڵ پیربوونیدا ئیبراهیم وردەوردە لەیەقین نزیکتر بوەتەوە، تا وایلێدێت بە تێپەڕینی تەمەن و هەڵکشانی ئەم پێغەمبەرتر و گوێرایەڵتر بە تەوەکولتر دەربکەوێت، ژن و منداڵێک لە سارایەکی چۆڵی وەک مەککە بەجێبهێڵێت، چەقۆ بخاتە سەر ملی منداڵەکەی.
خاڵی جیاکەرەوەی ئیبراهیم لەهەر کەسێکی دیکە ئەوەیە ئەو سەرەتا بە ئاسانی ناتوانێت هەموو شتێک قەبوڵ بکات.
$ئەم دۆخەی ئیبراهیم چۆن سوودی بۆ ئێمە دەبێت؟$
ئەمڕۆ ئەوەی وایکردووە کە وابزانین دینی خودا بەهەمان ئەندازەی چونییە. بۆ هەموومانە و وەک یەک بەرپرسیارین بەرانبەر هەموو دین و داواکارییەکانی پێودانگەکانی ئەو هێزە سیاسییە دینییەیە کە هەر لەسەرەتاکانی ئیسلامدا لەپێناو دەسەڵات و دەسەڵاتخوازیدا دێت یەک جۆر لە شوناسی دینی فۆرمەلە دەکات و وەک جێگرەوەی ئیمانی دینی و وەک گەیشتن بەیەقین و بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر کۆی جومگە و سێکتەرەکانی کۆمەڵگەدا دەیگشتێنێت، ئەویش ویستی دیکتاتۆرییەتی شوناسی دینییە. لای ئەم هێزە سیاسییە یەقین سەنتەرە، ئیمان و یەقین خاڵێکن ئێمە دەبێت هەر لەسەرەتاوە پێیان بگەین نەوەک وەک ئیبراهیم تەمەنێک عەوداڵیان بین و لە دوویان بگەڕێین، جیاوازی ئەم دیدە و دیدەکەی ئیبراهیم لە گەڕان و گەیشتندایە. ئیتر لێرەوە لەجیاتی دین و ئیمانی دینی، شوناسێکی دینی گشتێندرا و قەڵەو دەکرێت و ئیمان و تەزکییە و تەربێتی دینی پاشەکشە دەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە خاڵێکە وەک یەقینی دینی چاوی لێدەکرێت بۆ ئەوەی هەمووان وەک یەک پێی بگەین بەبێ خوێندنەوەی ئەوەی هەرکەسەو تواناییەکی دیاریکراوی هەیە. دیارە ئەم هەژمونە سیاسییەی دینیش لە کۆتاییدا بە زیانی دین و ئیمانەکەی کۆتایی دێت.
قورئان زۆر بە دەقیقی جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەم قورئانە بەکەڵکی هەموو کەس نایەت، یان لانی کەم بۆ هەموو کەسێک وەک یەک هیدایەت نییە. ئایەتەکانی هدی للمتقین، یهدی للتی هی اقوم، لقوم یٷمنون..هتد دەقیق سەلمێنەری ئەوەن پێش باوەڕهێنان پێی دەبێت کەسەکە وەک ئیبراهیم دەردەدار بێت، کێشەی هەبێت، حەقیقەت ویست بێت و پرسیاری هەبێت، خاوەندارێتی لە سیفەتێکی وەک تەقوا، قەوامییەت کردبێت، ئەنجا قورئان دەبێت بە ڕێنیشاندەر بۆی. دەنا بە پچەوانەوە ژمارەی ئەو ئایەتانە کەم نین باس لەوەدەکەن کەقورئان لەبری هیدایەت زۆرجار دەبێتە هۆی گومڕایی و لەنێوچوون. ئایەتەکانی خودا چ نووسراو بن چ بینراو، مەرج نییە.هەمیشە هەر هیدایەت بن، بە بێ بوونی ئەو پێشەکییەی قورئان دەیەوێت، بەبێ بوونی ڕۆحێکی لانی کەمی ئیبراهیمی، لەبری هیدایەت ئایەتەکانی قورئان دەبنە گومڕایی زیاتر يُضِلُّ بِهِ کَثِيرًا وَيَهْدِي بِهِ کَثِيرًا
ئەو سیاسەتەی لەسەدەی یەکی کۆچیدا کودەتا بەسەر فەهمی دینی و ئیمانی دینیدا دەکات بە تەنیا شورای دینی لەناو نابات، بەڵکوو دێت قورئان لە مانا بنەڕەتییەکەی خۆشی دادەبڕێت، ویستی دەسەڵاخوازییەکەی وادەکات قورئان بە شێوەیەکی چونییە. و یەکسان بکاتە پەڕتووکی هیدایەت بۆ هەموو لایەک و لە شێوەی ناسنامەیەکی بێناوەرۆکدا توانی بیگشتێنێت بەسەر کۆی کۆمەڵگەدا. ئەم دابڕینە مەترسیدارە پێشتر خودی قورئان ئاماژەی بۆ کردبوو کە پیاوانی ئایینی یەهوودی و کریستیان ئەنجامیان دابوو: دابڕینی وشە لە میساق و کۆنتێکستی خۆی یحرفون الکلمە عن مواضعه، بۆ ئەوەی موسوڵمانان تێینەکەونەوە، بەڵام وەک سرووشتی مرۆیی خۆمان ئێمەش خراپتر لەوان کەوتینەوە هەمان هەڵەوە کە پێشتریش لەسەری ئاگادار کرابووینەوە.
قورئان بە ڕوونی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەم پەڕتووکە بۆ هەموو کەسێک نییە، بەڵکوو بۆکەسانێکەکە دەردەدار و نەخۆش و بیمارن و بە شوێن چارەسەرەوەن، تۆ تا نەخۆش نەبیت بیری نەخۆشخانە و دەرمانت نییە. نەک هەر دەرمان ناخۆێت تەنانەت بیریشی لێناکەیتەوە. بە بێ دەرککردنی ئەوەی نەخۆشیت مەحاڵە بتوانیت بیر لە چارەسەر بکەیتەوە، کە دەرکت کرد بەوەی نەخۆشیت ڕازی بوویت بچیتە لای پزیشک ئەوسا بە گوێرەی ئەو ڕەچەتەیەی پزیشکەکەت بۆتی دەنووسێت لە ئازار شکێنێکەوە بۆبەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و نەشتەرگەری ڕازیت بەوەی بۆت ئەنجام بدرێت ئەگەر چی ئازار و ناڕەحەتیشی زۆر بێت.
مەحاڵەکەی تۆخکردنەوەی شوناسی دینی یان دینداری چاولێکەری لەوێدایە کەسێک هەوای تەڕەب و سەما و هەڵپەڕکێ و سەیران لەمێشکیدا بێت، تۆ بێیت بەزۆر پەلی بگریت و بیبەیت بۆنەخۆشخانەی هیوا بیخەیتە ژێر چارەسەری کیمیایی، پێشت وابێت هاتووی لەپێناو خودا و دینەکەیدا ئیقامەی حوجەت دەکەیت و خەڵک هیدایەت دەدەیت. خراپترین جۆری دینداری دینداری چاولێکەری و نا ئیبراهیمییە، دیندارییەکە تەلی سازەکەی ناخت کۆک نییە بەو ئاوازەی کە لەدەرەوە دەیبیستیت، بێ سوودترین دینداری دیندارییەکە لەدەرەوە بۆ ناوەوە سەرچاوە بگرێت و ناوەوەش هیچ جۆرە ئیستیعداد و ئامادەکارییەکی نەکردبێت بۆ ئەو ویستە دەرەکییە، لە دۆخە ئاساییەکەیدا ئەم جۆرە دیندارییە ڕوکەشگەرایە بێ ناوەرۆکە زۆر بڕناکات، گەر لە ڕێگەی فشار و هێز و ترساندنیشەوە بگاتە شوێنێک لە بەرگی نیفاق و دووڕویی و ماسکپۆشیدا دەگات، سوودی بۆ خاوەنەکەی نابێت، ناتوانێت ئاشتی ناوەکی بۆ خاوەنەکەی دابین بکات. [1]