بابەت: کوورتەباس
ناوەرۆک: یاداشت
نووسین: بەکر فەتاح
وەکو چەند جارێک ئاماژەم پێداوە، ڕاستە #ھەڵەبجە# بووتە شناسنامەی میللەتێکی قوربانی مێژوو و جوگرافیا، بەڵام لە پێش ھەڵەبجە و دوای ھەڵەبجەش پڕۆسەی جینۆسایدی کورد بەردەوام بووە.
ڕێک وەک ئەمڕۆ بوو #23-03- 1988# بوو، پاش ئەنفالی یەک، پێشمەرگەکانی سەرکردایەتی و مەڵبەندی دوو و مەڵبەندەکانی تر کە لە شەڕی پاراستنی سەرکردایەتی بەشدار بوون پەنایان بۆ پایتەختی ناوچەی ئالانی #شاناخسێ# ھێنابوو..
ڕۆژێکی بەھاری ، بۆنی گوڵاوی شکۆفەی درەختەکان ناوچەکەی داپۆشیبوو، چوومە سەردانی بارەگای لۆجستی ھێزەکە، بۆ مشوورخواردنی پێویستییەکانیان، ئاخر ئەو وەختە تیپەکەی ئێمە #تیپی 37ی شارباژێر# لەو ناوچەیە جێگیر بوون، کاک #حەمەمینی خەجێ# کە لەو ھێرشە کیمیاییەدا شەھید بوو لەگەڵ برادەرانی تر وتیان با بچینە ناو خێمەکە تا لیستی پێداویستییەکان ئامادە کەین، وتم نا با لێرە لەدەرەوەی خێمەکە دانیشین، ھێشتا چامان نەخواربووەوە، کاتێکم زانی شەش فڕۆکەی جەنگی کەوتنە پەلاماری ناوچەکە، یەکسەر وتم کەس نەجوڵێ بۆمببارانە، ئاخر لەو وەختە ئەگەر ڕاکەیت زیاتر ئەگەری بەرکەوتن ھەیە.کاتێکم زانی بۆمبەکان وەک بەرمیل دەھاتنە خوارەوە، پاشان بینیم دوکەڵێکی زەرد و سپی، بە دوایدا بۆنی سیر و چوالەی تاڵ، بۆیە پاش بۆمبباران داوام لێکردن بەرەو ژوور بۆ سەر گردەکان ڕاکەن (ئاخر من زانیاریم ھەبوو لەسەر چەکی کیمیایی چونکە پێش ئەوەی ببمە پێشمەرگە، لەسەربازی بەرپرسی ئەزمایشگای کیمیایی بووم) نەخێر بەڕێ کەوتین بۆ سەر شاخ ئەو وەختە بریندار بووم شیشێکی باریکیان لە پشتی دەستم بۆ دانابووم، سەری شیشەکە لە پشتی دەستم ھاتبووە دەرێ دەترسام لەوێوە گاز بچێتە ناو خوێنم بۆیە دەستم گرت بەدەستەکەی ترمەوە ، خەریکی دەست و دەموچاو شتن بووم سەرم ھەڵبڕی جارێکی تریش شەش فڕۆکەی تر کەوتنە بۆمبباران، چوینە سەر گردۆڵکەیەک بە برادەرانم وت با ئاگر بکەینەوە تا ڕێگر بێت لە گاز.
پاش بۆمبباران ھاتینە خوارەوە چیم بینی، دەیان شەھید، سەدان بریندار ، بە پێی شارەزایی خۆم بە ھەڤاڵانم وت واز لە شەھیدەکان بێنن، ناوچەکە چۆڵ کەن بچن بۆ ڕوبارەکەی خوارەوە جلەکانتان داکەنن خۆتان بشۆن، ئاخر ئەزانم ئەوە کارێکی ئاسان نەبوو تەرمی ھاورێکەت فەرامۆش کەیت، بەڵام بۆ ڕێگرتن لە قوربانی زیاتر ھەر دەبێ وا بکەین.
کاتێک چومە خوارەوە، ھاوسەرەکەم کەژاڵ بەرخێکی بچکۆلەی بە باوەشەوە بوو پەرۆیەکی تەری خستبووە سەر دەموچاوی ھاتبوو سۆراغی من بخوات وتم ئەوە چییە؟ وتی ئاخر دەمرێت گوناحە، وتم ئەی خۆت گوناح نیت یەڵا بڕۆن بەرەو چەم.
بۆ ڕۆژی دوایی من وەزعم باش بوو تەنھا لەسەر و دەموچاوم ھەندێ ئاوی لێ دەھات، بەڵام چیم بینی لاشەی 28 شەھید و بە سەدان بریندار. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام گوڵەکان ھەمووی وەریبوون، ئاژەڵەکان مردار بوبوونەوە، کەچی بەرخەبچکۆلەکەی کەژاڵ ڕزگاری بوو.
ببورن خۆشەویستان ناوی ھەموو شەھیدەکانم بیر نییە، بەڵام بیرمە ھەڤاڵێک وتی با بانگی #دکتۆر ھادی# بکەین بۆ چارەسەری بریندارەکان مەخابن ئەویش لە ڕیزی شەھیدەکان بوو... بۆیە تەنھا ئەڵێم دروود بۆ گیانی پاکی ئەو شەھیدانە، ھەموومان قەرزداری ئازاری بریندارەکانین کە ئێستا شەھیدی زیندوون..
لە ئەکاونتی بکر فەتاح ەوە وەرگیراوە
[1]