$ئێراق وەک کۆمەڵگەیەکی دڕاو$
#عادل باخەوان#
#08-09-2022#
$سەرەتا$
لە ماوەی ئەم هەفتەیەی مانگی نۆدا، 24 گەنجی ئێراقی و هەرێمی کوردستان میوانی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر ئێراق بوون، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا. تەمەنی ئەم گەنجانە لەنێوان 18 بۆ 29 ساڵدایە و لە زۆربەی هەرە زۆری پێکهاتەکانی ئێراقەوە هاتوون. شیعە، سووننە، کورد، بەهائی، کریستیان، زەردەشتی، کاکەیی، شەبەک، هتد. هەروەها نیوەیان کوڕن و نیوەکەی دیکەشیان کچ.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، پێنج سیمیناریان بۆ رێکخراوە و گەورە بیرمەندانی وەک ئالان تورێن و ژان پۆل شانیۆلۆ و پیەر ژان لیوزار و هتد، سیمینارەکانیان پێشکێشکردووە. هەروەها سەردانی چەند ناوەندێکی کولتووری و ڕێکخراوەیی و میدیایان بۆ ڕێکخراوە.
ئەوەی لەم هەفتەیەدا، بەوردی سەرنجی منی ڕاکێشا، دوو فاکتی گرنگ بوون، یەکەم: بێئومێدیی گەنج و گەنجایەتی و گەنجبوون لە ئێراقدا و دووەم: ئامادەنەبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی کۆکەرەوە لەنێوان ئەم گەنجە ئێراقییانەدا کە دەکرێت بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەنگدانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی لە ئێراقدا بن.
$بێومێدبوونی قووڵ$
کۆی گفتوگۆکانم لەگەڵ ئەم گەنجانەدا، بە کوڕ و کچیانەوە، بە عەرەب و کوردەوە، بە شیعە و سوننەوە، بە موسڵمان و کریستیانەوە، ئەیانبردمەوە سەر هەستکردن بە خەمگینییەکی کوشندە لە وتار و حیکایەت و خەیاڵدان و ڕوانینەکانیاندا. ئەمانە نەوەیەکن کە زۆر بەدەگمەن هەست بە ئاساییش، سەقامگیری، دڵنیایی لە ئێستا و داهاتوویان دەکەن.
بۆ نموونە پێیان وانییە پاش چەندین ساڵ لە ماندبوون و بەدەستهێنانی بڕوانامەیەک لە زانکۆدا، کارئاسانیان بۆبکرێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی کارێکی شایستە و مووچەیەکی شایستە. بەڵام ئەگەر بوونە خاوەنی کار و مووچەش، هیچ دڵنیاییەکیان نییە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دەستی نەدەن.
ئەم نەوەیە لە دۆخێکی بێمتمانەیی بوونیەویدایە لەبەرانبەر دەستەبژێرە ئێراقییەکاندایە و پێیوایە ئومێد بە درووستکردنی دنیایەکی باشتر لە ئێراقدا خەریکە لە مەحاڵ نزیکدەبێتەوە. لێرەوە، زۆربەی پرسیارەکانیان لەسەر ئەوەبوو کە ئایا ڕێگەیەکی دیکە بۆ چاکسازی لە ئێراقدا هەیە؟ ئایا دەکرێت لەدەرەوەی ئەم دەستەبژێرانە، خەبات لەپێناو درووستکردنی داهاتوویەکی باشتردا بکرێت؟
لەڕاستیدا کاتێک لە چۆنییەتیی پرسیارکردن و ئاوازی دەنگ و دەربڕینەکانیان ورد دەبوومەوە، هەستم بەوە دەکرد کە تەنانەت لە خودی پرسیارەکانی خۆشیان بێئومێدن، وەک ئەوەی کە هیچ جۆرە ئاسۆیەک لە خەیاڵیاندا نەبێت.
دەستەبژێرەکانی ئێراق دەبێت تێبگەن لەوەی کە 68% ئێراقییەکان، تەمەنیان لە خوار 30 ساڵییەوەیە و ئەمەش وادەکات کە ئێراق یەکێک بێت لە وڵاتە هەرە گەنجەکانی دنیا.
لە دۆخێکی ئاساییدا، گەنجبوون دەبێت بە دەرفەتێکی گەورە بۆ وڵاتێک و دەیخاتە بەردەم چەندین گریمانەی بەهێزی پێشکەوتن و گەشەی ئابووری و خەونی جوانتر بە داهاتووەوە. لە ئێستای ئێراقدا، دۆخی گەنجبوون وەک ئەوەی کە باسمان کرد، نەک هەر دەرفەت نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی مەترسیدارە و دەکرێت بڵێین: بۆمبێکی یەکجار گەورەیە و تەقینەوەکەی بەڕێوەیە.
$دڕانی کۆمەڵایەتی$
زۆربەی ئەوانەی کە شرۆڤەی دۆخی ئێراق دەکەن، تەنیا لە ئاستە سیاسی و سەربازییەکاندا دەوەستن و لە ڕووبەرێکی تەسکدا نەبێت، ئاستە کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەییەکان شرۆڤە ناکەن، لەکاتێکدا ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەییەکان پرسیاری گرنگترن.
زۆر ئەستمە کۆمەڵگەیەک، بەتایبەتی لە دنیای مۆدێرندا، بتوانێت وەک چوارچێوەیەکی تۆکمە هەبێت، بەبێ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی کۆکەرەوە. هیچ گرێبەستێکیش بەبێ ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک بنەما، ڕەمز، نۆرم، گرەو، هێما، بەرژەوەندی بوونی نابێت. گرێبەست دەرەنجامی ئامادەیی خواستێکە بۆ پێکەوەژیان و پاشان دانووستاندن بۆ ڕێککەوتن لەسەر چۆنێتی و چەندایەتیی ئەو پێکەوەژیانە.
ئەوەی من لەم هەفتەیەدا بەوردی تێبینیم کرد نەک هەر ئامادەنەبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە لەنێوان ئەم پێکهاتانەدا، بەڵکوو دڕانێکی کۆمەڵایەتیی بەهێز لێکیان جیادەکاتەوە. لەنێوان ئەم گەنجانەدا زۆر بەدەگمەن بەرژەوەندیی هاوبەش، خەونی هاوبەش، خەباتی هاوبەش، دوژمنی هاوبەش، بنەما و ڕەمز و نۆرمی هاوبەش تێبینی دەکەین. دنیای کۆمەڵایەتیی ئەو گەنجەی کە لە نەجەفەوە هاتووە لە دابڕانێکی قووڵدایە لەگەڵ دنیای کۆمەڵایەتیی ئەو گەنجەی کە لە هەورامانەوە هاتووە. خەیاڵدانی ئەو گەنجەی کە لە فەللوجەوە هاتووە زۆر جیاوازە لە خەیاڵدانی ئەو گەنجە کریستیانەی کە لە #دهۆک#ەوە هاتووە. تەنانەت دابڕانی نێوان دنیای کۆمەڵایەتیی فەللوجییەکە و نەجەفییەکەش، هیچی کەمتر نییە لە دابڕانی نێوان گەنجێکی بەسرە و گەنجێکی #سلێمانی#.
ڕەنگە کۆی ئەم گرفتانەش لە ساتەوەختی بەکارهێنانی زمانی گفتوگۆدا باشتر دەربکەون. ئێمە نەوەیەکمان هەیە کە بەدوای فۆرمێکی دیکە لە پەیوەندیدا دەگەڕێت، فۆرمێکی بیناکراو لەسەر بنەمای ئەوی دیکە وەک ڕکابەر. واتە تۆ ناتوانی بە زمانی من قسە بکەیت، منیش ناتوانم بە زمانی تۆ قسە بکەم، تۆ ناتەوێ فێری زمانی من ببیت، منیش نامەوێ فێری زمانی تۆ ببم و بەلاشمەوە گرنگ نییە فێری ببم. لە دۆخێکی ئاوادا بۆ ئەوەی لە یەکدی تێبگەین با بە ئینگلیزی قسە بکەین! بێگومان لە ئاستە سیاسییەکەشدا هەر وایە. کەم نین ژمارەی ئەو سیاسییە عەرەب و کوردانەی کە لە زمانی یەکدی تێناگەن و لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانیاندا بە زمانی سێیەم (ئینگلیزی یان فارسی) پێکەوە قسەدەکەن.
$کۆتایی$
تەنیا سێ مانگ پێش مردنی لە ساڵی 1933دا، فەیسەڵی یەکەم کە پاشای ئێراق بوو، لە یاداشتنامەیەکدا کە دەقەکەی لای منە، دەنووسێت: بە دڵێکی خەمگینەوە پێتان دەڵێم شتێک نییە بەناوی گەلی ئێراق!
89 ساڵ پاش ئەم یاداشتەی فەیسەڵی یەکەم، دەتوانم بەبێ هیچ دوو دڵییەک بڵێم: شتێک نییە بەناوی کۆمەڵگەی ئێراقی. لە باشترین دۆخدا ئەوەی هەیە ئامادەیی چەند پێکهاتەیەکی سەربەخۆی ڕێژەییە کە هیچ جۆرە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بەیەکیانەوە نابەستێتەوە. [1]