$ئێراق؛ سەرزەمینی نادڵنیایی بەردەوام!$
#عادل باخەوان#
#24-08-2022#
$سەرەتا$
لە #10-10-2021#وە، ساتەوەختی هەڵبژاردنەکان، ئێراق پێیناوەتە نێو زنجیرەیەک لە قەیرانی فرەڕەهەندیەوە و دوێنیش، 24ی ئاب 2022، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، وەک چۆن پێشتر پەڕڵەمانیان داگیرکرد، ویستیان بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش داگیربکەن. واتا لەنێوان سێ دەسەڵاتەکەی دەوڵەتدا، دەسەڵاتی یاسادانان کە پەڕڵەمانە و دەسەڵاتی دادوەری کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە و دەسەڵاتی جێبەجێکار کە حکومەتە، تەنیا گەڕ بە سێیەم ناگێڕێ و دەیانەوێت لە پەلامارەکانیان بیپارێزن و دوو دەسەڵاتەکەی دیکە وەک دوژمنێک تەماشادەکەن کە دەبێت ئیفلیج بکرێت.
بەڕاستی چی لە ئێراقدا ڕوودەدات؟ لەسەر ئاستی کوورتەمەودا، ئێراقیەکان دەبێت خۆیان بۆ چی ئامادەبکەن؟ لەنێو ئەم کۆڵانە داخراوەدا، ئایا دەکرێت دەرگایەک درووستبکرێت بۆچوونە دەرەوە؟
بۆ ڕاوەستان لەسەر ئەم پرسیارە هەنووکەییانە، کە ڕۆژانە نەک هەر تەنیا ئێراقیەکان، بەڵکوو وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتی و جیهانیش لە خۆیانی دەکەن، پشکنینی ئەم مەلەفانەی خوارە ڕووناکی دەخاتە سەر داهاتووی ئێراق لە چەند ڕۆژ و چەند هەفتە و چەند مانگی داهاتوودا.
$کازمی و هەڵبژاردنی پێشوەخت$
پاش هەڵبژاردنەکانی #10-10-2021#، زۆر بەدەگمەن تایبەتمەندێکی ئێراقمان دەستدەکەوت پێشبینی ئەوەی کردبێت کە لەکۆتایی یاریەکەدا، مستەفا کازمی وەک بژاردەیەکی قبووڵکراو لەلایەن ڕکابەرەکانەوە لەسەر شانۆ سیاسیەکە بمێنێتەوە. ڕاستە ئەم پیاوە حیزب و مێژووی سیاسی و میلیشیا و سەرمایەیەکی ئابووری گەورەی شەخسی نییە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە وەلائی هێزەکانی دژەتیرۆری هەیە و خاوەنی باشترین پەیوەندییە لەگەڵ ئێران و تورکیا و وڵاتانی کەنداو و ئەمەریکا و ئەوروپادا و لەسەر ئاستی ناوخۆش باشترین پەیوەندی لەگەڵ سەدر و کورددا هەیە و لەکۆی حەوت ئەکتەرە سەرەکیەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ پێنجیاندا هەیە و لەگەڵ شەشەمدا کە مالیکییە پەیوەندییەکانی تەواو ئاساییکردووەتەوە و تەنیا قەیس خەزعەلی ماوە کە وەک دوژمن تەماشای دەکات.
لێرەوە، مانەوەی کازمی وەک سەرۆکی حکومەت بۆ ئامادەکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێکە لەو بژاردانەی کە دەکرێت هەموولایەک لەسەری ڕێکبکەون و بەم شێوەیەش تاوەکوو دوای هەڵبژاردنی داهاتوو لە کۆڵانە داخراوەکە بێنەدەرە!
$سەرۆکوەزیرانێکی نوێی پلاسخارتی $
لەبەر ئەوەی کە سەرکردە ئێراقیەکان، لە 2021وە تاوەکو ئەمڕۆ لە هەموو تاقیکردنەوەکانی پێکهێنانی حکومەتدا، سەرکەوتوو نەبوون لەوەی کە خۆیان (بەتەنیا) حکومەت پێکبهێنن و هەمیشە ئێران و ئەمەریکا هاوڕێیەتییان کردوون و لەبەر ئەوەی کە ئێستا ئێران و ئەمەریکا وەک جاران ئەو ڕۆڵە سەرەکییە نابینن، ڕەنگە جێنین پلاسخارت باشترین ئەکتەربێت بۆئەوەی لایەنە ناکۆکەکان ڕازیبکات بە سەرۆکوەزیرانێکی پلاسخارتی کە نە ئیتاربێت و نە تەیاری، بەڵام لە هەمانکاتدا لە هەردووکیشیانەوە نزیکبێت و ئەرکی سەرەکیشی برییتی دەبێت لە ئامادەکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
$تێکدانی پەیوەندییەکانی هێز لەلایەن کورد و سووننەوە$
لەسەر کۆی شانۆکان (ئێراقی، هەرێمایەتی، جیهانی)، موقتەدا سەدر وەک بەهێزترین ئەکتەر دەردەکەوێت و پێگەی ئەو لەنێو پەیوەندییەکانی هێزدا وەک هەژمووندارتر خۆی نمایشدەکات. هۆکارەکان زۆرن، بەڵام ڕەنگە لە هەموویان گرنگتر، هاوپەیمانی ئەوبێت لەگەڵ براوەی یەکەمی کورد و براوەی یەکەمی سووننەدا.
سەدر تەواو سەرکەوتووبوە لە سەرمایەگوزاریکردن بەم هاوپەیمانییەوە و هەر لەڕاستیشدا ڕەگەزێکی گرنگی هەژموونی ئەوە بەسەر ڕکابەرەکانیدا. ڕاستە ئێستا ئەم هاوپەیمانییە، هەم لە ناوەرۆک و هەم لە فۆڕمیشدا، گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام تاوەکو ئەم چرکەساتە کورد و سووننە بێلایەنی خۆیان لەنێوان تەیار و ئیتاردا ڕانەگەیاندووە.
لە سیناریۆی ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەم بێلایەنییەدا، سەدر وەک حسێن بەتەنیا لە دەشتی کەربەلادا دەمێنێتەوە و ئەمەش کارایی ڕاستەوخۆ بەسەر پەیوەندییەکانی هێزەوە دادەنێت و ڕەنگە ناچاریبکات بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا.
$حکومەتێک بەناوی شەرعیەتی دەستوورییەوە$
بە کشانەوەی 73 پەڕڵەمانتاری سەدرییەکان لە پەڕڵەمان، سەدر دیارییەکی گەورەی پێشکێش بە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد کە بریتیبوو لە شەرعیەتی دەستووری و دەزگایی و دەوڵەتی. تاوەکوو پێش کشانەوە، هەمیشە چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک ئەو هێزە دەخرایە سەر شانۆ کە شەرعیەتی دەستووری و دەزگایی و دەوڵەتی ئیفلیج دەکات، لە پاش کشانەوەوە، ئیتر دەبێت بە گوزارشت لە ڕۆحی ئەم شەرعییەتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئامادەکاری لەگەڵدا بکات. لەم سیناریۆیەدا و بەناوی ئەم شەرعیەتەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی حکومەت پێکدەهێنێت و ئیدارەی ناڕەزایی و توڕەبوونەکانی سەدریش بەشێوەی دیپلۆماسی و دەزگایی و دەستووری دەکات.
$حکومەتێک بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی$
بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیانوایە کە ئێراق بە دۆخێکی یەکجار ترسناکدا تێدەپەڕێت و کاتی دیپلۆماسییەت و دانووستان کۆتاییهاتووە و ئێستا دەبێت حکومەتێک بۆ ئیدارەکردنی باری نائاسایی وڵات پێکبهێنرێت. لە دۆخی باری نائاساییدا، ئیتر خۆپێشاندان و کۆبوونەوەی فراوان و بزووتنەوەی ناڕەزایی بەپێی یاسا قەدەخە دەکرێت.
لە سیناریۆیەکی لەوجۆرەدا هەموو جوڵە دەستەجەمعیەکانی سەدر دەبێت بە جووڵەی نایاسای و لەم ڕێگایەشەوە دەیانەوێت لەبەرچاوی ئێراقیەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەدر بکەن بە کەسێکی دەرەوەی یاسا و دژە یاسا و دژە ئاساییش و سەقامگیری.
$قەسابخانەیەک لەنێو کۆڵانە داخراوەکەدا$
هیچ کاتێک لە ئێستا زیاتر هەلومەرجی بابەتی بۆچوونە نێو جەنگێکی براکوژی فراوان لەنێو ماڵی شیعەدا ئامادە نەبووە. زۆربەی زۆری هێزە سیاسییە ناکۆکەکان، یەکەم هێزی چەکداریان هەیە، دووەم ئەم هێزانە زیرەکترین چەکی دەوڵەتی ئێراقیان لەبەردەستدایە، سێیەم لە جیهانبینی هەر یەکێک لەم هێزانەدا ئەوی دیکە ڕکابەرنییە بەڵکوو دوژمنە و تۆمارە دەنگیەکانی مالیکیش هەر بەم ئاڕاستەیەدا دەڕۆن. لێرەوە و بۆچوونە دەرەوە لەم کۆڵانە داخراوە، دەکرێت قەسابخانەیەک لەناوەوە درووستببێت و خوێنێکی زۆری شیعە بە دەستی شیعە بڕژێت.
$هەڵهاتنەوەی خۆرەکەی مەرجەعیەت$
تاوەکوو ئێستا مەرجەعیەتی نەجەف پێیوایە کە ململانێکان هێڵی سووریان تێنەپەڕاندووە بۆ ئەوەی دەستێوەردان بکات. لە 2019دا کاتێک خوێنی لاوانی شیعە بەدەستی میلیشیا شیعیەکان ڕژا، مەرجەعیەت هاتەدەنگ و عادل عەبدولمەهدی ناچار بە وازهێنانکرد و حکومەتەکەی هەڵوەشاندەوە و لە کۆتاییدا کازمی هات. چەند هێزە ناکۆکە شیعیەکانی هەردوو بلۆک لەو هێڵانە نزیکببنەوە کە مەرجەعیەت دەکرێت بەسووریان بزانێت، هێندەش سیناریۆی دەستێوەردانی ئایەتوڵڵا سیستانی بەهێزتر دەبێت و لە دۆخێکی ئاواشدا ئاگرەکە بۆ ماوەیەک دەکوژێتەوە.
$کۆتایی$
لە کۆتاییدا دەبێت ئێمە تەنیا لە یەک شت دڵنیابین ئەویش نادڵنیاییە. واتە لە دۆخی ئێراقدا، لەبەر ئەوەی گرەوەکان، نۆرمەکان، ڕێکخستنەکان، پرانسیپەکان، بەرژەوەندییەکان و چوارچێوەکان خاوەنی سەقامگیرییەکی ڕێژەییش نین، دەبێت ئێراقیەکان هەمیشە لە دۆخی نادڵنیایدابن لەوەی کە سبەینێ ڕوودەدات.
لێرەوە هەر یەکێک لەو حەوت سیناریۆیەی کە باسمانکردن، دەکرێت سبەینێ بەدیبێن، هەروەک دەکرێت هیچکامیشیان بەدی نەیێن و ئەوەی کە خەیاڵدانیش ناتوانێت لە ئێستا و ئێرەدا پێشبینی بکات ڕووبدات. ئێمە لە وڵاتێکداین کە دەکرێت ناویبنێین: سەرزەمینی نادڵنیایی بەردەوام. [1]