$ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە تاقیکردنەوەدایە$
#عادل باخەوان#
ڕۆژی #10-08-2022#، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، حیزبە کوردستانییەکان کۆبوونەوە و پرسی سەرەکیش بریتی بوو لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.
دوو لێدوانی سەرەکی سەرنجی منی ڕاکێشا. یەکەمیان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باس لەوەدەکات کە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا زیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و دووەمیشیان نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، جێنین پلاسخارت، لە کاتی کۆبوونەوەکەدا گوتویەتی: گەر بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەسەر ڕێکەوتی هەڵبژاردنەکان نەدەن، ئیدی من بەشداری ئەم کۆبوونەوانە ناکەم.
ئەم دوو وتارەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوئاهەنگن و یەک مانا و یەک ناوەرۆک و یەک چوارچێوەیان هەیە، ڕێک دەمبەنەوە سەر ئەوەی کە لە ڕۆژی شەمەوە ڕوودەدات.
ڕۆژی شەمە، گرووپێکی سیاسی بەناوی نەوەی نوێ خۆپێشاندانی لە کوردستان ڕێکخست و لایەنگرانی ئەم حیزبە سیاسییە ڕژانە سەر شەقامەکان. ڕاستە ئەم خۆپێشاندانە مۆڵەتێکی یاسایی نەبوو، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەڵەیە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە چەندین ئەندام پەڕڵەمانی ئەم حیزبە دەستگیرکران و ڕاپێچی زیندان کران.
ئایا ئەم خۆپێشاندانە درووستە؟ ئایا لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندایە؟ ئایا نەوەی نوێ کۆپی ڕووداوەکانی بەغدا دەکات لە کوردستان ؟ ئایا سەرکردایەتیی نەوەی نوێ دەیەوێت سەرمایەگوزاری بەسەر دۆخی ئێراق و کوردستانەوە بکات ؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە زۆر گرنگن، بەڵام لەسەر ئاستی جیهانی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی دیکە و لە چاپێکی دیکەدا دەبینن. من گومانم نییە لەوەی کە نەوەی نوێ سەرمایەگوزاری بە ڕووداوەکانەوە دەکات، بەڵام زۆر ئەستەمە دەستگیرکردنی پەڕڵەمانتار و سەرکردەکانی حیزبێکی سیاسی، لەبەرئەوەی خۆپێشنادانیان کردووە، بە فلتەری کۆمەڵگەی ئینتەرناسیۆنالدا تێپەڕێت. هەر ئەمەش وایکرد کە چەندین باڵیۆزخانە و کۆنسوڵیەتی ڕۆژاوایی ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن.
لە ڕۆژی شەممەوە، تەلەفونەکانی من لە زەنگلێدان و لە وەرگرتنی پەیمام لەلایەن ڕۆژنامەنووسە ئەوروپییەکانەوە (تەلەڤزیۆن، ڕادیۆن و ڕۆژنامە) ناوەستێت و بەردەوام دوو پرسیاری سەرەکی دەکەن: بەچ شەرعیەتێک لە هەرێمی کوردستاندا پەڕڵەمانتار ڕاپێچی زیندان دەکرێت ؟ بەچ شەرعەیەتێک لە هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردن ناکرێت؟
یەکەمیان تازە بووە فاکت، چونکە لە ساتەوەختی خۆپێشانەدانەکانی نەوەی نوێدا، چەندین ئەندام پەڕڵەمان و تەنانەت بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی کۆماریش ڕاپێچی زیندان کراوان. من باس لەوە ناکەم کە بۆ و لەبەرچی و کێ و چۆن گیراون، بەڵام باس لەوەدەکەم کە ئەمە گورزێکی سەختی لە پێگە و وێنەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی کۆمەڵگەی ئینتەرناسیۆنالدا.
کادرە باڵاکانی هەرێمی کوردستان دەبێت لەوەتێبگەن کە ئەوەی هەرێمی کوردستان جیادەکاتەوە لە ئێراقەکەی دیکە، کۆمەڵێک بەها و پرانسیپ و نۆرمە و پێشێلکردنیان کارایی ڕاستەوخۆ بەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئێراق و جیهانیشدا دادەنێت.
لەم چوارچێوە ستراتیژیەدا و بۆ سڕینەوەی هەموو ئەوەی کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕوویداو لەپێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێی کوردستاندا، حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەبێت تێبگەن لەوەی کە لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگ و گەورەدان و لەم تاقیکردنەوەیەدا دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە: چ گرنگترە بەلایانەوە، بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و پێگەی هەرێمی کوردستان یان بەرژەوەندییە بچووکەکانی حیزب؟ کامیان زیاتر گرنگترە، نیشتمان یان حیزب ؟
بێگومان حیزبەکانی کوردستان دەتوانن هەڵبژاردن دوابخەن، ڕێگەبگرن لە یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە و سپاردنی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانن نەهێڵن ئابوورییەکی بەهێز و یەکگرتوو لە هەرێمدا درووستببێت، بەڵام دەبێت دڵنیابن لەوەی کە ئەم چاپە لە مامەڵەکردن وادەکات کە هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی لاوز و نەفرەتلێکراو لەنێو یادەوریی دەستەجەمعیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە.
بەڵام لەهەمانکاتدا دەتوانن لە ئاستی بەرپرسیارەتیدا بن و لەبری حیزب بیر لە نیشتمان بکەنەوە و لە بری عەقڵی حیزب بە عەقڵی دەوڵەت مامەڵە بکەن و لە بری کولتووری گرووپ بە کولتووری دەوڵەتداری دنیا ببینن. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، پارادیگمێکی دیکە لە مامەڵەکردن و سیستمی جووڵانەوەی جیاوازتر و ئامادەبوونێکی دیکە لەنێو مێژوودا دەکرێت وەک پڕۆژە بینابکرێت.
ڕۆژنامەنووسێکی فرانس 24، تەلەفونی بۆکردنم و لە گەرمەی دیدارەکەدا لێیی پرسیم: گەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت هەڵبژاردنێک لە کات و شوێنی خۆیدا سازبدات، ئیدی بۆ دەبێت جیاوازبێت لە ئێراق؟
ئێراق لە بەردەم کۆمەڵێک گریمانە و سیناریۆی تراژیدی و خوێناویدایە. هەر لە جەنگی ناوخۆوە تا دەگاتە وەرگێڕانی بۆ دۆزەخێکی گەورە. لەنێو دۆخێکی ئاوادا، هەرێمی کوردستان دەبێت بڕیاری خۆی بدات:
ئایا دەتوانێت ببێتەوە بە ئێراقەکەی دیکە، ئارام، سەقامگیر، گەشەی ئابووری، ئیدارەکردنی فرەیی، یان دەبێت بە بەشێکی دانەبڕاو لەو دۆزەخە ئێراقیەی کە لە تاوداندایە ؟
گەر دەستەبژێری کوردی، بە عەلمانی و ئیسلامییەوە، بە چەپ و ڕاستەوە، بە ناسیۆنالیست و لیبڕاڵەوە، بژاردەی یەکەم هەڵبژێرن، من ئیدی قسەم نییە. بەڵام گەر بژاردەی دووەم هەڵبژێرن، تەنیا یەک ئومێدم هەیە کە بریتییە لە گەورەبوون، واتە کاتی ئەوە هاتووە کە ئیدی گەورەبین و گەورە بیربکەینەوە و گەورە مامەڵە بکەین، گەرنا بۆ هەمیشە، وەک چۆن لە پەراوێزی مێژوودابووین، ئاواش لە پەراوێزی مێژوودا دەمێنینەوە. [1]