$ئێراق لە بەردەم جەنگێکی خوێناویدا$
#عادل باخەوان#
#26-03-2022#
ئێراق بە دۆخێکی یەکجار سەختدا تێدەپەڕێت و شەیتانەکان سەرقاڵی تاوادانی گەورەترین دۆزەخێکن کە تا ئێستا مێژووی ئێراقی نوێ بەخۆیەوە نەیبینیوە.
من بە کوورتی ئەم تێبینییانە تۆماردەکەم و دەکرێت لە کاتێکی دیکەدا بەوردی بگەڕێمەوە سەریان.
1. دیسانەوە ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراق دواخرا. سێ ڕۆژ لەمەوپێش نووسیم کە ڕۆژی 26ی مانگ سەرۆککۆمار هەڵنابژێردرێت و هاوکێشەی سیاسی و پەیوەندییەکانی هێز ڕێگە نادەن کە 26ی ئەم مانگە پەڕڵەمان کۆببێتەوە. بێگومان تیمەکان دەتوانن و مافی خۆشیانە هەموو تواناکانیان بخەنەکار بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بەڵام هەلومەرجە بابەتییەکان لە دەستی ئەواندا نین و هەموو لایەک، بەتیمەکانیشەوە، دەخەنە ژێر جەبرەکانیانەوە.
2. چیدیکە ئێراقی 2022 هەمان ئێراقی 2005 نییە. لە ئێستا و ئێرەدا چاپێکی دیکە لە هاوپەیمانی هەیە کە سنوورەکانی تائیفیەت و زمان و ئایین و ناوچە جوگرافییەکان تێدەپێڕێنێت. ئیدی کورد و سوننە و شیعە سێ بلۆکی گونجاو و هاوئاهەنگ نین. ئەو دوو پۆلە گەورەیەی کە ناویان ئیتار (چوارچێوە) و تەیارە (رەوت) ، لەیەک کاتدا شیعە و کورد و سووننەن و هەر یەکیان ستراتیژییەت و پڕۆگرامێکی تایبەت بە خۆی هەیە.
3. من ئەم دۆخە نوێیە بە دۆخێکی کاتی دەزانم و پێم وایە دابڕان و دڕاندن و هەڵوەشاندنەوەکان هێندە بەهێزن و هێندە مێژوویین و هێندە قووڵن، بەم جۆرە لە هاوپەیمانی تاکتیکی و کاتی و ساتەوەختیانە کۆتاییان پێنایەت.
4. لە دۆخی وڵاتێکی ئاساییدا، زۆر ئاساییە کە بەرەیەک حکومەت پێکبهێنێت و بەرەیەکی دیکە ئۆپۆزیسیۆن بێت. بەڵام لە ئێراقدا هیچ شتێک ئاسایی نییە و خودی وڵاتەکە لەسەر لەپی شەیتانە. بەپێی زانیارییەکانی من، میلیشیاکانی بەرەی ئیتار کە ژمارەیان لە هەشتا ڕێکخراوی چەکداری تێدەپەڕێت، سەرگەرمی خۆئامادەکردنن بۆ فەرزکردنی خواستی خۆیان لە ڕێگەی چەکەوە، گەربێت و لەسەر ئاستی سیاسی لەگەڵ بەرەی تەیاردا نەگەنە ڕێککەوتن.
5. بەکارهێنانی چەک واتە تەقینەوەی دۆخەکە و چوونە نێو جەنگی ناوخۆوە ڕێک وەک نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە لوبنان. من هیچ گومانم نییە لەوەی کە جەنگی ناوخۆی ئیتار لەگەڵ تەیاردا کۆتایی بە ئێراق دەهێنێت وەک ئەوەی کە لە 1921وە بوونی هەیە.
6. ئەم جەنگە بۆ ڕوودەدات؟
a. چەکێکی زۆری نادەوڵەتی لە ئێراقدایە.
b. پڕۆژە سیاسییەکان کە پشتئەستوورن بە چەک لە دابڕانی سیستەمیدان.
c. وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەر یەکە و بەرەیەکی هەڵبژاردووە و بە ناڕاستەوخۆ هەلومەرجی بابەتی ئەم جەنگە ئامادە دەکەن.
d. سەرەڕای هەموو ئەمانەش پارەیەکی زۆر لەبەردەستدایە بۆ تەمویلکردنی.
7. ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو دەستنیشانکراوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی پەڕڵەمان. سێ سیناریۆ چاوەڕێی ئێراقییەکان دەکەن:
a. دواخستنی کۆبوونەوەکە چونکە 220 ئەندام پەڕڵەمان ئامادە نابن و بەمەش ئومێدی چوونەدەرەوە لە کۆڵانە داخراوەکە لاوازدەبێت.
b. هەردوو بەرە ناکۆکەکە دەگەنە ڕێککەوتن و پێکەوە حکومەت درووستدەکەن. ئەم سیناریۆیە گریمانەیەکی باشە، بەڵام هیچ واقیعی نییە و زۆر ئەستەمە ڕووبدات.
c. هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانی سەرکەوتوو دەبێت لە کۆکردنەوەی 220 ئەندام و سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت و حکومەت درووستدەکات. لە دۆخێکی ئاوادا گریمانەی وەرگێڕانی ئێراق بۆ قەسابخانەیەکی گەورە، لە ڕێگەی جەنگێکی ناوخۆی گەورە و فراوانەوە کە داروبەردی ئێراق بە یەکەوە دەسووتێنێت زۆر بەچڕی لێرەیە. [1]