$لە چاوەڕوانیی وەڵامی میرنشینە بۆرجوازەکەدا!$
#عادل باخەوان#
#19-01-2022#
$سەرەتا$
ڕۆژی دووشەممە، #17-01-2022# بۆ یەکەمجار حوسییەکانی یەمەن لە ڕێگەی چەند درۆنێکەوە پەلاماری ئیمارات دەدەن و سێ بارهەڵگری گەورە لە نزیک بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای نەوتی ئەبوزەبی دەتەقێننەوە و سێ کارمەند دەکوژن، کە دوانیان هیندین و یەکێکیان پاکستانییە و شەش کەسیش بریندار دەکەن.
هەر هەمان ڕۆژ، هاوپەیمانەکان پەلاماری حوسییەکان لە سەنعای پایتەخت دەدەن و لە ڕێگەی هێزە ئاسمانییەکانیانەوە چەندین ناوچە بۆردوومان دەکەن. ئەم ڕووداوە دەرهاویشتەیەکی نوێ و گرنگی جیۆپۆلیتیکی جەنگێکە، کە تەنیا لە یەمەندا 377 هەزار کەسی تێدا کوژراوە و شیاوی ئەوەیە کە لەسەری بوەستین.
$حوسییەکان ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی لەئەستۆ دەگرن$
هێشتا بۆنی دووکەڵ و ڕەنگی ئاگری بارهەڵگرە سووتاوەکان و خوێنی ڕژاوی کوژراو و بریندارەکان وشک نەببوونەوە، حوسییەکان ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی پەلاماردانەکەیان لەئەستۆ گرت و بەوپەڕی شانازییەوە باسیان لە چالاکییەکی سەرکەوتوو لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە کرد و تەنانەت چالاکییەکەشیان ناونا ڕەشەبای یەمەن. گوتەبێژی حوسییەکان ئاماژە بەوەش دەدات کە هەم درۆن و هەم مووشەکی بالیستی لەو پەلامارەدا بەکارهاتوون.
لە سەرەتاوە ئەبوزەبییەکان ویستیان ڕووداوەکە بە بچووکی بناسێنن و بە سنووردارکراوی بیهێڵنەوە، بەڵام بەخێرایی و لە هەمان ڕۆژدا ستراتیژیەتی مامەڵەکردنیان گۆڕی و هەم لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و هەم لەسەر ئاستی سەربازی و هەم لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنیش وەریانگێڕایە سەر ڕووداوێکی زۆر گرنگ و مانادار.
لە ساڵی 2015وە ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو ئەندامێکی سەرەکییە لەو هاوپەیمانیەی کە عەرەبی سعودیە بۆ جەنگی یەمەنی درووستکردووە و دوژمنی سەرەکیی ئەو هاوپەیمانییە بریتییە لە حوسییەکان، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر هەموو ئاستەکان پشتیوانییان دەکات.
دەستێوەردانی وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتی (سعودیە و ئیمارات و ئێران و قەتەر) و وڵاتانی سیستمی جیهانی (ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و ڕووسیا بە پلەیەکی کەمتر) ، خەونی (بەهاری یەمەنییەکان) بە دنیایەکی جوانتری دوور لە دیکتاتۆریەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحەوە وەردەگێڕن بۆ دنیایەکی پڕ لە شەیتانەکانی جەنگێکی نێوخۆی بەردەوام، جەنگێک کە هیچ ئاسۆیەکی نزیکی کۆتاییپێهاتنی لە بەردەمدا نییە.
$وەڵامی میرنشینە بۆرجوازەکە$
لە خەیاڵدانی دیپلۆماسییەتی ئەوروپیدا، هەمیشە ئەبوزەبی وەکوو میرنشینێکی بۆرجواز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وێنا دەکرێت و لەوەتەی کە محەمەد بن زاید، کە بە MBZ ناسراوە، وەکوو پیاوە ئاسنینەکەی ئیمارات کۆنترۆڵی دەسەڵاتی کردووە و سەرقاڵی بیناکردنی بەهێزترین ژێرخانی سەربازییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەموو چاوەکان لەسەر ستراتیژیەتی کاردانەوەی ئەبوزەبین و ئەوروپی و ئەمریکییەکانیش لەسەر هێڵن بۆئەوەی کە وەڵامدانەوەی ئیمارات، ڕۆژهەڵاتی ئاڵۆزبووی شێواو لەوە ئاڵۆزتر و شێواوتر نەکات.
ئەنوەر قرقاش، ڕاوێژکاری هەرە نزیکی MBZ، لە تویتێکدا ئاماژەیەکی خێرای بۆ جۆری ئەم کاردانەوەیە کردووە و دوو وشەی زۆر تووند و پڕ لە مانای تووڕەبوونی بەکارهێناوە، کە بریتین لە (زوال) و (اندحار) بۆ ئەوانەی کە ئەبوزەبی پێیوایە لە پشت ئەم پەلاماردانەوەن.
لەدەرەوەی ئەم ئاماژەیە، ئێمە دەرهاویشتەیەکی سیاسیی گرنگمان لەبەردەستدایە، کە دەکرێت بایەخی تایبەتی پێبدرێت بۆ بیناکردنی شرۆڤەکردن. ئەم دەرهاوێشتەیەش بریتییە لە عەقڵی ساردی بۆرژوازیی ئیماراتی کە سیستمی ئامادەباشییەکەی لەسەر پێیە بۆ هەرسکردنی ئەزموونە گەرمە دەرەکییەکان و ساردکردنەوەیان بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی ئیماراتدا بێت. لە دۆخێکی وادا هیچ مەرج نییە کە لە سبەینێیەکی نزیکدا کاردانەوەی گەرمی ئەبوزەبی ببینین.
$بە تەنیا جێیناهێڵن$
ڕاستە لەچاو ئێران (83 ملیۆن) ، تورکیا (84 ملیۆن) ، میسر (102 ملیۆن) دا، ئیمارات (نزیکەی 10 ملیۆن دانیشتووان) لەڕووی دیمۆگرافییەوە بەراورد ناکرێت، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە دیمۆگرافیا سیاسەتی گەورە و پێگەی بەهێز لەنێو سیستمی هەرێمایەتی و جیهانیدا دەستنیشان ناکات. بەبێ چوونە نێو وردەکاریی ئەم تێزەوە، لێرەدا ئێمە تەنیا کاردانەوەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە و جیهان وەکوو ئاماژە بۆ هەژموونی ئەبوزەبی دەخەینە بەردەست خوێنەران.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و پێیوابوو کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک چارەسەر نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە یەمەندا، بە پێچەوانەوە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا زۆر بە تووندی سەرکۆنەی پەلاماردانەکەی کرد و بەڵێنی دا کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و پشتیوانیی خۆی بە ئەبوزەبی پێشکێش بکات.
کۆشکی سپی دوورتر ڕۆیشت و هەڕەشە لە حوسییەکان دەکات و دەڵێت: دەبێت باجی ئەم پەلامارەیان بدەن و ئەمریکا لەگەڵ ئیماراتدایە و بە تەنیا جێی ناهێڵێت.
وڵاتانی عەرەبی بەگشتی و عەرەبی سعودیەی هاوپەیمان بەتایبەتی، باس لە هێرشێکی تیرۆریستانە بۆسەر ئەبوزەبی دەکەن. تەنانەت ئێراقیش هەمان سیفەتی تیرۆریستی بۆ پێناسەکردنی پەلاماردانەکە بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا بەشێکی گرنگ لە هێزە سیاسییە شیعییەکانی ئێراق خۆیان بە هاوپەیمانی حوسییەکان دەزانن! سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، لە تویتێکدا پەلاماردانی ئەبوزەبیی بە کردەیەکی تیرۆریستی ناودەبات و گوزارشت لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات دەکات.
کۆی ئەم کاردانەوانە ڕووناکی دەخەنە سەر ئەو ڕاستیەی کە هەر دەستبردنێک بۆ ئاساییش و سەقامگیریی ئیمارات وەکوو هەڕەشە لەسەر ئاساییش و سەقامگیریی ئەمریکا و ئەوروپا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و هەر لایەنێکیش، دەوڵەت بێت یان ئەکتەری نادەوڵەتی، یاری بە ئاگر دەکات گەر ستراتیژیەتێکی لەم شێوەیەی هەبێت.
$کۆتایی$
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم پشتیوانیانەش، سەرەڕای هەژموونی بەهێزی ئەبوزەبی و سەرەڕای بوونی ئەکتەرێکی کارای وەکوو محەمەد بن زایدیش، ئیماراتییەکان و سعودیەکان دەبێت تێبگەن لەوەی کە بەردەوامیی جەنگ و تراژیدیا لە یەمەندا، بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە و گەر لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی فراوان و فرە ئاستییەوە کۆتایی بە قەیرانی یەمەنی نەهێندرێت، تاکە دڵنیاییەک کە دەکرێت هەموولایەک هەیبێت، نادڵنیاییەکی بابەتیانەیە لە دەرەنجامەکانی ئەو قەیرانەی کە ئێستا بووە بە کارەساتێکی مرۆییش:
• شانزە ملیۆن یەمەنی هەڕەشەی برسێتییان لەسەرە
• بیست ملیۆن یەمەنی پێویستییان بە هاوڕێیەتیکردنە بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانیان
• چوارسەد هەزار منداڵی یەمەنی هەڕەشەی مردنیان لەسەرە
• چوار ملیۆن یەمەنی لە زێدی خۆیان ڕاگوێزراون
• گەر پێش 2030 جەنگی یەمەن چارەسەر نەکرێت، ژمارەی کوژراوەکان بەرزدەبێتەوە بۆ یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس! [1]