ناونیشانی بابەت: چریکە عەبەڕەش: ئەکتەر دەبێ ڕۆشنبیر بێ و کارێکیش پێشکەش نەکات دواتر شەرمی لێ بکات.
خانمە هونەرمەندی ناسراوی بواری شانۆ و دراما، ئەکتەر و ئەستێرەی بەتوانای سینەما، خانمە هونەرمەند چریکە عەبەڕەش، کە خاوەنی چەندین شاکاری هونەرییە و دوایین کاری لە زنجیرە درامای باران، کارەکتەری مریەمی بەرجەستە کرد، لە دیدارێکیدا لەگەڵ (باسنیوز) دەمانباتەوە بۆ دەسپێکی شوناسی خانەوادەیەکی بەهرەمەندی هونەری و پێشنیاریش دەکات کە هەموو ماڵپەڕ و پەیجە هەواڵی و گشتییەکان، هاوشێوەی (باسنیوز) گۆشەیەک بۆ خزمەتی هونەر و هونەرمەندان تەرخان بکەن.
(باسنیوز) چریکە چۆن پێناسەی خۆی دەکات؟
چریکە عەبەڕەش: لە ساڵی 1987 لە شاری سلێمانی لەدایک بووم، دەرچووی #پەیمانگای هونەرە جوانەکان سلێمانی#، بەشی شانۆم، سەرەتای کارکردنم لە شانۆ دەست پێکرد، دواتر لە چەندین کوورتەفیلم و درامای تەلەڤزیۆنی وەک ئەکتەر ڕۆڵم بینیوە، لە سێ فیلمی سینەمای (سفر نۆ، قوربانی، ئاشقەکان بە پێوە دەمرن) نواندم کردووه.
(باسنیوز) تەختەی شانۆ، بەتایبەتی هۆڵی شانۆی هونەرە جوانەکان چیت بیر دێنێتەوە؟
چریکە عەبەڕەش: پەیمانگای هونەرە جوانەکان و هۆڵی شانۆکەی بۆ من زۆر تایبەتن، چونکە ساڵانێکی زۆر و سەرەتای کارکردنم، کە خۆم ئامادە دەکرد ببمە ئەکتەر، لەو پەیمانگایە و هۆڵە جوانەکەی هەنگاوم نایە ناو دنیای هونەری نواندن.
(باسنیوز) بوون بە هونەرمەند، بەتایبەت هونەری نواندن خولیای خۆت بوو، یان ئەو ژینگە هونەرییەی بنەماڵەکەتان، بەتایبەتی بەهۆی کاریگەریی هونەرمەند مامۆستا #شەماڵ عەبەڕەش# بوو؟
چریکە عەبەڕەش: بوونی مامە شەماڵ لەناو خانەوادەکەمان زۆر گرنگ بووە بۆ پاڵپشتیمان لە بوارە هونەرییەکەدا، لە هەمان کاتدا ئەگەر خودی خۆشم ئەو هەستە هونەرییەم نەبوایه، ئەوا ئەگەر هەزاران ساڵ بخوێنیت، یان پێداچوونەوە بکەیت، نابیت بەوەی کە تۆ هەیت، بەڕاستی من لە منداڵیمەوە خولیای زۆرم بۆ نواندن هەبوو، هەمیشە لەبەر ئاوێنە دادەنیشتم و لاسایم دەکردەوە، لە تیپەکەی هونەرمەند مامۆستا مۆفەق لهۆنی کارم دەکرد، هیچ کاتێک هەنگاوی ئەوەم نەناوە بڵێم دەبێت لەو کارە بەشدار بم، تەنانەت خوێندکاری هاوڕێم هەبووە لە دەرچوونی ساڵانە لە شانۆگەرییەکاندا شەڕی لەسەر کارەکتەرێک دەکرد تا ڕۆڵەکەی ببینێت، من ئەو شتانەم نەبوو، چونکە دەمزانی کاتی خۆی دێت شتەکان بۆم دێنە پێشەوە، هەتا ئەوکاتەی لە پەیمانگا دوا ساڵی خوێندم بوو، ئینجا هەنگاوم نا بەرەو ئەوەی دەمەوێت.
(باسنیوز) بۆچی پاشناوی (عەبەڕەش) ت کردە پاشناوی هونەریت، ئەی بۆ ناوی باوکت لە تایتڵ نانووسی؟
چریکە عەبەڕەش: ئێمە دەمانەوێ ئەو ناوە هەر بەزیندوویی بمێنێتەوە، جا من بم یان گەنجانی دیکەی ناو خانەوادەکەمان، کە لەدوای منەوە دێنە ناو بواری هونەرییەوە، ناسناوی عەبەڕەش بۆ خۆی ناساندنی باوکم و هەموو خێزانەکەمانە.
(باسنیوز) ئەگەرچی لە هەردوو بوارەکەدا ڕۆڵت گێڕاوە، دەپرسین نواندن لە بەردەم کامێرا، یان لەسەر تەختەی شانۆ کامیان قوورسە؟
چریکە عەبەڕەش: جیاوازییەکەیان ئەوەیە کاری شانۆ ڕاستەوخۆ بەر جەماوەر دەکەوی، ڕاستەوخۆ گوێت لە هەناسە و چپەی بینەرە کە لەم کاتەدا دەبێت داببڕێیت و خەریکی نواندنەکەی خۆت بیت، خۆشترین ڕۆڵبینینی شانۆ ئەوەیە لە و ساتەی بۆت دیاری کراوە ئەرکەکە دەگەیەنیت، بەڵام نواندن لە بەردەم کامێرا جیاوازترە، دیمەنێکت هەیە تۆماری دەکەیت، دواتر دەگەڕێتەوە بۆ دیمەنێکی دیکە، بەردەوام دائەبڕێتەوە لە تۆمارکردنی گرتەکان، بۆیە بەلای منەوە نواندنی بەردەم کامێرا کارێکی قوورسە و نواندێکی تەواو کۆمەڵایەتی و خۆیەتیی دەوێت، ئەو بینەرەی بەدیارتەوە دائەنیشێت نابێت بۆ ساتێکیش هەست بەوە بکات تۆ نواندن دەکەیت، هەندێ کەس دەڵێت ئەو ئەکتەرە هەر خۆیەتی لە بەردەم کامێرادا نواندن دەکات، من بەپێچەوانەوە دەڵێم، شانۆم پێ خۆشتره، چونکە وەک کەسێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام دەمەوێت نواندن لە بەردەم بینەری زیندوودا بکەم.
(باسنیوز) لە کاتێکدا دایکیت و هەم مامۆستای و هەمیش هونەرمەند، دەپرسین ماندووی نەکردووی و ئەمانە نەبوونەتە بارێکی قوورس لەسەر شانت؟
چریکە عەبەڕەش: بەڵێ زۆر قوورسە، ئەگەرچی پێشتر مامۆستا بووم و وانەی شانۆم دەگوتووه، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا گوازرامەوە بۆ بەشی سینەما، تۆزێک ئاسان بووە، چونکە نزیکە لە پیشەکەی خۆمەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەرکی دایک ماڵ بەڕێوە بردنە، هەروەها ئاشقی کارە هونەریەکەمم، ئامانجم ئەوەیە بەرەو پێشتر هەنگاو بنێم، بۆیە هیچ کات هەست بە ماندووبوون ناکەم.
(باسنیوز) چی بە و کچ و کوڕە تازەپێگەیشتوانە دەڵێیت کە خۆیان ئامادە کردووە لە بواری شانۆ و دراما کار بکەن؟
چریکە عەبەڕەش: من بە و گەنجانە دەڵێم ئێستا لە یوتووب کڵاسی زۆر باشی تێدایە، دەتوانن گوێی لێ بگرن، پەرتووکی باش هەیە بیخوێننەوە، هەست بەوە دەکەم بینین زۆر باشە و میمۆرییەکی بەهێز لە مێشکدا درووست دەکات، هەمیشە دەبێ ئەو گەنجانە لە ماڵەوە لەگەڵ خۆیان نواندن بکەن، بەرانبەر ئاوێنە بوەستن و ڕووبەڕوی خۆیان ببنەوە، تا ئەو کاتەی دەزانن هەستی خۆیان لە کوێدا دۆزیوەتەوە، بە بڕوای من دەبێت پێش هەموو شتێک ئەکتەر ڕۆشنبیر بێت.
(باسنیوز) دەپرسین ئەو ئەزموونەی ئێستا هەتانە لە بواری نواندن و سینەما، هی ئەوە نییە پێشتر لە پشت کامێرا کارت کردووە؟
چریکە عەبەڕەش: هەمیشە هەوڵم داوە ئەو کاتانەی بۆشیاییەک لە کارەکانم هەیه، بتوانم بە کارێکەوە خەریک بم، تا یارمەتیم بدات لە نواندن، ئەویش پشتی کامێرایە، ئەکتەر پێویستی بەوەیە بزانێت پشتی کامێرا چۆنە، بۆ ئەوەی یارمەتیی بدات، چونکە ئاسانترە، کارکردن و وردەکاریی هەموو شتەکان لە کامێراوە لە هەموو ڕوویەکەوە تێدەگەیت، هەر ئەمەیە وای کردووە دوو جار خۆشەویستیم هەبێت بۆ کارەکەم، بۆ ئەوەی باشتر کار بکەم، لەکاتێکدا هیچ ویستێکی پشتی کامێرام نەبووە، وەک لەپێشتر ئاماژەم پێی دا، تەنیا ویستوومە لە بواری نواندن ئەزموونی زیاترم هەبێت.
(باسنیوز) ئەگەرچی دوو جۆر دەرکەوتن هەیە بۆ هونەرمەندان، بەتایبەت لە بواری ڕێکلام، یەکەمیان وەک ئەکتەر و دووەمیان وەک ئەستێرەیەک، تۆ لە کامیاندا خۆت بینییەوە؟
چریکە عەبەڕەش: ئەو ڕێکلامانەی لەپێشتر کردوومانە، وەک کۆمپانیا بەرهەمهێنەر بووین، کاستین بووم، لە پشتی کامێرا هەرچی بوایە پێکەوە وەک گرووپ کارمان دەکرد، وەک خۆم دوو ڕێکلامم هەیە، کە ئەویش داواکاری بوو لێم کرا، من ڕێکلام بە شتێکی باش دەزانم، ئەگەر سەیر بکەین هەرە ئەکتەرە بەتواناکانی هۆڵیود دەبینین ڕێکلام دەکەن، کە ڕێکلامەکانیشیان بۆ زۆر بەرهەمی ئاسایین، وەک شامپۆ و قاوە و شتی دیکە.
(باسنیوز) جوانیی ئافرەت بووەتە هۆکار بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی سەرەکی؟
چریکە عەبەڕەش: پێوەری سەرەکی بۆ وەرگرتنی ڕۆڵێک ئەوەیە تا چەند نزیکی لە کارەکتەرەکەوە، پەیوەندیی نییە بەوەی جوانە یان نا، وەک گوتم دەبێ مەرجەکانی ئەو کەسایەتییەی ناو سیناریۆکەی نزیک بێت لێیەوە و لەگەڵیدا بگونجێ.
(باسنیوز) بەگشتی تا چەند لە نووسین و سیناریۆ و کاری دەرهێنانی درامای باران ڕازی بوویت؟
چریکە عەبەڕەش: دوای ئەوەی سیناریۆی زنجیرە درامای بارانم خوێندەوه، بۆم دەرکەوت کارێکی زۆر جوانە، زۆر کۆمەڵایەتی بوو، باس و خواسی کێشەکانی کۆمەڵگەی خۆمانی تیابوو، کە ڕۆژانە کەسەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بۆیە منیش بە ڕۆڵی مریەم بەشدار بووم و بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو ئەو درامایە چووە ناو خەڵکەوە و پێشوازیی باشی لێ کرا، بەشداریکردنم مایەی خۆشحاڵی بوو لە زنجیرە درامای باران.
(باسنیوز) لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی پڕە لە نەهامەتی و تراژیدی، بۆچی بەرهەم و درامای کوردی لەم بارەیەوە کەمە؟
چریکە عەبەڕەش: ئەم پرسیارە ناکرێت ئاڕاستەی من بکرێت، دەکرێت ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدارەکان بکرێت، ئەوانەی بەرپرسن لە درووستکردنی بەرهەم و پڕۆژەی هونەری، ئێمەش وەک هونەرمەندان ئاواتەخوازین ئەو کارانەی بکەین، کە باس لە نەهامەتی و ئەو دەردەسەرییانەی بەسەر میللەتی کورددا هاتووە، ئێمە بەخۆشحاڵییەوە ئەوکات ڕۆڵی تێدا ببینین، بەداخەوە ئەوە من نیم، کە بەرپرس بم لەو کارانە بکرێت یان نا.
(باسنیوز) تا چەند ڕۆڵ بینین مەرجی خانەوادەکەتانە؟ دەگوترێت ڕۆڵێک نابینیت خانەوادەکەت شەرمەزار بکەی، دەپرسین مەبەست کام ڕۆڵە؟
چریکە عەبەڕەش: ئەگەرچی ئەم پرسیارە لە پڕۆگامێکدا لێم کرا، من مەبەستم لەوە بوو دەبێت ئەکتەر هەر ڕۆڵێک ببینێت شەرم نەکا لەوەی لەگەڵ خانەوادە و هاوڕێ و خێزانەکەی بینەری بێت، بەڕاستی دراما ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیە، ئەبێت لە سنووری ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەکە بێت و هیچ شتێک پێوەر نییە بۆ ئەوەی کەسێک شەرمەزار بکەی یان شەرمەزاری نەکەی، بۆیە دەکرێت بڵێم وتەکەی من لەسەر ئەوە بوو، ئەبێت ئێمە کارێک بکەین شانازیی پێوە بکەین، نەک شەرمی لێ بکەین.
(باسنیوز) پڕۆژەی نوێتان هەیە؟
چریکە عەبەڕەش: بەدڵنییایەوە ئێستا لە هەنگاوەکانی پڕۆژەیەکی نوێدام، بەڵام جارێ لێرە ناتوانم باسی بکەم، تا ئەو کاتەی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بە خۆشحاڵییەوە پڕۆژەی نوێمان هەیە و هیوادارم هەموان بەردەوام بن.
(باسنیوز) چ پێشنیار و پەیامێکت هەیە بۆ (باسنیوز) ؟
چریکە عەبەڕەش: من وەک هونەرمەندێک دەست خۆشی لە ستافی (باسنیوز) دەکەم و پێشنیارم ئەوەیە هەموو میدیاکان هاوشێوەی (باسنیوز) گۆشەیەک بۆ خزمەتی هونەر و هونەرمەندان تەرخان بکەن، کە ئەمە کارێکی گرنگە و هیوادارم بەردەوام بن، دووبارە دەست خۆش.[1]