ناونیشانی بابەت: شێرپەنجەی قوڕقوڕاگە چییە؟
ئامادەکردن: د. #دیلان عارف عەلی#
ئەم نەخۆشییە بریتییە لە درووستبوونی گرێ یا وەرەمێکی شێرپەنجەیی لەو بەشەی قوڕگ کە پێی دەوترێت سندوقی دەنگ.
- سندوقی دەنگ کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی قورگ لە کڕکڕاگەو کۆمەڵە شانەیەکی جیڕڕ پێکهاتوون کە دەنگە ژێیەکانی تێدایە.
- ئەم سندوقە یارمەتیی کرداری هەناسەدان و قسەکردن و قووتدان دەدات.
- وەک هەر ئەندامێکی تری لەشمان ئەم بەشەش ئەگەری تووشبوونی هەیە بە شێرپەنجە بەجۆرێ ساڵانە لە ئەمریکا 13 هەزار کەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن کە نیشانەکانی ئەمانەن:-
- گۆڕان و گڕبوونی دەنگ.
- سووتانەوەی قوڕگ و کۆکەی بەردەوام کە هەندێک جار خوێنی پێوەیە.
- ئازاری قوڕگ بەتایبەت لەکاتی قوتداندا.
- هەستکردن بە بوونی گرێ لە ناوچەی قوڕگ و مل.
- ئازاری گوێ.
- کەسەکە ناتوانێ بەباشی هەناسە بدات.
- بوونی دەنگ لەکاتی هەناسەداندا.
- ئەم جۆرە شێرپەنجەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو باوە لەناو ئەوکەسانەی کە جگەرەکێش و خواردنەوە کحوولییەکان بەردەوام دەخۆنەوە.
- هەروەها ڤایرۆسی HPV کە ڤایرۆسێکی گوازراوەی نەخۆشییە سێکسییەکانە یەکێکە لەهۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی قوڕقوڕاگە.
- ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لەسەرو 55 ساڵین ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
- دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێوە ئەنجامدەدرێت بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک پشکنین وەک:-
- پشکنین بۆ نەخۆشەکە.
- بەکارهێنانی نازۆڕی تایبەت بۆ بینینی شوێنی شێرپەنجەکە.
- تیشکی MRI و CT scan.
- وەرگرتنی نموونەیەک لە شانە شێرپەنجەییەکە بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە نەخۆشییەکە.
- بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە چەندین ڕێگامان هەیە بەگوێرەی قۆناغ و حاڵەتی شێرپەنجەکە دەگۆڕێت، چارەسەرەکانیش بریتین لە:-
- چارەسەر بە تیشک.
- چارەسەری کیمیایی.
- نەشتەرگەری. [1]