$جینۆساید: چەکێکی بەهێزی بەکارنەهێنراو لەلایەن کوردەوە!$
#عادل باخەوان#
#28-11-2021#
لە #26-11-2021#، سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات، بەناوی پانزە پەڕڵەمانتاری فەرەنسییەوە پڕۆژە بڕیارێکی بۆ داننان بە جینۆسایدی گەلی کورد لە ئێراقدا پێشکێشی پەڕڵەمانی فەرەنسا کرد و، جگە لە گرووپی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا، حیزبەکەی فرانسوا میتران و فرانسوا هۆلاند، هیچ گرووپێک دەنگی پێنەدا، نە چەپی ڕادیکاڵ، نە حیزبەکەی سەرۆک ماکرۆن، نە سەوەزەکان و کۆمارییەکان، لەکاتێکدا هەموو ئەم گرووپانە خۆیان بە دۆستی نزیکی کورد دادەنێن.
من پێم وایە چەند خاڵێکی گرنگ هەن کە دەکرێت بەوردی هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت و، وەک بابەتی بیرکردنەوە و دواتر ستراتیژ بۆدانان کاریان لەسەر بکرێت.
1-ئەم پڕۆژە بڕیارە گرنگە، چونکە لە بەهێزترین دەوڵەتی یەکێتی ئەورپادا ورووژێنراوە. ئەگەر تاوەکو دوێنێ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فەرەنسا لەسەر ئاستی پەیوەندی نێوان زلهێزێکی جیهان بە هەرێمێکی بچووکەوە بووبێت، ئیدی لەمەودوا پرسی کورد لە فەرەنسا پێدەنێتە قۆناخێکی گرنگترەوە، چونکە دەبێتە پرسی پەڕڵەمانێک کە گوزارشت لە کۆمەڵگەی فەرەنسی دەکات. واتە پەڕینەوەی پرسی کورد لە تەنیا چوارچێوەیەکی دەوڵەتییەوە بۆ چوارچێوەیەکی کۆمەڵگەیی و ئەمەش خۆی لە خۆیدا بایەخێکی زۆر تایبەتی هەیە.
2- بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرە بەدواوە بریتییە لەوەی کە تاوەکو چەند هەرێمی کوردستان دەتوانێت ستراتیژی تایبەتی بۆ ئەم قۆناخە نوێیە هەبێت و، تاوەکو چەند ئامادەیی تێدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ زانیارییەکانی ئەم هەلومەرجە نوێیەدا مامەڵە بکات ؟ بۆ نموونە ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو کارە بکات لە فەرەنسا کە فەرەنسا لە کوردستاندا دەیکات ؟ لەکاتێکدا فەرەنسا زۆر کەمتر لە هەرێمی کوردستان پێویستی بەو کارەیە.
3- سیاسەتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بە هەموو ڕووبەرەکاندا کشاوە، ئابووری، سیاسی، هونەری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سەربازی، ئاساییش، زانستی، پەروەردە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت گەورە بیربکاتەوە و بەنێو تەواوی جەستەی کۆمەڵگەی فەرەنسیدا بکشێت و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوە تەسکە ڕزگار بکات کە 30 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن چەند ئەکتەرێکی فەرەنسییەوە درووستکراون ؟
4- با کورد خۆیشی دان بە واقیعێکی کۆنکرێتیدا بنێت! ڕاستە گەیشتنی ئەم پڕۆژەیە بە پەڕڵەمانی فەرەنسا خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە شکستی کۆدەنگی پەڕڵەمانی فەرەنسا و دەنگنەدان بەم پڕۆژەیە بەشێکی گرنگیشی دەگەڕێتەوە بۆ خودی کورد خۆی. دەکرا دیالۆگی زیاتر لەگەڵ سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتدا بکرێت بۆ ئەوەی پەلە نەکات لە پێشکێشکردنی بە پەڕڵەمان. دەکرا دیالۆگێکی بابەتیانەی قوڵ لەگەڵ حیزبەکەی سەرۆک ماکرۆندا درووستبکرێت بۆ ئەوەی بکرێتە هاوبەش و بیناکاری پڕۆژەکە نەک تەنیا بانگبکرێت بۆ دەنگدان. دەکرا کۆمارییەکان کە نوێنەرایەتی ڕاستی فەرەنسا دەکەن و دۆستی مێژوویی کوردن، بهێنرێنە سەر خەت بۆ ئەوەی بەشداری لە داڕشتنی پڕۆژەکەدا بکەن و تەبەنی بکەن.
5- هەروەک دەکرا دیالۆگێکی دەستەجەمعیی کوردیی، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی ناوخۆی فەرەنسا لەسەر ئەم پڕۆژەیە بکرێت، پێش ئەوەی بگەیشتایەتە پەڕڵەمانی فەرەنسا. زۆر گرنگە کە کورد تێبگەن لەوەی کە ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستانەوە هەیە جیا بکەنەوە لەو پرسانەی کە تەنیا پەیوەندیان بە هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. کاتی ئەوە هاتووە کە دیپلۆماسی کوردی گەورە بیربکاتەوە و لە ئاستی پرسە گەورەکەی گەلی کوردستاندا بێت.
6- خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگ بریتییە لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراق. ڕاستە لە 2003 ەوە تاوەکو ئەمڕۆ، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراق لەسەر چەمکی پێکهاتە بیناکراوە. واتە سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی ئێراق کە بریتین لە شیعە و کورد و سوننە. پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە هەرێمی کوردستان ئەم پارادیگمە بەجێبێڵێ و بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراقدا پەنا بۆ پارادیگمێکی دیکە ببات، کە بە بۆچوونی من دەبێت بریتیبێ لە پارادیگمی جینۆسایدێک کە تائێستا بەردەوامە و هەمیشەش وەک گریمانەیەک لە پێشمانەوە ڕێدەکات.
7- بە زمانێکی سادەتر، گرووپێکی تایبەتمەندی جینۆسایدکراو لەلایەن دەوڵەتێکەوە، بە بڕیاری جیۆپۆلیتیک ناچارە بەوەی کە لەنێو هەمان دەوڵەتدا بمێنێتەوە، دەتوانێ لانی کەم وڵاتانی سیستمی ئەنتەرناسیۆنال قەناعەت پێبکات کە خودی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ دەوڵەتی ئێراقدا لەسەر بنەمای گرووپێکی جینۆسایدکراو بینابکرێتەوە. واتە چاندنی هەستکردن بە تاوانێکی هەمیشەیی لای عەقڵی دەوڵەتی ئێراقی کە تاوانبارە بە جینۆسایدی گەلێکی جیاواز، درووست وەک ئەو هەستەی کە جوولەکەکان تائێستاش لەنێو عەقڵی دەوڵەتیی ئەڵمانیدا چاندوویانە.
8- لە دۆخێکی ئاوادا، کارە لەپێشینەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و چیتر ئەوەی هەرێمی کوردستان بە ئێراقەوە دەبەستێتەوە مووچە نییە و، گرفتی سەرەکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دا ناوچە جێناکۆکەکان و پرسی پێشمەرگە و پرسی نەوت نییە، بەڵکوو پرسێکی وجودیی وەک جینۆسایدە. پارادیگمێکی لەم شێوەیە بەدڵنیاییەوە تەواوی سیستمی بیرکردنەوە و ڕەفتار و پەیوەندیمان لەگەڵ ئێراقدا دەگۆڕێت و کورد وەک گرووپێکی جیاواز دەباتە قۆناخێکی دیکە لە ململانێی نوێوە کە پێویستی بە بەکارهێنانی بیرکردنەوەی جیاواز و چەکی جیاواز و ستراتیژ و ئامانجی جیاواز هەیە. [1]