$کۆچبەران؛ قوربانیانی تراژیدیی جیۆپۆلیتیک$
#عادل باخەوان#
#12-11-2021#
یەکێتیی ئەوروپا و کۆماری بێلاڕووس بەرانبەر یەکتری راوەستاون و سەرۆککۆمار، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ وەک سینارستی ئەم دیمەنە نوێیەی درامای کۆچ بۆ ئەوروپا لەلایەن بروکسلەوە دەستنیشاندەکرێت.
لەم دیمەنە نوێیەدا، چەند هەزار کۆچبەرێک، بە منداڵ و گەورەوە، بە ژن و پیاوەوە، بەسووری، لوبنانی، ئێراقی، کوردستانی و فەلەستینییەوە بەرەو سنوورەکانی پۆڵەندا نێردراون.
کۆچبەرەکان ئامانجی خۆیان هەیە و وشیارن بەوەی کە ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ وەک کارتی گوشار بەکاریان دێنێت بۆ ئەوەی سزا ئابوورییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ڕژێمەکەی لاببات.
ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ دەیەوێت لەبەرانبەر یەکێتیی ئەوروپادا ئەو کارتە بەکاربێنێت کە لە هەمان ئاست و بەهەمان ڕێژەی کارتی سزا ئابوورییەکانی خودی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر وڵاتەکەی قوورس و تووند و چڕە.
بروکسل لە 2020 وەک کاردانەوەیەک لەبەرانبەر داپڵۆسینی ئۆپۆزیسیۆندا، جەستەی ئابووریی بێلاڕووسی خەڵتانی خوێن کرد.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ دەیکات، کاردانەوەیە و دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە جەستەی یەکێتیی ئەوروپا خەڵتانی خوێنی ڕەمزی بکات. بەبێ ئەوەی یەک چرکەش بیر لە هەلومەرجی ئەو هەزاران کۆچبەرە بکاتەوە کە لەژێر پلەی سفری سەرمادان.
بۆ تێگەیشتنێکی خێرا لە فاکتە سیاسییەکانی ئەم دیمەنە تراژیدییە، بەخێرایی ئەم چەند تێبینییەی خوارەوە تۆمار دەکەم:
1. لەسەر ئاستی چەندایەتی ئێمە لە بەردەم ژمارەیەکی سنوورداری کۆچبەرانداین و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بڵاویانکردووەتەوە، لەنێوان دوو بۆ چوار هەزار کەس لەسەر سنووری هەردوو وڵاتن. واتە ئەم دیمەنە تەواو جیاوازە، لەسەر ئاستی چەندایەتی، لەوەی 2015 کاتێک کە کۆچبەران بە شەپۆلی گەورەوە گەیشتنە ئەوروپا. ئەمە دەمانباتەوە سەر ئەوەی کە ئێمە ئەوەندەی لە بەردەم قەیرانێکی سیاسیی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و کۆماری بێلاڕووسداین، ئەوەندە لە بەردەم قەیرانی کۆچدا نین. ئامانجیش لەم قەیرانە ڕوونە: سەرۆکێک دەیەوێت هەموو ڕێگەیەک بگرێتەبەر، نەک بۆ ڕزگارکردن و پاراستنی نیشتمان و گەلەکەی، بەڵکوو بۆ ڕزگارکردن و پاراستنی ڕژێمە بیناکراوەکەی لەسەر داپلۆسین.
2. تراژیدیای یەکێتیی ئەوروپا لەوەدایە کە لەبەرانبەر پرسی کۆچ و کۆچبەراندا ڕووبەرەکانی جووڵانەوە و بڕیاردانی لەخۆی تەسککردووەتەوە و لە هەمانکاتیشدا حکومەتی نوێی پۆڵەندا لە جۆرێک لە ڕکابەرایەتیدایە لەگەڵ بروکسل و دەخوازێت سیاسەتی خۆی لەگەڵ کۆچبەراندا جێبەجێبکات نەک سیاسەتی بروکسل. هەر لە دۆخێکی وادایە کە پۆڵەندا بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە کە [فرۆنتکس: وەکالەتی ئەوروپی بۆ پاراستنی سنوور و کەنارەکان] پارێزگاری لە سنوورەکانی بکات و دەستوەربداتە بەڕێوەبردنیان و خۆی بەتەنیا بڕیارەکان لەسەر کۆچبەران دەردەکات و خۆشی بەتەنیا جێبەجێیان دەکات و بەشێکیشیان پێچەوانەی سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپان و بروکسلیش ئەمە باش دەزانێت، بەڵام تائێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە، وەک ئەوەی نەیەوێت پۆڵەندا لەبەرانبەر بێلاڕووسدا لاواز بکات. پرسیارەکە لەوەدایە تا کوێ بروکسل دەتوانێت لەپێناو جیۆپۆلیتیکدا چاوپۆشی لە پۆڵەندایەک بکات کە بڕگەی 33 لە ڕێککەوتنی جنێڤ کە پەیوەندیی بە مافی پەنابەرەوە هەیە بەئاشکرا پێشێل دەکات؟
3. ئەم دۆخە نوێیە لەهەمانکاتدا لە بەرژەوەندیی ئەو دەستەیەدایە کە ئێستا پۆڵەندا بەڕێوەدەبەن، بەتایبەتی سەرۆک ئاندجی سيباستيان دوودا کە کەسایەتییەکی تاسەر ئێسقان کۆنسێرڤاتیڤە و دەیەوێت مەرجەکانی بەسەر یەکێتیی ئەوروپادا بسەپێنێت و تەنانەت لە هەندێک هەلومەرجدا باس لە چوونەدەرەوە لەو یەکێتییە دەکات. ڕیفۆرمەکانی لە بواری یاسادا بوونە بابەتی مشتومڕی تووند لەگەڵ بروکسل. لە ئێستا و ئێرەدا جیۆپۆلیتیک فریای ڤارسۆڤی [وارشۆ] دەکەوێت بۆ ئەوەی باشترا هەژموونی خۆی بەسەر یەکێتیی ئەوروپادا بسەپێنێت. ئەو مامەڵە تووندەی کە لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا لەگەڵ ڕۆژنامەڤان و ڕێکخراوەکاندا دەکرێت، هەر کەس و لایەن و وڵاتێکی دیکە بیکردایە، ڕاستەوخۆ دەکەوتە بەر هەڕەشەی بروکسلەوە، بەڵام لەم دۆخە نوێیەدا، ڤارسۆڤی لەم پەلامارانەی بروکسل پارێزراوە!
4. ڕەنگە ئیتر کاتی ئەوە هاتبێ کە یەکێتیی ئەوروپا خۆی بکاتە خاوەنی سیاسەتێکی هاوبەشی ڕێزلێگیراو لەسەر پرسی کۆچ. نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەش، درووست وەک ئەوەی لە 2015 ڕوویدا، وڵاتانی ئەم یەکێتییە ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە دەکاتەوە. بێلاڕووس، وەک چەندین وڵاتی دیکە، وشیارە بەوەی کە خاڵە هەرە لاوازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی یەکێتیی ئەوروپا بریتییە لە پرسی کۆچ و کۆچبەران و بە زیرەکانە بەکاریدەهێنێت، هەروەک چۆن تورکیا و مەغریبیش لە چەندین سات و کاتی دیکەدا بەکاریان هێناوە. هیچ پرسێک، بە تیرۆریزمیشەوە، بە قەدەر پرسی کۆچ لای کۆمەڵگە ئەوروپییەکان هەستیار نییە! لەهەمانکاتدا بروکسل تائێستا یەک چوارچێوەی یەکگرتووی یاسایی سەپێنراو بەسەر هەموو وڵاتەکانی یەکێتیدا نییە و ئەمەش وادەکات کە خەیاڵدانی بەکۆمەڵی ئەوروپاییەکان پڕبکرێن لە وێنەی نادرووستی پرسی کۆچ.
5. ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا خاوەنی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی یاسایی هەژموندار بووایە، ئێستا بەتەنیا پۆڵەندا بڕیاری لەسەر چارەنووسی ئەو چوار هەزار کۆچبەرە نەدەدا و بروکسلیش تەنیا ڕۆڵی تەماشاکاری بۆ نەدەمایەوە. ڕاستە بروکسل داوا دەکات بەپێی میکانیزمی لێکۆڵینەوەی تاکەکەسی لە دۆسییەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی کۆچبەران بدرێت، بەڵام حکومەتی پۆڵەندا بەهیچ شێوەیەک نایەوێت گوێی لەم پێشنیازە بێت و بەپێچەوانەوە دەیەوێت وەبەرهێنانی سیاسییانەی پێوەبکات و خۆی وەک پاڵەوانی پاراستنی نیشتمان لەبەرانبەر بروکسل و کۆچبەراندا مانیفێست بکات. [1]