$ئێراق وەک شکستە گەورەکەی ئەمریکا!$
#عادل باخەوان#
#15-09-2021#
بیست ساڵ بەسەر هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتەمبەردا تێدەپەڕێ و چاوی جیهان تەنیا لەسەر پاشەکشەی ئەمریکایە لە ئەفغانستان. ڕاستە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کابوول شکستێکی گەورەیە بۆ ئەمریکا، بەڵام لە ڕاستیدا، شکستە هەرە گەورەکەی ئەمریکا لە ئێراقدایە و چیرۆکی ئەم شکستەش هەر لە سەرەتای 2001ەوە دەستپێدەکات و تائێستاش بەردەوامە و هەوڵدەدەم لەم خاڵانەی خوارەوەدا و بەشێوەیەکی کوورت و چڕ چەند سەرە قەڵەمێکیان لەسەر بنووسم و درێژەکەی تەرخان دەکەم بۆ ئەو کۆنفرانسەی کە 25ی ئەم مانگە لە کوردستان پێشکێشی دەکەم.
1. ئەو سیستمی شەرعیەتەی کە ئەمریکا بەکاریهێنا بۆ داگیرکردنی ئێراق هەر لەسەرەتاوە لەسەر سێ درۆ بیناکرابوون. یەکەمیان بریتیبوو لەوەی کە ئێراق خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژییە و دەکرێ لە ساتەوەختێکدا دژی ئەمریکا بەکاریبێنێت. ڕاستە ئێراقی هەشتاکان خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ بوو، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە خودی ڕۆژاوا ئەو چەکانەیان پێدابوو، هەروەها خودی ڕۆژاوا لە نەوەتەکاندا کۆی ئەو چەکانەیان لە ئێراقدا لەنێوبردبوو، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە لە 2003ەوە تاوەکو ئێستا هیچ شوێنەوارێکی ئەو چەکانە نەدۆزارنەتەوە.
دووەم: بریتبوو لەوەی کە ئێراقی سەدام حسێن پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخرای قاعیدەی بن لادن دا هەبووە، لەکاتێکدا جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەمریکا، سێ مانگ پاش داگیرکردنی ئێراق دان بەوە دادەنێت کە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوەیان بەدەستەوە نییە لەسەر پەیوەندی نێوان سەدام و بن لادن.
درۆی سێیەمیش بریتیبوو لەوەی کە ئێراق وڵاتێکی نادیموکراسییە! ئەگەر ئەم حیکایەتە بسەلمێنین، دەبوو ئەمریکا میسری حوسنی موبارەک و یەمەنی عەلی عەبدوڵڵا و تەنانەت عەرەبی سعودیە و چەندین وڵاتی دیکەی دۆستی واشنتۆنی داگیربکردبووایە.
2. بیست ڕۆژ پاش داگیرکردنی بەغدا، ئەم حیکایەتە بە تەواوی کۆتایی پێدێت و چیتر لە واشنتن کەسێک نادۆزیتەوە باس لە چەکی کۆمەڵکوژ و پەیوەندی نێوان سەدام و بن لادن و دیکتاتۆریی بەعس بکات. لێرە بەدواوە واشنتن حیکایەتێکی دیکە بۆ داگیرکردنی ئێراق درووستدەکات کە بریتییە لە: بیناکردنی نەتەوەیەک لە ئێراقدا، بیناکردنی نەتەوەی ئێراقی (nation building) .
3. لە #10-05-2003# دا پۆڵ بریمەر دەگاتە بەغدا و کۆی مێژووی ئێراق بە هەموو ئاڵۆزییەکانییەوە دەخاتە نێوان دوو کەوانەوە و هەوڵدەدات لە سفرەوە دەستپێبکات و نەتەوەیەک بۆ ئێراقییەکان درووستبکات. پۆل بریمەر پێیوابوو ئەو مەسیحەیە کە لە دوورەوە هاتووە و ئێراقییەکان لەگەڵ خۆیدا دەباتە نێو مێژووی مرۆڤایەتییەوە. ساڵێک دواتر خودی ئەو دەستەبژێرە ئێراقیانەی کە بریمەر پەراوێزی دەخستن، گورزی پۆڵاینیان لێدا و ناچاریانکرد بە جووتێک پۆستاڵەوە بەغدا بەجێبێڵێت.
4. پاش دەرکردنی پۆڵ بریمەر، دیسانەوە ستراتیژیی ئەمریکا لە ئێراقدا دەگۆڕێت و پێدەنێتە نێو حیکایەتێکی دیکەوە کە بریتییە لە سپاردنی ئێراق بە زۆرینەی شیعە و کوردیش وەک پەراوێزێک بۆ تەواوکردنی شانۆگەریەکە. ڕێک وەک دوو حیکایەتەکەی پێشوو، حیکایەتی سپاردنی ئێراق بە شیعەش هیچ بیرکردنەوە و ڕامانێکی قووڵ و ستراتیژی لە پشتەوە نەبوو، ئەو دەستەبژیرەی کە لە کۆشکی سپیدابوو، وەک پێویست دەرەنجامە تراژیدییەکانی ئەم بڕیارەی لە مەودای مامناوەندی و دوورە مەودادا هەڵنەسەنگاندبوو. بۆیە دواتر خودی واشنتن کەوتە ژێر لافاوەکانیان.
5. لە 2011 دا ئەمریکا دیسانەوە بڕیارێکی هەڵە دەدات کە بریتییە لە کشانەوە لە ئێراق و بەدوای خۆیدا بۆشاییەکی گەورە بەجێدەهێڵێت. دوو ئەکتەری نادەوڵەتی بەخێرایی ئەم بۆشاییە پڕ دەکەنەوە. یەکەمیان بریتییە لە ڕێکخراوی #داعش# و دووەمیشیان بریتییە لە میلیشیا شیعەکان. لە 2014 دا داعش دەوڵەتەکەی خۆی لە موسڵ ڕادەگەیێنێت و لە هەمان ساڵیشدا میلیشیا شیعەکان پێکەوە #حەشدی شەعبی# درووستدەکەن. لەنێوان 2014 بۆ 2017 دا ئەمریکا ناچار دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئێراق و ڕووبەڕووی هەڕەشەی داعش ببێتەوە. لە 2017ەوە تاوەکو ئێستا کۆشکی سپی پێیوایە کە حەشدی شەعبی، زیاتر لە داعش، مەترسییە لەسەر ئاساییشی نیشتمانی!
6. ڕاستە هەموو سیاسەت لەسەر میسداقیەت ئاوا ناکرێت و پەیوەندییەکانی هێز هاوکێشەکان دەگۆڕن، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە سیاسەت بەبێ میسداقیەت هەمیشە پەڵەیەکی ڕەشی بەسەرەوەیە. کۆی ئەم هەڵە کوشندانەی ئەمریکا لە ئێراقدا، واشنتنیان خستووەتە دۆخی لەدەستدانی متمانە لای سووننە، لای کورد، لای لیبراڵەکانی شیعە، تەنانەت لای وڵاتانی کەنداویش کە بەشێکیان پێیانوایە چیتر گرەو لەسەر ئەمریکا ناکرێ و باشتر وایە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دانووستاندن بکرێت، بۆ نموونە سعودیە، یان هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بکرێت، بۆ نموونە ئیمارات.
7. بیست ساڵ دوای 11ی سێپتمبەر، ئەمریکا شکستی هێنا لەوەی کە چەکی کۆمەڵکوژیی لە ئێراقدا بدۆزێتەوە، شکستی هێنا لەوەی کە نەتەوەیەک لە ئێراقدا درووستبکات، شکستی هێنا لەوەی کە کۆتایی بە داعش بێنێت و تاوەکو ئێستاش نەیتوانیوە کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی بکات.
8. زۆر خراپتر، 18 ساڵ پاش داگیرکردنی ئێراق، لە ئێستا و ئێرەدا، ئێراق لە هەموو ئاستەکاندا هەڵوەشاوەتەوە، ئاستی ئیداری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی، ئەمنی، گەشەی ئابووری، دەزگایی، ئابووریی و ئەوەی ماوەتەوە تەنیا سنوورە نێودەوڵەتییەکانییەتی!
9. هەفتەی ڕابردوو، بۆ ماوەی کاژێرێک و 45 خولەک لەگەڵ گەورە دیپلۆماتێکی ئەوروپیدا و لەسەر داوای خۆی، لەسەر ئێراق و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گفتوگۆم هەبوو، ئەو بە زمانێکی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ پێیوتم: هەموومان باجی شکستەکانی ئەمریکا دەدەین، لە ئەوروپا و لە ڕۆژهەڵات و هەروەها لە خودی ئەمریکاش. ئەمە تەواو ڕاستە. هەر هەڵەیەکی ئەمریکا دەبێت بە هەڕەشە بەسەر جیهانەوە.
10. کاتێک ئێراق داگیرکرا، جۆرج بۆش وتی: ئێستا دنیا بەبێ سەدام حسێن ئارام و ئاساییشترە! کاتێک بن لادن کوژرا، باراک ئۆباما وتی: ئێستا دنیا بەبێ بن لادن ئارام و ئاساییشترە! کاتێکیش ئەبوبەکر بەغدای کوژرا، دۆناڵد ترەمپ وتی: ئێستا دنیا بەبێ ئەبوبەکری بەغدای ئارام و ئاساییشترە! بەڵام لەڕاستیدا، دنیای پاش گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کابوول و دنیای پاش بەمیلیشیاکردنی ئێراق و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هیچ ئارامتر و ئاساییشتر نییە لە دنیای پێشووتر. [1]