$هێرشە مووشەکییەکانی ئێران؛ هاوسۆزیی خەڵک و ئۆتۆمبێلی رۆڵز ڕۆیس!$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#16-03-2022#
لە دونیای ئێستادا بەشێکی زۆری ئەو پرسەی کاریگەریی هەیە لەسەر ئەوەی مافخوراوی یان مافخۆر، ستەملێکراوی یان ستەمکار، لە ڕاستیدا پەیوەندی هەیە بە چۆنیێتیی مامەڵەکردنی میدیا و گواستنەوەی وێنەیی شتەکان و مارکێتینکردن بۆ پرسەکەت، نەک بە خودی سرووشتیی پرسەکە. ئێمە چەندین کەسی هەژار یان مافخوراو دەبینین کە لەم وڵاتە و دونیا هەن، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان دەبنە پرسێکی تایبەت و گرنگیپێدانی کۆمەڵگە و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەوەی بڕیار دەدات کە پرسێک ببێتە بابەتی سەرەکیی میدیا و سۆشیاڵمیدیا، زوومی کامێراکانە، نەک ئەسڵی بابەتەکە. بە هەموو پێوەرەکان ئەو مووشەکبارانەی ئێران لە ڕۆژی 13-3 بۆ سەر #هەولێر# و ناوچەیەکی سڤیلنشین کە نە کامپی عەسکەرییە و نە بنکەی ئەتۆمی، جێگەی ئیدانەکردنە و مایەی قبووڵکردن نییە لە جیهان و ناوچەیەک کە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی تێدا ڕەچاو بکرێت، بەڵام ئێران زۆر بە ئاسانی ئەنجامیدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەگەرچی گرنگی بە گواستنەوەی ڕووداوەکە دا، بەڵام هیچ ڕێوشوینێکی بەدواداچوونی بۆ دانەنا.
بەهێزترین دۆستەکانی ئێمە کە ئەمریکییەکانن، وتیان ئەمە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەبوو، بەو واتایەی، هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ئێمە نەبن لێتانبپێچینەوە لەسەر پرسێک کە ڕاستەوخۆ لێدان نەبێت لە بەرژەوەندییەکانی ئێمە، بە ئێرانییەکانیشیان گوت، ئێمە پێمان ناخۆشە، بەڵام مادام لە بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی ئێمەتان نەداوە، ئێمە وەڵامتان نادەینەوە. هەڵبەتە تا ئێرە ئاساییە، چونکە هەرێمی کوردستان باوەڕناکەم چاوەڕێی هەڵوێستی تووند لە ئەمریکا و ئەوروپا بکات، نەک هەر ئەوە بەڵکوو لە خودی ئێراقیش، هەرچەندە حکومەت و دامەرزاوە فەرمییەکانی ئێراق بە باشی سەرکۆنەیان کرد، بەشێکی ئەو سەرکۆنەیەش لەلایەن سەدرییەکان بوو، کە پێیان وابوو ئەمە زیاتر لێدانە لە هاوپەیمانێتیی ئەوان و گوشار خستنەسەر کورد و سوننە بۆ ئەوەی چاوترسیان بکەن. فاکتەرەکانی پشت مەرامی ئێران زۆرن، کە نامەوێت ئاماژەییان پێبدەم، چونکە تەوەری ئەم نووسینە نین.
ئەوەی لە زیان و لێکەوتەی سیاسیی مووشەکەکان بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەرتر بوو، پرسی پاڵپشتی و خەمخۆریی جەماوەر بوو، کە بە داخەوە لە نزمترین ئاستدا بوو. ئەمە وەرچەرخانێکی کارەساتبارە لە پەیوەندیی نێوان خەڵک و پرسی کورد و نوخبەی سیاسی لە ئێراقدا، کە لە دوای ڕاپەڕینەوە تائێستا هەرگیز هاوسۆزی و متمانەی جەماوەر بە پارتە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێم نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە خراپە! نە کەمپینێکمان بینی بۆ بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی، نە خۆپێشاندانێک کە دژایەتیی ئەم مووشەکبارانە بکات، نە هاوهەڵوێستیی و پاڵپشتییەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، نە لە ناوخۆ نە لەدەرەوە؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە دیسان کۆمەڵگەی کوردی بووە دوو بەرە، بەشێکیان خەریکە باوەڕ بەو سیناریۆیە دەکەن، کە ئێران دایتاشیوە، واتا بوونی بنکەی هەواڵگریی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان. بەشەکەی دیکەش پێیان وایە ئێران کۆشکی لۆردێکی نەوتی خاپوورکردووە کە گوزارشت دەکات لەو نوخبە دەوڵەمەندەی کە لەسەر بنەمای دەستێکەڵکردن لەگەڵ سیاسییەکان لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا دەستیان کەوتووە.
ئەوەی زیاتر ئەو ڕوانگە تەسکەی هەیە ئەو گەنجانەی ناو سۆشیاڵمیدیا و ئەو پەیجانەشن، کە کەس نازانێت کێ ئاڕاستەیان دەکات، بەڵام لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە کە نیوەی کۆمەڵگەی کوردی هاوسۆزی نەبووە لەسەر ئەو تاوانەی کە ڕژێمێک کردوویەتی، کە نە بەکەڵک ئەوە دێت ببێتە جێگرەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، نە مایەی خۆشگوزەرانیشە بۆ خەڵکی خۆی، بە جۆرێک کە ئەگەر حکومەت لە هەرێمی کوردستان چەندە خراپ بێت، ئەو وڵاتە دە ئەوەندە خراپترە! بەڵگەش ئەوەیە کە خەڵکی خۆیان بە لێشاو وڵات جێدەهێڵن و بەشێکی زۆریشیان لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. هەڵبەتە بەشێکی ئەو هەڵوێستە نەرێنییەی خەڵک و پێشاننەدانی ئەو هاوسۆزییە لەسەر پرسێکی ئاساییشی و نیشتمانیی گرنگ کە بنەمای مانەوەی هەرێمی کوردستانە، زیاتر پەیوەستبووە بە پێشاندانی ڕووی میدیایی ئەو کارەساتە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕای گشتی.
وەک دەزانین ئەو شوێنەی کە مووشەکباران کراوە، شوێنێکی نیشتەجێبوونە، پڕیەتی لە باخ و خانووی خەڵک کە لە بەهار و هاوینان زیاتر تێیدا دەمێننەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگە پەیوەندارەکان لەو هەموو ماڵ و شوێنەی هاووڵاتییان تەنیا فۆکەسیان خستبووە سەر کۆشک و تەلاری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار کە کۆشکێکی گرانبەها و مەلەوانگەی جوان و ئۆتۆمبێلی ڕۆلس ڕۆیز و جاگوار بوون ، کە ئەوانە گوزارشت لە هێز و پێگەی سیاسیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەمە وایکرد ئەو پرسە گەورەیە لەچاوی خەڵک تەنیا لەوانەدا بچووکبکرێتەوە، ڕاستە بە هەموو پێوەرەکان تاوان هەر تاوانە، بەڵام حکومەت دەزانێ کە پرسی نەوت و دەمەزراوەی حیزبی پاڵپشتیی جەماوەرییان کەمە، یان هەر نییە، ئیدی بۆ دەبێت تەنیا ئەو شتانە پێشانی خەڵک بدەین، کە هەست و سۆزی خەڵک ناجوڵێنن.
متمانەی خەڵک بە حکومەت و دامەزراوە سیاسییەکان لەئاستێکی بەرزدانییە، بەتایبەت لە متمانەکردن بە دۆسیەی وزە، کە وایان لەبەرچاوی خەڵک ناشرین کردووە کە هۆکاری هەموو کێشەکانی کوردستانە، ئیدی چۆن دەبێت لایەنی حکومەت ئەم ڕاستییە نەزانێت، تکایە بۆ جارێکیتر چاوتیژانەتر و زیرەکانەتر مەمەڵە لەگەڵ پرسی لەو جۆرەدا بکەن، ئەمانە کێشەی نیشتمانیی گەورەن مانا و لێکەوتەکانیان نەک تەنیا بۆ سەر هەرێمی کوردستانە، بەڵکوو بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیشە. ئەمە دەکرا ببێتە دەرفەتێک بۆ پاڵپشتی و هاوسۆزیی جەماوەر و لایەنە سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان شکستیان هێنا لە گواستنەوەی وێنەی ئەو ڕووداوە بە قەد قەبارەی گەورەیی و مەترسیی خودی ئەو پرسە بۆ کۆمەڵگە و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. [1]